ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە پەراوێزی پێشهاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا؛
گرینگی بەشداری و بەردەوامی چەپ لە خەباتی پەرلەمانی و تێکۆشانی جەماوەری
ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١ _ ١٩٣٧) بیریار و مارکسیستی شۆڕشگێری ئیتاڵی یەکیکە لەو بیرمەند و شۆڕشگێڕە بەناوبانگانەی کە هەمیشە بیروڕاکانی جێگەی سەنج و تێڕامانە. لای چەپەکان کەسایەتیێکی خۆشەویستە. هەر چەندە بەهۆی زیندانیکردنییەوە ماوەیەکی کەم بۆی ڕەخسا بەشداری ڕاستەوخۆی کار و چالاکیی سیاسی بیت، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤاردا وتاری نووسیوە و چەند بەرپرسیارەتی حیزبی و ڕێکخراوەیی وەرگرتووە، سیاسیێکی هۆشیار و چالاک بووە.
گرامشی لە ساڵی ١٩١٣ دا پەیوەند بە حیزبی سۆسیالیستی ئیتاڵیاوە دەکات و ئەو کات بە شێوەیەکی چڕتر دەست دەکات بە نووسینی وتارە سیاسییەکانی و ئامانجی برەودان بوو بە هۆشیاری و بەرنامەی سیاسی و ئایدۆلۆژی. ئەو پێی وابوو کە هەردوو چینی جوتیاران و کرێکاران پێویستیان بە هاوپەیمانییەتی و بەیەکەوە بوونە بۆ شۆڕشی سۆسیالستی لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان. لە ساڵی ١٩٢١ یارمەتیدەر بوو لە دامەزراندنی حیزبی شیوعیی ئیتاڵیا. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ کاری دەکرد بۆ کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی (کۆمینتێرن) لە مۆسکۆ و ڤیانا. پاشان ساڵی ١٩٢٤ بووە سکرتێری حیزبی شیوعیی ئیتاڵیا و ئەندام پەرلەمان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە خەبات دژی نادادی و نا یەکسانی تا لە ١٩٢٦ حکوومەتی فاشیستی مۆسۆلینی گرامشی دەستگیرکرد و بە بیست ساڵ زیندانی سزا درا.
ئەو ماوەی لە زیندان بوو لە ژیر ئەشکەنجە و چاودێری چڕ تووشی چەندان نەخۆشی قورس هات، حکوومەت بە ئەنقەس چارەسەری تەندروستی پێویست و تەواوەتیان بۆ نەدەکرد، ئەمە وایکرد ڕۆژ دوای ڕۆژ باری تەندروستی نا جێگیرتر ببێت. دوای یازدە ساڵ زیندانی لە ١٩٣٧ پاش چەند ڕۆژێک لە ئازادکردنی کۆچی دوایی کرد.
لە زینداندا لە ٢٣/ ٦/ ١٩٣١ نامەیەک بۆ دایکی دەنێرێت و دەنووسێت: ''من قسە لەسەر لایەنی نەرێنی نێو ژیان ناکەم، چونکە لە بنەڕتدا نامەوێت کەس بەزەیی پێمدا بێتەوە. من جەنگاوەرێک بووم و دەرفەتی خەباتی ڕاستەوخۆم بۆ نەڕەخسا و جەنگاوەرانیش لە هەر شوێنێکدا بن، ناکرێت و ناشبێت جێگەی بەزەیی بن. چونکە جەنگاوەران بە هیچ شێوەیەک ناچار نەکراون و بۆ خۆشیان ویستوویانە وەک خۆیان بن. بەڵام دیسان ژیانم لە زینداندا بێ ناخۆشی و قوربانیدان نییە.''
لە دوای مردنی گرامشی نامە و یاداشت و نووسینەکانی زیندانی بڵاوکرانەوە ناوبانگ و دەنگدانەوەیەکی زۆریان پەیاکرد، تا ئێستاش تێگەیشتن و بیروڕای ئەو بۆ مارکسیزم و سیاسەت، کۆمەڵگە و ڕوناکبیران، سەرخان و ژێرخان، ڕەخنەی ئەدەب و شانۆ جێگەی سەرنج و بایەخن.
لووی ئاڵتۆسێر لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ''سیاسەت لای من ئەوەیە کار بکەیت بۆ ئازادی و یەکسانی.'' گرامشی بیریار و شۆڕشگێڕی مارکسیستی سیاسەتی بۆ ئازاد و یەکسانی زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە دەکرد. بەرپرسیارانە ئەرکی بوونایەتی و ئایدۆلۆژی خۆی بەجێگەیاند. بێ باک نەبوو لەبەرامبەر ئەو دۆخەی ئەوکاتی مرۆڤایەتی و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەی ئیتاڵی تێیدا بوو. لە وتارێکیدا بەناوی ''ڕقم لە مرۆڤی بێباکە دەڵیت: ''ڕقم لە مرۆڤی بێباکە، پێم وایە ژیان واتا لایەندار بوون ئەوانەی بەڕاستی دەژین، ناتوانن هاووڵاتییەک و پارتیزانێک نەبن. بێباکی کەم تەرخەمی و مشەخۆری و لادانە، نەک ژیان. ئا لەبەر ئەوەیە، ڕقم لە مرۆڤی بێباکە.'' ئەو پێی وابوو مرۆڤ نابێت بەرپرسیارانە هەڵوێست وەرنەگرێت، بەڵکوو دەبێت هەمیشە هەڵوێستی ڕوون و لایەنداریی هەبێت. مرۆڤی بێباک لەو دۆخەی کە کۆمەڵگە تێیدایە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگی ...هتد. ناکرێت بەژداری نەکات لە گۆڕانکاری و گۆڕینیدا، مرۆڤی بێباک ژیانێکی پاسیڤانە دەژیت و خۆی بە فەرامۆشی دەسپێرێت و بەرهەمی دەستەڵاتی نا دادپەروەر و نا یەکسانی بە قەدەری خۆی و چینی بەشمەینەت دەزانێت.
ئانتۆنیۆ بڕوای بەوە بوو کە خەباتی و تێکۆشانی جۆراوجۆر بکرێت لە ژیان و چالاکیی حیزبیدا ئەمەی بەرجەستە کردووە. هەمیشە بە دیدێکی ڕەخنەیی سەیری دامودەزگەی دەوڵەتی بۆرژوازی دەکرد. لای ئەو دیموکراسی بۆرژوازی دیموکراسێک بووە لە پێناو هێشتنەوەی دەسهەڵاتی سەرمایە و بۆرژواکان. لە شوباتی ١٩١٦ ـدا لە ئاڤانتێ (بەرەو پێشەوە) دەنووسێت: "دیموکراسی دوژمنی سەرسەختی ئێمەیە، بۆیە هەمیشە ئامادەین دەست بدەینە یەخەی." هەروەها پێی وابوو دیموکراسی ڕەنجدەران هەڵدەخەڵتێنێت و ئامانجی گۆڕانکاریی ڕیشەیی نییە. بۆ ئەوەی زیاتر ئەمە ڕوون بکەینەوە تیشک دەخەینە سەر وتارێکی بەناوە ''هەڵبژاردن و ئازادی'' کە لە ساڵی ١٩٢١ دا نووسیویەتی باس لەوە دەکات کە دەسهەڵاتی بۆرژوازی مۆنۆپۆلی هەموو شتێکی کردووە، هەمیشە ئامانجی لێدانە لە چالاکی حیزب و نوێنەری پرۆلیتاریا. گرامشی دەنووسێت: ''مانای هەقیقی و دیاریکراوی بەرابەری بۆرژوازی وردە وردە بە شێوەیەکی تەواوەن ڕوون خەریکە ئاشکرا دەبێ و ئەم ڕاستیانە تەنانەت لە لایەن بێ ئاگاترین و دواکەوتووترین و ڕاگیراوترین بەشەکانی پرۆلیتاریاشەوە فام دەکرێن. بۆرژوازی خاوەن کارخانە و خاوەن زەوییە، بە سەدان و بگرە بە هەزاران ڕۆژنامە و چاپەمەنی هەیە: تەواوی کارخانەکانی دروست کردنی کاغەزیش لە خاوەنداریەتی ئەو دان. پرۆلیتاریا بە پشتیوانی سەرچاوەکانی خۆی تەنیا دەتوانێ هەندێک ڕۆژنامە چاپ بکات. ترساندن و تۆقاندنی ئەو چاپخانانەی کە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی حیزبەکانی چینی کرێکار لە ئەستۆ دەگرن، هەلومەرجی بێدەرەتانی چینی بێ بەشی لەوەی کە هەشە کۆڵەوارتر کردوە. هیچکام لەو هەزاران هەزار ڕۆژنامانەی بۆرژوازی هەتاکوو ئێستا لەلایەن پرۆلیتاریاوە لەناو نەچووە. بەڵام لە بەرامبەر دا ئەگەر کۆمەلێکی بچووک لە چاپەمەنیەکانی چینی کرێکار لەبەر چاو نەگرین، بەشێکی زۆری لەلایەن بۆرژوازیەوە لەناو چوون.'' هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە بۆرژوازی کارخانەدار و خاوەن زەوییە بە دەیان هەزار ساڵۆنی وتاردان، سینەما و شانۆیان لەبەر دەستدایە، کە زۆر بە ئاسانی و لەسەرەخۆ دەتوانن هەوادارانیان لەوێدا کۆبکەنەوە و هەر بانگەشەیەک کە پێیان باش بێت بیکەن. بەڵام هەر شوێنێک گومانی چەپبوون و خەباتی لە پرۆلیتاریای لێ بکرێیت دادەخرێت و یاساغ دەکرێت، تەنانەت شەقام و ناڕەزایەتی جەماوەریش بە خەڵکی ڕەنجدەر و هەژار ڕەوا نابینن، لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و دەزگەکانیانەوە هەموو جۆرە چالاکییەکی ناڕەزایەتی بە بێبەها و بێهوودە نیشاندەدەن.
هەروەک لە سەرەوە باسمانکرد گرامشی بڕوای بە دیموکراسی بۆرژوازی و دامودەزگەکانی نەبوو بەڵام پێشی وا بوو کە نا بێت بایکۆت و پشتگوێ بخرێن بەڵکوو هەندێک دۆخ وا دەخوازێت کە لەناو جەرگەی دەزگەکانی بۆرژوازی بەردەوام تێکۆشان بکرێت و گۆڕەپانی سیاسی بۆ چین و حیزبی بۆرژوازی چۆڵ نەکرێت. هەروەک بەلشەفیکەکان یەکەم جار لە ڕووسیا کردیان و سوودیان لە پەرلەمان بینی بۆ چالاکی و گەیاندنی دەنگ و پڕوپاگەندەی سیاسی و شۆڕشگێڕی خۆیان. لەم گۆشەیەوە لینین دەڵێت: بایکۆتی پاسیڤانەی پەرلەمان (دوما) بێمانایە چونکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ناشۆڕشگێڕانە نابێت. بەو پێیەی کە ئەگەر بایکۆت نەتوانێت ببێتە کەرستەیەکی خەباتکارانە، ئەوە بەکارهێنانی بێ سوودە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەلای لینین گرینگتر لە بەشداری کردنی پەرلەمان چالاکیی جەماوەری و گرینگی دانە بە ڕێکخستنی حیزب. ئەو دەڵێت: ئەوەی لە پەرلەمان گرینگترە بەهێزکردنی ڕاپەڕین و ڕابوون و مانگرتنەکان و خرۆشانی ناو شەقامەکانە وەک وەچەرخانی کۆمەڵایەتی، نەک دۆما یاخوود بەژداری لە دۆما. گرامشی لە وتارەکەی "هەڵبژاردن و ئازادی"دا، تیشک دەخاتە سەر ئەوە کە بۆرژوازی هەموو کارێک و ڕێگرییەک دەکات تا پارتە چەپ و شیوعییەکان نەگەن بە پەرلەمان و نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران لەوێ ئامادە نەبێت. بەڵام نا بێت دەست بەرداری ئەم ڕێگەیە ببین، یەک نوێنەری ڕاستەقینە و خەم خۆری ڕەنجدەران بەسە بۆ ئەوە ببێتە دەنگی ڕاستەقینەی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان. گرامشی دەنووسێت: هەر بەو هۆیەیە کە حیزبی شیوعی خۆی لە بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا نابوێرێ. چونکوو حیزب ئەزموونی ئەم هەڵبژاردنەی لە ئەوپەڕی کاریگەری و هێزی فێرکاریانەی خۆیدا دەوێ. چونکوو حیزبی شیوعی تەنیا حیزبی پێشڕەوی پرۆلیتاریا نییە. بەڵکو حیزبی جەماوەری بەرینی خەڵکیشە.'' لەم سۆنگەیەوەیە گرامشی سکرتێری حیزبی شیوعی ئیتاڵیا دەبێت بە ئەندام پەرلەمان و لەوێوە شەڕی بە دەستخستنی مافەکانی چینی کرێکا و جوتیار و کۆی زەحمەتکیشان دەکات.
ئێستا کە لەژێر فشاری نێودەوڵەتی کار بۆ هەڵبژاردنی کوردستان دەکرێت. گرفت لە بڕیاڕی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوەدایە کە ناوەندنی بڕیاربە دەست هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکات وەک بنەمایەکی سەرەکی و پێداویستییەک بۆ پاراستنی نەریتی دیموکراسی و کاری دامەزراوەیی و بنەماکانی حوکمرانیێکی دیموکراسیی ڕاستەقینە، بەڵکوو ئێستا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەژێر فشارە، کە سەرجەم هێزە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان و ئەوانەشی خۆیان بە دۆستی کورد دەزانن کە سەردانی هەرێم دەکەن یەکەم پرسیاریان ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن؟! هەر پەیوەست بەم دۆخە لەسەر وتاری ڕۆژنامەی "ڕێگای کوردستان" کە زمانحاڵی حیزبی شیوعیی کوردستانە. ئاماژە بەوە دراوە کە "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ڕێگای نوێبوونەوەی دامەزراوەکان و جەختکردنی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات و وێستگەی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی کاروانی حوکمرانییە لەلایەن خەڵکەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردن داڕشتنی ڕێگای نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان بێت، زۆر گرنگە سەرجەم هەوڵوکۆششەکان بۆ بنیاتنانی دامەزراوەکان و بوونی دەستووری کوردستان وەک مەرجەعییەتێک بێت نەک مەرجەعیەتی حزبی."
بەڵام کە سەیری تابلۆ گشتییەکەی دۆخی سیاسیی هەرێم دەکەیت بە ڕوونی دیارە کە دیموکراسیی ساختە و بەرژەوەندی حزبی و شەخسی جێگەی بە پرسە گرینگەکانی تر لەق کردووە. لەکاتی هەڵبژاردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسادا حیزبە لیبڕاڵ و کۆنەخوازەکان کەوتنەتەخۆ بۆ دابەشکاری و بەشینەوەی بەش و پشکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کە خۆی لە ڕاستیدا دەبێت سەربەخۆ بێت و دەزگەیەکی ڕاستەقینەی کۆی خەڵک و جەماوەر بێت تەعبیرێکی نیشتیمانی هەبێت. بەڵام دوور لە دیموکراسی و سەربەخۆی دامەزراوەکە بەشێکی زۆری لایێنەکان پشگوێ خراوە. بەتایبەت ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە غیابی چەپەکانە لەم کۆمسیۆنەدا،کە بە زەرەی خەڵکی بەشمەینەتە و هێزی چەپە، و لە بەرژەوەندی چین و تاقمی دەستەڵاتدەرە. لەگەڵ ئەوەشدا هەمواری یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی بۆ چوار بازنە چەندان لێکەوتەی خراپی شارچیەتی و دابەشکرای و برەودان بە خێڵایەتی و تەسکردنەوەی دیموکراسی و فەوتانی هەزاران دەنگی دەنگدەران و چەندان خاڵی نەرێنی تر لەسەر ئەم هەموارە، بە ئاشکرا لێدانە لە دەنگی حیزبە چەپەکان، دیارە کە نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک چەپ و شیوعییەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان لە پەرلەمان هەبێت و دەنگی ڕاستەقینەی ئەوان بگەیێنێت. ئەمە خۆی دژی ئەو دروشمە قەبە و بێ ناوەڕۆکەیەکە دیموکراسیی بۆ هەمووانە. نەخێر دیموکراسی لە پێناو مانەوەی تاقمی دەستەڵاتدار و چینی سەرمایەداری خێڵەکیی کوردییە.
ڕاستە چەپەکان بڕوایان بەوە نییە کە تاکە شوێنی تێکۆشان و خەبات پەرلەمانە، بەڵام دەبێت ئەمجارە بە تێگیشتن و دیدی لینین و گرامشیەوە، هەنگاو بنرێت. زیاتر تەرکیز بخرێتە سەر چالاکی جەماوەری و گەڕانەوە بۆ شەقام و بەهێزکردنی گوتاری ڕادیکاڵی سیاسیی، لەکەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانیەتی و یەکگرتوویی حیزب و گروپ و کەسیاتی و ڕۆشنبیرە چەپەکان زەرورەت و ئەمری واقیعە، له پێناو تێکۆشانی جۆراوجۆر و بەدەست هێنانی ئامانجە باڵاکانی هزری چەپ و مارکسیزم کە یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسیی ڕاستەقینەیە.
  • 1