بە ڕوونی
كاتێك مرۆڤایەتی ماڵئاوایی لە سەدەی بیستەم و پێشوازی لە سەدەیە بیستەیەكەم دەكرد، تابلۆی ئاراستەی ڕەوشی جیهان وا دەخرایە ڕوو، كە سەرمایەداری خۆی نوێدەكاتەوە و لە كاروانی پەرەسەندنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی قوناغێكی ناكۆتایە و، تەنانەت چارەنووسێكی نەگۆڕی مرۆڤایەتییە. بۆ زیاتر چاندنی ئەم بیرۆكەیە لە قوڵای بیركردنەوە و هزری بە كۆمەڵی مرۆڤایەتی، ئاماژە بە كۆمەڵێك دیاردەی نوێ لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی سەرمایەداری هاوچەرخ كرا، وەك توانای سەرمایەداری بۆ نوێكردنەوەی هێزی بەرهەمهێانی و چاوگێڕانەوە بە پەیوەندی بەرهەمهێنان بەو جۆرەی لە سایەی كۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت و، توانای هێشتنەوەی وڵاتە كۆلۆنیالكراوە كۆنەكان بەلاتەریكی و وابەست بە ناوەندە سەرمایەدارەكان و، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نموونەیەك لە سۆشیالیستی (یەكێتی سۆڤیەتی جاران)، كە لە پێشبڕكی دژ بە سەرمایەداری بەرگەی نەگرت و بۆ سەرمایەداری گەڕایەوە و، جگە لە سوود وەرگرتن لە پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆجی و جیهانگیری سەرمایە و كرانەوەی سەرجەم سنوورەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی لەبەردەم جۆڵەی سەرمایە و، توانای بۆ ڕێكخستنی دیاردەی قەرزی دەرەكی و داڕشتنی ڕێكەوتننامەی بازرگانی نێودەوڵەتی.
بەم جۆرە وڵاتانی سەنتەر لە سەرمایەداریدا تا ئێستا وا خۆی پیشاندەدات، كە خۆی نوێكردۆتەوە و بەو مەبەستەش بەردەوام لە بنكە و بنەما و پەیوەندی بەرهەمهێنان تازەگەری لە خۆیدا دەكات لە پێناوی پاراستنی شوێنی خۆی لە بازاڕ و پاراستنی ئەو بازاڕە و فراوانكردنی.
كاتێكیش كار بۆ ئەوە دەكرێ ئاراستە و بۆچوونی هەتاهەتایی سەرمایەداری لە هزری مرۆڤایەتیدا جێنشین و بمێنێتەوە، ولاتانی لاتەریك گەر بە شێوەیكی ڕوواڵەتی و شەكلی بێت كار بۆ ئەوە دەكەن شوێنێك بۆ خۆیان لەو بازاڕەی كە ناوەندە سەرمایەدارەكان كۆنتڕۆڵیان كردووە بكەنەوە و، بەوەش قایل بن كە ناوەندەكان چ سیاسەتێكی ئابووری و چ ڕۆڵیكیان بۆ دەستنیشان دەكات.
لەم ڕوانگەیەوە وڵاتانی لاتەریك و وابەست بەتایبەتی بە هۆی شوناسی چینایەتی حوكمرانی تیایاندا كە لە بەرژەوەندی بۆرژوای مشەخۆر و بیروكراتە و لە چوارچێوەی ئۆلیگارشی دارایی كاردەكەن، ئاراستەی سیاسەتی ئابوورییان لە چوارچێوەی ئەو نەخشە و پلانانەیە، كە لە بازنەی پەرستنی سەرمایە و چەسپاندنیەتی و، بۆیە هەنگاوەكانی ئەو وڵاتانە بەرەو بەتایبەتكردنی ڕەها و گەڕان بەدووای سەرجەم ئەو ڕێگایانە دەبێت، كە توانا و هەیبەتی سەرمایەداری و نەهێشتنی كۆسپ لەبەردەمی دەهێلێتەوە و بڕیاردانی ئەو یاسایانە دەبێت كە دەسەڵاتی ڕەهای سەرمایەداران سەقامگیرتر دەكات.
پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتە بریتییە لە ئامادەكردنی كۆمەڵگا و تاكەكان بۆ خۆگونجاندن و قایلبوون بەو نەخشە و بەرنامەیانە، بەڵام ئەوەی بە بیری دارێژەرانی سیاسەت و ناوەندەكانی بڕیار لەو وڵاتانەدا نەهاتووە، ئەوەیە كە هەرچەندە سیاسەتەكانی سەرمایەداری توانای درووستبوونی دیاردەی نامۆبوونی هەبێت و سەرجەم بابەت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان وەك كاڵا لە تاك بگەیەنێت و چاوچۆنكی و برەو بە بەربەرەكانی تاكەكەسی وەك یاسای گەشەسەندن وجۆڵەی كۆمەڵایەتی بە یاسا لە تاك بگەیەنێت، خودی ئەم ئاراستە سەرمایەدارییە بۆی ناكرێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە كە بەرنامە و نەخشەكانی بۆ گەشەپێدان و تیۆرە ئابوورییەكانی لێكەوتەیەكی تێكدەرانەی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵكی زەحمەتكێش و تەاننەت چینی مامناوەندی جێهێشتووە.
لە وڵاتانی لاتەریك كە بە وڵاتانی باشور لە ریزبەندییەكی زانای ئابووری سەمیر ئەمین ئاماژەی پێكراوە، هۆشمەندی كۆمەلایەتی شوێنراوە و و ئەمەش كاری نەرێنی لەسەر كارایی و چالاكی كاریگەرانەی مرۆڤ بۆ گۆڕانكاری بە ئاراستەی گەشەپێدان بەردەوام كردووە و، قەیرانەكانی قوڵتر كردۆتەوە و توانای نوێكردنەوەی ئەو كۆمەڵگایانەی ڕاگرتووە و، ئەمە جگە لە سەرهەڵدانی قەیران لە خودی چەمكی نوێبوونەوە و تازەگەری لە سەرمایەداری، كە لە ناوەڕۆكدا بەشێكە لە قەیرانی مۆدێرنە لەم سەردەمەدا.
نوێكردنەوە لە وڵاتانی باشور كە كوردستانی ئێمەش دەگرێتەوە بێ نوێبوونەوە لە هۆشمەندی كۆمەڵایەتی نایەتە دی. ئەم نوێكردنەوەیە پێویستی بە بنیاتنانەوەی هۆشمەندییە لەسەر بنەمای نەریتی زانستی و هزری عەقلانی و ڕۆشنفیكری و، پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و ڕاگرتنی هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی ڕەها، كە مۆدێلی نیولیبراڵەكانە و لە كاتی چڕبوونی قەیرانی سەرمایەداری بە پێچەوانەی بۆچوونەكانیان پەنا بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت دەبەن بەم مەبەستەی كە سەرمایەداری لەو قەیرانە قورتاربێت هەروەك لە قەیرانی دارایی 2008 پەیڕەویان كرد جگە لە مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆڤید 19.
ئەمڕۆ هێزی ماركسیست و چەپ لە وڵاتە سەنتڕاڵە سەرمایەدارەكان و لە وڵاتانی سەرمایەداری وابەست ڕووبەڕووی ئەركی گەڵالەكردن و داڕشتنی بۆچوونی تایبەتی خۆیان بۆ چەمكی نوێبوونەوە و تازەگەری دەبنەوە بە جۆرێك لە سنووری ئەم پێناسەیە دەرباز بێت كە مۆدێرنە سەرمایەداری كە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی قۆناغی سەرمایەدارییە، دایڕشتووە.
لەم بوارەدا وا دەبینم كە نوێبوونەوە و تازەگەری پرۆسەیكی مێژوویی درێژخایەنە و گرنگە مەبەست لێی دابینكردنی ژیانی جوان و خۆشگوزەران و جەختكردن لەسەر وەدیهێنان و پاراستنی عەدالەت و ئینسافی كۆمەڵایەتی بێت نەك فراوانكردنی جیاوازی چینایەتی.
نوێبوونەوە و تازەگەری لە چوارچێوەی كاركردن بۆ گەڵاڵەكردنی چەمكی مۆدێرنە سۆشیالیستی، پێویستی بە پێدانی شوناسی سۆشیالیستی بە ناوەڕۆكی نوێبوونەوە و تازەگەری هەیە، بە ڕچاوكردنی واقعی هەر كۆمەڵگایەك لە چوارچێوەی ناكۆكی و ململانییە سەرەكییەكان و دەستنیشانكردنی هێزی گۆڕانگاری كۆمەلایەتی و دانانی جۆرە نەخشە و بەرنامەیەك، كە لەلایەكەوە لەسەروو وزە و توانا كۆمەڵایەتی و مادیی و هۆكاری بابەتی نەبێت و، لە هەمان كاتیشدا بە شێوازێكی پارێزگارخوازیانە خوێندنەوە بۆ واقیع و ئەگەرەكانی گەشەسەندن و كۆسپەكانی نەكات و، ئەمەش پێویستی بەدەربازبوونە لە شێوازە كۆن و سواوەكانی بواری چەمەكی هزری و میكانیزمی كاركردن، بە جۆرێك كە توانای پاراستنی سەقامگیری كۆمەڵایەتی و پێشكەوتن دابین بكرێت و، هەنگاوەگان بۆ نەهێشتنی هەژاری و بێكاری و دیاردەی پەراوێَزخستنی كۆمەڵایەتی بە جۆرێك رێك بخرێت كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا گۆڕانكارییەكان بۆ زۆربەی جەماوەر دەركەوێت و هەست بە كارتێكردنی ئەو گۆڕانكارییانە لە سەر گەشەسەندنی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری خەڵك و بواری ژینگە و دەرفەتەكانی خۆشگوزەرانی، بەدیاركەوێت.
سەرجەم ئەم ئاراستەی لە تازەگەری و نوێبوونەوە بێ جەختكردن لەسەر بابەتی ئازادی وپەیڕەوكردنی و فروانكردنی دیموكراسی و یەكسانی مافەكان و ئازادی ژنان و فراانكردنی دیموكراسی نایەتە دی.
بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە كۆمەڵگای ئێمە بە وابەستەیی بە ڕێڕەوی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم دەمێنێتەوە و، باسكردنی نوێبوونەوە و تازەگەری و گەشەسەندن لە سایەی بەردەوامببونی قیرانی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهان و لێكەوتنی نەرێنی ئەو قەیرانە لەسەر كۆمەڵگای خۆمان، دەبێت