ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

ئەم پرسیارە چەند ساڵێکە مێشکی داگیرکردوم و جارناجار بە پۆستێکی کورت لەم فەیسبووکەدا و زۆر بە کورتی باسی لێوەدەکەم.

لێرەدا دەمەوێت هۆی دابەزینی نرخی مڕۆڤەکان بکەم لە مڕۆڤبوونەوە بۆ ژمارەی نێو کۆمپیوتەرەکان. مەبەست چییە لە ژمارەی نێو کۆمپیوتەرەکان؟ ئەی مەبەستم لە مڕۆڤبوون بۆخۆی چییە؟

هەڵبەتە خودی پرسیارەکە لە دونیابینی ئێستا و رابردووەوە سەریهەڵداوە، چونکە من پێم وایە خودی ژیانی مرۆڤەکان پڕۆسەیەکی بەردەوامە، نەک پچڕ پچڕ و لەیەکدابڕاو.

چۆن بەهای مڕۆڤەکان دادەبەزێت؟ ئێستا کە سیستەمی ئابووری جیهانی لە ژێر کۆنتڕۆڵی لیبڕالیزمی نوێدایە و ئەو سیستەمە دەیەوێت زیاتر و زیاتر چنگی لە بیناقاقای مڕۆڤایەتی گیرکات، ئەم پرسیارە زیاتر دەبێتە پرسێکی ژیانی و جێگەی گەنگەشە و مشتومڕ.

هۆیەکانی ئەو پرسیارە ئەمانەی خوارەوەن:

٭ زۆربوونی ژمارەی مڕۆڤەکان بەڕادەیەکی وا کە هەشت ملیاری تێپەڕاندووە.

٭ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری مڕۆڤەکان لە رێگەی خوێندن و تەکنیکەوە کە مڕۆڤ ئاگاداری و زانیاری هەیە دەربارەی ژیانی گەلانی وڵاتانی تر و هەوڵدان بۆ خۆشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی کە ئەمەش مەرجەکانی ژیان قورستر دەکات و حکوومەتەکان بەرەوڕووی کێشە و قەیران دەکاتەوە، هەتا دەگاتە ڕووخان و گۆڕینی حکوومەتەکانیش.

٭ پێشکەوتنێکی زۆر لە تەکنیکدا بە جۆرێک کە هیچ باڵانسێک لە نێوان پێشکەوتنی تەکنیک و زانستە مڕۆییەکاندا نەماوە، تەکنیک بە خێراییەکی زۆر دەچێتە پێش لە سەر حیسابی لایەنە مڕۆیی و ئەخلاقی و ویژدانییەکاندا.

٭ ئاکامەکانی ئەو پێشکەوتنە خێرایە لە بواری زانست و تەکنیکدا زۆر ماڵوێرانکەرە لە سەر ژینگە، ژینگەش هەموومان دەزانین پرسێکی گڵۆباڵە نەک لۆکاڵ، واتا پرسێکە بۆ هەموو مڕۆڤایەتی. ژینگە سنووری دەوڵەتان ناناسێت.

٭ گۆڕانکاری زۆر گەورە لە ئاوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەو ڕادەیە کە لەهاوینی پاردا لە عێڕاق و هەندێک وڵاتیتر گەیشتە سەرووی شەست پلەی سەتی، کە ئەو پلە بەرزەی گەرما لە وشکەساڵیدا مەرگهێنەرە بۆ زۆر کەس، بەتایبەت بەساڵاچووان.

٭ هەڕەشەی وشکەساڵی لە ژیانی دەیان ملیۆن مڕۆڤی وڵاتانی ئافریکا بە هۆی قاتوقڕی و بێبەرهەمی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە، بۆ نموونە وڵاتی سۆماڵ.

٭ زیادبوونی ژمارەی پەنابەران بە ڕادەیەکی زۆر و رووکردنیان لە ئەوروپا، ئەم پرسە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێتە پرسێکی گەرمی رۆژ بە تایبەت بۆ حیزبە ناسیۆنالیستە فاشیستەکان کە دەیانەوێت کێشە و قەیرانی ئابووری وڵاتەکانیان بخەنە ئەستۆی پەنابەران.

٭ جێگرتنەوەی مڕۆڤ بە رۆبۆت. لە ماوەی ئەو سی بۆ چل ساڵەی دواییدا هەتا هاتووە کارگەکان زیاتر رۆبۆتیان خستۆتە جێگەی کرێکاران، چونکە لە رووی قازانجەوە بۆ سەرمایەداران سوودی زۆر زیاترە. بۆچی سوودی زۆر زیاترە؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە بابەتێکی تردا دەخەمە روو بۆ ئەوەی بابەتەکەم زۆر درێژنەبێت و خوێنەر ماندوو نەبێت.

٭ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری مرۆڤەکان و ئەو پێشکەوتنەی کە تەکنیک و زانستە سروشتییەکان بەخۆیەوە بینیوە، چاوچنۆکیەکی بێهاوتا لە جیهاندا بڵاوبۆتەوە. سەرمایەدارانی جیهان هەڵوێستەیەک ناکەن لە ئاست لایەنە قێزەوەن و نێگەتیڤەکانی چاوچنۆکی بۆ ئابووری جیهان و لێکەوتەکانی ئەو چاوچنۆکییە.

٭ ئێستا پرسی سازکردنی حکوومەتێکی جیهانی لە ژوورە داخراوەکاندا، لەم کۆنفرانس و لەو کۆنفرانسی سەرمایەدارانی جیهاندا باسی زیادبوونی ژمارەی مڕۆڤەکان و بێسوودی زۆرێکیان لە رووی بەرهەمهێنانەوە دەکرێت، بە شێوەیەک ئەوان وایدەبینن کە زۆرێک لە مرۆڤەکان بێبەرهەمن و زیادن بۆ شارستانیەتەکەمان، کەواتە دۆزینەوەی شێواز و میتۆدی شاراوەی وا کە ژمارەی مڕۆڤەکان کەمبکاتەوە تا یەک ملیاری زێڕین، لە رێگەی بڵاوەپێکردنی نەخۆشی و ڤایرۆسی نوێ و شەڕ و ماڵوێرانی لێرەولەوێ لە جیهاندا.

٭ کاتێک هەموو ئۆرگانەکانی لەشی مڕۆڤ بتوانرێت بگۆڕێت، جگە لە مێشکی مڕۆڤ، ئیتر سیحری ژیان کەم دەبێتەوە و مرۆڤ لە مرۆڤبوونەوە دەبێتە ماشینێکی ئاڵۆز و قابیلی گۆڕینی ئۆڕگانەکانی، کە ئەوەش تێڕوانینی سەرمایەداران و زۆرێک لە مرۆڤەکان بەرانبەر خودی مڕۆڤ دەگۆڕێت، بۆیە من دەڵێم زۆرێک لە ئێمە تەنیا ژمارەی نێو کۆمپیوتەرەکانین، لە نرخی مرۆڤبوونمان زۆر دابەزیوە، هەر بۆیە ژیانی مرۆڤەکان بۆ کارگە زەبەلاحەکان ئەوەندە جێگەی باس نییە، بۆ نموونە کارگەکانی چەکدروستکردن.

 

ئەم بابەتەم زۆر بەکورتی نوسیوە بۆ ئەوەی ئێوەی خوێنەری ئازیز بتوانن بیخوێننەوە و کۆمێنتێکی لە سەر بنووسن و زیاتر دەوڵەمەندی بکەن.

لە ڕاستیدا پێویست بە نووسینی کتێبێک دەکات لە سەر هەر لایەنێک لە لایەنەکانی ئەو بابەتە.

 

0ی جانیواری 2023

  • 1