ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستای زانکۆ و نووسەر و چالاکوان (د. کوردستان موکریانی)

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 ٭ کوردستان گیوی موکریانی لە ئامێزی خێزانێکی ڕۆشنبیری کوردپەروەر چاوی بەدنیا هەڵێناوە و پەروەردەکراوە.

 کوردستان خان کچی گیو (ئەورەحمان ئەحمەد ١٩٠٤-١٩٧٧)؛ ڕۆژنامەنووس و زمانەوان و وێنەگر و خاوەن چاپخانەو چەندین کتێبی بە نرخە. گیو موکریانی و حوسێن حوزنی(برای لە دایکی) دوو ناوی گەش و نەمرن لە مێژووی بزووتنەوەی ڕوناکبیری کوردیدا.

 ــ ناوی تەواوی بە گوێرەی کتێبی بیرەوەریەکانی: کوردستان ئەورەحمان ئەحمەد موکرانی. (پیرۆزی و گرنگی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوون بە مایەی نێونانی کچانی کورد بەم نێوە شیرینە).

ــ ناوی دایکی: خەدیجە عەلی مەهابادی (١٩٢١-١٩٩٤)

ــ کوردستان خان لە ٢-١-١٩٤٨ لە شاری هەولێر لەدایکبووە.

ــ لە ساڵی ١٩٥٣ خراوەتە بەر خوێندن، لە قوتابخانەی ئەیوبیەی ئەوەلییەی کچان لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر(تاکو ئێستا ئەم قوتابخانەیە بە ناوی خۆی لە شوێنی خۆی ماوە). بەڕێوەبەرەکەی ئەوکات مامۆستا بەستێ سابیر بوو.

ــ ناوەندی و ئامادەیی لە (دواناوەندی ئەربیلی کچان ــ پانویە اربیل للبنات) تەواوکردووە.

ــ لە دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە پلەی یەکەم لە بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا، لە ١٦-١٠-١٩٧٢ بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا بەرەو مۆسکۆ پایتەختی یەکێتی سۆڤیەت بەڕێ کەوتووە. (یەکێتی سۆڤیەت لە شەستەکان و حەفتاکاندا کورسی خوێندنی بۆ دەیان خوێندکاری کورد تەرخان کرد و زۆر لە مامۆستا ئەکادیمییەکانی کورد خوێندنی باڵایان لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران تەواوکردووە).

ــ لە ساڵی١٩٧٧ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی فیلۆلۆژی لە ئینستیتوی ڕۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای سۆڤیەت بەدەستهێناوە.

دوای ئەوەی بەڕێز د. کوردستان بڕوانامەی دکتۆرای لە یەکێتی سۆڤییەت وەرگرت، گەڕایەوە باشووری کوردستان و لە (٦-٣-١٩٧٧) بە مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی دامەزرا.

ــ لە ٢٠-٩-١٩٧٨ تاکو ٣٠-١٠-١٩٨٢ سەرۆکایەتی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سلێمانی و دواتر لە زانکۆی سەلاحەدین پێ دەسپێردرێت.

 ــ لە ڕێکەوتی١-١١-١٩٨٧ دوای (٥) ساڵ دوورخستنەوەی لە زانکۆ بەهۆی هەڵوێستی دڵسۆزانەی بۆ ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری، دەگەڕێنرێتەوە بۆ زانکۆی سەلاحەدین و پلەی زانستیشی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر بوو.

ــ لە دوای کۆڕەوی بەهاری١٩٩١ و ئاوارەبوون و دواتر گەڕانەوەی بۆ هەولێرو دەستبەکاربوونەوەی وەکو مامۆستا لە بەشی کوردی کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین، بەهۆی باری نالەباری سیاسی و نەخۆشی د. جەمال ڕەشیدی هاوژینی، د. کوردستان ساڵێک مۆڵەتی بێمووچە وەردەگرێت و هەموویان بەڕێگای تورکیا لە ڕێکەوتی ٨-١٠-١٩٩١ کۆچ دەکەن بۆ هۆڵەندا و لەوێ جێگیردەبن و دڵیشیان هەر لە هەولێر و کوردستان بەجێماوە.

 ــ لە ١-١١-١٩٩٦ تاکو ١-١١-١٩٩٨ وەک شارەزا و نرخێنەر لە سەنتەری وەرگێڕان لە هۆڵەندا کار دەکات.

ــ لە ٢٢-١١-٢٠٠٠ (د. کوردستان) گەڕاوەتەوە کورستان و بە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کوردستان دامەزراوە.

ــ لە ٢٥-١٢-٢٠٠٤ بە سەرۆکی کۆڕی زانیاری کوردستان هەڵبژێردراوە.

ــ لە زانکۆی فەڕەنسی لوبنانی لە هەولێر وانەی وتۆتەوە.

ــ زیاتر لە ٥٠ کتێبی بە چاپگەیاندووە.

ــ ئەوکاتەی لە هەشتاکان لە زانکۆ دوور دەخرێتەوە لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە بەغدا دەستبەکار دەبێت.

ــ لە ساڵی١٩٨٤ بۆتە سکرتێری نووسینی گۆڤاری بەیان لە بەغدا.

ــ دواتر بۆتە سکرتێری نووسینی گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ.

ــ لە ساڵی ٢٠٠١ بۆتە سەرنووسەری گۆڤاری شاوشکایە لە هەولێر و بەرپرسی سەنتەری شاووشکا بۆ چالاکی ڕۆشنبیری.

ــ لە ساڵی٢٠٠٧ خانەنشینکراوە.

ــ لە نێوان ساڵانی٢٠٠٧-٢٠١٠ سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو.

ــ زۆر توێژینەوە و وتاری ئەدەبی و زمانەوانی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە.

ــ ساڵی پار ٢٠٢٢ ژیاننامە و بیرهاتی خۆی بە ناونیشانی (لە هەولێرەوە بۆ هەولێر) بڵاوکردەوە.

٭ د. کوردستان لە ساڵی١٩٨٢ لەگەل ڕەوانشاد (د. جەمال ڕەشید) مێژوونووسی ناودار ژیانی خێزانی پێکهێناوە. کوڕێک و کچێکی هەیە، مینەواس١٩٨٣،

شارا ١٩٨٩. هەردووکیان هەڵگری بڕوانامەی ماستەرن.

 هیوای تەمەندرێژی و هەمیشە سەرکەوتن بۆ بەڕێز د. کوردستان موکریانی و کوڕ و کچەکەی دەخوازین.

 

 سەرچاوەکان:

١- یادو ئافەرین، عەقیلە ڕواندزی، چاپی دووەم، ٢٠٢٢.

٢- ئینسایکڵۆپیدیای نووسەرانی هەولێر،بەرگی چوارەم،عەبدولرەحمان مەعرووف.

٣- لە هەولێرەوە بۆ هەولێر ژیان و بیرهاتی د. کوردستان موکریانی.هەولێر ٢٠٢٢

٤- نامەیەکی تایبەتی د. کوردستان بۆ ئێمەی ناردووەو بە سوپاسەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی داوینەتەوە.

  • 1