ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سیاسەتی ململانێ بریتییە لە بەكارهێنانی میتۆدی توندوتیژ بۆ دەربڕینی دیدێكی سیاسی یان گۆڕینی سیاسەتی حكومەت. نموونەی ئەم جۆرە شێوازانە بریتین لەو كردارانەی كە ڕێگری لە چالاكییە ئاساییەكانی كۆمەڵگا دەگرن وەك خۆپیشاندان، مانگرتنی گشتی، ئاژاوەگێڕی، تیرۆر، نافەرمانی مەدەنی، تەنانەت شۆڕش یان یاخیبوون، ململانێش لە سەرئاستی گشتی و وەك پرۆسەیەكی بەردەوام ناوەستێت، چونكە هۆكارەكانی ئەم پرۆسەیە زۆرن و جۆر و فۆرمەكانی جیاوازن، ململانێی نێودەوڵەتی، ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییەكان و ململانێ ئابوریەكان.

گەر لەم دیدگایەشەوە لە پایە فیكرییەكانی جددیەتی ململانێ ئایدیۆلۆژییەكان بڕوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەی بۆ بكەین، دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە تەواوی دژایەتی نێوان وڵاتان كە جەنگ ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی لوتكەی ململانێكان دەكات لە فۆرم و جۆرە جیاوازەكانیدا پەیوەستە بە پۆلێنبەندی چینایەتی لایەنەكانی ململانێكان و هێزە جیاوازەكانی ئەو دژایەتیانەوە، چونكە زۆرینەی تەنگەژەو قەیرانە خولقێنراوەكان هاوتان بە شەڕێكی شاراوەی ئایدۆلۆژی و ناتوانرێ بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو دژایەتیە ئایدۆلۆژیانە لە كرۆكی تەنگەژە و ململانێكان تێبگەین

لە كاتی دیاریكردنی پەیوەندیی ئەم هێزانە لەگەڵ یەكتردا، دەكرێت پاڵنەرەكانی بزوێنەری ململانێكان دیاری بكرێت، ئایا ئەم دیاردەیە پەیوەستە بەبەرژەوەندییە شاراوەكانەوە یان پێچەوانەكەی ڕاستە و گرێدراوە بەدژایەتیی ئایدیۆلۆژییەكان و ململانێ و دەرەنجامەكانیەوە، ئەگەر گریمانەی بەشی دوەمی پرسیارەكە ڕاستكەینەوە ئەوە بێگومان دەگەینە ئەو حەقیقەتەی كە ڕەهەندی ئایدیۆلۆژی و رێبازەكانی لەو قۆناغ و بارودۆخەدا دۆخێكی تایبەتن كە ئاڵۆزی ململانێكان توندتر دەكات و چانسی دۆزینەوەی ڕێگاچارەكانیش قورستر دەبێ و ناتوانرێ لەسەر بنەمای بیرۆكە و گرنگی ململانێی ئایدیۆلۆژی شیكاری دیاردەی ململانێ بەگشتی و ململانێی نێودەوڵەتی بە تایبەتی بكرێت.

ململانێ لە دۆخی گەشەكردن و سەرهەڵدانی بەرژەوەندییەكانەوە سەرچاوەدەگرێت، و ئەمەش پەیوەستە بەململانێی بەرژەوەندییە ئابوریە نێودەوڵەتییەكانەوە كە بووەتە هۆی سەرهەڵدان و بەرجەستەبوونی جەنگە نێودەوڵەتیەكان و لە زۆربەی جەنگەكانی مێژووشدا ململانێی بەرژەوەندیەكان رۆڵ و كاریگەری نیگەتیڤی هەبوە و هیچ شەڕێك نیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی لایەنە شەڕەكەكان یاری بە یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ڕەوتی رووداوەكانەوە كردبێ ، واتا فتیلەی شەڕوكوشتاری وڵاتان و هەڵئاوسانی قەیرانە سیاسی و ئابوریەكان و توندبوونەوەی تەواوی ململانێ نێودەوڵەتی و ناوچەی و ناوخۆیەكان گرێدراون بەململانێی بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیەكانەوە، لە ئێستاشدا ململانێی بەرژەوەندییەكان لە نێوان ئەمریكا، چین و ڕووسیا لە لایەك و پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریەكانی ئەوروپا لەلایەكی تر بوەتە هۆكاری بەرفراوانبوونەوەی گەورەترین مەترسی و ئاشوب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا و هەموو ئاماژەكان ئەوەدەسەلمێنن كە ئەوەی روودەدات لە هەڵگیرساندنی قەیران و تەنگەژە سیاسی و ئابوریەكاندا، پەیوەستە بە ئاستی ئەو ململانێیانەوە و هیچیان بە شێوەیەكی سروشتی و لە دەرئەنجامی هەڵەی میكانیزمی پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتداریەوە بەرجەستە نەبوە وەك ئەوەی كە زۆرجار لە ناودڵی خودی ئەو زلهێزانەدا سەریهەڵداوە

زۆربەی ئەوانەشی كە ململانێی نێودەوڵەتییان لە هاتنە ژوورەوە بۆ ململانێی بەرژەوەندییەكان لێكدەدایەوە، پێیان وایە كە ململانێ لەسەر دەسەڵات و فراوانكردنەوەی پانتای بەرژەوەندیەكان گرێدراوە بە بەرژەوەندی كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان و مۆنۆپۆلكردنی بازاڕەوە ، بۆیە زۆرجار بۆ ڕەوایەتی دان بەم بابەتە و خۆدزینەوە لە ڕێگەچارەكان، ئەم پرسە والێكدراوەتەوە كە ململانێ لە قوڵبوونەوەی خۆیدا دەبێتە هاوكاری تایبەتمەندی جیاكەرەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، و توانای مانەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا

واتا ململانێ لە ئاستێكدا هێزێكی كاریگەرە بۆ پارێزگاری كردن لە بەرژەوەندیە ئابوریەكان و لە لایەكی تریشەوە دەروازەیەكە بۆ مسۆگەركردنی مافی مانەوەی تاكلایەنە، وەك چۆن لە نەخشەی سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەكاندا بەرژەوەندی ئابوری هێزی سەرەكی و بزوێنەری ئەو سیاسەتەیە  ئاواش چەواشەكارانە كار لەسەر ئەو بڕوایەدەكەن كە تەواوی ململانێكان لە پێناو پاراستن و پەرەپێدانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانە و ناكرێ چاوپۆشی لێبكرێ، بەڵام لە حەقیقەتیشدا ئەمە تەنها بەرژەوەندی هاوواتا و گریمانەی پێشاندانی هێز و كاریگەریی سیاسی و فشاری ئابووری، و شێوازەكانی شەڕی دەروونی و پەردەپۆش كردنی ڕاستیەكانە و ناچێتە بازنەی پاراستنی بەرژەوەندیە نەتەوەی و نیشتمانیەكانەوە كە خەونی گەلانی دنیایە

  • 1