بەبێ تێگەشتن لە چەمکی نامۆبوون ئەستەمە لە مرۆڤ و چالاکیەکانی و پەیبردن بەهێزە خودیەکانی تێبگەین. نامۆبوون، واتا: (مرۆڤ لە پڕۆسەی تێڕامان و درکپێکردنی بە جیهان و دەوروبەر خۆی وەکو سوبێکتی چالاک نابینێتەوە). لەڕوانگەی زانستی سیۆسیۆلۆجیاوە ئەم چەمکە بەم شێوەیە پێناسەکراوە:
(نامۆبوون: بریتیە لە تواندنەوەو پاکتاوکردن و کۆتایی هێنان بە پەیوەندیەکانی تاک لەگەڵ ئەویتردا.)
ئەم چەمکە پێش بەکارهێنانی فەلسەفی بەو ماناو دەلالەتە دەربڕاوە، کە پڕۆسەیەکە مرۆڤ تێدا نامۆ دەبێت. هەریەک لە فەیلەسوفانی ئەڵمانی (مارکس و هیگڵ و فۆیەرباخ) بەچڕی لەسەر چەمکی نامۆبوون ڕاوەستاون و تێڕوانین و بۆچوونە فەلسەفییەکانیان لە یەکتریەوە نزیکن. لە دیدی ئەم سێ فەیلەسوفەوە نامۆبوون بە واتای دابڕان یان جیابوونەوەی تاک لەدەورووبەرەکەی دێت، کە بەهۆی گەشەکردنی تەکنیکەکانی سیستەمی سەرمایەدارییەوە درووستدەبێت.
(هیگڵ) لە کتێبی (مێژووی فەلسەفە) دا، بەم شێوەیە لەبارەی نامۆبوونەوە دەنووسێت:(ئەوەی ئاوەزی تاک خۆی بۆ دەکوتێت بەدیهێنانی بۆچوون و ئەندێشەکانێتی، بەڵام لەمیانەی ڕاپەڕاندنی ئەم کارەدا، خوودی ئەم ئامانجە لەڕوانینیدا لە بیردەکات و شانازی بەنامۆبوونی خۆیەوە دەکات، کە لە جەوهەری دایەو خۆی پێوەی دەنازێت.)
لە ڕوانگەی هیگڵەوە ستراکتۆری نامۆبوون لەسەر بناغەی جیاوازی بوون و جەوهەر ڕاوەستاوە.
چەمکی نامۆبوون لە فەلسەفەی هێگڵدا لە پرسی دەوڵەت نەتەوەدا دەگاتە لووتکە. نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆنسێپتە فەلسەفیەکەیدا پڕۆسەیەکی پلەدارە بۆ توانەوەی (من) لەنێو ئەویتردا. ئەو واتا (ئەویتر) تەنها لە تێگەشتنێکی فەلسەفیانەی بۆ دەرەوەی (من)کورت نابێتەوە، بەڵکو لەشتێکی دەرەوەی مندا سنوردار دەبێت. وەکو: کار، یان ڕیالیتی ژیانێکی کاریگەر بە هەژموونی ئامڕازەکانی مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات لە ڕووی سیاسی و کەلتوورییەوە، کە بەهۆی سیاسەتی بەکاربردنی بەر فراوان، یان ئایدۆلۆژیایەکەوە پاڵپشتی دەکرێت، تاوەکو زەمینەی سەپاندنی هەژموونە زەمینیەکەی بەهێزەوە لە ڕێگەی دامودەزگای دەوڵەتی مۆدێرنەوە بڕەخسێنی، ئەمەش لەڕێگەی میدیا و ڕیکلامەوە، تا دەگاتە سەرخان و دامەزراوە دەستورییەکان جێبەجێی دەکات، کە لەشێوەدا جیاواز و لە ستراکچەر و ستراکتۆردا یەکن و ئامانجیان تۆکمەکردنی هەژموونە فەرمیەکەی دەوڵەت و بەردەوامی پێدانی دەبێت.
بەکارهێنانی چەمکی نامۆبوون لەلای کاڕڵ مارکس لە ڕووی دەستنیشانکردنەوە خاوەن ڕەهەندێکی دەروونی و ژیاری قوڵە و لە بۆچوونی هیگڵەوە نزیکە، لەو شڵەژانە ئۆنتۆلۆژییەی نیوان سوبێکتی شڵەژاو ڕیالیتی ڕۆژانەو ژیاریانەش نزیکە، ئەمەش بەهۆی ئەو هۆشیاری و ئاگاییەوە سەر هەڵدەدەن لەگەڵ ڕیتم و باوەڕی گشتی کۆمەڵگادا ناگونجێن.
مارکس لەدەستنیشانکردنی چەمکی نامۆبووندا ڕەهەندێکی پێشینەیی هەیە، دواتر لە دەستنووسە ئابورییەکانی دەردەکەوێت. مارکس ڕوانگەو دەلالەتێکی ئابورییانە بەم چەمکە دەبەخشێت و دەڵێت:( کۆمەڵگای سەرمایەداری، کرێکار لەبەرهەمی کارەکەی نامۆ دەکات و دەیکاتە باردۆخی پێشبڕکێی ئاڵۆز لەگەڵ ئەو دەوروبەرەی کە بەرژەوەندیەکانیان هاوبەشن). تێڕوانینی مارکس لە هێگڵەوە نزیکە، چەمکەکە لە هەمان جیاکردنەوەی سوبێکت و ئۆبێکت دا بارگاوی دەبێت. ڕونتر جیاکردنەوەی جەوهەر و بابەت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕانی (کار) لە (بەرهەم). سیستەمی سەرمایەداری نەک کرێکار لەبەرهەمی کارەکەی دادەماڵێت، بەڵکو لەمرۆڤبوونیشی دادەماڵێت. مارکس تەنها لایەنێکی نامۆبوونی مرۆڤ لە نێو سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا دەستنیشان دەکات، کەوا ئامێر و سیستەمی بەرهەمهاتوو هەوڵی بەکاڵاکردنی هۆشیاری مرۆڤ دەدات.
نمونەیەکی گشتی بۆ تێگەشتن لەچەمکی نامۆبوون دەهێنینەوە، ئەویش چەمکی پارەیە لای (واڵتەربنیامین) هەرچەندە واڵتەر بنیامین لەسەر چەمکی نامۆبوون ڕانەوەستاوە بەڵام تێڕوانینەکانی بۆ چەمکی (پارە) لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا دەلالەتێکە بۆ تێگەشتنمان لە چەمکی (نامۆبوون). بنیامین دەڵێت:( لە سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا پارە وەکو خودا، لەچەشنی ئایینە بت پەرستەکاندا، دەپەرسترێت.) واتا مرۆڤ دەبێتە، دروستکراوی شتێک کەبەرهەمی زەینی خۆیەتی، ئەمەش فاکتەرێکە کە مرۆڤ نامۆ دەکات لە خودی خۆی و ئەو شتەی کە بەرهەمی زەینی خۆیەتی. بە قەولی (هیگڵ) بابەت لەدژی خۆی دەوەستێتەوەو نامۆدەبێت لە جەوهەری خۆی.
سەرمایەداری هاوشێوەی ئایین، مرۆڤ تووشی پەراوێزبوون دەکات لەڕێگەی تاوانبارکردن و پێدانی قەرزەوە، مرۆڤ لەژێرسایەی ئەم سیتستمەدا، بەدرێژایی ژیانی دەبێت سەرقاڵی عیبادەتکردنبێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی. لەم سیستەمەدا چەشنی ئایین، تەنها نوخبەیەکی قەشەو پیاوانی ئایینی لێ سودمەندن، واتا نوخبەی خاوەن ئاڕاستەکەری ئابوری و خاوەنی سەرمایە لەڕێگەی کەڵەکەکردن و زیادە بەهاوە، سودمەندی سەرەکین لەسەر هێز و بازووی ئەوانیتر. بۆیە مرۆڤ دەبێ بەردەوام تێبکۆشێت بۆدانەوەی قەرز و دەستگەیشتن بە بەهەشتی سەرمایەداری، ئەویش لەڕێگەی لەخۆ_نامۆبوون و پەرستنی پارەوە، کە بەرهەمی مرۆڤ خۆیەتی.
مارکس وتەنی؛ (وەکو ئایینی جولەکە فۆڕمی خودا لە ئاسمانەوە دادەبەزێنێت بۆ سەر زەوی) واتا گۆڕینی خودا میتافیزیکیەکە بۆ ماتڕیاڵ. خودا ئاسمانەوە دادەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ کاڵا و سکەی پارە.
لەم سیستەمەدا مرۆڤ چەمکی شادی و ئومێد لە دەستدەدات، سەرمایەدار بۆ بەگەرخستنی سەرمایەگوزاریەکەی پێویستی بەقەرزە، هەموو مرۆڤایەتی دەکەونە ژێر بارێکی قوورسی تاوانەوە، جگە لەکەمینەیەک کە ئاڕاستەکەری سیاسەتی بازاڕ و خاوەنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانن. مرۆڤ لە نێو سیستەمی سەرمایەداریدا چەشنی کۆیلە، ڕۆبۆت، کاردەکات، تا سەرمایەی پێغەمبەرانی ئایینەکە، کەڵکەبێت لەسەر هێزو بازووی چینی کارکەر، چینی کارکەریش نامۆدەبن، لە بەرهەمی کارەکەیان.
جۆرێکی تر لە (نامۆبوون) بریتیە لە بە سمبولکردنی کاڵا و کەلوپەل. ئەویش مارکس بەچەمکی فیتیشزم گوزارشتی لێکردووە. سەرخانی سیاسی لەڕێگەی دامەزراوە سیاسی و کلتورییەکانەوە، بەهۆی میدیا و ژۆرنالیزم _ ڕۆژنامەگەری و ڕیکلامەوە کاریگەری لەسەر هزری کۆمەڵگا بەجێ دەهێڵن؛ بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بەرخۆر و کاڵاگەرا.
ئەریک فرۆم دەرونشیکار و بیرمەندی نەوەی دووەمی فرانکفۆرت دەربارەی کەسێتی بەرخۆر، دەڵێت:(کەسایەتی کاڵاگەرا، لەڕوکاردا کۆمەڵایەتیەو پەیوەندی لەگەڵ زۆرکەسدا هەیە، بەڵام لەناخدا تەنهایە، ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەست بەتەنهایی دەکەن، ئەوان هەست دەکەن وەکو” کەلوپەل و کەرەستە” مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت) لە ڕوانگەی فرۆمەوە بەهای مرۆڤ بەستراوە بەعیبادەتکردنەوە، وەکو چەندێتی کڕێنی شت لەبازاڕدا، یان دانپێنانی لەلایەن ئەویترەوە. بە دەربڕینێکی تر مرۆڤ لەڕوانگەی ماهیەت و خودێتی و شوناسیەوە هەڵناسەگێندرێت، بەڵکو بەهۆی ڕێژەی مەسرەفکردن و بەرخۆرییەوە هەڵدەسەنگێندرێت. بە دەربڕینێکی تر: بوونی مرۆڤ لە نێو سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا بەندە بەتوانای مەسرەفکردنەوە لە بازاڕدا.
دەرونشیکاری بەناوبانگی سەدەی بیستەم (ژاک لاکان) لە پوختەی شیکردنەوەی (گرفتی شوناس) لە دەرس گوتارێکیدا، بەچڕی جەخت لەسەر نامۆبوون دەکاتەوە. لاکان پێ وایە لەپرسی (شوناس و شۆک لە قۆناغی ئاوێنە)دا؛ پێ وایە نامۆبوون لەشۆکی ناسینەوەی خود لەناو ئاوێنەیەکدا دەستپێدەکات. ئەم چرکەساتە ئەزموونێکی سەیروسەرمەرە بەمنداڵ دەبەخشێت، کە ئەم ئەزموونە هیچ کات لەژیانی سەگێک یان پشیلەیەک دووبارە نابێتەوە. ئاژەڵەکان لەکاتی تێڕوانینی وێنەی خۆیان لەئاوێنەیەکدا تووشی شۆک نابن، بەو شێوەی مرۆڤ تووشی دەبێت و بیردەکاتەوە ئەوە(منم)!.
لاکان پێیوایە ئەم قۆناغە بەجۆرێک لەجۆرەکان سەرەتای نێگەرانیەکانی مرۆڤە، کە تۆیی ڕاڕای و دوودڵی و دڵەخورپە لەدەرونی مرۆڤدا دەچێنێ، چونکە مرۆڤ هەستدەکات ئەو وێنە دانەوەی لەناو ئاوێنەکەدایە، هەمان وێنەی زیهینی مرۆڤ نیە کە تەسەوڕێکی پێشینی دەرەبارەی هەیە، مرۆڤ بێ شێوەیە و ئاگایی لە ئایدیا و ئارەزووی وێنایەکی خێزانیەوە بۆ دروستبووە، چونکە هەریەک لەناخەوە جیاوازیمان هەیەو لە هەلومەرجی گۆڕانی بەردەوام داین و دۆخێکی پارادۆکسی ویژدانی لەناوەماندا بوونی هەیە، بەڵام لەدەرەوەماندا وەکو بوونێکی جێگر دەرەدەکەوین، کە پێکهاتووە لەسیمایەکی ڕێکوپێک و ئارام، بەدەگمەن نەبێت دیوە تاریک و شاراوەکانی دەرونمان ئاشکرا نابێت، چونکە تەنها وشەمان هەیە بۆ ئەوەی کەلێنی نێوان (سوبێکت و ئۆبجێکت) ناوەوە و دەرەوەمان تێپەڕێنن. وەلێ زمان هیچ کات ناتوانی گوزارشت لەوەبکات کەئاماژەی بۆ دەکەین، بەڵکو لەم هەوڵەماندا شکستدەهێنین، چونکە مرۆڤ نازانی چۆن گوزارشت لە هەستەکانی بکات. لەدیدی لاکانەوە ئەمە هەستێکی تایبەتی تاک نیە، بەڵکو ئەوە فاکتێکە وەکو شکستێکی (ئۆنتۆلۆژی)، چونکە وێنەدانەوەی ئاوێنەکە تاک ڕەهەندەو تەنها ڕووی دەرەوەی مرۆڤ دەنوێنێتەوە، ئەمەش وەکو گرفتێکی ئەزەلی بەدرێژای زەمەن دەمێنێتەوە لەمرۆڤدا، هەمیشە وەکو کەسێکی کامڵ پەرۆشی ئەوەین ئەوی دی لێمان تێبگات، ئەمەش مرۆڤ ڕوبەڕوی فاکتێکی ئاڵۆز دەکاتەوە، ئەویش ئەو فاکتەیە کە ئەوانی تر هەمیشە لەڕواڵەتی دەرەوەی مرۆڤ گیردەخۆن بەبێ گوێدانە فاکتە ناوەکیەکانی پشت کردەکانی مرۆڤ. ئەوانی دی هەمیشە وادەزانن وەکو ئەوەین کە دەردەکەوین و هەمیشە لەڕواڵەتی دەرەوەدا گێردەخۆن و چەق دەبەستن. لەدیدی لاکانەوە، کاتێک مرۆڤ توانایی کەشفکردنی شوناسی نیەو تێگەشتنی ئەوانی تر، لە دەرەوەی ئەودا سنوردار دەبێت، دەستدەکات بەڕازاندنەوەی ڕووی دەرەوەی لەڕێگەی مەسرەفکردن و مۆدەگەراییەوە. هەر ئەم فاکتەرەیە پێشەسازی مۆردێرن و سیستەم بەئاسانی دەتوانێت مرۆڤی نامۆ و بەرخۆر بەرهەمبهێنێت. لاکان پێیوایە مرۆڤ ئاواتەخوازە شێوەی دەرەوەی دەستکاری بکات، وادەزانی بەو شێوەیە ئەویتر باشتر لێیتێدەگات.