ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا:

میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا(لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)

مەتین ئەتماكا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

بەشی دووەم

سەدەی شانزەهەم: ئەو سەردەمەی کە دابەشبوونی هەمیشەیی کوردستانی دیاریکرد

پاش ئەوەی عوسمانییەکان دەسەڵاتی خۆیان لە ناو بەگە کوردەکاندا دامەزراند، ئەوان هێڵی ئەبستراکتیان لەنێوان خۆیان و سەفەوییەکاندا نەکێشا. سەدەی شانزەهەم قۆناخێکی ئەو چەمک و تێگەیشتنە سیاسییەنەبوو تا ئەو ئاستەی عوسمانییەکان هەوڵیان بۆ سنوورێک دابێت کە لەم هێڵە جیاکەرانەوە بچێت کەوا ئەمڕۆ لە نێوان هەردوو وڵاتی مۆدێرنی تورکیا و ئێراندایە. ئەوان لەجیاتیدا، بایەخیان بە شارەکان و چواردەوریان داوە بەرەو سنوور. زۆربەی ئەم ڕووبەر و ناوچانەی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە لە لایەن عەشیرەت و کەسایەتییە ناودارەکانی کوردەوە کۆنترۆڵ کرابوون. قارس، پاسین، خنس، عادیلجەواز، مووش، ئەرزڕووم و بەدلیس سنووری باکووری نیوان دوو هێزیان دیاریکردبوو لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی شانزەدا. کۆنترۆڵ کردنی ئەم ڕووبەرە بەرفراوانەی خاک و ناوچەی دوور لە ئەستەمبووڵی پایتەخت، مەسەلەیەکی ئاسان نەبوو. بەو پێیە، دەبوو عوسمانییەکان پشت بە فەرمانڕەوا ناوچەییەکان ببەستن بۆ جێگیر کردن و چەسپاندنی کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان. بێجگە لەوەش، چەسپاندنێکی وردی سنوورەکان بە واتای لەدەستدانی داهاتێکی گەورە دەهات بۆ خێڵە کوردەکانی کەوا سەر بەمان بوون. لەپاڵ ئەمەشدا، ئێرانییەکان دوودڵ بوون کەوا عێراق بەجێبێڵن بۆ عوسمانییە سوننەکان لەکاتێکدا کەوا گرنگترین مەزارە پیرۆزەکانی شیعەی لەخۆگرتووە (بارتهۆڵد، ١٩٨٤: ٢٠٦). بەو ڕەنگە هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە دیاریکردنی سنوورەکانیان بە بڕیار لێنەدراوی بەجێهێشت.

دوابەدوای دانوستانەکانی ئیدریس، میر شەرفی بەدلیس لایەنی عوسمانییەکانی گرت دژ بە سەفەوییەکان. بەڵام لە دوای ئەو حوکمڕانی بەدلیس هەستی بە ئەمان و ئارامی نەکردووە لە سایەی حوکمی عوسمانییەکاندا بە هۆی هەندێ ململانیوە. لەبەرئەوە، ئەو بەردەوام بووە لە داواکردنی پارێزگاری لە سەفەوییەکان (شەرەف، ١٨٦٠: ٤١٨). لە پاش شەڕ و ململانێی نێوان پازوکیی شیعە مەزەب و ڕۆزکیی سوننی مەزەب، کە دەکاتە خێڵەکانی (ڕۆژیکی، ڕەوژەکی، ڕوزاگی، ڕوزبەنی، ڕوزگان)، میر شەمسەدین، کە دواتر بوو بە حوکمداری بەدلیس، شارەکەی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانی کرد لە سەروبەندی لەشکرکێشیی سولەیمانی یەکەمدا (واتە سولەیمانی قانوونی)، لە هێرشی ئیراکەیندا (١٥٣٤ - ١٥٣٦) و دوابەدوای ئەوە خۆیشی چوو بۆ دەرباری سەفەوی و لە خزمەتی شادا بوو.

لە ئەنجامی ئەمەشدا سنووری عوسمانی بەرەو باشووری کوردستان کشا، بەڵام خێڵەکانی ناوچەکە هەرگیز ملیان نەدا بە بە حوکمی ڕاستەوخۆی عوسمانییەکان. ئەم مەسەلەیە زیاد لە چل ساڵی خایاند تا ئەو کاتەی داواکاریی بنەماڵەی میری بەدلیس لە لایەن ئەستەمبووڵەوە قبووڵکرا، کاتێ کەوا شەرەفخانی بەدلیسیی، کوڕی شەمسەدین و نووسەری کتێبی مێژوویی شەرەفنامە،ساڵی ١٥٧٨ - ١٥٧٩،ڕێگەی گەڕانەوەی پێدرا لەگەڵ عەشیرەتی ڕۆزکیدا.

لە پاش لەشکرکێشیی ئیراکەینی سولەیمانی یەکەم، دابەشبوون لەنێوان"کوردستانی ئێرانی" و "کوردستانی عوسمانیدا" بەتەواوی چەسپا، هەرچەندە بە درێژایی چەندین سەدەی لە دوی یەک، هەندێ لە خاک و ناوچەکانی کورد ئەمدەست و ئەودەستیان دەکرد لە دوای هەر جەنگێکی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە. هەندێ جار سەردارانی کورد دڵسۆزی و ملکەچیی خۆیان دەگۆڕی بۆ حوکمڕانێکی کورد یان لە هەمان کاتدا باج و سەرانەیان بە هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە دەدا. هەڵبەت ملکەچی و دڵسۆزیی میرەکانی ئەردەڵان، هەکاری، بابان، سۆران، بەدلیس و ئاغای خێڵەکانی سەر سنوور بەو پێیە لە گۆرانی بەردەوامدا بوو. بێجگە لەوەش، وەک پۆش بۆیدەچێت کەوا "دابەشبوونی کوردستان" هیچ کاتێ بۆ نموونە لە "دابەشبوونی پۆڵەندای" سەدەی هەژدە نەچووە، چونکە ئەو خاک و زەوییانەیلەلایەن کوردەوە نیشتەجێ بوون هەرگیز لە یەکەیەکی سیاسیدا یەکگرتوو نەبوون کە ناوی "کوردستان" بووبێت (پۆش، ٢٠٠٣: ٢١١).

لە پێش دابەشکردنی کوردستان لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا، سولەیمانی یەکەم (١٥٢٠ - ١٥٦٦) توانی تا رادەیەک هەمووی یەکبخات لە ژێر حوکمی خۆیدا و بەردەوام بوو لە داگیرکاریدا بەرەو ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی لە کوردستان و ئەرمینیا و ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی واندا. ئەمەش بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە هۆکاری ڕێگرتن بوو لە ئەگەری هەڵکوتانە سەری قزڵباش لە ئەنەدۆڵدا. هەروەها دەیویست ڕووباری فورات بکاتە سنوورێکی سرووشتیی نێوان خاکی قەڵەمڕەوی خۆی و سەفەوییەکاندا (ئەللوشە، ١٩٨٣: ١٠٣). سولەیمان تا ڕادەیەک ئەم کارەی ئەنجامدا لە ڕێگەی لەشکرکێشیی ئیراکەینەوە. لە ماوەی دووەم لەشکرکێشیدا لە ساڵانی ١٥٤٨ - ١٥٤٩دا، هەردوو شاری قارس و وانی گرت، کە دوو سەنگەر و قەڵای سەربازی بوون لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا. سوڵتان سیاسەتی ئیستیمالەیistimalet پەیڕەوی کرد لە ناو خێڵە کوردەکاندا لە ماوەی جەنگیدا دژ بە سەفەوییەکان (واتە یان لەگەڵم بە یان لەدژم بە). ئیبراهیم پاشا، لە زستانە هەواری خۆیەوە لە حەڵەب، پەیوەندی دەکات و بە دیبلۆماسییەتێکی چالاکەوە پەیامی هاوشێوە دەنێرێت بۆ هەوڵەکانی پێشتری ئیدریس. ئەو ژمارەیەک لە خێڵەکانی سنووری قەناعەت پێکردووە. کاربەدەستە عوسمانییەکان دەسەڵاتدار و خێڵە کوردەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە لە ڕێگەی دامەزراندنی هەلومەرجی پەیوەندیی باشترەوە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتدا ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هەلومەرجەکانی کە لەگەڵ سەفەوییەکاندا هەبوون. تۆمارەکانی ڕووپێوی و ڕووماڵی ئیمپراتۆرییەت(Tapu ve Tahrir Defteri) ئەوە دەردەخەن کەوا عوسمانییەکان پێشینەی گرنگیدانیان بەوانە بووە کە بە پێلێنانی خۆیان "حوکمڕانی دادپەروەرتر بوون لە حوکمرانە سەفەوییەکانی پێش ئەمان". بەو پێیەی کەوا ئەمان هەندێ پیادەکردنی باج وەرگرتنی پڕ لە ستەمکارییان کۆتایی پێهێناوە، بۆ ئەوەی سیستەمێکی حوکمی درێژخایەن لە عێراقدا دابڕێژن (مورفی، ١٩٩٣: ٢٤٣ - ٢٤٤).

لەشکرکێشیی سێهەمی سولەیمانی یەکەم لە ١٥٥٣ - ٥٥٤دا بۆ بە هۆکاری کۆنترۆل کردنی تەواوی کوردستان لە پاش داگیرکردنی شارەزوور و بەڵقاس. ئەوجا بەدوایدا پەیماننامەی ئاشتیی ئەماسیا لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا مۆرکرا. سەفەوییەکان دانیاننا بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەسەر عێراق و باکووری ئازەربایجان و کوردستاندا. دوابەدوای پەیماننامەکە سولەیمانی یەکەم "سیاسەتی ئیحتیوای" پیادە کرد لەبەرانبەر سەفەوییەکاندا و دەیویست هەردوو هێزە ئیسلامییەکە دووربن لە جەنگێک کە هەردوو لایان وێران بکات لەکاتێکدا کە پورتوگالییەکان بوون بە هێزیکی زیاتر کارا و چالاک لە کەنداوی فارس و ئۆقیانووسی هندیدا. هەروەها کارێکی پراگماتی بوو بۆ سەفەوییەکان کە ئیمزا لەسەر پەیماننامەیەکی لەو چەشنە بکەن، بە ڕەچاو کردنی دەستباڵایی هێزی سەربازیی عوسمانی (عەللوش، ١٩٨٣: ٤٤).

سوڵتان سەلیمی یەکەم بە سڵ و ئاگاییەکی زیاترەوە لە کورد نزیکدەبووەوە و مافی میراتگریی دا بە ژمارەیەکی دیاریکرا لە سەردارە کوردەکان. بەڵام سوڵتان سولەیمانی یەکەم جیاواز بوو لە باوکی لە مەسەلەی سیاسەتیدا بەرانبەر بە کورد بە پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بە بە حوکمڕانە ناوچەییەکان. بێجگە لە پۆلێنکردنەکەی سەلیمی یەکەم کە دیاربەکری دابەشکردبووە سەر ژمارەیەک سەنجەق (واتە ناوچە یان کەرت بە پابەندیی باج و سەربازییەوە) و هەروەها حکوومەتەکانیان (واتە حکوومەتی لۆکاڵی بە پلەیەکی بەرزی سەبەخۆییەوە)، سولەیمانیش هەشت سەنجەقی تری بۆ زیادکرد. ئەوجا ئەودوای میرنشینە کوردییەکانی تری کردە بیست و هەشت یەکەی ئیدارییەوە وەک یورتلوک و ئوجاکلیک(واتە خاوەندارێتیی بنەماڵەیی یان کەرتی فیوداڵیی بە میرات بۆمانەوە)، وەک لە فەرمانێکدا ڕاگەیەندراوە (واتە بڕیاری باڵای ئیمپراتۆری). ئەمە بەخشراوە بە سەرۆک و دەسەڵاتدارە کوردەکان بە سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان و ئیمتیازی میراتگرییەوە لە باوکەوە بۆ کوڕ (بارکان، ١٩٥٣ - ١٩٥٤: ٣٠٦ - ٣٠٧).لێرە بەدواوە، زۆربەی ناوچە کوردییەکان، بێجگە لە دیاربەکر، سەرلەنوی بە ئەیالەتی (ویلایەتی) نوێی وەک زولقەدر، ئەرزڕووم، مووسڵ، بەغدا، وان و شارەزوور. بێجگە لەوەش، زۆربەی سەرۆکە کوردەکان ئیمتیازی ئەوەیان پێدرا ڕاستەوخۆ بگەنە سوڵتان، بەتایبەتی لە کاتەکانی شەڕ و ململانێ لەگەڵ سەفەوییەکاندا. سولەیمان زۆر پەرۆشی ئەوە بوو کە میرە کوردەکان بەهێز و تواناداربن چونکە وا دەیڕوانییە کوردستان کە "بەربەستێکی بەهێز و قەڵایەکی ئاسنین بێت دژ بە ئاشوب و ئاژاوەگێڕیی شەیتان و دێوی بەدفەڕی ئێران" (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤). سوڵتان دەیویست سەرکردایەتییەکی بەهێز دەستەبەر بکات لە ڕێگەی بەخشینی مافی میراتگری و زەمانەت کردنی ئەم گەورە و سەرۆکانەوە دژ بە دەستێوەردانی ڕکابەرانی تر و ئەمەش هۆکاری بەردەوامبوونی میرنشینە کوردییەکان بوو. هەروەها ئەم سیاسەتەشی وایکردبوو کە سەرۆکە کوردەکان زیاتر پشت بە سوڵتان ببەستن بۆ بەردەوامیدان بە پایە و شوێنیان. ئەوەی کە سولەیمانی یەکەمی جیادەکردەوە لە سوڵتانی پێش خۆی ئەوە بوو کە بەتەنها دەستپێوەگرتنی دڵگەرمیی ئاینیی گۆڕی بە ئاوێتەکردنی بنەماکانی باوەڕە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت بە "ئیتنیکی، زمانەوانی، کولتووری و ئاینییەوە" (مورفی، ١٩٩٣: ٢٤٨).

هەندێ لە خێڵە کوردەکان شوێن و ماوایان دەکەوتە نزیک سنووری هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەوە و هەندی جاریش دەبوو بە دوو بەشەوە لە نێوانیاندا و ئەو خێڵانە زۆر کاریگەر بوون و سەرکردە هەرێمییەکانی عوسمانی و سەفەوی دەبوو ئەو مەسەلەیەیان ڕەچاو بکردیە و بایەخیان پێبدایە. ئەمانە وەک خێڵی مەحموودی لە نزیک خۆی و مەحموودییە، دونبوڵی لە دەوروپشتی خۆی، سوگمێند (سوکمەنئاباد) و شەنبۆ (یان شەنباوی) لە هەکاری لە ناو ئەو خێڵە دیارانەدا بوون. بۆ نموونە، شەنبۆکان نیمچە سەربەخۆ بوون و ناویان نەدەخرایە تۆمارەکانی باج سەندنەوە بەلای کەمەوە تا ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەم سەرەڕای دڵسۆزی و ملکەچییان بۆ عوسمانییەکان (پۆش، ٢٠٠٣: ٢٠٦) . خێڵی برادۆست دەستیان بەسەر هەرێمێکدا دەڕۆیشت لە ڕۆژهەلاتی هەکارییەوە بۆ گۆلی ورمێ و ساوجبڵاخ (سابڵاخ). سولتان حوسەینی بادینان، کە لەلایەن خێڵە کوردەکانی تر و سوڵتانە عوسمانییەکانەوە ڕێزی لێدەگیرا، یەکێکی تر بوو لە سەرۆک خێڵە بەهێزەکان کە قەڵەمڕەوی حوکمی لە ڕۆژئاوای موکرییەوە دەیگرتەوە تا بەری ڕۆژئاوای چاکانی زاگرۆس لە ئامێدی (پۆش، ٢٠٠٣: ٢٠٦ - ٢٠٧). زیاتر بەرەوخوار بڕۆین بابانەکان و فیدراسیۆنی خێڵەکانیان لە ناوچەی شارەزوور و دەوروبەریدان. دواتر بابانەکان خاک و قەڵەمڕەوی خۆیانیان فراوانتر کرد تا نزیکی دەریاچەی ورمێ. حاجی شێخ بابانی سەرۆکیان هێند جێی هەڕەشە و مەترسی بوو بۆ سەفەوییەکان کەوا شاتەهماسپی ناچار کرد ساڵ ١٥٤٠ هێزیکی سەربازیی بنێڕێتە سەری (شەرەف، ١٨٦٠: ٢٨٦).

شەرەفخان هەندێ لە خێڵەکانی کورد پۆلێن دەکات وەک "میرانی کوردی ئێران" (ئومەرای ئەکرادی ئێران)، چەشنی (پازوکی/ پازوگی، شێخ مەنسوور، چیکەنی/ چیگەنی، کەڵهوڕ و زەنگەنە) (شەرەف، ١٨٦٠: ٣٢٠ - ٣٢٨). سەفەوییەکان یان قزڵباش بوون یەن سەر بە ڕێبازێکی سۆفیگەریی نزیک بەوان بوون و سەرۆک و ڕابەرەکانیان دەگەیشتنە پلە و پایەی خان یان قورچی. پۆش وایبۆدەچێت کەوا ئەم خێڵانە دەکرێ وەک کوردی قزڵباش (ئەکرادی قزڵباش) ناوزەد بکرێن (پۆش، ٢٠٠٣: ٢١٠). گەلێ لەم خێڵانە نێردران بۆ خوراسان لە سەردەمی حوکمی شاعەباسی یەکەمدا (١٥٨٧ - ١٥٨٧). ئەگەر بەراروردی بکەین، دەبینین کەوا گرووپێکی دووەم لەوانە پێکدەهاتن کە بەزۆری ملکەچی و دڵسۆزیی خۆیان دەگۆڕی لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا. خێلە سونییەکانی ڕۆزکی، ئەردەڵان، سۆران، هەکاری، بابان، موکری، مەحموودی و یەزیدییەکانی دونبولی نیشتەجێ و دەسەڵاتداری سنووری نێوان عوسمانی و سەفەوی بوون. لە هەر شەڕ و پێکدادانێکی نێوان دوو ئیمپراتۆرییەتەکدا ئەوان دەیانتوانی هاوپەیمانیی خۆیان بگۆڕن لەبەر خاتری هێشنەوەی مافی سەربەخۆیی و میراتگرییان. سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێلەسەر مەسەلەی سەرکردایەتی لە ناو خێڵێکی دیاریکراو و ئەندامانی بنەماڵەی حوکمڕاندا گەلێ جار ئەوەی لێدەکەوتەوە کە هانا ببەنە بەر عوسمانی یان سەفەوییەکان بۆ پاڵپشتی کردنیان لە ململانێکانیاندا.

لەکاتێکدا کە خێڵە کوردەکان گرنگ بوون بۆ هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە بۆ هێشتنەوەی سنووری هاوبەشی هەردوو لا بە ئارامی، ئەوە شار و شارۆچکەکانی نزیک سنوورەکان بایەخی سەربازی و ستراتیجییان زیاتر بوو. شوێنگەلێکی وەک بەدلیس و وان وەک "کلیل و دەروازە بۆ ئازەربایجان" لەقەڵەم دەدران لە لایەن فەرماندە عوسمانییەکانەوە. خۆی و ورمێ لە دیوی سەفەوییەوە لە شارە گرنگ و پڕ وزەکان بوون بۆ هێشتنەوەی عوسمانییەکان لەبەر دەرگا. هەر لەو سۆنگەیەوە، بە زۆری خۆی دەبوو بە ئامانجی هاوپەیمانیی عوسمانی و کورد. ئەم شارانە و دەوروپشتیان لە ڕووی ستراتیجییەوە زۆر گرنگ بوون بۆ پەیبردن و هەڵسەنگاندنی هێز و توانای هەر لایەکیان، چ عوسمانی یان سەفەوی بووبێت. هەڵبەت بە بێ هاوکاری و هەماهەنگیی خێڵە کوردەکان و سەردار و سەرۆکانی چواردەوری ئەم شارانە مەحاڵ بوو ئەم شوێنانە بپارێزرین. خێڵە کوردەکانی سەر سنوور دەیانتوانی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لایەنگرییان بگۆڕن لە هاوپەیمانییاندا. بێجگە لەوەش، هەردوو لا عوسمانییەکان و سەفەوییەکان دەیانویست خۆبپارێزن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو ئەوان شەڕی بەوەکالەتیان بەلاوە باشتر و پەسەندتر بوو. میرە کوردەکان و کۆنفیدراسیۆنی خێڵەکانیان ناوچە و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتدارێکی تری کوردیان داگیر دەکرد لەژێر سایەی ئیمراتۆتی ڕکابەردا. هەندێ جاریش شەڕ و پێکدادانی نێوان خێڵە کوردەکانیان وەک پاساوی جەنگ بە مەبەستی داگیرکاریی نوێ.

سەفەوییەکان لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان مابوونەوە تا جەنگەکانی ١٥٤٨ و ١٥٥٠ - ١٥٥٣. پاس ئەوەی عوسمانییەکان وانیان خستە خاک و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکەی خۆیان و کرا بە ویلایەتێک لە ژێر حوکمی بەگلەربەگیدا (سینکلێر، ٢٠٠٩: ٢١٦ - ٢١٧). سەرەڕای حوکمڕانیی عوسمانی لە واندا بەڵام بەگەکانی مەحموودی بە لایەنگر و دڵسۆزی سەفەوییەکان مانەوە تا ساڵی ١٥٥٤، بە چەندین مانگ لە پێش ئەوەی کەوا پەیماننامەی ئەماسیا ئیمزا بکرێت لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا. پەیماننامەکە هەندێک سەقامگیریی دەستەبەر کرد بۆ ناوچەکە بە هۆی ڕێگرتن لە حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردەکان کەوا ملکەچی و دڵسۆزیی خۆیان بگۆڕن. ئەمەش بناغەیەکی داڕشت بۆ پەیوەندیی درێژخایەن لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا، کە لەم ماوەیەدا حاڵەتێکی ئەوتۆ نەبوو بۆ گۆڕینی لایەنداری لە ناو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کورددا. لەگەڵ ئەوەشدا سەفەوییەکان بەشدارییان دەکرد لە دانانی بەگەکانی مەحموودیدا و هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی مەحموودی لە پلە و پۆستی سوپای سەفەویدا دامەزرابوون. (شەرەف، ١٨٦٠: ٣٠٢، ٣٠٤ - ٣٠٦). حاڵەتی مەحموودی ئەوە پیشاندەدات کە دەسەڵاتی عوسمانی تەنها بژاردە نەبووە بۆ سەرۆک و دەمڕاستانی کورد، کە ڕکابەریی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە وەک هەل و دەرفەتێک دەبینن بۆ چێکردنی ڕووبەرێکی سیاسی بۆ خۆیان. ئەوان هەر بە شێوەیەکی نەرێنی دەسەڵاتیان قبووڵ نەدەکرد بەڵکوو توانای دانوستانیشیان پاراستبوو.

کاتێ شاتەهماسپ (١٥٢٤ - ١٥٧٦) جێگەی شا ئیسماعیلی باوکی گرتەوە، دانینا بە مافی میراتگریی هەموو ئەو حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردانەدا کە پەنایان بردبووە بەر دەرباری ئەو، بەدەگمەنیش ڕوویداوە کە دەسەڵاتدارێکی کورد لەناوببات تا بۆی نەسەلمایە کە لێی هەڵگەڕاوەتەوە و یاخی بووە. ئەو هاوکاریی کردوون بە یارمەتیی دارایی هەر کاتێ هۆکارێک بووبێتە مایەی لەدەستدانی ماڵ و مڵکیان. خاسییەتێکی جیاکەرەوەی سیاسەتی ئەو لەبەرانبەر کورددا ئەوەیە کەوا کوڕ و برای گەنجی میرەکانی لە دەرباری خۆیدا بەزۆری وەک بارمتە دەهێشتەوە بۆ مسۆگەر کردنی دڵسۆزیی خێزان و بنەماڵەکانیان و ڕاهێنان و مەشق پێکردنیان لەگەڵ میر و شازادەکانی بنەماڵەی خۆیدا (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٤ - ١٢١). زۆرێک لەوانە لەسەر بنەمای هەستی خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ شا پەروەردە دەکران و دواتریش وەک حوکمڕانی دڵسۆز لە ناوچەکانی خۆیاندا دادەمەزران. ئەوجا حوکمڕانە دڵسۆزەکان بە ناونیشان و نازناوی وەک قورشی دادەمەزران، کە جۆرێکە لە بۆدیگاردی شاهانە. سەفەوییەکان پلە و پایەیەکیان دروستکردبوو بە ناوی ئەمیرولئومەرا یان میری میران (أمیر اڵامرا‌و، فەرماندەی گشتی) بۆ کوردستان و دەیاندا بەو میرە کوردانەی کە فەرماندار یان سەرکردەی سەرۆکەکانی تری کورد بوون. هاوپەیمانییەکانی ژن و ژنخوازی لەنێوان دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکان و خیزانی شاهانەی سەفەوی و هەروەها سەرکردەکانی قزڵباشیش ڕۆڵی خۆی بینیوە لە تێکەڵکردنی میرە کوردەکان لەگەڵ فیدراسیۆنی قزڵباشدا. وادیارە سیاسەتی شاتەهماسپ سەبارەت بە کورد بۆ ماوەیەکی کورت ئامانجی خۆی پێکابێت چونکە هەندێ لە میرە کوردەکان دڵسۆزیی خۆیان بە لای عوسمانییەکاندا گۆڕی. لە لایەکی تریشەوە، میرە کوردەکان، سەرەڕای پەیوەندییان لەگەڵ شادا، هەرگیز لە پلە و پایەی بەرزدا دانەمەزران لە دەرباری تەهماسپدا کەوا قزڵباشی خێڵە تورکمانەکان کۆنترۆڵیان کردبوو. کەواتە دەبێ چاوەڕێی شاعەباس بکرێت (١٥٧٨ - ١٦٢٩) بۆ چاککردنی سیستەم و وەرگرتنی هەندێک لە دەستەبژێری کورد لە ناوچەرگەی ئیدارەدا.

لە پاش مردنی شاتەهماسپ، ئێران کەوتە ناو بۆشایی دەسەڵاتەوە و عوسمانییەکان ویستیان ئەم هەلە بقۆزنەوە و لە قۆڵی ڕۆژهەڵاتیانەوە فراوانخوازی بکەن پاش زیاد لە دوو دەیەی ئارامی و سەقامگیری. پاشان بە پاساوی هێرش و هەڵکوتانەسەر شاری وان لە لایەن خێڵە کوردەکانی ئێرانەوە، لە ساڵی ١٥٧٨دا عوسمانییەکان لەشکرکێشییەکی نوێیان کردە سەر ئێران و ئەمەش دوانزە ساڵی خایاند تا جەنگ کۆتایی هات (کوتوکئۆغڵوو، ١٩٩٣: ١٨ - ٢٢). هەروەها عوسمانییەکان فەرمانێکیان نارد بۆ میر و ئاغا کوردەکان کە بچنە ناو خاک و وڵاتی سەفەوییەوە و شارەکانیان داگیر بکەن و گشت زەندیق و (مولحیدەکان) بکوژن تێیدا (ئوزونچارشلی، ٣/ ٥٧ - ٥٨). وەک باس دەکرێت، کەوا خوسرەو پاشای حاکمی وان خێلە کوردەکانی چەکدار کردووە و بەڵێنی مافی مڵکایەتیی زەویوزار و میراتگریی داوە بە میری هەکاری، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ناوچەی سەڵماس بگرێت (ماتحی، ٢٠١٤: ١٥). دواتر هێزێکی هاوبەشی عوسمانی و کورد هێرشیان کردە سەر هێزەکانی قزڵباش لە تۆپراک قەڵای ورمێ و تەواوی ناوچەکەیان گرت. جەنگی بەوەکالەت لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتدا لە ڕیگەی هێزە کوردییەکانەوە جێبەجێ دەکران، کەچی عوسمانییەکان بەردەوام نکووڵییان لە بەرپرسیارێتیی ئەو کارانە دەکرد و سەرکۆنەی کوردیان دەکرد بۆ ئاژاوەگێڕی و ئاشوب لە ناوچەی سنووردا. دواجار لە ساڵی ١٥٨٥دا، عوسمانییەکان تەبرێز و ڕووبەرێکی گەورەی بەرهەمهێنترین خاکی ئێرانیان گرت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئیمپراتۆرییەتدا. ئێرانییەکانیش هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامدا لە پاش دەیە و نیوێکی دواتر و ئەم خاک و ناوچانەیان گرتەوە. ئەو شەڕ و ململانێیەی چەندین دەیە بەردەوام بوو لە نزیك ناوچە کوردییەکانەوە سەرچاوەکانی داهاتی گشت هەڵلووشی و بوو بە هۆی ناجێگیرییەکی ئابووریی هێجگار گەورە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئۆپەراسیۆنی ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیستووان لە ئازەربایجان و شیروان (ماتحی، ٢٠١٤: ١٩). بە ڕەچاوکردنی لاوازبوونی سەفەوییەکان و باڵادەستیی سەربازیی عوسمانی، وادیارە ئەمی دواییان ستراتیجی سەربازیی خۆی بەچاکی ڕەچاو کردبێت. خێڵە کوردەکان ڕۆڵێکی چالاک و نکووڵی لێنەکراویان گێڕاوە لە نەخشەدانان و هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڕاستەکەیدا. سەرۆکە کوردەکان و خێڵەکانیان کە پشتیوانییان لە عوسمانییەکان دەکرد بەرژەوەندییان هەبوو لەوەدا. بە پێی بۆچوونی مورفی بێت سەرۆکە کوردەکان و خێڵەکانیش "مانۆڕ و جووڵەی تەواویان بەدەستەوە دەهات بۆ بەرگری کردن لە بەرژەوەندیی خۆیان لە بارودۆخێکی هەڵاواردوودا، بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا تەنانەت بۆ بەرفراوانکردنی کار و کاریگەریی سەربەخۆیان لە ناو ئەو دەوڵەتانەدا" لەجیاتیی مانەوەیان وەک "بەشدار و هاوکار ئەو ئەجێندا چەسپاوانەی کە لە لایەن "ئاغا" ئیمپراتۆرییەکانیانەوە داڕێژرابوو" (مورفی، ٢٠٠٣: ١٥١).

  • 1