دانا شوانی
قوتابی دكتۆرا لە كۆمەڵناسی
هەموومان چەندان گریمانەمان لە مێشكدایە كە بۆ ژن، پیاو و گەنج، نۆرماڵ و سروشتییە. بیروڕای كولتووری لەمەڕ ڕەگەز و تەمەن چەندان دەرەنجامی كۆمەڵایەتی دیاریكراوی هەیە. ژنان و پیاوان چەندان پێگەی جیاوازیان لە كۆمەڵگەدا هەیە و چاوەڕوان دەكرێت چەندان ڕۆڵی جیاوازیش بگێڕن.
جۆری ڕەگەزی تاكەكان كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر بیر و جۆر، ئەو كارەی كە تاك دەیەوێ ئەنجامی بدات، هەیە. ئەم ڕاستییەی كە ژنێك یان پیاوێك، لە ڕاستیدا شوناسی كۆمەڵایەتی و دەرفەتە كۆمەڵایەتییەكانی بۆ دەڕەخسێنێت. ئامانج لەم دەقە نیشاندانی ئەم بابەتەیە كە چۆناوچۆن لە كۆمەڵگە هەمەچەشنەكاندا سوود لە فاكتەرە بایۆلۆژییەكانی وەك ڕەگەز و تەمەن بۆ ڕیزبەندیكردنی تاكەكانی كۆمەڵگە وەردەگرن و لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین پتر جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە، كە ئاخۆ جیاوازییە ڕەگەزییەكان ڕەگ و ڕیشەی لە بایۆلۆژی و جیاوازییە بایۆلۆژییەكانی تاكەكاندا هەیە یان ڕەگ و ڕیشەی لە جیاوازییە كولتوورییەكان یان بەكۆمەڵایەتیبوونیاندا هەیە و دواجار جەخت لەسەر ئەو نایەكسانییە ڕەگەزییە دەكەینەوە، لە خێزاندا كە دەرفەتی یەكسان بۆ هەردوو ڕەگەز لە مەسەلەی خوێندن بەتایبەت ناڕەخسێنن.
سەرچاوەی جیاوازییە ڕەگەزییەكان
كۆمەڵناسەكان، تێرمی ڕەگەز بۆ دیاریكردنی شوناسی بایۆلۆژی تاكەكان وەك ژن یان پیاو وەردەگرن و تێرمی ڕۆڵی ڕەگەزی ئاماژە بە ڕەفتار، ڕەوت و ئەو هەستانە دەكات كە كولتوورێك بۆ ژنان و پیاوان بەگونجاوی دەزانێت. تێرمی جێندەر ئاماژە بە بیركردنەوەی كەسێ یان شوناسی كولتوورییەكەی وەك ئەدگاری ڕەگەزی نێرینە یان مێینە دەكات، لە زۆربەی بوارەكاندا شوناسی ڕەگەزی كەسێك لەگەڵ ڕەگەزەكەی تەبا و كۆكە، بەڵام لە هەندێ بواردا ئەم كۆك و تەباییە بوونی نییە.
پیاوبوون و ژنبوون دەتوانرێ چەندان مانای جیاوازییان هەبێت، كاتێك تاكێک وەك ژن یان پیاو وەسف دەكرێت، ئەشێ مەبەستمان ئەمانە بێت:
- هەردووكیان چەندان تایبەتمەندییان هەیە، كە لەوانەیە لە ڕووی ڕەگەزییەوە جیاواز بن.
- ئەوان بەها تایبەتەكانی خۆیان لە ڕۆڵە ڕەگەزییە ژنانەییەكان یان پیاوانەییەكان دەستنیشان دەكەن.
3 . هەردوو ڕەگەز چەندان تایبەتمەندی لە خۆیان پیشان ئەدەن كە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر جێسەرنج و سەیرە.
كۆمەڵناسان تێرمی جێندەر وەك تێرمێكی بەرافراوانتر لە تێرمی ڕەگەز بەكاردەهێنن. ئەم تێرمە تەواوی ئەو جیاوازییانەی كە لە پیاوانە و ژنانەبوون هەست پێدەكرێت، دەگرێتەوە.
ئاخۆ ڕۆڵەكان و شوناسی ڕەگەزی بەشێوەیەكی سروشتی جیاوازییە بایۆلۆژیكییەكان دەخاتەڕوو؟ یان ئەوە كۆمەڵگەیە خستوویەتییە ڕوو و لە بنەڕەتدا شتێ بەناوی بایۆلۆژیكی نییە یان زۆر كەمە؟ لە ڕاستیدا دوو جۆر بیروڕا لەم بارەیەوە هەیە، لەلایەك كۆمەڵێ كەس پێیانوایە كە بایۆلۆژی چارەنووس سازە: (جیاوازییەكانی نێوان پیاوان و ژنان لە ڕێگەی هۆرمۆنەكانەوە دەستنیشان دەكرێن و ژینگەش ڕۆڵێكی كەمی لەم نێوانەدا هەیە). ئەم كەسانە دەیانەوێ جیاوازییە ڕەگەزییەكان بە شتێكی سروشتی باس بكەن یان ببینن. لە لایەكی تر، كەسانێكی تر هەن پێیانوایە كە (كۆمەڵگە چارەنووسسازە ).مۆدێلی ڕەفتاری ژنانە و پیاوانە بەرهەمی بەكۆمەڵایەتیبوونە و كاریگەری هۆرمۆنەكان لەم نێوانەدا بە كەم دەزانن، ئەو كەسانەی بڕوایان بەم تیۆرە هەیە ئەیانەوێ ژنان وەك گرووپێكی ستەملێكراو باس بكەن.
جیاوازییە بایۆلۆژییەكان
ئەوەی پیاوان و ژنان لەگەڵ یەكدا جیاوازن گومانی تیا نییە. پیاوان زۆربەی جار باڵابەرزتر، قورستر، لە ڕووی جەستەوە بەهێزترن لە ژنان. ژنان كەمتر زیانیان بەردەكەوێ، كەمتر بریندار دەبن و لەهەر تەمەنێكدا بەرامبەر پیاوان ژیانێكی دوورودرێژتریان هەیە. كچان لە منداڵیدا زووتر لە كوڕان قسە دەكەن، خانمەكان لەو ئەزموونانەی كە لەڕووی كاری دەستییەوە هەیانە پێشینەی هەیە و پیاوەكان لە بەرجەستەكردنەوەی كەشەكە توانایەكی باشتریان هەیە.
ئەم جیاوازییانە لە كوێوە سەرچاوە دەگرن؟ ماناكانیان چییە؟
ئەتوانین بڵێین هەموو ئەو جیاوازییانەی لە نێوان پیاوان و ژناندا هەیە شتێكی سروشتی و بایۆلۆژییە و بەمانای بەكەمزانینی لایەنێكیان نییە، چونكە هەر یەكەیان لە ڕوانگەیەكەوە توانای ئەنجامدانی كارێكیان هەیە و هەروەها جیاوازییە ڕەگەزییەكان بەمانای نایەكسانی نییە، بەڵكو دەرخەری هەبوونی جیاوازییە. هەڵبەت لە كۆمەڵگە پیشەسازییە مۆدێرنەكانیشدا كە دابەشكردنی كاری تیا هاتۆتە ئاراوە، ئیشەكان كەمتر پێویستیان بە هێز و وزەی زۆرە، بەڵكو پتر پێویستیان بە لێهاتوویی و شارازەیی زۆرە كە ئەویش تایبەت نییە بە ڕەگەزێكەوە.
كاریگەرییە كولتوورییەكان
ڕەفتار، بیروڕا و ئەو ئەركانەی كە دەبنە هۆی ڕەشكردنەوەی ژنان، زۆرجار بەقووڵی ڕەگی لە بیروڕا مەزهەبی، كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكاندا داكوتاوە، هەموو ئەو توێژینەوانەی لەم بوارەدا كراون لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا جیاوازی ڕەگەزی شتێكی باوە و بوونی هەیە. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی لەرێگەی توێژینەوەیەكەوە ئەوە سەلمێنراوە كە ههیمەنە و دەرفەتی پتر بۆ پیاوان ڕەخساوە.
هەروەها بە خوێندنەوەی ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان لەمەڕ بابەتە دیاریكراوەكانی وەك دەستگەیشتن بە توانای خوێندن و خوێندەواری و دەرفەتی كار، ڕێژەی جیاوازی ڕەگەزی و ئەركەكەی لە وڵاتانی جیاواز ئاشكراتر دەبێت. توێژینەوەیەك ئەوەی دەرخستووە كە لە زۆربەی خێزانەكاندا پیاوان كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی وەك دەرەفەتی خوێندن و پەروەردە دەكەن و پێیانوایە تەنانەت خوێندنی زانكۆیی بۆ پیاوان پێویستترە لە چاو ژنان. تەنانەت ئەم نایەكسانی دەرفەتە لە كوردستان و خێزانی كوردیدا بەئاشكرا ڕەنگیداوەتەوە بەتایبەت لە گوند و لادێكانی كوردستاندا، چونكە لەو گوندانەدا ئاستی هوشیاری و تێگەیشتنیان بەرامبەر هەندێ پرسی كۆمەڵایەتی بەرزنەبووەتەوە، بۆیە هەست بە گرنگی خوێندن و پەروەردە ناكەن و بەگشتی بوونەتە هۆكاری دانەبەزینی ئاستی نەخوێندەواری لە نێو ژناندا.
بۆیە ئەم دیدە هێدی هێدی پەرە دەسێنێت و دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی كۆمەڵگە و خێزانەكان یان بەلایەنی كەمەوە لەنێو ئەو چوارچێوە كۆمەڵایەتییەدا پەرە دەستێنێ و نەوە دوای نەوە ڕەوایەتی بەو كردەیە ئەدەن.
چەندان ڕوانگەی هەمەچەشن بەرامبەر بە مەسەلەی خوێندنی ژنان هەیە، لێكچوونێكی زۆری لەگەڵ ڕوانگەگەلی هاوشێوە هەیە سەبارەت بە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا. پتر لە هەشتا لە سەدی پیاوانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات پێیانوایە، ئەو كاتەی توانا پیشەییەكان كەمە، پیاوان مافێكی پتریان بۆ كاركردن هەیە، و پێیانوایە سەرۆكی سیاسیی باشترن لە ژنان. لە تەواوی ناوچەكانی جیهاندا، ئەو پیاوانەی كە بۆچوونێكی لەم چەشنەیان هەیە كەمترە.
فۆرمە شاراوەكانی جیاوازی جێندەری
فۆرمە شاراوەكانی جیاوازی ڕەگەزی بە ئەندازەی توندوتیژی بە زیان و دڕندانەیە. دیاریكردنی جیاكاری ڕیكخراو دژواترە و ڕیفۆرمكردنیشی پێویستی بە كاتی زیاترە. ئەگەر كڵێشە جێندەرییەكان هەرگیز ڕووبەڕووی قەیران نەبنەوە، نەریتە كولتوورییە نایەكسانەكان و جیاكاری لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر دەگوازرێتەوە. دابەشكردنی نایەكسانی كار، نایەكسانی لە خوێندن و كەمی دەرەفەتی پەروەردەیی بۆ ژنان، و بەشدارینەكردنی ژنان لە كاری سیاسی و پێدانی هەندێ كاری لاوەكی، هەموو ئەمانە فۆرمە شاراوە و ناشاراوەكانی جیاكاری جێندەرییە كە لە كوردستاندا بە شێوەیەكی بەرچاو دەیبینین.
وێرای ئەوەش هەبوونی نایەكسانی جێندەری، جێگەی ژنان لە سێ دەیەی ڕابردوو لە جیهان و كوردستاندا گۆڕانێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئاگای پتر لە فۆرمەكانی دەسەڵات، وەك توندوتیژی ڕەگەزی و فیزیكی، خەتەنەكردنی ژنان، نەخوێندەواری و هتد، وەرچەرخانی باشی بەخۆیەوە بینیوە بۆ ژنان، بەڵام هێشتا هەر ماوە و ڕێژە و ئاستەكان ئاسایی نەبۆتەوە. هەڵگرانی یەكسانی جێندەری بەهۆی ڕیفۆرمی مافی و كۆمەڵایەتییەوە هەوڵدەدەن زەمینەی گۆڕانی بونیادە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان فەراهەم بكەن، بەم چەشنە، لەكاتێكدا كە هەنووكە جێندەری تاكەكان لە هەڵبژاردن و توانای ئامادە لە بەرامبەریان كاریگەری هەیە، بەڵام لە زۆربەی جیهان بە كوردستانەوە، ئەو كچەی كە لە ساڵی 2007ەوە هاتووەتە دونیا ئایندەیەكی ڕۆشنتری لە چاو ئەو كچە هەیە كە لە ساڵی 1979 هاتووەتە دنیاوە، بۆیە پێویستە دامودەزگا پەروەردەییەكان هەوڵبدەن دەرفەتی پتر بۆ ئەو كچ و ئافرەتانە، كە لە پێشدا دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە ئێستا بۆیان بڕەخسێنێت بەتایبەت لە مەسەلەی نەخوێندەواری و بنەبڕكردنی، چونكە نەوەی پێشتر بە هۆی كۆمەڵێ هەلومەرجەوە ئەو دەرەفەتەیان بۆ نەڕەخساوە و نەیانتوانیوە دریژە بە خوێندن بدەن.