ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەمامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

پرۆفیسۆرو گەورەنووسەری کورد د. مارفخەزنەدار

ئامادەکردنی: مەغدیدحاجی

  لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 پرۆفیسۆر و گەورە نووسەری کورد د. مارف خەزنەدار

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

  " بنوو خەزنەدار، کەس پێت ناڵێ مرد

 بەرهەمەکانت وەک تەمەنی کورد

 بەرگی شانازی دەپۆشن خێرا

دەبنە ئاوێنە بۆ درشت و ورد ــ ئەحمەد حوسێن".

 لە بری پێشەکی

٭ بێگومان، پ.د. مارف خەزنەدار یەک لە ئەدیب و نووسەرە داهێنەرەکانی سەدەی بیستەمی کوردستان بوو،سەدەی بیستەم بۆ کوردستان سەدەی بووژانەوەو بەرەنگاری بوو..

 د. خەزنەدار،یەک لە مامۆستا دڵسۆزو خزمەتگوزارەکانی کوردبوو،بە سەدان و هەزاران قوتابی پێگەیاندووە..

 مارف خەزنەدار ڕۆژنامەنووسێکی بە تواناوزمان پاراوو بە زانیاری بوو،بە تایبەتی لە بواری ڕۆژنامەنووسی ئەدەبیدا..وا بزانم هەر لەسەر دەستی ئەم تێکۆشەرەدا ڕۆژی ڕۆژنامەنووسی کوردی (٢٢ی نیسان)بەردی بناغەی بۆ دانرا،واتا ئەم، میقداد مەدحەت بەدرخان و (ڕۆژنامەی کوردستان) ی خستە ناو مێژووی گەلی کوردستان و ڕۆژی ڕۆژنامەنووسی کوردی داهێنا.

 ئێمە هەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە نووسین و کتێبەکانی د. مارف خەزنەدار ئاشنابووین، لە ڕێگای مێژووی ئەدەبیاتی کوردی بەڕێزیانەوە زیاتر خولیای خوێندنەوەی ئەدەبیات بووین..بەڵام درەنگ، لە نزیکەوە بە خزمەتیان گەیشتین،لە ساڵانی(٢٠٠٨-٢٠٠٩-٢٠١٠)چەند جار لە مەڵبەندی ڕوناکی لە شاری هەولێر سەردانم کرد،بە تایبەتی کە خەریکی ئامادەکردن و نووسینی ماستەرنامەکەم بووم لەسەر

(عەزیز شەریف)،بەڕێز د. مارفیش یەکێک بوو لەوانەی دیدارم لەگەلدا سازکردن و زانیاریم لێ وەردەگرتن..هەتا بڵێی مرۆڤێکی بەڕێزو ساکارو قەدرگران و بە ڕاست خەزنەداری زانیاری بوو، نەک خەزنەداری پارەوپوول..خاوەن کتێبخانەیەکی گەورەبوو،بەدەیان هەزار کتێب و گۆڤار لە کتێبخانەکەیدا هەڵگیرابوون..بەردەوامیش حەزی دەکرد هەر کتێبێکی نوێ دەرچووبا لە کتێبخانەکەی دایبنایا..ڕۆژێکیان کە سەردانیم کرد، لێی پرسم و فەرمووی:" مەغدید، بیستوومە کتێبێکت تازە چاپکردووەو بۆ منت نەهێناوە"؟ زۆر بەسەرخۆم داشکامەوە، ووتم بەسەر چاو مامۆستا بەمزووانە بۆتی دەهێنم و پێشکەشتی دەکەم..لەهەمان کات دوو کتێبی خۆی بە دیاری پێکەش کردم.

 کە لێم پرسی بۆ(المسٲلە الكردیە) بە کوردی بنووسم (پرسی کورد)، یان (مەسەلەی کورد)؟

لە وەڵامدا فەرمووی:" پرس چییە، هەر پرسیار دەگەیەنێ، مەسەلەی کورد بەکاربێنە باشترە".

ئەو ڕێککەوتە خۆش بوو، بەهۆی تەلەفۆن ئەم پرسیارەم لە ڕەوانشاد پ. د. عیزەددین مستەفا ڕەسول کرد، ئەویش فەرمووی :(مەسەلەی کورد) بەکار بێنە باشترە!!

٭ " پ.د. مارف خەزنەدار ، مامۆستایەکی پڕ زانست و زانیاری بوو،شەیدای خامەو پەرتووک و کاغەزو میوانێکی بەردەوامی و هەمیشەیی نامەخانە گەورەکەی بوو. مرۆڤێکی سەنگین و باوەڕ بە خۆبوو،پیاوێکی خاوەن بیروڕاو هزری خۆی بوو،لەسەر ڕایەکانی خۆی نەگۆڕ بوو.. خۆی بە گەورەو زانا دەزانی لە ئاست ئەوانەی لە پلەو پایەی بەرزدابوون،خۆی بە سادە دەزانی بەرامبەر بە هاوڕێیانی خۆی ..پ. د. عومەر پەتی"..

 هەروەها بەڕێز د. عومەر پەتی هەندێ لایەنی گرنگی دیکەی لە ژیانی ڕۆشنبیری د. مارف خەزنەدار باسکردووە،لەوانە:

١- یەکەم کەسکێک بوو لە ناو کوردا کە بۆ یەکەمجار (فۆلکلۆر)ی بەکار هێناوە لەناو زمانی کوردیدا، ئەوەیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی١٩٥٨ لە گۆڤاری شەفەق لە ژمارە ٣ ی بەرگ ١ نەورۆزی١٩٥٨ ل٢ .بە بێ ناوی نووسەرو بە ناونیشانی (فۆلکلۆری کورد، فۆلکلۆری نەورۆز)..

٢- بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسی کوردی تاکو ساڵی١٩٦٨ کە بەڕێزیان لە روسیا گەڕایەوەو وتارێکی لە (برایەتی) ئەوسا بڵاوکردەوە ،کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی دۆزیبووەوە،کە لە ٢٢ ی نیسانی١٨٩٨ لە قاهیرە لە لایەن (مدحت بەدرخان) ی دەرچووە. لەم ساڵە بە دواوە (٢٢)ی نیسان کرایە ڕۆژی ڕۆژنامەنووسی کوردی..

 ٭ بەڕێز مامۆستا د. کەمال مەعروفیش لە بارەی د. مارف خەزنەدارەوە نووسیویەتی و دەڵێ:" لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا،د. مارف خەزنەدار ڕەمزێکی دیارو بلیمەتێکی بێ وێنەبوو، گەنجینەیەکی لەبن نەهاتووی ئەدەب و زانست بوو،هەموو خۆشی و شادی ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی کەلەپووری میللەتەکەی تەرخانکرد.سامانێکی وای لە دوای خۆی بە جێهێشتووە کە نەوە دوای نەوە شانازی پێوەبکات،شاکارەکانی سەرچاوەی بە نرخن بۆ توێژەرانی ئەدەبی کوردی"٠

 

٭ ناوی تەواوی: مەعروف کوڕی عەبدولقادر کوڕی عەزیز ئاغای خەزنەدارە.

ــ لە ١-١١-١٩٣٠ لە شاری هەولێر لە دایک بووە.

ــ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێرو پۆلی چوارەمی وێژەیی لە ئامادەیی کەرکوک و جارێکی تر ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە.

ــ لە٣١-٣ -١٩٥٢  بە مامۆستای سەرەتایی لەسەر میلاکی قوتابخانەی گوندی عەوێنە لە دەشتی هەولێر دامەزراوە،بەڵام یەکسەر تەنسیب کراوە بۆ دائرەی معارفی هەولێر ،بەشی ناوخۆیی،تاکو لە نزیکەوە لە ڕۆژنامەی هەولێر کار بکات .پاشان میلاکی دەبێتە فەرمانبەر لە دائیرەی مەعارف بە پلەی نووسەر ،گوازراوەتەوە بۆ کوت دوایی بۆ بەغدا تاکو ساڵی١٩٥٧.

ــ لە ساڵی خوێندنی(١٩٥٣-١٩٥٤) لەبەشی عەرەبی کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، ساڵی ١٩٥٧  تەواوی کردووەو بە مامۆستای زمانی عەرەبی لە دواناوەندی ئێوارانی کەرکوک دامەزراوە.

ــ لە ساڵی١٩٦٠ ،لە مانگی ئادار بۆ خوێندن چۆتە یەکێتی سۆڤیەت و سەرەتا بۆ ماوەی نۆ مانگ وەکو قوتابی پەیمانگەی فێربوونی زمانی روسی بۆ بێگانان لە شاری مۆسکۆ خوێندوویەتی . دواییش لە شاری سانت بیترسبۆرگ وەکو قوتابی خوێندنی باڵا لە بەشی خوێندنی کوردی لە پەیمانگەی خوێندنی ڕۆژهەڵاتی سەربە ئەکادیمیای زانستی روسی دەستی بە خوێندن کردووە.ساڵی١٩٦٣ بڕوانامەی دکتۆرای Phd لە خوێندنی زمانەوانی و ئەدەبیات بەدەستهێناوە.

 لەبەر بایەخی بابەتی تێزی دکتۆراکەی " مێژووی ئەدەبی کوردی- ١٨٩٠-١٩٦٠" لێژنەی گفتوگۆ بڕیاریدا لە شێوەی پەرتووک چاپبکرێت و دەزگای بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی لە مۆسکۆ ساڵی١٩٦٧ بە چاپی گەیاندوبڵاوی کردەوە،وەکو یەکەم کتێب لەسەر مێژووی ئەدەبی کوردی بە زمانێکی ئەوروپی .

د. مارف خەزنەدار لە ماوەی نێوان (١٩٦٣-١٩٦٨)خەریکی ئامادەکردنی فەرهەنگێکی (کوردی ــ روسی) بووە تا دوای ساڵی ١٩٨٣ لە مۆسکۆ وەکو فەرهەنگێک دەرچووەو بڵاوکراوەتەوە. هەروەها لەم ماوەیەدا دوو کاری زانستی لەسەر هەردوو شاعیر( نالی ومسباح ئەلدیوان) ئەنجام داوە، کە دوایی لە بەغدا چاپکران.

 

٭ بێگومان نووسین لەسەر ئەم گەورە نووسەرو ئەدیب و مامۆستا نەمرە،بەوەندەی من ئامادەم کردووە تەواونابێت،هەڵدەگرێ چەندین نامەی ماستەرو دکتۆرای لەسەر بنووسرێت.

 ــ د. مارف لە ماوەی نێوان(١٩٦٨- ١٩٨١) مامۆستا بووە لە بەشی کوردی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا و لە ماوەی(١٩٧٣- ١٩٨١) سەرۆکی ئەو بەشە بووە.. لە هەمان کاتدا دامەزرێنەری بەشی کوردی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا بووە تا ساڵی١٩٧٦ ،لە تەک ئەوەی کە سەرۆکی بەشی کوردی لە کۆلێژی ئەدەبیات بوو.

ــ لە ساڵ١٩٨٨ تاکو ساڵی ٢٠٠٦ مامۆستای ئەدەبی کوردی بووە لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر.

ــ ماوەی چەند ساڵێکیش لە وڵاتی جەزائر مامۆستای زانکۆ بووە.

ــ لە ساڵی ١٩٦٨ پلەی زانستی (مامۆستا)ی وەرگرتووە.

ــ لە ساڵی١٩٧٣ پلەی زانستی(پرۆفیسۆری یاریدەدەر)ی بەدەستهێناوە.

ــ لە ساڵی١٩٧٨ پلەی( پرۆفیسۆر) وەردەگرێت..هەموو پلە زانستییەکانی لە کاتی خۆی وەرگرتووە بە بێ دواکەوتن.

ــ سەر پەرشتی زۆر نامەی ماستەرو دکتۆرا کردووە،لە زانکۆی بەغداو زانکۆکانی کوردستان..هەروەها چەندین جار ئەندام یان سەرۆکی لێژنەی گفتوگۆی نامە ئەکادیمییەکان بووە.

ـــ زمانەکانی کوردی،عەرەبی،رووسی،تورکی،فارسی بە باشی دەزانی و دەیتوانی بە فەرەنسی و ئینگلیزی بخوێنێتەوە.

ــ لە سێیەمین کۆنگرەی یەکێتی نووسەرانی کورد کە لە١٧-١١-١٩٧٢ بەستراوە، بۆتە جێگری سەرۆک.

ــ سەرنووسەری گۆڤاری (نووسەری کورد )بووە لە سەرەتای دەرچوونی لە ساڵی١٩٧١.

ــ سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادیمی بووە،کە کۆڕی زانیاری کوردستان لە ساڵی٢٠٠٣ یەکەم ژمارەی لێ بڵاوکردەوە.

ــ زیاتر لە(٤٠) کتێبی لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەبیات و گەشتنامەی ژیانی خۆی نووسیوەو بە چاپی گەیاندوون..

ــ  بە سەدان وتارو لێکۆلینەوی ئەدەبی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە..تەنیا ئەو بابەتانەی لە گۆڤاری ڕامان بڵاوی کردوونەتەوە لەگەل ئەو دیمانانەی ئەو گۆڤارە لە گەلیدا سازی داوە،کاک ئازاد عەبدولواحید کردوویەتی بە کتێبێکی٦٥٣ لاپەڕەیی لە قەبارەی گەورە.

ــ ئەم مامۆستاو نووسەرە ناودارەی کورد لە ٢٥-١٠-٢٠١٠ بە جەستە ماڵئاوایی کرد،بەڵام بە ناوو خزمەت و بەرهەمەکانی هەر بە نەمری دەمینێتەوە.

 ٭ سەرچاوەکان:

١- قامووسی ناوە نەمرەکان، بەرگی یەکەم،ئامادەکردن و سەرپەرشتی مومتاز حەیدەری،هێرش سنجاوی،کاروان قاسم. لەم قامووسەدا پ.د. عومەر پەتی و مامۆستا کەریم شارەزا و مامۆستا هوشیار عەبدوڵلا لەسەریان نووسیوە.

٢- مارف خەزنەدار دنیایەک لە وشەو مەملەکەتێک لە کتێب،ئامادەکردنی حەمید ئەبوبەکر بەدرخان.

٣- عەبدولرەحمان مەعرووف،ئینساکلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر،بەرگی چوارەم.

٤- د. مارف خەزنەدار لە گۆڤاری ڕامان دا،ئامادەکردنی ئازاد عەبدولواحید.

  • 1