ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

 

     دوای هەشتا ژمارەی یەكبەدوای یەك، گۆشەی بەها لە ڕۆژنامە ئازیزەكەی ڕێگای كوردستان ماڵئاوایی دەكات، ئەو ڕۆژنامەی لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە وەك ڕەوڕەوەیەك دەستی گرتین و پەروەردەی كردین. دوای داواكردنی گۆشەیەك لە ستافی ڕێگا، بۆ داواكردنی گۆشەیەك بەناوی بەها، لەو بڕوایەدا نەبووم بتوانم بۆ ماوەی ساڵێك درێژە بەو گۆشەیە بدەم، نەك لەبەر ئەوەی ناتوانم بنووسم، بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی نووسینی گۆشەی هەفتانە، لەم دنیا جەنجاڵەی ئەمڕۆماندا، بە جۆرێك خوێنەر ڕازی بكەیت، ئەركێكی قوورسە.

     بیرمە لە كۆتایی نەوەدەكان و سەرەتای دوو هەزاردا، كە ئەوكات جارجار بە دەستنووس بابەتمان بۆ ڕێگای كوردستان دەنارد، لە بەشی ناوخۆییەوە بە خێرایی دەڕۆشتین پەڕەكانیمان هەڵدەدایەوە و بە شوێن بابەتەكانی خۆماندا دەگەڕاین، گەر بڵاو كرابایەتەوە شاگەشكە دەبووین و دەستمان دەكردە گیرفانماندا پارەكەمان بە ڕۆژنامە فرۆشەكە دەدا، گەر بڵاویش نەكرابایەتەوە، دڵشكاو دەبووین و دەبوو تا هەفتەیەكی تر، چاوەڕوانی دەرچوونی ژمارەی نوێی ڕۆژنامەكە بكەین.

     جیهانی ڕۆژنامە و گۆڤار زۆر تایبەتن و وەك سایت و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی نین، ئەو نەوەیەی ئاشنایەتی لە گەڵیان بووبێت، تاقەتی خوێندنەوەی بابەتەكانی ماڵپەڕ و تۆڕی كۆمەڵایەتی نییە. وەك چۆن بە پێچەوانەشەوە زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین كە گەنجەكان، لە خوێندنەوەی كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە هەڵدێن، یان زۆر بەكەمی تێكەڵیان دەبن، و بە زۆری بە زانیاری تیژتێپەڕ و كورت مەودا ئاشنان، كە هەموو ئەمانەش لە چەرخی نوێی پەیوەندیدا بەردەستە.

     بە شانازییەوە ئەلف و بێی نووسینم لە ڕێگای كوردستانەوە دەستپێكرد، بە چاوەڕوانی دەرچوونییەوە، بە خوێندنەوەی ڕەخنە و بابەتە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبییەكانییەوە پێگەیشتین. ماوەی ساڵ و نیوێكیشە لە گۆشەی "بەها"وە ڕخنە دەگرین و پێشنیاز دەخەینە ڕوو،بابەت دەوروژێنین و پەنجە دەخەینە سەر برینەكان، هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ خزمەتی بەرەوپێشبردنی دۆخی گشتییە كە لە ئێستادا لە ئەوپەڕی خراپیدایە.

     زۆر سوپاسی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و خاوەنی ئیمتیاز و حزب و هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە وەك سەربازێكی ون،لەپشت دەرچوواندنی ڕۆژنامەكەوەن، بۆ ڕۆژێكیش پێیان نەوتم وا بنووسم و نابێت وەها نەنووسی، كە زۆرجار لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە بەبیانووی سیاسەتی دەزگاكەوە ڕۆژنامەنووس لە چوارچێوەدا دەهێڵرێتەوە، یان ڕەنگە كەسەكە خۆی نەیەوێت ڕەخنەبگرێت و هەڵوێستەكانی دەرببڕێت، بۆ ئەوەش باشترین شت هەڵدانی كێشەیەكەیە بۆ باوەشی ئەوانیتر، كە من نە وەهام كرد و نە كەسێك ڕەخنەی لە شێوازەكەم دەربڕیوە.

     نامەوێ ببمە بارگرانی بە سەر ڕێگاوە، دەمەوێت خزمەتی ڕێگا بكەم، دڵنیام لە داهاتووشدا بە گۆشە بێت یان نا، بە نووسین بێت، یان مەلەفی تایبەتی بە بوارەكانی وەك جینۆساید و پەروەردە، لە خزمەت "ڕێگای كوردستان" دەبین و دەكرێ مرۆڤ جارجار لە وێستگەیەك دابەزێت و لە وێستگەیەكی دیكە سەركەوێ، چونكە كاروانەكە بەردەوامە و پێویستی بە هەموومانە، بە ئومێدی خوێندنەوەی بە چاوی ڕەخنەوە.

  • 1