بەشی یەكەم
كزبوونى ترووسكه‌ى هیواو نه‌بینینى ئاسۆیه‌كى روون بۆ قەیران و گرفتە فرەجۆرەکان، یه‌كێك له‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه مه‌ترسیدارانه‌یه كه خزاوه‌ته ناو دیوى ناوه‌وه‌ى ده‌روونى زۆرینه‌مان له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا، دیارده‌یه‌كى گشتى كه كه‌مترین قسه‌ى جدی له‌باره‌وه كراوه‌و و كه‌مترین هه‌وڵیش هه‌بووه چ له رێگه‌ى نوسین و شیكردنه‌وه‌ى زانستى و چ له‌رێگه‌ى بهكردهییكردنى رووبهرووبوونهوهو چاره‌سه‌ركردنى، ئه‌م كزبوونى ترووسكه‌ى هیوایه‌ی کە به زمانه زانستییه‌كه‌ى پێى ده‌گوترێ "ره‌شبینى به‌كۆمه‌ڵ- Collective pessimism".
"ڕه‌شبینى - pessimism " چه‌مكێكه به ئاراسته‌ى جۆراوجۆر پێناسه‌ى بۆكراوه، بۆنموونه (دیمبر بروكس- Dember Brooks) پێیوایه "ڕه‌شبینى به‌ماناى ڕوانینێكى نێگه‌تیڤ دێت بۆ ژیان بۆ قۆناغى ئێستا‌و قۆناغه‌كانى داهاتوو، پێشیوایه "گه‌شبینى" ته‌واو پێچه‌وانه‌ى چه‌مكى "ڕه‌شبینى" دێت كه بریتییه له هه‌ستكردن و تێڕوانینێكى پۆزه‌تیڤ بۆ ئێستا‌و بۆ ئایینده".
هه‌روه‌ها (مارتن سلیجمان – martin slegman) مه‌غزاو ناوه‌رۆكى ئه‌م چه‌مكه به فۆرمێكى دیكه ده‌ناسێنێ، "سلیجمان" پێیوایه كه پێوه‌ره‌كانى ره‌شبینى لاى هه‌مووان وه‌ك یه‌ك نین، لاى هه‌ندێك كه‌س پێوه‌ره‌كانى ڕه‌شبینى بریتییه له له‌ده‌ستدانى ده‌ستكه‌وتى ماددى یان ده‌رفه‌تێكى چاره‌نووساز یاخود له‌ده‌ستدانى ده‌ستكه‌وتێك له‌سه‌ر ئاستى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى كه له ئه‌نجامدا ره‌شبینى لێده‌كه‌وێته‌وه.
به‌ده‌ر له‌م پێناسانه‌ى سه‌ره‌وه، بهبڕواى من دروستبوونى حاڵه‌تى ڕه‌شبینى چه‌نده په‌یوه‌سته به دۆخى "تاك" و له‌باربردنى به‌رژه‌وه‌ندى و به‌دینه‌هاتنى خواست و خه‌ونه‌كانى "تاك"ه‌وه، هێنده‌ى تریش په‌یوه‌سته به ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاڵۆزى ره‌وشى سیاسى و جه‌نگ و تێكچوونى هاوسه‌نگى ئابوورى و هه‌روه‌ها ئه‌و گوتاره زبر‌و توند‌و بوغزاویەى زۆرینەی میدیای حزبی و سێبەرو سۆشیال میدیا كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ڕه‌شبینه‌كان به‌سه‌ر سێ ئاستدا ده‌به‌ش ده‌بن ، ئاستی یه‌كه‌میان بریتییه له دروستبوون و په‌ره‌سه‌ندنى ره‌شبینى له‌سه‌ر ئاستى "تاك" كه باكگراوند و پێودانگه‌كانى تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه‌و ئاستى دووه‌میشیان بریتییه له‌و ڕه‌شبینییه سهرتاپاگیرهى كه له گرووپێك یان ده‌سته‌یه‌ك یان پارتێكى سیاسی‌دا به میكانیزمى جۆراوجۆر ده‌رده‌كه‌وێت و "كه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵگه" پێكده‌هێنن، ئاستى سێیه‌میشیان ئه‌م ئاسته مهرسیدارهیه كه بۆته ناونیشانى وتاره‌كه‌ى ئێمه‌و پێیده‌گوترێ "ڕه‌شبینى به‌كۆمه‌ڵ"، ئاستى سێیه‌م زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه بارگاوى ده‌كات له ره‌شبینیدا.
جگه له ئاسته‌كانى ڕه‌شبینى كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كردن، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه ره‌شبینى و ڕه‌شبینه‌كان دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ى گرنگ :
ئاراسته‌ى یه‌كه‌م / ره‌شبینى ئاگاییانه - Pessimism conscious :
ئاراسته‌ى ره‌شبینى ئاگاییانه بریتییه له‌و ئاراسته‌یه‌ى كه به‌رهه‌مى بیركردنه‌وه‌یه‌كى عهقڵانهیهو له‌ئه‌نجامى ده‌رككردن به فاكتى كێشه جۆربه‌جۆره‌كان و دواتر بێهیوابوون له ریشه‌كێشكردنى هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌كردنی به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رتاپاگیر ده‌رده‌كه‌ون، به‌و مانایه‌ى ره‌شبین و ره‌شبینه‌كان تێده‌گه‌ن و ده‌زانن كه سه‌ره‌داوى بێهیوابوون و بهدبینییهكهیان له‌كوێوه سه‌رى ده‌رهێناوه‌و تێشده‌گه‌ن كه دهرنههێنانى ریشه‌ى كێشه‌كان گرێدراوه به كامه هۆكارى خودى و بابه‌تییه‌وه، واتا بهدبینییهكهیان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى واقیعى بیناكردووه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى وههم و عاتیفه.
ئاراسته‌ى دووه‌م / ره‌شبینى نا ئاگاییانه - Pessimism Unconscious :
ئاراسته‌ى ڕه‌شبینى نا ئاگاییانه به‌پێچه‌وانه‌ى ئاراسته‌ى ڕه‌شبینى ئاگاییانه، به فۆرمێكى ڕه‌شۆكى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كان ده‌كه‌ن و زیاتر وابه‌سته‌ن به هێژموونى ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندى و دۆخى تایبه‌تى و خودییه‌وه، نه ده‌یانه‌وێ تێبگه‌ن له‌واقیعى ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ى ئه‌وانى توشى به‌دبینى كردووه، نه له‌بنه‌ڕه‌تیشدا گرفته‌كان هێنده گه‌وره‌ن كه ئه‌وانى توشى ئه‌و ئاسته له به‌دبینى كردووه، زێده‌تر خه‌یاڵ و پاساوى كرچوكاڵ و هه‌ڵچوونێكى ده‌روونى بێبنه‌ما ئه‌وانى توشى ئه‌و بارودۆخه كردووه.
بۆچى زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه له هه‌رێمى كوردستان توشى "ره‌شبینى به‌كۆمه‌ڵ" هاتوون؟
كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى چه‌ند ساڵێكه دیارده‌یه‌كى مه‌ترسیدار تێیدا سه‌ریهه‌ڵداوه، دیارده‌یه‌ك كه له "ڕه‌شبینى تاك"و "ڕه‌شبینى گرووپێكى كۆمه‌ڵگه"وه ته‌شه‌نه‌ى كردووه بۆ جوگرافیایه‌كى فراوانتر تا ئاستى "ڕه‌شبینى به كۆمه‌ڵ"، زمانى هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه پڕاو پڕه له به‌دبینى، ئه‌وه‌ى توشى تێڕامان و ڕاچڵهكینمان ده‌كات ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بهدبینیه به كۆمه‌ڵه ته‌نها له چوارچێوه‌ى "ده‌رده‌ڵ و بۆڵه‌بۆڵ و توڕه‌یى" كۆڕ‌و مه‌جلیساندا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو راپۆرته فه‌رمییه‌كانى دامه‌زراوه حكومییه‌كان ئه‌وه‌ى بۆ ئاشكرا كردوین كه به سه‌دان گه‌نجى پیاوى تازه‌پێگه‌یشتووى گه‌یاندۆته ئاستى خۆسڕینه‌وه له‌سه‌ر زه‌وى ! ئه‌م "بهدبینیه به كۆمه‌ڵه" به سه‌دان ئافره‌تى شوونه‌كردوو و شووكردوى رووبه‌ڕووى تراژیدیاى خۆكوژى و خۆسوتاندن كردۆته‌وه‌و له‌دواى خۆشیان هه‌زاران منداڵى بێ دایك به‌جێماون ! ئه‌م "بهدبینیه به‌كۆمه‌ڵ"ه هه‌زاران خێزانى له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌و تادێ زێده‌تریش له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێن! ئه‌م "بهدبینیه به كۆمه‌ڵ"ه ئینتیمانى فه‌رمانبه‌رو مامۆستایانى له ئاست خزمه‌تكردنى دامه‌زراوه حكومییه‌كان ئیفلیجكردووه، بڕۆن سه‌یرى حاڵى ده‌وامكردنى قوتابى و مامۆستا‌و ڕۆڵى فهرمانگهكانى حكومه‌ت و جێده‌ست و به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانیان بكه‌ن جا تێده‌گه‌ن ئه‌م وڵاته به‌هۆى "به‌دبینى به‌كۆمه‌ڵ"ه توشى چ وێرانه‌یه‌كى مه‌ترسیدار بۆته‌وه !
ئه‌م "ره‌شبینیه به كۆمه‌ڵ" به فۆرمێكى سه‌رتاپاگیر هاتۆته ناو ده‌روونى ههمووانهوهو تێكه‌ڵ بووه له‌گه‌ڵ جوڵه‌و ژیان و كار‌و هه‌ستان و دهنیشتنمان، له سیاسییهكى باڵاوه تا ده‌گاته پاسه‌وانێكى به‌رده‌م باره‌گایه‌ك، له سه‌رمایه‌دارێكه‌وه تا ده‌گاته ئه‌و كائینه جوانه‌ى شه‌قامه‌كان پاكده‌كاته‌وه، له پیره‌ژن و پیره پیاوێكى سه‌رووى ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵییه‌وه تا ده‌گاته گه‌نجێكى تازهكامڵبوو، له كه‌سێكى پڕئیش و ده‌ستڕه‌نگینى بزۆزه‌وه تا ده‌گاته كه‌سێكى ده‌ستبه‌تاڵى بێكارهى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه له هێژموونى ڕه‌شبینیدا بۆ حاڵى ئێستا‌و ئایینده‌یان ده‌ڕوانن و كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ى ئه‌م هه‌موو تاریكبینییه شك نابه‌ن !
لێره‌شدا ده‌كرێ به‌شێك له نموونه‌كانى ئه‌م ره‌شبینییه سه‌رتاپاگیره ئاماژه بۆ بكه‌ین، كه له‌یه‌ك كاتیش‌دا ده‌توانین وه‌ك سێ فاكته‌رى گرنگ بیانخوێنینه‌وه:
1- وڵاتى قه‌یران :
یه‌كێك له سیما كوشنده‌كانى ئه‌م وڵاته‌ى ئێمه بریتییه له پڕكردنه‌وه‌ى كه‌لێنى قه‌یرانێك و ده‌ركه‌وتنى كه‌لێنى قه‌یرانێكى دیكه، قه‌یرانى به‌نزین چاره‌سه‌ر ده‌بێ، له‌لایه‌كى دیكه‌وه قه‌یرانى نه‌وت سه‌رهه‌ڵده‌دا، قه‌یرانى نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌بێ قه‌یرانى كاره‌با سه‌رهه‌ڵده‌دا، كاره‌با تاڕادده‌یه‌ك به پینه‌وپه‌ڕۆ چاره‌سه‌ر ده‌بێ له‌ولاوه قه‌یرانى كهمئاوى سه‌رهه‌ڵده‌دا، له‌لایه‌كى دیكه‌وه قه‌یرانى دارایى و گرانى بازاڕوو زیادكردنى باج و زۆر قه‌یرانى دیكه‌ش وایانكردووه تروسكه‌ى هیوایه‌ك ده‌رنه‌كه‌وێ بۆ هاتنه‌سه‌ر سكه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیمان له فۆرمێكى سروشتی‌دا، له‌گه‌ڵ هاتنى هه‌ر وه‌رزێكى نوێشدا كۆمه‌ڵێك قه‌یرانى چاوه‌ڕوانكراوى چارهسهرنهكراویش هێنده‌ى دیكه تۆوى بێمتمانه‌یى له ده‌روونى زۆرینه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا موتوربه كردووه.
2- زاڵبوونى هێز و هێژموونى به‌ره‌ى گه‌نده‌ڵكاران به‌سه‌ر به‌ره‌ى ریفۆرمخوازاندا :
به بڕواى من جگه له كه‌سانى سوودمه‌ندو مشهخۆرانى ئه‌و ژینگه ناته‌ندروسته‌ى كه دۆخێكى كاتى ئه‌وانى هێناوه‌ته پێشه‌وه، هیچ كه‌س به گه‌شبینیه‌وه بۆ بنبڕ‌كردنى گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران ناڕوانێ، له وڵاتێكدا كه هێز حوكم بكات و كهرهسهكانى هێزیش له‌لاى به‌ره‌ى گه‌نده‌لێ و گه‌نده‌ڵكاراندا كۆبووبێتهوهو لاوازترین به‌ره‌یه‌كیش كه خه‌ون به ریشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵییه‌وه ببینێ چاره‌نووس و نان و بژێوییان كه‌وتبێته ژێر ئیراده‌و قه‌ڵه‌م و بڕیارى كه‌سانى نقومبوو له گه‌نده‌ڵیدا، ئیدى بۆچى به‌لامانه‌وه سه‌یر بێ كه زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه توشى "ره‌شبینى به‌كۆمه‌ڵ" هاتبن؟! كاریگه‌رییه‌كانى جه‌نگ و لاوازى هێزى یاساكانیش هه‌رباس ناكرێن.
3- چاره‌نوسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ماندوو به قه‌زاوقه‌ده‌ر به‌ڕێوه نابرێ :
ئه‌م فشاره ده‌روونیه‌ى كه له‌م قۆناغه‌دا رووبه‌ڕووى زۆرینه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه بۆته‌وه‌و تراژیدیاى جۆراوجۆرى مهرگهێنیشى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ترووسكایى ویست و ئه‌جێندایه‌كى به‌هێزیش جگه له كاتكوشتن نابینرێ بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قۆناغه نه‌گریسه، ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌م باوه‌ڕه‌ى كه ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێ "ڕاده‌ستكردنى چاره‌نووسى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ماندووى قه‌یراناوییه به قه‌زاوقه‌ده‌ر!".
هه‌وڵده‌ده‌ین له زنجیره وتارى داهاتووماندا ئه‌و ئاسه‌وارانه بخه‌ینه‌ڕوو كه پێشبینى سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ند پێشهاتێكى مه‌ترسیدارى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى لێده‌كرێ، به‌پێى ئه‌زموونى خۆشمان هه‌وڵى ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین چه‌ند خاڵێك وه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌ى "به‌دبینى به‌كۆمه‌ڵ"ه بخه‌ینه‌ڕوو.