ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوەی بۆمن گرنگە باسی لێوەبكەم،چۆنیەتی بەڕێوەچونی ئەرك و كارەكانی 15 پێشنگای نێودەڵەوتی كتێب لەهەولێر نییە،ئەوەندەی مەبەستمە لەسەر خاڵێك بوەستم ئەویش گرنگی و بونی سەرچاوەی ئەدەبیاتی جینۆسایدی گەلەكەمانە لەنێو فەهرستی ئەم پێشنگایەدایە ،ڕەنگە بونی سەرچاوەی دیكە بەو شێوەیەی مایەی سەرنج و قسەكردنمان نەبێت.

خۆشبەختانە لەم پێشنگایەدا كە لەبەرواری 8/3/تا18/3/2023 لە هەولێر بەڕێوەدەچێت ژمارەیەكی باش ودیار لە خانەو دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە بەشدارن بەتایبەت خانەو دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە كوردییەكان چ لەسەر ئاستی هەرێم چ وەك ڕۆژهەڵات و باكوری كوردستان،ئەمەش بۆ ئێمەی خوێنەر مایەی خۆشحاڵی و دڵخۆشییە.

بەندە هەرئەوەڵ ڕۆژ سەردانی پێشنگاكەم كرد و كۆمەڵێ كتێبم بەپێی قورسایی باخەڵی خۆم دابینكرد،ئەوەی لەتەواوی پێشنگاكەدا بەتایبەت خانەو دەزگاكانی چاپ وبڵاوكراوەی هەرێمی سەرنجی ڕاكێشام نەبونی سەرچاوە و كتێبی ئەدەبیاتی جینۆسایدی گەلەكەمان بووبەو ڕێژەیەی كە ببێتە مایەی دڵخۆشیمان.لەكاتێك دا ئەگەر چاوێك بەمێژووی دورو نزیكی گەلەكمان بخشێنین دەرك بەو ڕاستیە دەكەین كە جینۆسایدكردنی گەلەكەمان لەم مێژوەدا زۆرترین لاپەڕەی تۆماركردوە.

بەڵام بەداخەوە كە تائێستا نەمانتوانیوە مامەڵەیەكی ورد و بەرفراوان لەگەڵ ئەم دۆسییە دەوڵەمەندەو سەروەتە گرنگەی گەلەكەماندا بكەین تا لەڕیی نوسینەكانەوە ئێمەش وەك باقی گەلانی جینۆسایدكراو چەندین  سەرچاوەی پڕلەزانیاری بخەینە بەردەم خوێنەران.

بۆیە بەبڕوای من گرنگە هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و كاروباری شەهیدان و ئاوارەو ئەنفال هەوڵی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی بەرفراوان بدەن تا لەڕێی ئەو پرۆژەیەوە گرنگی بەئەدەبیاتی جینۆسایدی گەلەكەمان بدەین و بەزمانە زیندوەكانی دونیا سەرچاوەی پڕلەزانیاری سەبارەت بە جینۆسایدی گەلەكەمان لە ڕێی ئەم پێشنگا نێودەوڵەتیەوە كەبوەتە كەرنەڤالێكی نێودەوڵەتی بۆ خوێنەران بخەینە ڕوو.

نەبونی سەرچاوەی ئەم ئەدەبیاتە لەم جۆرە پێشنگایانەدا مانای وانییە ئێمەی نوسەرانی ئەم بوارە تا ئێستا دەستەوەستان بوبین لەبەرامبەر نوسینەو بەدیكۆمێنتنەكردنی جینۆسایدی گەلەكەمان،بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە نەخستنە ڕووی كۆی ئەو سەرچاوانە بۆ ئێمە بوەتە مایەی پرسیار.

جێی خۆیەتی ساڵانی ئایندە ئەم پێشنگاو هاوشاوەكانی خاڵی نەبن لە بونی سەرچاوەی ئەدەبیاتی جەنگ.

  • 1