ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جێگای شانازیە کە ژنانی کوردستانی لە ڕۆژئاوای کوردستان چەکیان هەڵگرت و ڕووبەڕووی گەورەترین گروپی تیرۆرستی داعش و بیری بۆگەنی تاریکپەرستی بوونەوە و تێکیان شکاندن.

هەروەها لە مێژوودا بە سەدان و هەزاران ژنانی تێکۆشەر خەباتیان کردوە بۆ پەرە پێدانی ڕیفۆرم و پرسی یەکسانی و دادپەروەری.

زەقترین نموونەمان پرۆسەی سەرهەڵدانی ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێرانە بە پێشڕەوایەتی ژنانی ئازا، کە بێ سڵکردن لە مەرگ بە درووشمی ( ژن ژیان ئازادی ) بەرەنگاری سەرسەخترین ڕژێمی تیۆکراتی مەلاکان لە ئێران بوونەتەوە، ئەم ئەزموونانە لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە.

ژنانی کوردستانی لە ئەوروپا و شوێنە جیاجیاکان ڕژانە سەر شەقام و بەردەم پەرلەمانەکان و دامودەزگا حکومیەکان بە خۆپیشاندان و دەیان چالاکی جۆراوجۆر بۆ پشتگیری لە پرۆسەی سەرهەڵدانی ژنانی بوێری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ئازادیخوازان.

٭دەبوو ئەم ئەزموونە مەزنانە وەک بەهایەکی نیشتمانی چاویان لێ کرابایە و بە دەیان بۆنە و پەیکەریان لێ سازبکرێت.

کەچی شانە نوستوەکانی بیری بۆگەنی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی و داعشستەکان وا هێدی هێدی لە هەرێمی کوردستان خۆیان ئاشکرا دەکەن، وەک زبڵی ئەتۆمی ژینگەی هەرێمی کوردستان ژەهراوی دەکەن و دەبن بە مین و بۆمبی چێندراو ڕۆژانە بە ڕووی ژنانی ئازادیخوازی ئەم هەرێمەدا دەتەقنەوە!

٭ئەم شانە نوستوانە بە ڕۆژێک و دووان نەهاتونەتە کایەوە بگرە بە دەیان ساڵە لەم هەرێمە رێگەیان پێ دەدرێت و کاریان بۆ دەکرێت و پشتگیری دەکرێن و بە سەدان جۆر زەمینەیان بۆ خۆش دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە، بۆ ئەوەی سەرەڕای زەوت کردنی هەموو مافەکانی خەڵک و هەڵکشانی گەندەڵی لە هەموو کایەکان، کۆمەڵگا بەرەو جەهالەت و ناهۆشیاری بەرن تا باشتر ڕەگی ناعەدالەتی داکووتن.

ئەم میکرۆبە کوشندەیەی باسی لێدەکەین لە هەموو میکرۆبەکانی تری ئەم دەسەڵاتە بۆ گیانی خەڵک ژەهراوی و کوشندەترە.

٭پێویسته لە هەر کوێ بین ئەم کردارە ڕەشانە کە ناگونجێت لەگەڵ پرەنسیپی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ڕیسواو مەحکوم بکەین.

  • 1