ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەرچەندە پرۆسەی پاككردنەوە و ریسایكلینكردنی پاشماوە و كۆبوونەوەی زبڵ و خاشاك لە تەواوی دنیادا یەكێكە لە پرۆسە ئاڵۆزەكانی پاراستنی ژینگە و پاكڕاگرتنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سیستمی بەڕێوەبردنی زبڵ‌ و پاشماوە ڕەقەكان بە یەكێك لە گرینگترین مەترسی و نیگەرانییەكان ئەژمار دەكرێت لە سەر ئاستی گشتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لە زۆر لە وڵاتانی خۆرئاواش هەندێ جار گرفتی هەڵوەشاندنەوە و پاكردنەوە دروست دەكات، بەڵام بەو مانایەی نا كە ئەوان ناتوانن زاڵبن بە سەر مەترسیەكانی دا و پێچەوانە زۆر بە جدی و بە ڕەچاوكردنی كەشوهەوا و پاراستنی ژینگە و نرخ و بەهای مرۆڤ مامەڵەی لە گەڵ دەكەن، واتا تا قەبارەی پاشەڕۆكان و جۆراوجۆری پاشماوەی زبڵ و زاڵ زیاتر بێ ئەم مەسەلەیەش زیاتر گرفت دروست دەكات، بەتایبەت لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، چونكە كەڵەكە بوونی زبڵدانەكان و بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی پاشماوەی بەكاربراو بۆخۆی سوپایەكی زەبەلاح و ترسناكە لەبەردەم ژیانی مرۆڤایەتیدا و پێویستی بە ڕووبەڕووبونەوەی جدی هەیە ، ئەگەر نا ئەوە مەترسیەكانی زبڵ و زاڵ و پاشماوەكان تەنها كارناكاتە سەر ژینگە و كەش و هەوا و پێچەوانە دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی سەدان جۆر نەخۆشی و گرفتی جەستەی و تێكشكاندنی سیستەمی ئابوری و وێرانكردنی ژیان و تێكدانی ڕەوشی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكان

گەر لەم تێگەیشتنەوە لە سیستمی كۆكردنەوە و پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەكانی كارگەو كۆمپانیاكانی هاوردەكاری كوردستان بڕوانین، ئەوە تێدەگەین كە ئێمە لە چی شەڕێكداین لە گەڵ دەسەڵات و زبڵ و زاڵی پاشماوە مەترسیدارەكان و ئەوەی لێرە كاری پیبَدەكرێ چەن مەترسیدار و كوشندەیە و چەن بێباكانە و بەدور لە پرۆسە زانستیەكانی پاككردنەوە و شیكردنەوەی پاشماوەكان مامەڵەی لە گەڵ دەكرێ، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێویستە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم حاڵەتەو پاكڕاگرتنی ژینگە و تەندروستی خەڵك و كۆمەڵگا حكومەت زۆر بە جدی ڕووبەڕووی شەڕی زبڵ بێتەوە و ڕێگە نەدرێ زبڵ و زاڵی كۆمپانیاكانی خۆراك و داودەرمان و پلاستیك و تەواوی ئەو مادانەی كە بە شێوەستاندارە جیهانیەكان دروست ناكرێن هاوردەبكرێت و ئێمەی پێبكرێتە ئامانج، لەولاشەوە بازرگانە سیاسی و خاوەن كۆمپانیا كانی نەوت و گەندەڵەكانی ناو پرۆسەی حوكمڕانی بێباكانە یاری بە چارەنووسی خەڵكەوە بكەن

بەڵام بەداخەوە لێرە لە بری ئەوەی بە ئەقڵیەتێكی دوورمەودا بیرلە چارەسەركردنی ئەم جۆرە بابەتانە بكرێتەوە و كار لە سەر دامەزراندنی چەندین كارگەی ڕیسایكلینكردنی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی مادە مەترسیدارەكانی داودەرمان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی پلاستیك بكرێتەوە، شەڕیانە لە سەر قۆنتەراتی پرۆژەكان و هاوردەكردنی سەدان جۆر لە مەوادی زیان بەخش و خۆیان بونەتە كوشندەترین ڤایرۆس بەسەر ژیانی خەڵك و ژینگەوە، بنبڕكردن و ڕێكخستنی خۆڵ و خاشاكیش بەو شێوازەی ئێمە دەمانەوێ‌ زیانی بۆ سیاسییە بزنسمانەكانی حزب و دەسەڵات هەیە، و ناكرێ لەو خیروبێرە بێبەش بكرێن،چونكە ئەمانەخێریان لە بڵاوبونەوەی پەتا و نەخۆشی مەترسیداری هاوڵاتیاندایە و سودمەندن لەو سیستەمە پەرپووتەی كە نازانستیانە كارلەسەر پاكردنەوەی پاشماوە بەكارهێنراو زیانبەخشەكان دەكات

ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆشیان باش دەزانن لە ڕووی زانستیەوە دەركەوتوە جگە لە پاشەڕۆی شارەوانی، ئاوەڕۆو مەوادی ئێكسپایەر و پاشەڕۆی ناوچە پیشەسازیەكان و كارگەو مەسفاكانی سوتەمەنی كە لە ناو دەبرێن هەندێ مادەی پلاستیكی (pvc) كەلەبنەڕەتدا ماددەی (كلۆر)یان تێدایە لەگەڵ دەرمانی بەسەرچوو، یان گەڕاوە، یان گیراوەی بەسەرچووی پزیشكی نەخۆشخانە و كلینكە بزیشكیەكان بە سوتاندن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دیۆكسین كە ناوێكی زانستی ژەهراوی بوونە و نزیكەی (75) ماددەی كیمیاوی لەخۆدەگرێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەو كاریگەری نیگەتیڤی هەیە لەسەر سیستمی بەرگری لەش و مێشك و گورچیلەو جگەر، و بڵاوكردنەوەی دەیان جۆر نەخۆشی نەناسراو، هەموو ئەمانەش تێكڕا بەدەستی بازرگانانی حزب و دەسەڵاتەوە بوونەتە گەورەترین هۆكاری مەترسی لە سەر ژیان وگوزەرانی خەڵك و ئەو ژینگەیەی كە كۆمەڵگای كوردی دەپارێزێ لە كاردانەوە خراپەكانی زبڵ و زاڵ و پاشماوە كوشندەكان

  • 1