فیدراسیۆنى شاخوانیى کوردستان وەکوو ئۆرگانێکى فەرمى سەرپەرشتیکردنى وەرزشەکانى شاخ و شاخەوانیى لە کوردستاندا، لەئێستادا هەموو هەنگاوەکانى خۆى بە ئاراستەى زیادکردنى کۆڕ، سیمینار، ۆرک شۆپ و زنجیرە خولەکانى پەیوەست بە بوارە جیاوازەکانى شاخەوانیى لە کوردستان چڕ کردۆتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەیش خواستى ئەوەى هەیە کە شاخەوانان و گرووپەکانى شاخەوانیى لە ناوچە جیاوازەکانى کوردستاندا بەشداربن لەو پڕۆژە گرنگەدا و هەموو لایەک بۆ هێنانەدى خەونێک بجەنگین کە ڕەنگڕێژى داهاتووى ڕەوتى شاخەوانیى لەو وڵاتەدا دەکات.
ئامانجەکانیش ڕوونن، هەروەکوو ڕێزدار سەرۆکى فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان پێشتر لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەولەویات بۆ پێگەیاندنى ڕاهێنەرى ناوخۆیى بوارە جیاوازەکانى شاخەوانیى و هەروەها کادرى پێشکەوتووى(ڕێبەرى کوێستان)ە لە کوردستاندا.
بەمانایەکى تر، بەشێکى گەورەى ئامانجەکانى ڕێکخستنى ئەو خول و سیمینارانەى تایبەت بە شاخەوانیى، هەوڵدانە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنى ڕاهێنەرى ناوخۆیى و هەروەها شارەزاى بوارە جیاوازەکانى دنیاى شاخەوانیى بە باکگراوەندێکى قووڵى تەکنیک و زانست و لێهاتوویى شاخەوانیى بۆئەوەى بتوانن بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش لەبەر ڕۆشنایى ستاندارە باوەڕپێکراوەکانى فیدراسیۆنى شاخەوانیى نێودەوڵەتى، شاخەوانییەکى مۆدێرن و پێشکەوتوو لە کوردستاندا برەو پێبدەن. چونکە یەکێک لەو فاکتەرە بەهێزانەى کە دەبنە مایەى پێشخستنى شاخەوانییەکى مۆدێرن لە کوردستاندا، تێگەیاندن و پێگەیاندنى ڕاهێنەرى ناوخۆییە.
ئەو هەوڵ و هەنگاوانەى فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان کە بە هاوکارى بەشێکى دەزگاکانى حکوومەت بەڕێوە دەچن، خۆشحاڵم دەکەن، چونکە دەزانم بۆ داهاتووى وەرزشەکانى شاخ و شاخەوانیى لە کوردستان خێرێکى گەورەى هەیە و دەبنە بناغە و ژێرخانێکى پتەو بۆ شاخەوانییەکى ستاندارد و مۆدێرن لە کوردستاندا.
هەمیشە خۆشحاڵم بەوەى کە سەرەڕاى ئەو هەموو قەیرانە دارایى، سیاسى، ئەمنى و کۆمەڵایەتییانەى کە لە عێراق و کوردستان و تەنانەت لە ناوچەکە و جیهانیشدا هەیە، سەرەڕاى ئەوەى کە ئاسۆى دواڕۆژى عێراق و کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش ناڕوون و لێڵە و کەس نازانێ سوکانى دۆخى ئەو ناوچانە بە چ ئاقارێکدا دەسوڕێت و دەڕوات، کەچى فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان، بەشێوەیەکى ورد و هێواش هێواش، بێ هیچ دەنگە دەنگ و هەراوهۆریایەک، بهو توانا داراییه سنووردارهى که لهبهردهستى دایه، دڵسۆزانە قۆڵى لێ هەڵماڵیوە و خەریکى دانانى بناغەى ئەو دیوارە مەزنەیە کە بۆ وەرزشەکانى شاخ و شاخەوانیى بونیادى دەنێت.
مرۆڤ ئەگەر خەونێکى مەزنى نەبێت، ناتوانێ لەناو ئەو هەموو ڕەوشە نالەبارەى عێراق و کوردستاندا هەنگاوى مەزن بۆ بەرجەستەکردنى خەونەکانى بهاوێژێت!.
ئەوەى فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان لە ئێستادا بۆ ڕەوتى شاخەوانیى ئەنجامى دەدات، خەونێکى مەزنە، خەونێکى پیرۆزە کە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە داهاتووى کوردستانەوە هەیە. خەونێکە بۆ بیرکردنەوە لە دانانى ژێرخانێکى پتەو بۆ ڕەوتى شاخەوانیى و نەوەکانى داهاتوو.
هەموو ئەو خەونە مەزنانەیە کە منیشى هانداوە بەشێوەیەکى زۆر ڕژد بێمە پێشەوە و چەند گرامێک لە قورسایى ئەو بارە گەورەیەى سەرشانى هاوڕێیانم لە فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان، بەشێکى بخەمە سەرشانى خۆم.
هیوادارم بەو توانا(عەقڵى- جەستەیى- دەروونى)یە سنووردارەى کە هەمە، بتوانم لە وەدیهێنانى ئەو خەون و ئامانجە بەرزانەى کە فیدراسیۆنى شاخەوانیى کوردستان کاریان لەسەر دەکات، بەشداربم.