ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمە، قسەی ئەو شوفێرە بوو، كە لە كاتی هێنانەوەمی لە سۆرانەوە بۆ ڕواندز، لە میانەی گفتوگۆیەكماندا پێی گوتم. زۆر هەوڵمدا، ئەو بڕوایەی لا نەهێڵم و تێی بگەیەنم كە كوردایەتی یەكسان نییە بە حزبایەتی و ئەو چەمكە لە گەندەڵی بەرپرسە شڕە خۆڕەكانی كوردستان كورت ناكرێتەوە و ئێمە سەدەیەكە لە پێناو كوردایەتی خەبات دەكەین و خوێن دەڕێژین و فوارەی ئەو خوێنە، تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەو بە جۆرێك توڕە و نیگەران، دڵ پڕ و نائومێد، ڕەشبین و ڕەت كەرەوە بوو، كە لە پێشدا بڕیاری خۆی دابوو. بێگومان ئەمە هەر تەنها قسەی ئەو نییە، بەڵكو بۆچوونی زۆرینەی خەڵكی ئێمەیە، كە بۆ ڕاپەڕین وكوردایەتی هەیانە. چی وای لە مرۆڤی ئێمە كرد، كوردایەتی بە درۆ و خەباتی شاخ بە ڕاو و ڕووت و تێكۆشانی نەتەوەییش، بە پیس خۆری و گەندەڵی بەرپرسانی ئەم هەرێمە لێك باتەوە؟ بە داخەوە لە ماوەی سی و دوو ساڵی دوای ڕاپەڕیندا، دەسەلاتی كوردی نەیتوانیوە، نموونەیەكی جوانی فەرمانڕەوایەتیكرن بە ئاراستەی بیناكردنەوەی سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵَگە و دابینكرنی خزمەتگوزارییەكانی ژیان و ماف و ئازادییە كەسییەكان پیشان بدات و بەرجەستە بكات. ئێمە ناڵێین هیچ نەكراوە، بەڵام مرۆڤی كورد، لە پای ئەو هەموو قوربانیانە، شایستەی ژیانێكی شكۆمەندانەی لەوە گەورەتر و پیرۆزتر بوو، نەك ئاواتی ئەوە بێت لە وەرزی زستاندا چۆن سووتەمەنی بۆ خۆگەرمكرنەوە دابین بكات. سەدەی ڕابردوو، پڕە لە نموونەی ئەو وڵاتانەی بە هۆی شەڕی ناوخۆ، جەنگی جیهانی، هەژاری و قەیرانی ئابووری، ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بوونەتەوە، بەڵام ئەوان توانیان هەموو ئەو قەیرانانە تێبپەڕێنن و جارێكی دیكە وڵاتێكی تازە و نوێ، لە ژێردار و پەرتووی وێرانكراوی وڵات بینا بكەنەوە. لە جەنگی جیهانی دووەمدا، ژاپۆن و گێڕمەن وێران بوون، ئێستا لە ژاپۆن ڕوحی لێ دەرچێت دەنا دەتوانن هەموو شتێك دروست بكەن، كە تەنها نیو سەدە زیاتر بە سەر وێرانكاری ئەو وڵاتە تێپەڕیوە. سێ دەیە بۆدەسەڵاتێك ئەگەر مەبەستی بێت وڵات بینا بكاتەوە و پێشی بخات و خزمەتگوزاری گشتی دابین بكات، نەك هەر كەم نییە، بەڵكو زۆریشە. بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كورستاندا، لە ماوەی ساڵانی دوای ڕاپەڕیندا، نەتونراوە ژێر خانێكی ئابووری پتەو و سەربەخۆ، ڕێكخستنەوەی سەرخانی كۆمەڵگە و خزمەتگوزاری گشتی پێشكەش بە هاووڵاتییان بكرێت، كە لە ئلستی خواست وداخوازی ئەوان دابێت. هەر لە دەسپێكی ڕاپەڕینەوە بە هۆی نەبوونی پلان و ئەقڵێكی تەندروستانە و تەكنیكیانەی حوكمداری، هەرچی كەل و پەل و پێداویستی بیناكرنەوەی ژێرخانی ئابووری بوو، تاڵان كراو بیر لە داهاتوو نەكرایەوە. بەدویدا بە ماوەیەكی كەم، شەڕی ناوخۆ هەڵگیرساو درێژەی هەبوو، دواتر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و لە هەمووشی ترسناكتر كە ئاییندەی ئەو هەرێمەی لە بەرچاوی نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین خست، گەندەڵی و نادادپەروەریی و نەبوونی یەكسانی و هاومافی بوو لە نێوان هاووڵاتیانا. ئەم هەموو قەیرانانە، كە دەتوانرا هەر لە سەرەتاوە بە پێی پلان و ڕێكخستنەوەیەكی هونەریی چارەسەر كرابان، سەرەنجام لە سەر یەكتری كەڵەكەبوون و بە ئێستاشەوە، گەورەترین گرفتی حكومەت ئەوەیە چۆن مووچەی فەرمانبەران دابین بكات. ئەمە وێرای ئەوەی كە هێشتا خزمەتگوزاری گشتی لە ئاستی پێویستدا نییە و ئەوەی هەیە سپێردراوە بەكەرتی تایبەت و لەو كەرتەشدا، شكۆی مرۆڤ دەخرێتە ژێر پای قازانج و دەسكەوتەوە. هەرێمی كوردستان، بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا، هەرێمێكی دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و خاك و ئاو و هەواو هەموو بوارەكانی دیكە، بۆیە ئەگەر بە پلان و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، مامەڵە بەو داهات و سەرچاوانە بكرێت، هەژاری لەكورستان بوونی نابێت، بەڵام ئێمە چی دەبینین؟ بەداخەوە تا ئێستاش پێشمەرگە كە بە خوێنی خۆی بەرگری لەو خاكە كردووە، لەو پەڕی سەختی و بێ دەرەتانی دەژین، مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆی نادرێت، سووتەمەنی نییە، دەرچووانی زانكۆ دانامەزرێن، مووچەی خانەنشینێكی شارستانی دوای چڵ ساڵ خزمەت، كەمتر لە پێنچ سەد هەزارە، بەڵام لە بەرانبەر هەموو ئەمانەدا مووچەی پەرلەمانتار كە لە ساڵێكدا دوو پشووی هەیە و بە كۆی گشتی چوار مانگ پشوویەتی هەشت ملیۆن دینارە. ئایا پەرلەمانتارێك بەو نیشتمانە ماندووترە یان مامۆستا و پێشمەرگەیەك؟ ئەمە چۆن كوردایەتی لە پێش چاوی مرۆڤ ڕەش ناكات؟ لە كوێدا ناعەدالەتی لەو شێوەیە هەیە؟ لە كاتێكدا پەرلەمانتارانی كورد بە بەراورد لەگەڵ نوێنەرەكانی دیكەی وڵاتان، ئەلف و بێیەك لە یاسا و سیاسەت نازانن. گەندەڵی سەراپای وڵاتی تەنیوەتەوە و بڕوا ناكەم بە تەلسكۆبیش بەرپرسێكی پلە نزمیش ببینیەوە، كە پەرێزی لە گەندەڵی پاك بێت و دەرچێت. توندترین سزای گەندەڵكاران لە نێو ئێمەدا، دوورخستەوەیان و پێدانی پۆستێكی دیكەیە پێیان. گەندەڵی بە جۆرێك بۆتە كولتوور، كە كەسانی گەندەڵ زۆر ڕوو قایمانە دێنە سەر شاشەی تیڤییەكان و قسە دەكەن و لە بۆنە و یادەكاندا دەردەكەون. ئەمە وێرای ئەوەی كەسی گەندەڵ وەك هەر كەسێكی دیكە، ژیانی ئاسایی خۆی دەكات و تەریق نابێتەوە. ئەمە بۆچی وای لێ هات؟ بێگومان سزای گەندەڵكاران نادرێت و كە سزاش نەبوو، لادان وكەموكورتی و گەندەڵی زۆر دەبن چونكە دەزانن لێپرسینەوە نییە. كێ بڕوا بەوە دەكات، هەرێمێك نەوت هەناردە بكات، دەیان سەرچاوەی دیكەی داهاتی هەبێت، كەچی مووچەخۆرەكانی بە چل ڕۆژ جارێك مووچە وەربگرن و مووچە وەك مەتەڵی لێ هاتووە و كەس نازانێت هەڵی بێنێت. گرد و تەپۆلكەی ئەم هەرێمە نەماوە، هی بەرپرسێكی گەندەڵ نەبێت. جوتیار و كرێكار و ئاژەڵدار و شوان دارەتی و هیچ شتێكیان نەهێشت، كۆمەلگەیان بە فەرمانبەر و مشەخۆر كرد، ئەمانە چۆن نابنە سەرچاوەی ڕەشبینی بۆ مرۆڤی كورد و نا ئومێدی ناكەن. بەداخەوە دەیان كەموكورتی دیكەش هەیە و خەڵك بە جۆرێك لە ڕاپەرین و كوردایەتی پەشیمانە، كە بە درۆ و ڕۆژە سەهوەكە ناوی دێنن. ئێستاش نەچووە بچێت، گەر پلان و ئیڕادە و نیەتێكی پاكی خزمەتكردن هەبێت، دەتوانرێت چەمكی پیرۆزی كوردایەتی ڕاست بكرێتەوە وخەڵك بە درۆ وەسفی نەكات. بەڵام ئەمە بە كێ دەكرێت؟ بێگومان بە دەسەڵاتێك ناكرێت، كە خۆی سەرچاوەی ئەو هەموو گرفت و گەندەڵییانە بێت. چاكسازیی بە كەسانی پاك و ڕاستەقینە و دڵسۆز دەكرێت، كە خۆیان لە گەلەكەیان و هاووڵاتیانیان جیا نەكەنەوە، نەك خۆیان وەك فیرعەون بژین و برا پێشمەرگەكەی منیش بستێك زەوی نەبێت بیكاتە خانوو، لە كاتێكدا هەر ئەوانن كوردستان دەپارێزن و هەر ئەوانی دیكەشن، لە هەر مەترسیەكدا كوردستان جێدێڵن.

 

  • 1