ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەر سەرکردەیەک خوا بەختی ببا؛ تەنیا لە فێنکە ئێوارە و سبەینان دەچێت وێنەی خۆی دەگرێت. چونکە دیارە لەبیری نەماوە، یا نازانێت کە کاتی فێنکایی ئێوارە و سبەینان قەوارەی هەر سێبەرێک بە دوو هێندەی سروشتی ڕاستەقینەی خۆی دەردەکەوێت! بەوەش سەرکردە زۆر خۆی بەگەورەتر دێتە پێش چاو لەوەی کە هەیە.

کەچی بەپێچەوانەوە، قەت لە نیوەڕۆدا وێنەی خۆی ناگرێت، چونکە لە نیوەڕۆدا مرۆ سێبەری نییە، بۆیە ڕێک قەوارە ڕاستییەکەی دەردەکەوێت. توانای سروشتی خۆی دێتە پێش چاو، نە زیاد و نە کەم. بەمەش کەس ناتوانێت فریوی بدا.

خۆ ئەو پەتا کوشندەیە هەر زوو تووشی سەدام بوو! بەڵام ئەو زۆر درەنگ لێی بەئاگا هاتەوە، جا کاتێک هەستی بەمە کرد، کە تەواو کار لە کار ترازا بوو.

هەڵبەتە ڕۆژێک سەدام لە کاتی شەڕی عێراق-ئێراندا، دەچێتە بەرەیەک لە بەرەکانی شەڕ. دەپرسێ و دەڵێ: (ئێوە ڕۆژنامەی ئەلسەورەتان دەگاتێ؟!)، سەربازێکی دڵسۆز و ساویلکەش، لێی دەچێتە پێش و سەلامێکی توندی بۆ دەکا و دەڵێ: ناوەڵا گەورەم گەلەک لەمێژە ڕۆژنامەکەمان ناگاتێ! بۆیە ناچارین هەموو ڕۆژێ هەر لەسەر زەوی نان و چێشت دەخۆین! ڕۆژنامەمان پێ نادەن لە ڕایبخەین و بیکەین بە سفرە، قاپ و قاچاخ و نان و خوانی لەسەر دابنێین!

ئەوکاتە سەدام زانی کە ڕۆژی لە شوێنێکی سەخت لێ ئاوا بووە، بەوەی کە هەڵپەرستەکانی دەوروبەری لە نووسەر و وێنەگر و ڕاپۆرتنووس لە خشتەیان بردووە!

  • 1