ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەڕوانگەی چینایەتیەوە

۱۰ ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ رەچاو کردنی گرنگترین یاسا پیادەی حوکمڕانی و سیاسەتی ئابووری دەکات کە لە ئاراستەکردنی کۆی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وکلتوریدا کاریگەری ڕاستەو خۆی هەیە ، بەتایبەتی ژیان وگوزەرانی جەماوەر بەگشتی و چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیر و بازوو بەتایبەتی.

ئەویش یاسای بودجەیە لەهەرێمی کوردستان کە لەسەر بنەمای ئەم یاسایە (بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان) دیاری دەکرێت و لێرەوە و لەسەر بنەمای ئەم یاسایە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کار و پرۆژەکانیان بڕیاری لێدەدەن و دەیخەنەگەڕ.

بۆ نموونە چەند پێوویستە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و فێرکردن و ڕۆشنبیری و چەندی تریان دەوێ بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و چەندیش تەرخان دەکەن بۆ مووچە و نەسریە و ئیمتیازاتی حزبی دەسەڵاتدار و هێزە تایبەتەکانیان.

لەساڵی ڕابردووەوە تا بۆ دواوە بگە‌ڕێینەوە دەبینین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵات بەردەوام مووچەی دواخستووە یان بەناوی پاشەکەوتەوە مووچەی چەند مانگێکی لەساڵێکدا نەداوە بە مووچەخۆران و خانەنشینان، هیچ بەرنامەیەکی دانەناوە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری بە دامەزراندن بێت لەحکومەتدا یان ڕەخساندنی هەلی کار لەکەرتی تایبەت، و بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵەی کردووە لەگەڵ یاسا و بازاڕ و دەرهێنان و فرۆشتنی سامانی سروشتی هەرێمەوە کە موڵکی گشتی هاونیشتمانیانە.

واتا دەسەڵات بە ئارەزووی خۆی ئابووری و بازرگانی و کار و کاسبی و ژیانی کارگێڕ و دابینکردنی خزمەتگوزاری و ڕێکخستنی ژیانی هاووڵاتیانی ئاراستە کردووە، هەر بەم هۆیەشەوەیە ژیانی کرێکاران و مووچەخۆران و بێکارانی خستۆتە بە ڕەحمەتی بێ ڕەحمانەی بازاڕەوە، ئەمە پیادەکردنی (بێ قەید و شەرتی ئەو فەلسەفەیە کە دەڵێ ڕێگەبدەن بازاڕ خۆی خۆی ‌ڕێکدەخات). لەسەر ئەو بنچینەیەی گوایە دەستێکی شاراوە هەیە بازاڕ رێک دەخات.

بوونی بێکاری لەڕادەبەدەر بەتایبەت لەناو گەنجان ودەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ، خراپی دۆخی ئابووری وژیاریی خانەنشینانی مەدەنی بەهۆی کەمی مووچەکانیانەوە کە پارەی کەڵکە بووی خۆیان و نایەندەنێ ، لەگەڵ دزینی مووچەی فەرمانبەران بەناوی پاشەکەوتەوە ، کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک تەندروستی و خوێندن وئاو کارەبا و گران کردنی نرخەکانیان و زۆر گرفتی تری گشتی و تایبەت بە چین و توێژێکی دیارکراو ، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بۆیە یاسای بودجە ناهێنن بۆ پەرلەمان و زۆربەی پەرلەمانتارەکانیش لێی بێدەنگن تاکو ئەو (دەستە شاراوەیە بە دڵی خۆی کەڵکەی سامان وداهات بکات بۆ خۆیان و گروپی دەستڕۆیشتووی ناو دەسەڵات وحزب و بنەماڵەکانیان).

کە یاسای بودجە لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە ئینجا لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا ئەو دەستە ڕەشە هەر کاری خۆی دەکات، بەڵام بهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر سیستەمەکە سەرمایەداری بێت و بازاڕ بەڕەڵا کرا بێت و یاسای بودجەش لەهەرێمێکی پڕ نەوت وسامان وداهات دا نەبێت ، دەبێت چ بێدادیەکی کۆمەڵایەتی هەبێت چ نایەکسانیەک لەنێوان ژیانی خەڵک و پیاوانی دەسەڵات و نەوەکانیاندا دروست بوو بێت، یان چ دزیەکی بێ وێنە کرا بێت لە داهاتی ئەم ووڵاتە بێ خاوەن و بێ یاسا و دەستوورەدا.

ئاخر بۆیە چەند ساڵە بڕە نەوتی ساڵانە کەبەشی تەواوی خێزانەکان ناکات تائێستا دابەش نەکراوە، چونکە ئەو نەوتە بەدەست دەستە شاراوەکەوەیە، بۆیە تائێستا مووچەی مانگی ١٢ نەدراوە، چونکە ئابووری وا بەدەستی دەستەڕەشەکەی بازاڕی ئازادەوە، بۆیە هەلی کار نەماوە و کار و کاسبی ڕووی لەکزی کردووە، لەبەرئەوەی هەرێم لەژێر چەپۆکی ڕەش و شاراوەی ئابووری بازاڕی سەرمایەداریدایە.

ئەمە ئەو مودێلەیە لە حوکمڕانی کە چەند سەدەیەک زیاترە بیرمەندانی سۆسیالیتی و قوتابخانە یەکسانیخوازەکەی مارکس و هاوڕێکانی باسیان لێوەکردووە و بەتەجروبەش دەرکەوتووە کە چ شەڕ و ماڵوێرانی و نەهامەتی و بێکاری و برسێتیەکی هێناوە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و گەلانی چەوساوەو بۆ ڕەنجدەرانی بیر وبازوو بەتایبەتی.

بۆیە پێوویستە جەماوەر بەووردی و هۆشیارانە لەنەهامەتەکانیان بڕوانن کەهۆکارەکەی نەبوونی سەروەت وسامان و داهات نییە بەڵکو یاساکان و جۆری سیبتەمی حوکمڕانی وبەرنامەی ئابووری زاڵمانەیە ئەوانە لە چاوڕوانی مووچە و لەسەرەی غزی ماڵان و لەڕێزی بەرمیلە نەتی کۆڵاناندا ڕاگرتووە وگەنجەکانیش بەرەو کافتریای شەوانە و مەیدانی ماتۆڕ سواری و دیوەخانەی کۆنەپەرستی و توندڕەوەی ئایینی بردووەو وێڕای زەحمەتیەکانی ژیانیان کلتور و دیدی کۆمەڵایەتیانی گۆڕیوە لە هەست وبیری مرۆڤ دۆستیەوە بۆ ڕق و کینە و دەست و شەق وەشاندن.

ئەم جۆرە سیستەم و حوکمڕانییە هیچ بەرژەوەندییەکی نیشتمانی و ئینسانی ڕەچاو ناکات بۆیە تەنیا چارەسەر هەوڵ و کۆششی هۆشیارانەی بە بەرنامەکراوە بۆ گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بەئاراستەی پاراستنی مافی هەمووان و ڕێزگرتن لەشکۆی مرۆڤ ئەگینا ئەم نەهامەتییانە درێژە دەکێشێت.

  • 1