ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر، ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی باشوری کوردستان دژی دامودەزگاكانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسی عێراق لە شاری هەولێر لە ڕۆژی 11/3/1991 دەستی پێ كرد هەموو خاکی باشووری کوردستان لە هێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کرایەوە.
لە ڕێکەوتی 11/3/1991 بەپێی پلان و بەرنامەی داڕێژراوی ڕێکخستنی ناوشاری حزبە کوردستانییەکان و جەماوەری خەڵک لەدژی دامودەزگاکانی حزبی بەعس، لە شاری هەولێر و دەوروبەری ئاسەواری ڕژێمیان پاک کردەوە.
لەو ڕۆژەدا جەماوەری شاری ھەولێر لە بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی دەستیان بە دروشمدان و کۆبوونەوە کرد و هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی ڕژێم، جەماوەری سەرجەم گەڕەکەکانی شار ڕژانە سەر شەقام و کۆڵانەکان و بەکۆمەڵ هێرشیان کردە سەر بارەگا و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس، لەوانە دایرەی "ئەمن و جەیشی شەعبی" و ئەمنی تەواری و مەنزوومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە لەلایەن پێشمەرگە و جەماوەرەوە کۆنترۆڵ کران.
هەرھەمان ڕۆژ لە سەرجەم ئۆردوگا و ناوچە و ناحیە و قەزاکانی دەوربەری ھەولێریش ڕاپەڕین سەری هەڵدا و ھێزی پێشمەرگە و جەماوەری خەڵک لە دێگەڵەوە پێدا ھاتن تا دەگاتە کەسنەزان ھەموو بەزراییەکانیان لە سوپا و بنکەکانی ڕژێم پاک کردەوە، بۆیە دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم لە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لە دارەتووش بە نیو کاتژمێر ناوەندی پۆلیس گیرا، بەڵام لەوێ شەھید درا و ڕژێمیش کوژراوی زۆری ھەبوو.
ئۆردوگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ئۆردوگاکانی جدیدە و تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک بە خوێنی چەند ھاووڵاتییەک ئەو شوێنانەش ئازاد کران و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕژێمی بەعس کوژران، هاوکات جەماوەری ئۆردوگای خەبات هێرشیان کردە سەر بازگەی ئاسکی کەڵەک و زۆر زوو کۆنترۆڵیان کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورکۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر لە ئاسەوارەکانی ڕژێم پاک کرانەوە.
لە لایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی 5ی سەربازگەی ھەولێر کۆنترۆڵ کرا و بۆ بەیانییش (12ی ئادار) سەربازگەکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قرژاڵە و ڕێگەی گوێڕ و مەخموور خۆیان تەسلیمی گەل کرد و بە دەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی لە پارێزگای ھەولێر و سەربازگەکانی سەرەوە بەرەو مووسڵ و کەرکووک شۆڕ بوونەوە، لەلایەن خەڵک و پێشمەرگەوە نە تەنیا دەستگیر نەکران و نەکوژران، بەڵکوو نانیشیان پێ دەدرا.
هەر لەم سەروبەندەدا و لە 6ی ئازاردا واتا ڕۆژێک دوای رزگارکردنی شاری ڕانیەی قارەمان ،شیوعییەکان لە شاری قەڵاو منارەی هەولێری پایتەخت ،یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕینیان لە 6ی ئازار داگیرساند ، ئەمەش بەیەکێک لە لاپەرە هەمیشە درەوشاوەکانی خەبات و تێکۆشانی مێژووی پڕسەروەریی شیوعییەکان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی دێتە ئەژماردن ،چونکە 6ی ئازاری ساڵی 1991 ڕۆژێک دوای ڕاپەڕینی خەڵکی سەربەرزی شاری ڕانیەی خۆڕاگر،ڕێکخستنە نهێنییەکانی حزبمان لەناو جەرگەی شاری هەولێر و لەنێو قەرەباڵغترین بازاری شاردا گردبوونەوە و بەدەم هوتاف و نەعرەتەی بژی هێزی پێشمەرگە ،بژی گەل ،مردن و سەرشۆری بۆ بەعس و پیاوەکانی ... ،جاڕی ڕاپەڕین و هێرش و پەلاماریان بۆسەر مۆڵگەکانی ڕژێمی بەعسدا ، هەر ئەم ڕۆژە ( 6)ی ئازار ئیرادەی تەحەداو ویستی ئازادی گەل گەیشتە لوتکەی درەوشانەوە و هەرلەم ڕۆژەدا لەسەردەستی شیوعییەکانی هەولیر دیواری گەورەی ترس و سامی بەعس هەرەسی هێنا .
لە بەردەوامی راماڵینی بەعس دا ، ڕاپەڕین دڕێژەی کێشا ، لە (11 ) ی ئازار جەماوەری رق ئەستووری شاری هەولێر رژیم بەعسیان وەدەرنا ، شاری قەڵاو منارە تاجی ئازادی لەسەر نا ، توڕەیی وهەلمەتی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان بۆ سەر مۆڵگە ودام ودەزگاکانی رژیم بەردەوام بوو تا 21ی ئازار کەرکوکیش ئازاد کرا و گەڕێندایەوە باوەشی کوردستانی دایک .