بە‌ ڕوونی

كاوە‌ مە‌حموود

عە‌لمانییە‌ت بژاردە‌یە‌ك بۆ مە‌دە‌نیبوون و پێشكە‌وتن و بە‌یە‌كە‌وە‌ژیان

بە‌شی دووە‌م/ هە‌ڵتە‌كاندنی گوتاری ناوزڕاندنی عە‌لمانییە‌ت

 

بە‌شێكی سە‌رە‌كی گوتاری ناوزڕاندنی عە‌لمانییە‌ت لە‌ درووشمی ئە‌و هێزە‌ سیاسییانە‌دا دە‌ردە‌كە‌وێ، كە‌ جە‌ختدە‌كە‌نە‌وە‌ ئیسلام دین و دە‌وڵە‌تە‌، بە‌ڵام ئایا كۆكبوون لە‌لایە‌ن ئە‌و هێزانە‌ سە‌بارە‌ت بە‌ خودی چە‌مكی دە‌سە‌لات و دە‌وڵە‌ت هە‌یە‌، كە‌ بە‌شێك لە‌و هێزانە‌ باپە‌ندی فە‌رموودە‌ی (تایفە‌ی سە‌ركە‌وتوون)و، لە‌لایە‌ن بە‌شێكی دیكە‌شە‌وە‌ی حزبە ئیسلامییە‌كانە‌وە‌ دید و بۆچوونی جیاواز سە‌بارە‌ت بە‌ تیۆری دە‌وڵە‌ت هەیە‌.

بۆ باسكردنی ئە‌م بابە‌تە‌ ئە‌م خاڵانە‌ دە‌خە‌مە‌ڕوو:

1ـ لە‌ دە‌قە‌ سە‌رە‌كییە‌كانی قورئان و سوننە‌دا، تێڕوانین و دە‌قی ڕوون بۆ چە‌مكی دە‌سە‌ڵات و دە‌وڵە‌ت نییە‌. سە‌رە‌ڕای نە‌بوونی دە‌قی تایبە‌ت بە‌ دە‌سە‌ڵات و دە‌وڵە‌ت لە‌و سە‌رچاوانە‌ی، كە‌ بە‌ نیسبە‌ت هێزی ئیسلامی سیاسییە‌وە‌ پیرۆزن، چە‌ندین تیۆری و تێڕوانین بە‌ چە‌مكی دە‌وڵە‌ت بە‌رهە‌مهێنراوە‌، بە‌ڵام ئە‌و تیۆریانە‌ بەرهەمی ئە‌زموونێكی كۆمە‌ڵایە‌تی مێژوویین و هەوڵ و كۆششی مرۆڤ بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمە‌ڵایە‌تی بووە‌.

 2ـ خوێندنە‌وە‌ی تابلۆی ڕووداوە‌ مێژووییە‌كان لە‌ سە‌رچاوە‌ ئیسلامییە‌كانە‌وە‌ سە‌بارە‌ت بە‌ پە‌یدابوونی چە‌مكی خلافە‌ت، ئە‌وە‌مان پێدە‌ڵێن، كە‌ گە‌ڵاڵە‌بوونی چە‌مكی دە‌سە‌ڵات ئە‌زموونێكی كردە‌یی مێژوویی بووە و پاش پە‌یڕە‌وكردنی و دوای چە‌ندین سە‌دە‌ بە‌ دە‌قی فقهی داڕێژراوە و، لە‌ سە‌ردە‌می ئێستادا پیرۆزی بە‌و دە‌قانە‌ دە‌درێت.

لە‌ دە‌قە‌كانی كتێبە‌ پیرۆزە‌كانی ئایینی ئیسلام، تیۆری تایبە‌ت بە‌ خیلافە‌ت و تیۆرێكی گە‌ڵاڵە‌بوو دە‌ربارە‌ی شورا بۆ هە‌ڵبژاردنی حوكمڕان نییە و، تە‌نانە‌ت ئە‌و دە‌قە‌ش كە‌ لە‌ ئایە‌تی 28ی سورە‌تی شورا هاتووە‌ لە‌ چوارچێوە‌ی ئاماژە‌كردنە‌ بە‌ ڕە‌فتار و ڕە‌وشت، نە‌ك وە‌ك دە‌قێكی تایبە‌ت بە‌ تیۆری حوكمڕانی.

لە‌م ڕوانگە‌یە‌وە‌ كار بۆ بڵاوكردنە‌وە‌ی هۆشمە‌ندی سە‌بارە‌ت بە‌ گرنگی شورا وە‌ك چە‌مكی دە‌سە‌ڵات و میكانیزمی جێبە‌جێكردنی و وردە‌كارییە‌كانی ئە‌م بابە‌تە‌ نە‌كراوە و شوناسێكی پیرۆزی ئایینی پێ نە‌بەخشراوە‌.

كۆمە‌ڵگای ئیسلام بریتی بووە‌ لە‌ كۆمە‌ڵگای چە‌ندین عە‌شیرە‌ت، كە‌ پێشتر ڕە‌وشێكی سیاسی لە‌ حوكمڕانیدا لە‌سە‌ر بنە‌مای شورای بەخۆوە‌ نە‌بینیوە‌. سە‌ركردە‌ی هۆز و عە‌شیرە‌تە‌كان لە‌سە‌ر بنە‌مای هێز و سامان و میراتگە‌ری دە‌ستنیشاندە‌كران.

بۆیە‌ دە‌بینین بابە‌تی شورا بە‌ گشتگیری و ڕەها باسكراوە و، ئاماژە‌ بۆ چۆنێتی هەڵبژاردنی ئیمام یان خە‌لیفە‌ نە‌كراوە و، تە‌نانە‌ت ئە‌وانە‌ی دوێنێ و ئە‌مڕۆ باس لە‌ شورا دە‌كە‌ن میكانیزمیان بۆ شێوازی جێبە‌جێكردنی نییە‌.

3ـ ئە‌زموونی مێژوویی حوكمڕانی لە‌ چوراچێوە‌ی خیلافە‌تدا ئە‌وە‌مان پێدە‌ڵێت، كە‌ یە‌ك شێواز و یە‌ك ڕێگا بۆ چۆنێتی وە‌دە‌سهێنانی خە‌لیفە‌یە‌كی دیاریكراو بۆ دە‌سە‌ڵات نە‌بووە و، هە‌ر خە‌لیفە‌یە‌ك بە‌ شێواز و میكانیزمی جیا لە‌وە‌ی دیكە‌ دە‌سە‌ڵاتی وە‌رگرتووە‌.

لە‌ ڕووداوی سە‌قیفە‌ی كوڕی ساعیدە‌، كە‌ ئە‌بوبە‌كر بوو بە‌ یە‌كە‌مین خە‌لیفە‌، لایە‌نە‌ ناكۆكە‌كان لە‌ مهاجرین و ئە‌نسار ئاماژە‌یان بۆ مە‌وادی ئایینی و دە‌قە‌كانی قورئان و فەرموودە‌كان لە‌ هێنانە‌وە‌ی بە‌ڵگە‌ بۆ ڕە‌وادان بە‌ كە‌سێكی دیاریكراو ببێتە‌ خە‌لیفە‌، بە‌كارنەهێنرا. بازنە‌ی گفتوگۆكان لە‌وە‌دا بوو كە‌ عە‌رە‌ب بە‌ كێ قایل دە‌بێت و، ئە‌بێ ئە‌و كە‌سە‌ش هۆز و عە‌شی‌رەتە‌ عە‌رە‌بە‌كانی پێی قایلبن دە‌بێ لە‌ هۆزی قورە‌یش بێت.

دووە‌مین خە‌لیفە‌ی ئیسلام لە‌ لایە‌ن یە‌كە‌مین خە‌لیفە‌ دە‌ستنیشانكرا و، بۆ سێیە‌مین خە‌لیفە‌ش كە‌سێكیان لە‌ چواركە‌سی دە‌ستنیشانكراوی پێشوە‌خت لە‌لایە‌ن كە‌سایە‌تییە‌كە‌وە‌ یە‌كلاكرایە‌وە و، چوارە‌مین خە‌لیفە‌ش لە‌ ڕێگای ڕاپە‌ڕینی ناڕە‌زایی دژ بە‌ سیاسە‌تی خە‌لیفە‌ی سێیە‌م هاتە‌سە‌ر حوكم. شایانی باسە‌ سێ خە‌لیفە‌ لە‌ كۆی چوار لە‌ ئە‌زموونی سە‌رە‌تایی دە‌سە‌ڵات لە‌ ئیسلامدا بە‌ هۆی ناكۆكی و ململانێیە‌وە‌ كوژران.

ناكۆكی و ململانێیە‌كان بە‌ مە‌بە‌ستی پاراستنی بە‌رژە‌وە‌ندییە‌كان لە‌سایە‌ی سیستمێكی كۆمە‌ڵایە‌تی كۆیلایە‌تی بنە‌مای گە‌ڵاڵە‌بوونی سە‌رە‌تاكانی داڕشتنی تیۆری خلافە‌ت لە‌ مە‌زهە‌بی سوننە و تیۆری ئیمامە‌ت لە‌ مە‌زهە‌بی شیعە‌ بوو.

شەرستانی لە‌ كتێبی (الملل والنحل) ئاماژە‌ بە‌وە‌ دە‌كات كە‌ مە‌زنترین ناكۆكی نێوان ئومە‌تی ئیسلام بوونی جیاوازی لە‌سە‌ر بابە‌تی حوكمڕانی بووە‌. زۆرترین شیر دژ بە‌ یە‌كتر لە‌ ئیسلامدا لە‌سە‌ر بنە‌مایە‌كی ئایینی بە‌رزكرابێتە‌وە‌ بابە‌تی ئیمامە‌ت بووە‌. 

4ـ ئە‌زموونی مێژوویی پێمان دە‌ڵێت، مە‌سە‌لە‌ی یە‌كلاكردنە‌وە‌ی حوكمڕانی لە‌ ڕوانگە‌ی پاراستنی بە‌رژە‌وە‌ندی دە‌ستە و تاقمی دە‌سە‌ڵاتدار بەبیانووی پاراستنی بە‌رژە‌وە‌ندی گشتی (بە‌رژە‌وە‌ندی الجماعە‌) بووە‌.

هە‌ڵبە‌تە‌ (بە‌رژە‌وە‌ندی الجماعە‌) بابە‌تێكی داماڵڕاو لە‌ واقع نە‌بووە‌، بە‌ڵكو هە‌ردە‌م لە‌ بازنە‌ی پێوە‌ری مە‌بە‌ستی سیاسی و كۆمە‌ڵایە‌تی و هاوسە‌نگی عە‌شیرە‌تگە‌ری بووە‌، بە‌ڵام بە‌ هۆی فراوانبوونی پانتایی دە‌وڵە‌تی ئیسلام و زیادبوونی ناكۆكی و ململانێیە‌كان و جیاوازی بە‌رژە‌وە‌ندییە‌كان، بونیادی نیمچە‌ دوورگە‌ی عە‌رە‌ب و پێكهاتە‌ی هێزی كۆمە‌ڵایە‌تی تیایدا توانای درووستبوونی هاوسە‌نگی و سازشبوونی بە‌رژە‌وە‌ندییە‌كانی لە‌ دە‌سدا و، لە‌م ڕە‌وشە‌ چلۆنایە‌تییە‌ نوێیە‌دا پێوە‌ری هێز بوو بە‌ بنە‌مای یە‌كلاكردنە‌وە‌ی ڕە‌وابوونی دە‌سە‌ڵات. ئە‌م پێوە‌رە‌ لە‌ سە‌دە‌ی چوارە‌می كۆچیدا بوو بە‌ بنە‌مای داڕشتنی تیۆری خلافە‌ت و ئیمامە‌ت لە‌ سە‌ردە‌می پە‌یدابوونی ئاینزا و مە‌زهە‌بی جیاواز و ناكۆك، كە‌ بواری دابە‌شبوونی مەزهەبی (سیاسی و فقهی و بواری علم الكلامی) گرتە‌وە‌.

 5ـ گرفتی سە‌رە‌كی تایبە‌ت بە‌ بابە‌تی ڕە‌وابوونی دە‌سە‌ڵات لە‌ هزری ئاینزا و تایفە‌كاندا، بە‌ شیعە و سوننە و توندڕە‌و و میانڕە‌وە‌وە‌، بوونی ناكۆكییە‌ نێوان واقیعی كردە‌یی ئە‌و پرۆسە‌یە‌ی لە‌ پە‌یڕە‌وكردنی دە‌سە‌ڵات و بەهە‌ندوە‌رگرتنی هاوسە‌نگی سیاسی و كۆمە‌ڵایە‌تی تیایاندا، كە‌ لە‌ ئاكامی ململانێیە‌كان و بە‌كارهێنانی هێز هاتۆتە‌كایە‌وە‌، لە‌گە‌ڵ تیۆری مە‌عریفە‌ لە‌ هزری ئیسلامیدا، كە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مای ئیمانداری پێشوە‌خت و گە‌ڕانە‌وە‌ی بۆ سە‌رچاوە‌یە‌ك كە‌ پێشتر لە‌ خوداوە‌ بڕیاردراوە و سە‌رچاوە‌ی وە‌رگرتووە‌.

لە‌ كۆتاییدا ناكۆكی نێوان ئە‌م دوو لایە‌نە‌ی هاوكێشە‌كە‌، دە‌قی پیرۆزی ئایینی و دواتر لێكدانە‌وە‌ی فقهی ئە‌و دە‌قە‌ لە‌ بە‌رژە‌وە‌ندی ئاكامی ئە‌نجامی ململانێیە‌كان و لایە‌نی سە‌ركە‌وتوو تیایدا واتە‌ واقیع یە‌كلاكراونە‌تە‌وە و، بە‌م جۆرە‌ دە‌قی پیرۆز لە‌گە‌ڵ واقیعی سە‌پێنراو گونجێنراوە‌.

6ـ ئە‌گە‌ر بە‌راورد نێوان شورا و چە‌مكی دیموكراسی بكە‌ین، جیاوازی بنە‌ڕە‌تی و سە‌رە‌كی بە‌دیدە‌كە‌ین. بۆ نموونە‌ ڕێڕە‌وی مێژووی هە‌ردوو چە‌مك جیاوازیان هەیە و ئیلزام و وابە‌ستە‌یی لە‌ شورادا نییە‌، جگە‌ لە‌ بابە‌تی دۆگما لە‌و چە‌مكە‌ كە‌ بواری نوێبوونە‌وە‌ی تێدا نییە و بەرهەمی كۆمە‌ڵگاكانی پێش سە‌رمایە‌دارییە‌، لە‌ كاتێكدا دیموكراسی چە‌مكێكە‌ بواری نوێبوونە‌وەی‌ تێدایە و ڕاستە‌خۆ بە‌ بابە‌تی مافە‌وە‌ گرێدراوە و، تە‌نیا لە‌ بازنە‌ی میكانیزم و بوونی زۆربە و كە‌مایە‌تیدا نییە‌، بە‌ڵكو دیموكراسی چە‌مكێكە‌ پە‌یوە‌ندی بە‌ دابینكردنی مافە‌ سیاسی و مە‌دە‌نی و ئابووری و كۆمە‌لایە‌تی و كە‌لتوورییە‌كانی تاك و كۆمە‌ڵگاوە‌ هەیە‌.

7ـ ئاراستە‌یە‌كی دیكە‌ی گوتاری تێكە‌ڵكردنی دین‌و دە‌وڵە‌ت بابە‌تی دانانی شە‌ریعە‌تە‌ بە‌ سە‌رچاوە‌یە‌كی سە‌رە‌كی دە‌ستوور و جە‌ختكردنی ئە‌و گوتارە‌ لە‌سە‌ر پە‌یڕە‌وە‌ نە‌گۆڕە‌كانی ئیسلام، كە‌ نابێ هیچ یاسایە‌ك بە‌ پێچە‌وانە‌ی ئە‌و پە‌یڕە‌وانە‌ بڕیاڕبدرێت، لە‌ كاتێكدا ڕێكە‌وتن لە‌سە‌ر ئە‌و دە‌سە‌واژە‌یە‌ لە‌ بواری فقهدا كۆكبوونی لە‌سە‌ر نییە‌، جگە‌ لە‌وە‌ی ئە‌م دە‌ستە‌واژە‌یە‌ لە‌گە‌ڵ چە‌مكی هاووڵاتیبوون لە‌ كاری دە‌سە‌ڵاتی یاساداناندا كە‌ لە‌ بیروباوە‌ڕی ئایینی و ئایینزایی و تێڕوانینی تایبە‌ت فراوانترە‌، ناگونجێت، بۆ نموونە‌ ناكرێ لە‌ سە‌ردە‌می ئێستادا باس لە‌ جۆرە‌ یاساگە‌لێك بكرێت پە‌یوە‌ندییان بە‌ ڕێكخستنی كۆیلایە‌تی و جزیە‌ وە‌رگرتن بێت.

لە‌ سایە‌ی ئە‌م تابلۆیە‌دا، ئاراستە‌ی بیركردنە‌وە‌ بە‌ میتۆدێكی سە‌لە‌فی و نە‌ریتی و لە‌ ڕێگای گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ دە‌سە‌ڵاتی دە‌ق و مامە‌ڵە‌كردن لە‌گە‌ڵ دە‌ق و دانانی لە‌ بازنە‌ی پیرۆزی ڕەها‌و لە‌ دە‌رە‌وە‌ی ڕێرە‌وە‌ی مێژوو و زە‌مانە و كە‌لتووردا، مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ واقیعی نوێدا ناكرێت، چونگە‌ گرفتە‌كانی ئە‌مڕۆ و پێوە‌ری مامە‌ڵە‌كردن لە‌گە‌ڵیدا جیاوازە‌ لە‌ گرفت و پێوە‌رە‌كانی سە‌د سە‌دە‌ لە‌مە‌وپێش.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە