سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان سرووشتی مرۆڤەكان لە چۆنییەتی بە كارهێنانی دنیای تەكنەلۆژیادا، ئەوە دیاری دەكات كە چۆن بە زیان یان بە سوودی بەكارهێنەرانی بشكێتەوە. بۆیە ئەوە مرۆڤەكانن ناتوانن سوود لەو دنیا زانستییەی نێو شاشەكان ببینن و بە داخەوە لە بوارێكی دیكەی خراپ بە كاری دەهێنن. گەورەترین هەڵەی مرۆڤەكان لەو پەیوەندییەدا لەوەدایە، كە پێیان وایە تەكنەلۆژیا هەموو ژیانییانە، لە كاتێكدا دەبێ بەشێكی ژیانییان بێت. سەرەتای ئەو ئاڵوودە بوونە، لێرەوە دەست پێ دەكات، كاتێ مرۆڤ هەموو كاتێ خۆی بۆ ئەو تۆڕانە تەرخان دەكات، ئیدی خووێكی كۆمەڵایەتی و دەروونی خراپ دەگرێت، بە تایبەتیش لە نێو توێژی گەنجان و منداڵاندا كە ئەوانیش هێشتا لە سەرەتای پێگەیاندنی كەسایەتی و هزریدان. ئەمانە بە دیاریكراوی ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك بۆ ئەو تۆڕانە تەرخان دەكەن. ئەم دیاردەیە زەقتر و گشتگیرترە لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكانی جیهانی سێیەم، بە هۆی نەبوونی هەلی كار و بێ كاری و گرفتە سیاسی و نێوخۆیەكان. كە ئەمەش دەرهاویشتەیەكی دنیای سەرمایەداری و قازانجە، كە چۆن تەنها بیر لە بەرهەمهێنانی ئامێرە تەكنەلۆژیی و پێشكەوتنە زانستییەكان دەكەنەوە، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی سرووشتی گەشەی كۆمەڵگاكان بكرێت. بە سەرنجدانمان بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤی كورد و پێشكەوتنە زانستی و تەكنەلۆژییەكانی سەردەم، بە تایبەتیش تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە هێشتا، سێ بەشی كۆمەڵگەی ئێمە زیاتریش، لە بەكارهێنان و پەیوەندی بەو تۆڕانە، ناتەندروستانە و ناهوشیارانە، مامەڵە دەكەن و هەوڵنادەن ئەو سەكۆیە، بۆ بواری زانستی و مەعریفی و فەرهەنگی بەكار بێنن، بەڵكو پتر، لە بواری گاڵتەجاریی و ڕووكەشی و قسە و كرداریی بێ مانا، بەكاری دێنن كە دەلالەت لە ناتێگەیشتووی مرۆڤی ئێمە، بە داخەوە لە سەدەی بیست و یەك، كە سەدەی دروستكردنی هۆشی دەستكردە دەكات. ئێمە ڕۆژانە، بۆ نموونە لە تیكتۆك و فەیسبووك، دەیان و سەدان كۆمێنت و دیمەنی گاڵتەجاریی و بێ مانا دەبینین، كە مرۆڤ كاتێ دەیانخوێنێتەوە و سەیران دەكات، بەزەیی بە كۆمەڵگەكەی خۆی دادێتەوە. بە بەراوردكردنی ئەو تۆڕانە، لە نێوان مرۆڤی ئێمە خۆرئاوادا، تێدەگەین ئەو ئێمە چۆنە و هی ئەوانیش چۆنە . بۆ نموونە لە تیتكۆكی ئێمەدا چی دەبینین؟
* بێتاقەتترین گەواد لە دنیا.
* زاوا بیست ساڵ، بووكە خان حەڤدە ساڵ.
* مەڕ ئەگەر تێر بێت وەها ئاو دەخواتەوە.
* هەرچی گیای جوانە بزن خواردی .
* هاوسەرگیریەكەتان بە قل قلانێ بوو.
* یەكەم شەوی بووك و زاوایەتی چی دەكەن؟
* واز لەو سینگلییە ناهێنی!
* ئەگەر كفتەكە زۆر ناسكە پێم بڵێ.
* بانگێكی زۆر خۆش هەمووان سەر سام دەكان.
یاخود بەشێكی زۆری وێنەو ڤیدیۆكان، نیشاندانی بەرپرسی گەندەڵ و دیوەخان و كوێخایەتی و دەرەبەگایەتی مۆدێرن و خوانی ڕازاوەی پڕ لە خواردنە، كە دەریدەخات ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە، چەند لە خەمی گەدەیدایە نەك مێشكی. لە بەرانبەر ئەمەدا، لە تیكتۆكی ئەواندا، مرۆڤ بەر سەدان و هەزاران تاقیكردنەوەی زانستی و تەكنەلۆژی دەكەوێت. چۆن سوود لە پاشماوەی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان وەردەگری، چۆن خاشاكێك ڕیساكلین دەكەیت، چۆن ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت لە چیا، لە شوێنێكی مەترسیدار دەبییەوە ئەگەر بەتەنها بووی.، ئەمانە و هەزاران نموونەی دیكە. دواجار دەڵێم، بێكەسی شاعیر، چەند ڕۆشنگەرو تێگەیشتوو بووە، كاتێ هەشتا ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی (تف لە عیلم و سەنعەت و سەد كارەبا، مەرحەبا ئەی جەهل و وەحشەت مەرحەبا) شیعرێك كە ڕووی ڕاستەقینەی كۆمەڵگەی ئێمە لە ئێستادا بەداخەوە پیشان دەدات.