ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستای شەهید بەهرام جەمیل(۱۹٥۲-۱۹۹۱)

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭ وتەی بەرایی:

 لە بەرەبەیانی ڕۆژی ۱۱ ئاداری۱۹۹۱ دا مامۆستای دڵسۆزی کوردپەروەر بەهرام جەمیل ، مامۆستای ناوەندی برایی و وانەبێژ لە ئامادەیی ڕزگاری لە شاری هەولێرو نیشتەجێی گەڕەکی تەیراوە، ئەو کلاشینکۆفەی شەو لە لای خزمەکانی پەیدای کردبوو هەڵدەگرێت و خێرا خۆی دەگەیەنێتە شەقامی شەست مەتری و لەگەل جەماوەری ڕاپەڕیودا بەرەو دائرەی ئەمن و سەربازگەی فەیلەقی پێنج هەنگاوی خێرا دەنێ و هوتاف دژی ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆرو بەعسی فاشست دەڵێتەوەو هاواردەکات:(بژی هێزی پێشمەرگە سەدام نزیکی مەرگە)..ورەی جەماوەر بەرزدەکاتەوە و لە بەڕێوەبەرێتی ڕەشی ئەمنی هەولێر نزیک دەبنەوەو لەکاتی هێرش بردنیان بۆسەر ئەم شوێنە چەپەڵەی ڕژێمی بەعس کە چەندین تێکۆشەری کوردی تێدا ئازارو ئەشکەنجەدرابوون  یان لە سێدارە درابوون..جەماوەری ڕاپەڕیو بە گوللەو بە بەرد هێرش دەکەنە سەر ئەم شوێنە. ئەمنە چەپەڵەکانیش لەسەر بینای دائیرەکە لوولەی چەکەکانیان لە جەماوەری ڕاپەڕیو دەکەن و زۆری پێناچێ خۆیان لەبەر هێرش و نەعرەتەی جەماوەر ڕاناگرن و زۆرینەیان پاشەکشێ دەکەن و ڕادەکەن و ئەوانی تریش دەکەونە دەست جەماوری ڕاپەڕیو . لەم هێرشەدا مامۆستا بەهرام جەمیل بە گوللەیەکی دوژمن دەپێکرێ و شەهید دەکرێت و دەبێتە یەکەمین مامۆستای شەهید لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شاری هەولێردا.

 هەر ئەو ڕۆژە شاری هەولێر پایتەختی باشووری کوردستان بە خوێنی ئاڵی مامۆستا بەهرام و چەندین شەهیدی دیکەی قارەمان ڕزگار کرا. لە نزیک ئەو شوێنەی مامۆستا بەهرامی لێ شەهیدکرا بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی هەولێر لە ساڵی(۱۹۹۹) ەوە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی بەناوی (قوتابخانەی شەهید بەهرام) کردووە.

 ٭کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا بەهرام:

 ــ ناوی تەواوی: بەهرام جەمیل حەسەن مستەفا.

 ــ ناوی دایکی:خانم عەبدوڵلا، ساڵی۲۰۲۱ کۆچی دوایی کرد. باوکی شەهیدیش ساڵی ۲۰۰۹ کۆچی دوایی کردووە.

 مامۆستای هونەرمەند قەرەنی جەمیل برای شەهید بەهرامە.

 ــ بەهرام جەمیل ساڵی۱۹٥۲ لە گوندی گردجوتیار سەربە ناحیەی بەحرکە قەزای عناوا لە دایک بووە.

 ــ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی هەولێری سەرەتایی کوڕان تەواوکردووە، ناوەندیشی لە قوتابخانەی ناوەندی ئیسکان خوێندووە. ساڵی۱۹۷۳ قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی کوردستان لە شاری هەولێر تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی۱۹۷۷دا  كۆلێژی زانست لە زانکۆی بەغدا تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستای پسپۆڕی زیندەوەرزانی لە قوتابخانەی ناوەندی برایی لە شاری هەولێر، هەروەها لە هەشتاکان تاکو ڕاپەڕینی بەهاری۱۹۹۱ مامۆستای وانەبێژ بووە لە ئامادەیی ڕزگاری کوڕان و وانەی زیندەوەر زانی دەوتەوە.. مامۆستا موحسین عەبدوڵلا کە مامۆستای پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی بوو لە ڕزگاری دەڵێ:" مامۆستای شەهید بەهرام جەمیل مامۆستایەکی زۆر زیرەک و بە توانا بوو، قوتابییەکانی خۆشیان دەویست و سەرسام بوون بە زیرەکییەکەی".

 ــ مامۆستای هونەرمەند قەرەنی جەمیل برای شەهید دەڵێ:" شەهید بەهرام لە خێزاێکی هەژار لە گەڕەکی تەیراوەی خانووە قوڕەکان پەروەردەبووەو هەمیشە لایەنگری ئەو چینەی کردووە . مرۆڤێکی دڵپاک و ڕاستگۆ بووە لە کارەکەی  خۆی . ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە پەروەردەکردنی قوتابیان چ لە ڕووی تایبەتمەندی زانستی ، چ لە ڕووی نەتەوەییەوە. شەهید بەهرام ئینتمای هیچ حزبێک و گروپێکی نەبووە، لە نەتەوەو کەرامەتی خۆی زیاتر. مامۆستا بەهرام مرۆڤێکی دڵپاک و ڕاستگۆ بووە لەگەل کارەکەی خۆیدا.زیاتر لە(۲۰۰۰) قوتابی پێگەیاندووە، قوتابییەکانی کە ئێستا هەموویان گەورەن و زۆربەیان خاوەن وەزیفەو کارمەندن، هەمیشە بە شێوەیەک باسی دەکەن کە هەرگیز لە بیری ناکەن".

 ــ مامۆستا بەهرام دەستێکی باڵای هەبووە لە بواری هونەری شێوەکاری و شیعر و نووسین. لە هەموو پیشانگاکانی ساڵانەی قوتابخانەکان ڕۆڵێکی دیاری هەبوو. مامۆستا قەرەنی برای دەڵێ:" شەهیدی برام فێری هونەری کردم و یەکەم مامۆستام بوو لە بواری هونەری شێوەکاریدا"..

 ــ مامۆستا بەهرام جەمیل لە ساڵی۱۹۷٦ ژیانی خێزانی لەگەل خاتوو  شادیە مەلا یاسین پێکهێناوە، منداڵیان نەبووە، شادیە خان لە دوای شەهید بوونی مامۆستا بەهرامی هاوژینی شووی نەکردۆتەوە، تاکو ئێستا لە ماڵی برای دەژیت . هیوای تەمەن درێژی و بەردەوام سەرفرازی بۆ دەخوازین.

 ــ یادی ئەم شەهیدە قارەمانەو هەموو شەهیدانی ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ بەخێر.

لە کۆتاییدا دەڵێم (کێ کردی و کێ خواردی)!!

٭ زۆر سوپاسی مامۆستای هونەرمەند قەرەنی جەمیل دەکەم کە هاوکارم بوو لە ئامادەکردنی ژیاننامەی مامۆستای شەهید.

 

 

  • 1