ڕزگار عومەر
بیرکردنەوەی فەیلەسوفی چەپی فەرەنسی ( ئالان بادیۆ) بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. لە کاتێکدا کە " تیۆری سەبجێکت-موضوع" زەمینەی تیۆرییەکی بۆ" بابەت" و "ڕووداو" پێشکەش دەکا، کۆک بوونێکی "جیهانبینییەکی" جێگیری تا سەردەمێکی گرنگ لەنگەری گرتبووو، کە ئەویش کورت دەبێتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان "کرێکاران و سەرمایە".
بەڵام لە کارەکانی دواتری بادیۆدا، فیگەری کرێکار، لە کاتێکدا هێشتا وەک سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشی مێژوویی بۆ شۆڕشە کۆمۆنیستییەکان گرنگە، بەڵام شوێن بۆ فیگەری تریش زیاد دەکات، بەتایبەتی کۆچەری بە بێگانەکراو لە فەرەنسا یان لە ئەوروپا، کە پێدەچێت هەنگاوێکی گشتگیر بێت کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی گرنگیدانی بادیۆ بۆ ئاڵۆزی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا. ئەم بۆچوونەشی لەهەردوو کتێبی "کورتەیەك لە میتابولیتیکی سیاسەت " و " تەکنەلۆژیای زانیاری" بەدی دەکرێت، کە تێیدا بەڕاشکاوی بانگەشە بۆ خەباتێکی هاوبەش دەکات کە لەلایەن ژنان، گەنجان، کرێکاران، کۆمەڵگە خۆجێی-لۆکەڵەکان و کۆچەرەکان و دەستەبژێری بە ئاگای هونەرمەندانی بە هەڵوێستی کۆمەڵگا.
ڕوانگەی بادیۆ کە تا دێت گشتگیرتر دەبێت، پشتی بەستووە بە گێرانەوەیەکی و نانوخبەگەرایی بۆ هەر "ڕووداوێك"، چۆن؟
هەموو مرۆڤێک، نەک تەنها چەند کەمایەتیەکی خاوەن پلەوپایەو خاوەن تایبەتمەندی، دەتوانێت ڕووداوێک یان چەند "ڕووداوێك" لە ژیانی خۆیدا ئەزموون بکات. بۆ بادیۆ، نەك تەنها ڕووداوە گرنگەکانی مێژوویی کە "وەرچەرخان" دروست دەکەن، نەك تەنیا بابەتە گرنگەکانی هەر "ڕووداوێك" لە سەرووی ئیرادەی " تاك بە تاکی" مرۆڤەکانە، بەڵکو پەیامی هەمیشەیی فەیلەسوف و فەلسەفەی شۆڕشگێری بەرپرسیار بریتیە: لە بانگەوازێکی ئەبەدی بۆ ئەوەی لە جیهاندا مرۆڤ نەك تەنیا وەکو مافی بە دەستهاتووی خەبات"ڕاستی" ببینێت بەڵکو ڕاستی دروست بکات!
ئەم تێڕوانینە گشتگیرە لەگەڵ "تیۆری بوون"ی ماتماتیکیانەی بادیۆدا دەگونجێت، کە لە کاتێکدا لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، بەڵام مێتافۆری یارمەتیدەر و ئامرازێکی دەوڵەمەندی چەمکی بۆ تیۆری بادیۆ سەبارەت بە ڕووداو دابین دەکات، لەوانەش چەمکەکانی گشتی، فرەیی، جیانەکراوە و بۆشایی.
لە ڕوانگەی بادیۆوە مامەڵەکردن و پێداگری لە سەر چەمکی "یەکسانیی" تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ڕووی سیاسییەوە زیندوو بێت، واتە تەحەدای پێکهاتە کۆمەڵایەتی و مێژووییە دامەزراوەکان بکات. ئەم تیۆرییەی خود-زاتیەتی مێژوویی “ڕەسەن” و کۆتایی، بەدیلێک بۆ فەلسەفە تەقلیدییەکانی پێشکەوتن، پاشەکشە، یان ئێستا پێشکەش دەکات.
بابەتەکە ڕێک ئەوەیە کە هەر گێڕانەوەیەکی مێژوویی دامەزراو بە بەدیهێنانی ڕووداوێک و ئاشکراکردنی ڕاستی "یەکسانی" ئەگەر ناکۆك بێت لە گەڵ پێوەری سەرەکی چەمکەکە وەکو سیستەمێکێ کۆمەڵایەتی خوازراو بە دەستی ڕادیکاڵی ئەم زاتە-ڕەسەنە پوچەڵ دەکرێتەوە ئەگەر تەنها لە ڕووی تیۆریشیەوە بێت وەکو ئامرازێکی خەباتی سیاسی.
بابەتی گۆڕانکاری "سیاسی" بە جەختکردنەوە لەسەر چەمکی" یەکسانی" پێناسە دەکرێت، کە بە ناچاری بەم فشارە هەموو گێڕانەوەکانیتر کە پاڵپشتی دامەزراوەیی سیستەمی لە پشتە مایە پووچ دەکات.
سەرەڕای گرنگی ئەم پەیامە لە بەرامبەر پەرەسەندنی "نایەکسانی" لە کۆمەڵگادا، بە دەگمەن "یەکسانی گشتگیر" وەک ئەرکی سەرەکی سیاسی، چ جای مێژوویی، لە ئێستادا دانپێدانراوە. هەندێک لە ناوەندەکانی پێداگری دیماگۆجیانەی بێ مەرجی "سیستەمی هەڵبژاردن"و بەشێک لە میدیاکان لەبری کارکردن لەسەر ئەم چەمکەی سەرەوە دەیانەوێ لە کۆمەڵگە ئەوە جێگیر بکرێت کە بزوتنەوەی سیاسی شۆڕشگێڕ تەنیا گرەوی خۆیان بخەنە سەر "سەرکردە سیاسییە تاکەکەسییەکان" یان دامەزراوە تایبەتەکان وەک داهێنەر و چارەسەرو بەدیهێنەری گۆڕانکاری. ئەم نوێنەرایەتیانەی دەزگای کەسایەتی زۆر دوورن لە تێگەیشتنی بادیۆ لە خودی شۆڕشگێر. لای ئەو، زاتیەتی سیاسی وەک دڵسۆزی بۆ هەر ڕووداوێکی سیاسی کە واچاوەڕوان دەکرێت یان وا نەخشەی بۆ کێشراوە کە "وەرچەرخان" دروست بکات، پێویستی بە پێکهێنان و ڕێکخستنی بە بەکۆمەڵ هەیە کە لە پێناو یەکسانی ڕیشەیی و بەرجەستەکردنی گشتگیریی خەباتدا بجەنگن.
نە سەرکردە دیدەوانەکان و نە تەکنەلۆژیا نوێیەکان ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیانە هەڵدەوەشێننەوە کە نادادپەروەری و نایەکسانی جیهانی بە زیندوویی دەهێڵنەوە. بەڵکو لە ڕوانگەی بادیۆ " ئەوەی پێویستە هێزێکی سیاسی جیهانییە، بابەتێکی سیاسییە کە هەم ڕووداوییە و هەم گشتگیریشە" !