لە شیكردنەوەو و دەرخستنی حەقیقەتی بەعس و پرۆسەی سیاسی ئەو ڕژێمە وەك هێزێكی پانعەرەبیزمی مەترسیدار و شیكردنەوەی زۆر لایەنی شاراوەی بەعس كە لە مێژووی نوێی عیراقدا دیاردەیەكی نوێ و مەترسیدار بوو بۆخۆی پرسێكی ئاڵۆز و قەبارە گەورە و گرانە و ڕەنگە لێرەدا نەتوانرێ بە گشتی رەهەندی راستەقینەی سیاسەتی نامرۆڤانەی ئەو رژێمە دەرهەق بە كورد و گەلانی ئازادی خوازی عێراق بخرێتە ڕوو، چونكەحزبی بەعس وەك هەر هێزێكی تازە چەكەرەكردوی ناوچەكە و هەر لە سەرەتاوە و لە چوارچێوەی بەرنامەو ئەدەبیاتی سیاسی خۆیدا، پێناسەی نەتەوەی عەرەبی وەك حەقیقەتێك دەكرد كە رەگوڕیشەی بە قووڵایی مێژوودا دەچێتە خوارەوە و خاوەنی پەیامێكی نەمرن و كەس بۆی نیە تەجاوزی ئەو نەمری بكات، ئەمەش ڕاستەوخۆ لە لە ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەی سیاسی بەعسدا، ڕەنگی دایەوە و وایكرد هەر لە سەرەتای گەیشتنە دەسەڵاتی بەعسیەكانەوە بە شێوەیەكی كردارەكی و بە بیانووی جوڵەی نەخوازراوە كوردی كردە ئامانج و لە ڕێگەی هێزەكانی حەرەس قەومیەوە كەوتە پەلاماردانی كورد و ناوچە كورد نشینەكان و لەو قۆناغەشدا مەیلێكی فاشیانەی بڵاوكردەوە
ئەم مەیلە فاشیانەیە و چەسپاندنی دەسەڵاتی رەهای دیكتاتۆری و پاوانخوازی و كۆنترۆڵكردنی تەواوی جومگەكانی دەسەڵات و دژایەتی كردنی نەیارانی ، بەعسی دوچاری غروركردو بوەخاوەن پێگەیەكی بەهێزی ستەمكاری و ئەمەش ڕاستەوخۆ لە سیاسەت و پرۆسەی دەوڵەتداریدا ڕەنگی دایەوە و بوە سەرەتایەكی مەترسیدار لە عێراقدا ، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت و پایەكانی دەسەڵاتی سیاسی كۆنترۆڵ كرد و بەتەواوەتی دیكتاتۆریەتی چەسپاند ، لەگەڵ چەسپاندنی ئەم ڕەگ و ریشە ستەمكاریەشدا بەعس بەشێوەیەكی نهێنی و چڕ كاری لەسەر تەعریبكردن و لە نێوبردنی كورد كرد تا ئەو ئاستەی كە پرۆسەی جینۆسایدی ڕاگەیاند و بەتەواوەتی كەوتە پەلاماردانی كورد و دۆزە ڕەواكەی، بۆ پراكتیزەكردنی میكانیزمەكانی پرۆسەكەش بەعس بەپێی سیاسەتێكی نەخشە بۆ كێشراو لە گەرمەی شەڕی عێراق- ئێراندا و لە پێناو پاككردنەوەی نەیارەكانی و بە بیانووی بوونی ئێران لە ناوخاكی عێراقدا، كوردستان دوچاری دژوارترین بارودۆخی سیاسی بوە و كرایە مەیدانی یەكلاكردنەوەی شەڕو ململانێكان، لەو مەیدانەشدا و وەك تۆڵەكردنەوەیەك لە ئێرانیەكان بەعس دڕندانە پەلاماری هەڵەبجەی دا و پرۆسەی جینۆسایدكردنی كوردی بەچەند قۆناغێك پێشخست، بەگوێرەی بەڵگەنامەكانیش پێشتر بەعس بەپێی بەرنامەیەكی بۆ دارێژراو ئەم پرۆسەیەی دابەش كردوە بەسەردوو قۆناغدا، قۆناغی درێژخایەن كە خۆی لە بەعەرەبكردن و شێواندن و گۆڕینی باری دیمۆگرافی كوردستان دەبینیەوە، لەقۆناغی كورت مەوداشدا هەردوو پرۆسەی وێرانكردنی ژینگە و جینۆساید دەگرێتەوە،
هەرچەندە جینۆساید ترسناكترین قۆناغە لە پرۆسەی پاكتاوی رەگەزیی كورددا، بەڵام بەعس لەمەدا و بەبێ سڵكردنەوە لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئاسەوارەكانی پرۆسەكە ساڵی 1988 ی كردە دەستپێكی قۆناغە مەترسیدارەكە و بە چەكی كیمیاوی پەلاماری كوردی دا و جگە لە ناوچەكانی سەیوسوێنان و دۆڵی بالیسان و چەندین ناوچەی تر كە بوونە پاشبەندی هێرشەكیمیاویەكان بۆ سەر كورد شاری هەڵەبجەی كردە ئامانج و لە 16 /3 / 1988 دا هێزە ئاسمانییەكانی عیراق بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی شارەكەیان بۆمباباران كرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 5000 كەسی سڤیل كوژران و زیاتر لە 10 هەزار كەسیش بەركەوتن و برینداربوون ، بەم پەلامارە دڕندانەیەش بەعس گەورەترین و مەترسیدارترین هەنگاوەكانی هاوێشت و وەك دڕندەترین دیكتاتۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی یەكجارەكی خۆیدا بۆ قڕكردنی كورد و سڕینەوەی نەتەوەیەك ، كەچی سەرەڕای ئەوەش كەمەغزای سیاسی بەعس پڕبوو لە ڕق و تۆڵەكردنەوە و شێواندن و تێكدانی باری ژیاری گەڵێك ، كورد كە خاوەنی گەورەترین قوربانی دەستی ئەو رژێمەیە دوای گۆڕانكاریەكان و دادگایكردنی تۆمەتباران نەیتوانی داكۆكی لە مافەڕەواكانی خۆی بكات و هیچ سەركەوتن و دەسكەوتێكیان لە پیادەكردنی ئەو سیاسەتەی بەعس و ڕژێمەكەی نەچنیوەو كەچی پێچەوانە هەرخۆیان و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەحزبیەكانی خۆیاندا بوونە هۆكاری زیاتر وێرانكردنی وڵات و شكاندنی ئیرادەی گەلەكەیان و كەیسی هەڵەبجەو جینۆسایدیان بە نیوە ناچڵی و بە پێی خواستی خۆیان دێزە بە دەرخۆنە كرد و بوونەوە بە داكۆكیكاری سەر سەختی سەرانی رژێمی بەعسی ڕۆخاو و دارودەستەكەی.