بەیادی ڕاپەڕین!!!
ڕۆڵی شیوعیەکانی ئەو کاتی هەولێر لە خۆپیشاندانەکەی ٦ ی ئادارێ ...کە پڕۆڤەی ئازادکرنی هەولێرێ بوو. !
بێگومان وەدەرنانی ڕژێم لە کوێت و وەدەرنانی داتەپاندنی سەرخان و بنخانی دەوڵەتی عێراق بووە مایەی بێزاری و وەرسی یەکی لە ڕادەبەری خەڵک لە دژی ڕژێم و زەمینە بۆ ئەوە خۆش بوو کە گەلی عێراق و گەلی کوردستان ڕق و توڕەیی کەلەکەبووی چەند ساڵەیان بەڕووی ڕژێمدا بتەقێتەوە.لەسەرەتادا ئەو تەقینەوە جەماوەریدا لەباشووری عێراقدا چەخماخەی داو زەمینەش بۆ ئەوە خۆش بوو کە لە کوردستانیش خەڵکی ستەمدیدە دەست پێبکەن .هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرەوڕا ئاگادارکراینەوە کە کۆبوونەوەیەک لەماڵی هاوڕێ صلاح مەزن لەگەڕەکی سەیداوەی هەولێر دەبەسترێت ،ئەوەبوو ڕۆژی ۳ لەسەر چوار هاوڕێیان مەزن ،سروود کە دایکی هاوڕێ مەزن پێی دەگوت احمدە گچکەڵە و هاوڕێ دڵشاد خضر و نووسەری ئەو چەند دێرە کۆبوونەوەکەیان بەسەرپەرشتی هاوڕێ هۆگر ئەنجامدا،لە کۆبوونەوەکەدا پێمان ڕاگەیانڕا کەوا بڕیاری بیرۆی سیاسی حزبی شیوعی عێراق کە دەبێ بە مەبەستی ڕەواندنەوەی ترسی دێوەزمەی ڕژێم ڕۆژی ٦ ئادار خۆپیشاندان لە هەولێر ئەنجام بدرێ ،وا دیار بوو لە لێژنەی باڵاتر بڕیار و دروشم و ڕێڕەوی خۆپیشاندان و پاراستنی خۆپیشاندەران تاوتۆکرا بوو،چونکە ئێمە لە کۆبوونەوەکە داوامان کرد دوو سێ ڕۆژ دوابخرێ تا بتوانین بە تەواوی سەرجەم ڕێکخستنەکان ئامادە بکەین بۆ ئەو کارە ،بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا ئەو گوتنەی لینین ی مەزنەیان لەمەڕ شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە بیر هێناینەوە و ئەو ڕۆژەی دیاری کراوە ڕۆژی خۆیەتی .
لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە پلان و دروشم و ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکە کرا کە کاتژمێر ( ٩ ) ی بەیانی لە ناوەندی بازاڕی شێخ اللە دەست پێدەکات و بەرەو کۆتری ئاشتی دەچێت و لەوێشەوە بەرەو قەڵا دەچێت و بەچواردەوریدا دەسوڕێتەوە،هاوکات لەگەڵ ئەوەش ژمارەک لە هاوڕێیانی چەکداریش بۆ پاراستنی گیانی هاوڕێیان لە دەوروپشتی خۆپیشاندانەکە و لەسەر قەڵا ئامادە دەبن،چەند دروشمێکیش پێشنیارکران...بژی هێزی پێشمەرگە صدام نزیکی مەرگە،ئازادی دیموکراسی صدام لاچێ لە کورسی.....هتد،دەبێ ئاماژەش بەو بکەین لە کۆبوونەوەکەدا کە هاوڕێ دڵشاد ئەو کات سەرباز بوو گوتی چەند سەربازێک بەجلی سەربازی ئامادە دەبن،لەم کۆبوونەوەیدا ئەرکەکان بەم شێوەیە دابەش کران،هاوڕێ مەزن نووسینی لافیتە و دروشمەکانی گرتە ئەستۆ کە لە ماڵی هاوڕێی ڕەوانشاد لوقمان شێخە بەهۆی برادەرێکی خۆشنووس بە ناوی ڕێزدار مهدی جێ بەجێی کرد،منیش گواستنەوەی دروشمەکانم گرتە ئەستۆ بۆ ئەو ماڵە حزبیە نهێنیەیی گەڕەکی سێتاقان کە هاوڕێ سروودی تیا دەژیا ،بۆ ئەو مەبەستەش شەوی ٥/ ٦ ی بە تراکتۆرێک کارەکەم لەگەڵ هاوڕێ سروود بە ئەنجام گەیاند...
ماویەتی