ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 مامۆستاو زیندانی سیاسی و تێکۆشەری ڕۆژگارە سەختەکان  حەنا یوسف ئیشوع(ابو فلاح)

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 ٭ پوختەو پێشەکی:

 پوختەی ژیاننامەی پڕ لە ئازارو وورەبەرزی و خۆڕاگری مامۆستا (حەنا یوسف)م لە (١٠) لاپەڕەی نووسینی ورد، بە زمانی عەرەبی بە دەستگەیشت.

 کە خوێندمەوە خۆم لە بەرانبەر ژیانی تێکۆشەرێکی ئازار چەشتوو قوربانیدەر و خۆڕاگر بینییەوە، خۆم لە بەرانبەر مێژووی پڕ لە سەروەری و ورەبەری تێکۆشەرێکی کۆمەنیستی دڵسۆزی عنکاوا بینییەوە..

 هەر لە تەمەنی لاویدا لە ساڵی ١٩٦١ دەپاڵێوری بۆ ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراق، هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ هاوڕێیانی بە هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوە لەپێناوی ئاشتی لە کوردستاندا هەڵدەستێت و لەسەر ئەمە بۆ ماوەی یانزە ڕۆژ دەستگیر دەکرێت. لە شوباتی ١٩٦٣ وەکو سەدان و هەزاران هاوڕێی دیکەی دەکەوێتە ناو زیندانە پڕ لە ئازارەکانی بەعس و ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی عیراق، زیاتر لە چوار ساڵ ژیانی گەنجی لە زیندان بردۆتە سەر، دوای ئازادبوون و گەڕانەوەی بۆ عنکاوا، نیشتمانی برینداری، بۆ بژێوی بنەماڵە هەژارەکەیان دەست بە کارو کاسبی دەکات.

 دوای تەواوکردنی پەیمانگەی مامۆستایان، تەنیا چوار ساڵ مامۆستایی کردووە، دوایی جارێکی تر لە کۆتایی حەفتاکان ڕووبەڕووی ئیڕهابی ڕژێمی بەعس بۆتەوە، جارێکی تر کاروانی پڕ لە ئازارو خۆڕاگری ئەم تێکوشەرە دەستپێدەکات، خۆحەشاردان لە بەغدا، گەڕانەوە بۆ هەولێر گرتنەبەری ڕێگای شاخ و سنوورەکانی ئێران لەناو بەفر و دەوروبەری پڕ لە مەترسی، لەگەڵ هاوڕێیانی، مانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شایەدحاڵ لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، شایەدحاڵ لەسەر هاوڕێ یەکەمینەکانی (حشع) کە پەیوەندیان بە شاخ و شاری مەهاباد کرد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩. ناردنی بۆ مۆسکۆ بۆ چارەسەری چاوە نەخۆشەکانی، مانەوەی لە مۆسکۆ و تەواوکردنی پەیمانگای کۆمەڵایەتی و دوایی گەڕانەوەی بۆ شام. لە ساڵی ١٩٩٠ دوای ١٣ ساڵ ئینجا هاوژینەکەی دەگاتە لای و بە یەکتر شاد دەبن. لە ١٩٩٦ لە ڕێگای UN وەکو پەنابەر لە هۆڵەندا وەردەگیرێن،  لەساڵی ٢٠٠٠ بەداخەوە  بینایی هەردوو چاوی بە یەکجاری لە دەستداوە و هاوژینەکەی بۆتە هاوکار و هەموو کەسێکی. تا ئێستا لە هۆڵەندا دەژین و لە چالاکیش بەردەوامن و زۆر ساڵیش بە سەردان دەگەڕێنەوە بۆ عنکاوای نیشتمان.

 ٭ حەنا یوسف ئیشوع، ناسراو بە (ئەبو فەلاح)، لە ٢٠-١٠-١٩٤٢ لە شارۆچکەی عنکاوا لە دایک بووە.

 ــ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی حکمە لە عنکاوا تەواوکردووە.

 ــ ساڵی ١٩٦١ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە.

 ــ بەهۆی زیندانی کردنی بەهۆی سیاسی لە خوێندن دابڕاوە، لە ساڵی ١٩٧٣ لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان وەرگیراوە.

 ــ لەبەر ئەوەی بە پلەی دووەم دەرچووە لە پەیمانگا، لە قوتابخانەی نۆغەرانی نزیک هەولێر دامەزراوە، لە دوای نۆغەران بۆ گوندی سەیدان گوازراوەتەوە، جگە لە ئەرکی پەروەردەیی پیتاکیشی لە مامۆستایان بۆ حزب وەرگرتووە و ڕۆژنامەی حزبیشی بڵاوکردۆتەوە.

 ــ لە ساڵی ١٩٧٨ بەهۆی شیوعی بوونی لە مامۆستایی لادراوە وەکو فەرمانبەر بۆ پارێزگای ڕمادی گوازراوەتەوە، بەڵام نەچووە بۆ ئەوێ.

 ــ لە ساڵی ١٩٧٨ سەفەری کردووە بۆ مۆسکۆ بۆ خوێندن لە پەیمانگای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بەهۆی نەخۆشی نەیتوانیوە لەسەر خویندن بەردەوام بێت و دوایی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان.

 ــ جارێکی تر لە ساڵی ١٩٨٠ چۆتە مۆسکۆ و بە دوو ساڵ پەیمانگای زانستەکۆمەڵایەتییەکانی تەواوکردووەو لەوێ چۆتە شام و پەیوەندی بە هاوڕێیانی کردووەو چیتر نەبۆتەوە مامۆستا.

  ٭ لە بارەی ژیانی کۆمەڵایەتی

 ــ لە ساڵی ١٩٧٥ ژیانی خێزانی لەگەڵ خاتوو سەلیمە رەحیم مرقس پێکهێناوە.

 ــ لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٨ بەهۆی ژیانی سیاسی لە هاوژینەکەی دوورکەوتۆتەوە تاکو ساڵی ١٩٩٠ لە شام بە یەک گەیشتوونەتەوە. تا ئێستا لە هۆڵەندا بە یەکەوە دەژین و هیوای تەمەندرێژیان بۆ دەخوازین.

  • 1