ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

تێگەیشتنێکی باو هەیە بەوەی دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) دادگای قەڵەمە و دادبینی تێدا نییە، ئەم بۆچوونە بەکردەوە دروستە، بەدەگمەن بینراوە (یان هەر نەبینراوە) ئەم دادگاییە دادبینی تێدا بکرێت، بەڵکو لایەنەکانی داوا لە دادگانی خوارەوە بە پارێزنامە دفوعاتی خۆیان ئاراستەی ئەو دادگایە دەکەن، بەڵام لە ڕووی قانوونییەوە ئەو بۆچوونە نادروستە، بە پاڵپشت بە مادەی 209 بڕگەی 2 لە یاسای شارستانی عێراقی ژمارە 83ی ساڵی 1969 کە دەڵێت بۆ دادگای تایبەتمەند هەیە بانگهێشتی لایەنەکان بکات بۆ روونکردنەوەی ئەو خاڵانە کە ناڕوونن و پارێزنامەی نوێ پێشکەش بکەن بۆ نەمانی لێڵییەک ئەگەر هەبێت.

بە تێگەیشتن بۆ ئەو مادەیە، ئەو بۆچوونەی سەرەوە بە جۆرێک لەجۆرەکان پووچەڵ دەبێتەوە، هەر چەندەش مادەی ئاماژە بۆکراو لایەنی جوایەزی تێدایە نەوەک وجوبی، بەڵام نیەتی یاسادانەر لەوە دەخوێنرێتەوە کەوا سوودوەرگرتن لە کات و دەرچوونی بریارێکی دادپەروەرانەیە.

هەروەها بە تێبینیکردن لە مادەی 81 لە یاسای شێوازەکانی بنەمای دادگایکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 17ی ساڵی 2008 (ئەو یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان بریاری رەوایی پێ دەرچووە) هێما بۆ ئەوە دەکات کەوا بۆ دادگای پێداچوونەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە کەوا هەریەکە لە تۆمەتبار یان سکاڵاکار یان داواکاری مافی شارستانی یان بەرپرسیاری شارستانی یان بریکاری هەریەکە لەمانە ئامادە بکات بۆ گوێگرتن لە وتەکانیان یان گەیشتن بەراستی.

هەمدیسان دەڵێین یاسادانەر زەمانەتێکی تری داوا بە ئەندام لەهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ  بۆ ئەوەی لە دوا قۆناغ و پێش ئەوەی بریارەکە پلەی بنبڕ وەرگرێت لە ستەمی بەرانبەر نەکرێت و هەلێکی تری پێ بدرێت و هەمیش بڕیارەکە ڕۆحی دادپەروەری تێدا بێتەدی.

لە کۆتاییدا دەڵێین هەبوونی یاسا بۆ پاراستنی شکۆمەندی ئینسانە و هێنانەدی دادپەروەرییە، هیچ مەترسیەک دروست نابێت ئەگەر دادگای پێداچوونەوە پەیرەوی مادەکانی سەرەوە بکات!

  • 1