ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بە ڕوونی

 "لە چاوەڕوانی گۆدۆدا"

 شانۆگەرییەکی نووسەری ئێرلەندی سامۆئێل بێکیتە، کە باس لە دوو کەسایەتی بێدەرەتان و گۆشەگیر و پەراوێزخراو دەکات، "فلادیمیر" و "ئیستراگۆن" کە لەپاڵ دارێکی بێ گەڵادا، چاوەڕێی کەسایەتییەک دەکەن ناوی گۆدۆیە و تا کۆتایی شانۆگەرییەکە گۆدۆ ناگات و لەو ماوەیەدا خەون دەبینن و کۆمەڵێک گفتوگۆ لە نێوانیاندا ڕوودەدات، کە پەیوەندی بە خوێندنەوەی خۆیانەوە هەیە بۆ بابەتی ئایینی و سەرزەوی و ژیان، کاتێکیش یەکێکیان دەیەوێ شوێنەکە جێبهێڵێت، ئەوەی دیکەیان قەناعەتی پێدەکات بمێنێتەوە و چاوەڕوانی گۆدۆ بکات، لەو ماوەیەدا کۆیلەیەک و خاوەنەکەی دەبینن و دوای ڕۆیشتنی ئەوانیش مێردمنداڵێک دەبینن و پێیان دەڵێت: من نێردراوی گۆدۆم، ئەمشەو نایەت، سبەینی دێت، ئەوانیش لێی دەپرسن: ئەی دوێنی شەو هاتبوو، یان نا؟

هەرچەندە ئەم شانۆگەرییە کە مۆرکێکی جیهانی وەرگرتووە بە شێوازی جیاجیا شیکردنەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بە شانۆگەرییەکی کۆمیدی ـ تراژیدی، کە خولیایەکی بێهودەیی دەخاتە ڕوو چونکە باس لە بابەتێک دەکات، کە چاوەڕوانی کەسایەتییەکە لە شانۆگەرییەکەدا، بوونی نییە، بەڵام ئاماژەکردن بۆ بابەتی چاوەڕوانی چیرۆکێکی زیندووە لە سەردەمی جیاواز و شوێنی جیاجیادا دووبارە دەبێتەوە و بەشێکە لە گرفتی ئایندە.

زۆربەی گەلانی جیهان بە شێوازی جۆراوجۆر لە چاوەڕوانی گۆڕانکاریدان. ئەمڕۆ ئەم بابەتە لە خوێندنەوەی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەلومەرجی ناوخۆیی دەوڵەتی ئێران بە زەقی دیارە و خودی ئەم ڕەوشە کە بزاڤێکی کۆمەڵایەتی ناڕەزایی کارای بە ئاراستەی گۆڕانکاری تیایدا بەدی دەکرێت، لە بارودۆخی کوردستان وەک نیشتمانی گەورە بە سەرجەم بەشەکانییەوە، ڕەوشی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاناکرێتەوە و گومان لەوەدا نییە کە ڕۆژهەڵاتی وڵات دورگەیەکی دابڕاو لە جیهان نییە.

هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی نوێی بزاڤی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی بۆ قەیرانی دەوڵەت لە ئێران و قەیرانی حوکمڕانی دەگەڕێتەوە.

بەشێک لە قەیرانی دەوڵەت بەندە بە دەستووری ئەو دەوڵەتە، کە سەرچاوەی سەرەکی شەریعەتی ئیسلام و مەزهەبی شیعەی جەعفەری ئیسنا عەشەرییە، کە قابیلی دەستکاریکردن نییە. وردکردنەوەی ئەم ئاراستەیە لە دەستووردا بە شێوەیەکی پراکتیکی لە پەیڕەوکردنی تیۆری (ولایە الفقیە) لە حوکمدا ڕەنگدەداتەوە، لە کاتێکدا لە خودی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلام بە مەزهەبەکانی سوننە و شیعەوە ئاماژە بۆ سیستەم و تیۆری حوکمڕانی دەوڵەت نەکراوە و سەرجەم تیۆرییەکانی سیستەمی دەوڵەت و حوکمڕانی وەک خەلافە و ئیمارە و ولایە فقیە و تەنانەت دوا شێوازی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەشێکن لە بەرهەمی چین و توێژی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و تێڕوانینی بەشەر کە بەرگێکی ئایینی لەبەر دەکات.

ئەم بابەتە کە پەیوەندی بە بنیاتی دەوڵەتەوە هەیە لە بواری حوکمڕانیدا کۆمەڵێک دیاردەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کە ڕۆژانە کار دەکاتە سەر ژیانی خەڵکی ئەو دەوڵەتە. دیاردەکان پەیوەندییان بە مەسەلەی ئازادییەکانی تاکەکەس و ئازادی ژنان و جلوبەرگ و ڕادەربڕین و ئازادییە گشتییەکان و بابەتی پەیڕەوکردنی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا هەیە، جگە لەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە مافی گەلانی دی ئێرانەوە، لەوانەش گەلی کوردستانەوە، هەیە.

سیاسەتەکانی دەوڵەت و تێکەڵبوونی بە ناکۆکی و ململانێیەکانی سەرجەم کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوونی دەستێوەردان و ڕەوانەکردنی نموونەی حوکمڕانی لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی بۆ دەوڵەتان و کۆمەڵگاکانی دراوسێ، گرفتێکی دیکەی ئەو دەوڵەتەیە کە بە شێوەیەکی نێگەتیڤانە کاری کردووەتە سەر گۆشەگیری دەوڵەت و ڕەنگدانەوەی ئەم حاڵەتەش لە سەر سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری کە سیاسەتە ئابوورییە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتدارانیش بەشێکە لە هۆکارەکان. 

هەڵبەتە لە قاڵبدانی ژیانی سیاسی و نەبوونی فرە حزبی نەیتوانیوە ڕێگا لە هەر کۆمەڵگایەک بگرێت، کە شێوازی گونجاو و لەبار بۆ ڕێکخستن و دەڕبڕینی ڕاو بۆچوون دەربڕێت، بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان جەماوەر بە شێوازی ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و کەلتوور خۆی ڕێکخستەوە و لە سەرجەم ناوچەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی ئاسۆیی ناڕەزایی ڕێکدەخرێت.

لە کاتێکدا کە خەڵکی ئەو وڵاتە و چاودێران و شیکەرەوە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەرەوە باس لە بابەتی گۆڕانکاری دەکەن، پێویستە لە ڕوانگەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنێکی وردەوە، دوور لە وەڵامدانەوەی وەڵامی پرسیاری گۆڕانکاری بە ئا یان نا، تێکڕای ئەگەرەکان کە لە ئارادان بەهەند وەربگیرێت.

ئەو فاکتەرانەی کارتێکردنیان لە سەر گۆڕانکاریکردن هەیە هەمەجۆرن و بەشێکیان پەیوەندیان بە خودی پێکهاتەی دەسەڵاتەوە هەیە، کە ئایا چۆن وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان دەداتەوە، لەوانە:

ـ ئایا بژاردەی دەسەڵات دەتوانێت بە پشتبەستن بە تیۆری "ولایە الفقیە" لە حوکمڕانی بەردەوام بێت؟

ـ ئایا بە پەراوێزخستنی داواکاری و مافی ئیداری و کەلتووری و نەتەوەیی گەلانی ئێران سەقامگیری لە دەوڵەتدا درووست دەبێت؟

ـ چۆن مامەڵە لەگەڵ مافی ژنان و ئازادییە تاکەکەسییەکان دەکرێت؟

ــ ئایا سەرمایەداری وابەستە بە دەسەڵات چۆن لەگەڵ ڕەوشی نوێ و ئەگەری گۆڕانکارییەکان خۆی دەگونجێنێت و ئایا بە ڕەوشی ناسەقامگیریی ئێستا قایل دەبێت؟

ــ ئایا ناوەندەکانی دەسەڵات بۆ پاراستنی خۆیان و بەردەوامبوون لە دەسەڵات سیاسەتێکی خۆگونجاندن دادەڕێژن، یان لەسەر ئەو سیاسەتەی بارگرژی درووست کردووە، بەردەوام دەبن؟

ــ ئایا دەسەڵاتی حوکمڕان پێداچوونەوە بۆ سیاسەتی دەرەکی دەوڵەت دەکەن، یان هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن؟ 

بەشێکی دیکەی هۆکاری گۆڕانکارییەکان پەیوەندییان بەو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەوە هەیە، کە خوازیاری گۆڕانکارین و هەڵگری دروشمی ژن، ژیان، ئازادین و چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پێشهاتەکاندا.

لە هەمان کاتدا بابەتەکانی ڕەوشی نێودەوڵەتی لەوانە: شەڕی ڕووسیا ــ ئۆکرانیا و ناکۆکی و ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بابەتی بوونی جەمسەرگەری هەرێمی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری یەک جەمسەری بۆ فرە جەمسەری، کارتێکردنی خۆی لەسەر ئاراستە و ئەگەری گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان هەیە.

دەمێنێتەوە کە ئاماژە بە بابەتێک بکەین، ئەویش سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مێژوو و هەموو پێشهاتەکان ئاماژەن بەوەی کە بێ چارەسەرکردنێکی دیموکراسی و ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمانەکەی، ئاشتییەکی سەقامگیر کە لە بەرژەوەندی بەیەکەوە ژیان و گەشەپێدانی سەرجەم گەلانی ناوچەکە بێت، نایەتەدی.

گەلی کوردستان چاوەڕێی فریادڕەس ناکات، لە چاوەڕوانی گۆدۆدا نییە، هەرچەندە گۆدۆ ئەگەر ئەمشەو نەیەت، ئەوا کەس ناتوانێت بەڵێن بە حوکمڕانان بدات کە گۆدۆیەکی خۆمانە لە شەوێک لە شەوەکاندا، خۆی پیاناکات.

  • 1