ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ڕوداوێکی زۆر سەختی گەندەڵی لە پەرلەمانی ئەوروپادا پەردەی لەسەر لابرا و هەموو جیهان بە سەرسامیەوە دەیپرسی ئایا یەکێتی ئەوروپا نموونەی دیموکراسیە یان گەندەڵیی لە دەزگا گرنگەکانی ئەو یەکێتیەدا شوێن پێی خۆی کردۆتەوە و لە گەشەدایە؟

کۆمەڵێك پەرلەمانتار بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنیۆ پانسێری (ئیتالی) و تەنانەت جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ئێڤا کایکی (یۆنانی) لە بەرامبەر پارەیەکی زۆردا هەوڵیان دا کە ڕواڵەتی ووڵاتی قەتەر وا پیشان بدەن کە زۆر ڕیزگرە لە مافی مرۆڤ و دیموکراسیەکی نوێ باڵی بەسەر هاوڵاتیانی ئەو ووڵاتەدا کێشاوە. بێگومان ئەوەش دوورە لە ڕاستیەوە. ئەو هەوڵەش دەبووە ڕێ خۆشکەر بۆ زیادکردن و نزیك بوونەوەی یەکێتی ئەوروپا لە قەتەر. بێگومان ئەو هەوڵە تەنها بۆ چاوبەستنی ڕای گشتی ووڵاتانی ئەوروپا بوو و لەهەمان کاتدا بۆ گیرفان پڕکردن بوو. ئاشکرا نیە کە چەند کەسی ی لە پشت ئەو تەقەلایەوەیە، ئەوەی دەزانرێت کە ژن وکچەکەی ئەنتۆنیۆ و سکرتێرەکەی و کەسانی دی تێوەگلاون.

یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی فەرمیی ڕێگای داوە کە تاکە کەس یان هەر گروپێكی ڕاوێژکاری خێرخوازی، سەندیکایی.... زۆر و لە هەموو بابەتێك خۆیان تۆماربکەن و پەیوەندی بە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی ئەوروپا ببەستن. ئەو تۆمارە تا ئێستا لە ١٢.٤٠٠ هەزار کەس یان گروپ پێكهاتووە. ووڵاتی قەتەریش لەوێ تۆمارکراوە. ئەو تۆمارە بە Lobby ناسراوە. ئاشکرایە کە هەر یەك لەو گروپە تۆمارکراوانە هەوڵ دەدات کە کاریگەرێتی لەسەر یەکێتی ئەوروپا دروست بکات و بگاتە ئامانجەکانی خۆی لە ڕێی پەرلەمانتارێك یان گروپی حیزبێک کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە. بۆ ئەو مەبەستەش گروپە تۆمارکراوەکان پەنا دەبەنە بەر نەرم کردنی پەرلەمانتارەکان بەهۆی خەڵات و پارەدانەوە.

لەهەموو ووڵاتانی یەکێتی ئەروپادا و تەنەنەت لە یەکێتیەکەشدا یاسای تایبەتیان دژ بە گەندەڵیی داناوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەو یاسایانە ڕەچاو بکرێت و یەکێتی ئەوروپا کۆنترۆڵی هەمیشەیی پەرلەمانتارەکانی بکات بۆ ڕێگاگرتن لە دەستێوەردانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتیەکە. ئاشکرایە کە چاودێری کردن دژ بە گەندەڵیی کارێکی ئاسان نیە، بەڵام پێویستە. دەشێ ڕۆژانە پارلەمانتارێكی گەندەڵ یارمەتی کەسێك یان گروپێکی تۆمارکراو بدات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. ڕاستە ئەو کارە ناڕەوایە بەڵام زۆر جار ئەو هەوڵە نابێتە مەترسی بۆ گشتیی یەکێتەکە. ئەوەی ئەمجارە سەبارەت بە قەتەر دەرکەوت جیاوازە و دەبێتە مەترسی بۆ دەستور و سیستەمی دیموکراسی و ڕواڵەتی یەکێتی ئەوروپا لە جیهاندا. زۆر ڕۆشنبیری ئەوروپی سەبارەت بە ڕێزگرتن و سەپاندنی یاساکانی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا و مەسەلەی ڕەوشت و مۆرال و ئاکاری پەرلەمانتارە ئەوروپیکان ڕەخنەیەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی یەکێتی ئەوروپا دەگرن. لە ڕاستیدا زۆر جار هەوڵ و کارەکانی پەرلەمانتارەکان ڕوون و ئاشکرا نیە. هەڵبەت ئەو یاسایانەی کە دژ بە گەندەڵیە کەلێنی زۆریان تێدا هەیە و گەندەڵەکان بە ئاسانی لێی دەپەڕنەوە و دەگەنە ئامانجە تایبەتیەکانی خۆیان.

ڕیسوایی و گەندەڵی لە یەکێتی ئەوروپادا لەبەرچاوی هەموو ماسمیدیاکان و سیاسیەکاندایە، بەڵام جێی سەیرە کە کەس گرنگیی پێ نادات هەتا نەگاتە ئاستێکی ترسێنەر. ئەمە یەکەمجار نیە کە یەکێتی ئەوروپا توشی ڕیسواییەکی وەها دەبێت، لە ساڵی ١٩٩٩ دا بەهۆی ئێدیت کرێسۆنەوە کە ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بوو، تێکڕای کۆمیسیۆنەکە کە بە سەرۆکایەتی جاك سانتەر بوو ناچارکرا دەست لە کار بکێشنەوە.

دەبێ ئاشکرا بێت کە تێکڕای ووڵاتانی ئەوروپا کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە هەر هەمان کولتور و ئاداب و ئاکاریان نیە، هەندێکیان زیاد لەوانی دی کێشەی زۆر سەختی کۆمەڵایەتیان هەیە بەتایبەت لە بواری خراپەکاری و مافیاکان و دەستێوەردانی ئەمانە لە کاروباری ناوخۆی ووڵاتەکانیاندا. گەر بڕوانیەنە نەخشەی ئاماری گەندەڵیی ساڵی ٢٠٢٢ لە جیهاندا، بە ئاشکرا دەبینرێت کە ووڵاتێکی وەکو ئیتالیا کە ئەندام و دامەزرێنەری یەکێتی ئەوروپایە لە ڕووی گەندەڵیەوە لە پێشی گشت ووڵاتانی دی یەکێتیەکەوەیە. گەندەڵایەتی گەر ڕێی لێ نەگیرێت و بە توندی سزای گەندەڵ نەدرێت، ئەو ڕەفتارە دەبێتە کولتورێکی بەرفراوان و زۆر هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر ئەو جۆرە ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەنتۆنیۆ پانسێری کە پلانی ڕوداوی قەتەری سازکردبوو بە ڕەگەز ئیتالیە و سەر بە حیزبی دیموکراتە و چەند ساڵێك سەرۆکی گەورەترین سەندیکای ئیشکەران بوو. پانسێری دەبوایە پشتگیری لەمافی ئیشکەران بکات نەك لە بەرژەوەندی دەسەڵات، کە هەندێ جار ئەو دەسەڵاتە دەبێتە خوێن ڕێژ، کاتێك مافی ئیشکەر پشتگوێ دەخات.

 

  • 1