پرۆفیسۆر میهرداد ئێزەدی*

زانکۆی هارڤارد - ئەمریکا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

تێبینی: ئەم باسەی دکتۆر ئیزەدی گەشتێكی تاڕادەیەك وردە بەنێو دیالێكەتە جۆراوجۆرەكانی زمانی كوردیدا و دەسنیشان كردنێكی جوگرافیی كۆمەڵ ‌و گرووپەكانی ئەو دیالێكتانەیە.باسەكە هەندێ‌ ڕاوبۆچوونی گرتووەتەخۆ سەبارەت بە دیالێكتەكانی كە ئەو هەندێكیان بە زمانی سەربەخۆ دادەنێ‌ و لەگەڵ بۆچوونی لێكۆڵەرەوانی تری ئەو بوارەدا یەكناگرنەوە، ئەگەرچی ئەوی ڕاست بێت تائێستا لێكۆڵینەوەی شیاو و زمانەوانی لەم بوارەدا كەمە لەبەرئەوە ئەم باسەی میهردادی ئیزەدی بێنەوبەرەی زۆر هەڵدەگرێت‌ بەتایبەتی لەلایەن كەسێكەوە نووسراوە كە پێگەیەكی زانستیی بەرزی هەیە لەزانکۆی هارڤارددا لە ئەمریكا و هەر لەو زانکۆیەشدا پرۆفیسۆرە.

ئەم باسە ئەگەرچی ساڵی 1988 لە گۆڤاری کوردیش تایمزدا بڵاوكراوەتەوە بەڵام تائێستاش بۆ زمانی كوردی و دیالێكتەكانی بایەخی گەورەی خۆی هەیە و ئەوە هەڵدەگرێت‌ كە بە گرنگی پێدانەوە بخوێنرێتەوە و مشتومڕی لەسەر بكرێت‌ - وەرگێڕ.

كورد ئەمڕۆ ئەو خاسییەتە تەمومژاوییەی هەیە كەوا گەورەترین نەتەوەیە لەجیهاندا كەوا دان بەهیچ پێوەدانگێكی سیاسیی یان ڕۆشنبیریدا نەنراوە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە كە حوكمی دەكەن، لەكاتێكدا بەدەستهێنانی دانپیانانێكی ئاوها ڕەزامەندیی حیزبە ناكوردییەكانی دەوێت‌ و گەشەكردنی یەكێتیی ڕۆشنبیریی ناو كورد خۆی كارێكی ناوخۆیی خۆیەتی بەپلەیەكی سەرەكی لەبەرئەوەی كورد تائێستا بەگەلێ‌ دیالێكتی جیاواز قسە دەكات و ئەلفبێ‌‌ و زمانێكی هاوبەشی نییە، بۆیە گەشەكردنی زمانێكی ئەدەبیی ستاندارد پێویستە ببێت‌ بە ئەركێكی نیشتمانیی كورد. زمانێكی ستاندارد یان هاوبەش وەك هۆكارێكی پێویست خزمەتی ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون ‌و یەكخستنی كەلەپووری ئەدەبیی كوردی دەكات.

لەناو تەواوی میللەتە سەرەكییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا، تەنها كورد دەبێت‌ زمانێكی ستاندارد گەڵاڵە بكات‌ و بەگشتی لە هەموو لایەكی وڵاتەوە بەكارێكی بەجێ ‌‌و پەسەند دەزانرێت‌. مایەی نیگەرانیشە كەوا ئەم ڕاستییە یەكلاكەرەوەیە هەقی شیاوی خۆی نەدراوەتێ‌ لەلایەن توێژەر و ڕۆشنبیرانی كوردەوە بەڵام ئەوە ناگەیەنێت‌ كەوا هەوڵی لەو چەشنە نەدراوە. ڕاستێكەی هەوڵدانێك بۆ ئاستی زمانی ستانداردی كوردی و ڕازیكردنی گشت كورد بۆ ئەوەی ئەو زمانە تەنها بۆ مەبەستی ناوخۆ بەكارنەهێنن. بەڵام مەخابن هیچ كوردێك ڕێز بۆ غەیری دیالێكتەكەی خۆی دانانێت لەسۆنگەی لەخۆباییبوونی بێمانا یان هەر گەوجێتییەكی مرۆڤەوە بێت.

ئاڵۆزیی كێشەكە لەبوونی سێ‌ یان ڕەنگە چوار (زمانی) كوردی و چەندین دیالێكتدایە. لە ئاماژەكردندا بۆ ئەم ئاخاوتنە جودایانە من تێرمی (زمان)م بەكارهێناوە زیاتر لەبەكارهێنانی (دیالێكت)،ڕێكوڕەوان لەبەرئەوەی لەڕووی زمانەوانییەوە ئاوهان. جیاوازییەكان هێجگار گەورەن و بەگوێرەی هەموو پێوەرە زمانەوانییەكان بۆ مسۆگەركردنی پۆلێنكردنی ئەو شێوازە جۆراوجۆرانە وەك دیالێكتی سادەی ئەو زمانە ئەگەرچی ئەمەش ناخۆشە بۆ هەستی نەتەوەیی كورد، بەڵام دەبێت بەئەقڵانییەت و پارێزەوە لەبارەی زمانەكانی كوردەوە بدوێین.

چاوخشاندنێك بەم زمان ‌و دیالێكتانەدا و بەوانەی بەكاریاندەهێنن و بە ڕەوش و بارودۆخی ئەو ئەدەبەی پێیان دەنووسرێت‌ هەریەكەیان مەوداكانی گرفت‌ و كێشەكە بەجوانی دەخاتەڕوو.

 

 

سەرچاوەكانی جیاوازی

ژینگەی سروشتیی سەخت ‌و دژواری كوردستان زۆر بەسەختی تەگەرە و كۆسپ دەخاتە بەر پەیوەندیكردنی نێوان گرووپە كوردە جۆراوجۆرەكانەوە كەوا لە وڵاتێكی شاخاوی و لەیەكدابڕاوی دژواردا دەژین. كاتی خۆیشی بەهۆی ڕێگاوبانی خراپ‌ و نەگونجاو و نەبوونی یەكێتییەكی سیاسی و ئیداری و ژمارەی زۆری میرنشینە ناكۆكەكان لەگەڵ یەكتردا و هاوپەیمانێتیی خێڵەكیی ناحەزی و جیاوازییان بەرپادەكرد و بوون بەهۆی ئەو جیاوازییەی ئەمڕۆ لەزماندا دەیبینین.

لەم سەدەیەدا، پەیدابوونی دەوڵەتی شێواز ئەورووپایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەوشێكی سەختتر و دژوارتری بۆ كورد هێناوەتە پێشەوە. كورد لە دۆخی ئێستای دابڕكاریی وڵاتەكەیان بوون بە كەمایەتی لە پێنج دەوڵەتی جیاجیای سەربەخۆدا. بەم پێیە زمان‌ و فەرهەنگی كوردی بوون بەقوربانی زنجیرەیەك لەو سیاسەت ‌و ڕێبازانەیدەوڵەت پیادەیان دەكات‌ و داڕێژراون بۆ لاوازكردنی یان بە واتایەكیتر سەرلەبەر لەناوبردنیان لەدوای سەدەی بیستەمدا و لە سەردەمی شۆڕشی پەویوەندیكردندا، پەیوەندیكردنی نێوان كورد بەواقیع مەودا تەسك ‌و دواكەوتووە لە قەبارە و چۆنێتیدا. قورسایی كێشەكەش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێكیتر دەگۆڕێت.

لە یەكێتیی سۆڤیێتدا1 كەمینە دانیشتووانی كورد هەمیشە بە زمانی خۆیان فێركردن‌ و كاری لەچاپدان ‌و بڵاوكردنەوەیان ئەنجامدەدا، كەچی لە توركیا زمان ‌و فەرهەنگی كورد قەدەغەیە. بەڵام عێراق لەنێوان ئەو دوو جەمسەرە دوور لەیەكەدایە، كەوا زمانی كوردی لە فێركردن‌ و بڵاوكردنەوەدا (بە پرۆگرامی زانکۆشەوە) چەردەیەك بایەخ بە پەرەپێدانی دراوە، كەچی تائێستاش لە سووریا و ئێراندا تەنها زمانی قسەكردن بەكوردی ڕێگەی پێدەدرێت‌. دە ساڵێك لەمەوبەر سووریا بەتەواوەتی فشاری خۆی كەمكردەوە لەسەر بوون ‌و پەرەگرتنی زمانی كوردی و تەنانەت بواری پەخشی بەگۆرانی و مۆسیقا و قسەكردنی كوردیشیدا لە ڕادیۆوە. لەپاش شۆڕش (مەبەست شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی گەلانی ئێرانە - و)  كوردی ئێرانیش مافی دەستووریی بڵاوكردنەوەی فێربوونیان پێدرا بەزمانی خۆیان لەئاستی قوتابخانەی سەرەتاییدا. پەخشی ڕادیۆش بە هەردوو زمانە كوردییە سەرەكییەكە لە سەردەمی پێش شۆڕشیشدا بواری پێدرابوو.

بەڵام هیچكام لەم دوو قۆناخە چالاكییەكانی زانستیی وای بەخۆوە نەگرت بە مەبەستی پەرەپێدانێكی كاریگەر و بەرنامەداری زمانێكی كوردیی هاوبەش ‌و ئاوێتەبوونێكی زمانەوانی ڕێگەی پێنەدرا. كۆششی ئەوتۆش نەكرا بۆ كەمكردنەوەی تایبەتمەندێتیی دیالێكتی هەر پەخشێكی ڕادیۆ یان بۆ فێركردنی ئەو دیالێكتە كوردییانەی كە هەن.

مەوداكانی جیاوازی لەزمانی كوردیدا

سەرباری ئەو ڕاستییەی كەوا تەواوی زمانە كوردییەكان دەگەڕێنەوە بۆ هەمان لقی كۆمەڵەی زمانە ئێرانییەكانی باكووری ڕۆژئاوای خێزانی زمانە هیندۆئەوروپییەكان‌ و جیاوازیی قامووسیی نێوانیان، لەڕووی كۆكردنەوە بۆ نموونە، لەوەی نێوان زمانی ئیتاڵی و ئیسپانی و كەتەلان‌ و پورتوگالیی دەچێت.

لە بەشی باكوور و باکووری ڕۆژئاوای كوردستاندا زمانی زازا دەستباڵایە كە ناوچەی نێوان فوراتی سەروو ئەو لقەی كە بە زێی موراد دەناسرێت‌ ناوچەی دەرسیمی ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵی ناوەڕاست دەگرێتەوە. لەلای باكوورەوە لەگەڵ زەوییە نزماییەكانی قەراخ دەریای ڕەشدا هاوسنوورە و بەرەو باشووریش دەكشێت‌ تا دەوروبەری شاری دیاربەكر. شارەكانی مووش و خەرپووت (كە ئێستا ئەلەزێگە)، ئەرزنجان، دەرسیم (كە ئێستا توونجەلییە)، بەزۆری دانیشتووانیان ئەو كوردە شیعانەن كە بە زازایی دەئاخڤن. هەروەها شارەكانی ئەرزڕووم و سیواسیش ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانیان بە زازایی قسە دەكەن.

زازا، یان هەر شێوەیەكی تری زمانی كوردی، دەستووری تورك دانی پێدانەناوە، ڕەنگە ئێستا كەس ئەوەندە بە زازایی قسە نەكات و نەنووسێت‌ و لەم سەردەمەدا هیچ كارێكی ئەدەبی بە زازایی چاپ‌ و بڵاونەكراوەتەوە، بەهەمان دەستوور پەخشی ڕادیۆشلەئارادا نییە، بەمجۆرە پەرەسەندنی زازایی لە دۆخێكی وەستاودا ماوەتەوە و تەنها بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ كەڵكی لێوەردەگیرێت‌.

هەرێمەكانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی كوردستان زێد و مەڵبەندی زمانی کرمانجی و ژمارەیەكی زۆر دیالێكتەكانێتی. پێدەچێت ئەمەیان بایەخدارترینی تەواوی زمانە كوردییەكان بێت ‌و گەورەترین ژمارەی كورد پێی دەئاخڤێت‌. ئەمیش دەبێتە دوو بەشەوە كە پێیاندەگوترێت کرمانجیی باكوور و باشوور. ئەوی باکوور زمانی زۆربەی كوردەكانی ڕۆژئاوایە و کرمانجیی باشووریش دانیشتووانی كوردستانی ناوەڕاست قسەی پێدەكەن. هێڵی دابەشكەری ئەم دوو لقە سەرەكییە تاڕادەیەك لەگەڵ ئەو هێڵەدا دەگونجێت‌ كە بە ڕۆخی خوارووی گۆلی ورمێدا تێدەپەڕێت‌ لە ئێران و بە سنووری توركیا - عێراق -سووریادا بەرەو ڕۆژئاوا درێژدەبێتەوە تا سەر دەریای سپیی ناوەڕاست. لە هەركام لەو دوو لقەدا گەلێ‌ دیالێكتی تر هەن كەوا شیاوی تێبینی و سەرنجدانن، چونكە ئەدەب‌ و فۆلكۆرێكی دەوڵەمەندیان تێدایە، لەوانە دیالێكتی کرمانجیی باكوور كە ئورفەیی پێدەگوترێت‌ و لە شار و ناوچەكانی ئەنەدۆڵی ناوەڕاستدا قسەی پێدەكرێت‌ وەك خەرپووت، ئورفە، مەرەش و ئەنتاب و نیشتەجێیەكی گەورەی كوردنشین لە ڕۆژئاوای ناوەندی ئەنەدۆڵەوە لەلای باشووری ئەنقەرەی پایتەختەوە بەرەو لێواری دەریای سپیی ناوەڕاست لە دەوروبەری كەنداوی ئەسكەندەروونەدا.هەروەها لەلایەن دانیشتووانە كوردەكەی نیوەی ڕۆژئاوای كوردستانی سووریایشەوە شاری كوردنشینی عەفرین و ناوچەی كوردداغ و بە سنووری توركیادا دەپەڕێتەوە بۆ هەرێمی هەتای، نزیك بە دەریای سپیی ناوەڕاست. بۆتانی دیالێكتی سەرەكیی دیاربەكری پایتەختە دێرینەكەی ناوچە كوردنشینەكانی ئەنەدۆڵە و ناوچەی بۆتانە لەلای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا یان جزیرە و باكووری ڕۆژئاوای عێراق لە ناوچەی چیای سنجار لەلایەن ئێزیدیەكان‌ و ناوچەی دهۆك لەلایەن كوردی سوننی مەزەب ‌و كوردی جوولەكەوە٢ قسەی پێدەكرێت.

بایەزیدی، كە لە باکووری گۆلی وانەوە تا شارەكانی ماكۆ و خۆی قسەی پێدەكرێت‌، ئەو دیالێكتەیە كە ئەحمەدی خانیی شاعیر (1591) بەكاریهێناوە و شاكاری ئەدەبی كوردی (داستانی مەم ‌و زین)ی پێنووسیوەتەوە. ئەگەرچی مەم ‌و زین (یان ڕاستتر وایە بڵێین مەمی ئالان و زینی بۆتان) كە بەناوبانگترین چیرۆكی سەرزارەكیی كوردییە و لە زۆربەی زمانە ناوچەییە سەرەكییەكاندا دەگێڕدرێتەوە، بەزازایی و کرمانجیی و گۆرانی و لەكی (كە بەزۆریی ڕەسەنترە لەو بەیتانەی كەوا خانی نووسیونیەوە). ئەم كارە مەزنەی ئەحمەدی خانی بۆ كورد لە ڕیزی (ئیلیادە)ی هۆمەردایە بۆ گریك و شانامەی فیردەوسیدایە بۆ فارس. بەندبێژ و شایەرە كوردەكان زۆر شانازی بە بەیتەكانی ئەم داستانەوە دەكەن ‌و بەردەوام لەبەرخۆیانەوە دەیڵێنەوە.

بەڵام ئێستا دیالێكتی بایەزیدی سڕترین و وەستاوترین دیالێكتی زمانی كوردییە کە خەوش ‌و ناتەواوییشی ڕەنگە ئەوەبێت كە بەدبەختانە هەڵكەوتەی شوێنی قسەپێكەرانی لە سەدەی شانزەهەمەوە كەوتبێتە ژێر ڕکێفی ئیمپراتۆرێتە ناكۆكەكانی تورك و فارس و پاشانیش ڕووسەوە. لەكۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمیشەوە هەرێمەكە بوو بە بەرەی هێڵی بەرگریی ناتۆNATOلە توركیادا و ئەمەش كێشە و گرفتی بایەزیدی و زمانەكانی تری قورستركرد و لە ململانێی بەرگریكردنی سیاسەتی داپڵۆسێنەری توركیا دەرهەق بە نەتەوە و زمانیان هەردوو دیالێكتی هەكاری لە ناوچەی باشووری گۆلی وان ‌و شەمدینانی لای سەرووی زێی گەورەوە بایەخیان لەوانیتر كەمترە و دانیشتووانی كوردی قەوقاز ئاخاوتنیان بە کرمانجیی باكوورە. بەزۆریی دیالێكتی ئێزیدییەكان بەڕەسمی دەناسرێت لە یەكێتیی سۆڤیێتدا (جاران - وەرگێڕ). ئەو دیالێكتە لە قوتابخانە سەرەتایی و بەشێكی قوتابخانە ناوەندییەكانیشدا دەخوێندرێت‌.

وەختێ‌ كە حكوومەتی سۆڤیێتی جێگای ئیمپراتۆرێتی ڕووسیای گرتەوە ئەلفبێی زمانی ئەرمەنی گونجێنرا بۆ ئەوەی كورد بەكاریبێنێت‌، ئەوجا لاتینی و پاشانیش سڵاڤی. حاڵی حازریش هەردوو ئەلفوبێی لاتینی و سڵاڤی لەم دیالێكتەدا بەكاردێت.

كوردێكی زۆری دانیشتووی خۆراسانی باكووری ڕۆژهەڵاتی ئێران‌ و باشووری توركمانستان بە چەند دیالێكتێكی جۆراجۆری کرمانجیی باکوور قسە دەكەن و شارۆچەكەكانی قووچان ‌و بوجنوورد و ئیسفراین ‌و كەڵات ‌و فەیروزە و ناوچە شاخاوییەكانی دەوروپشتی بینالوود و هەزار مەسجید و چیای كۆپتداغی مڵك‌ و قەڵەمڕەوی ئەم كوردانەی ڕۆژهەڵاتن. هەرچەندە خەڵكی شارەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی قسە دەكەن (هەندێ‌ جار زمانی سێهەمیش بەكاردێنن، كە توركییە)، بەڵام بەزۆری لە ناوچە دێهاتییەكاندا بەكوردی قسە دەكەن. بەپێی زانیاریی من هیچ كارێكی چاپكراو بەم دیالێكتە دوورەدەستانە بەرهەم نەهاتووە. جارجارێك گوێت لە گۆرانیی ئەم كوردانەی ڕۆژهەڵات دەبێت لەسەر شەپۆلی هەوایی ڕادیۆی مەشهەد لە ئێراندا.

کرمانجیی باكووریش و زازایی بە فەرمی ناناسرێت‌ لە هەرێمەكانی بەكارهێنانیدا، واتە لە كۆماری توركیا. هەوڵ ‌و كۆششی بڵاوكردنەوەی كتێبێكی ئەلفبێ‌ لە هەرێمی کرمانجیی باكووری ئەنەدۆڵدا ڕووبەڕووی قەدەغەكردن و بەرگرییەكی سەخت بووەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتەوە. کرمانجیی باكوور ڕێگەی پێنادرێت‌ نە لە قوتابخانە بخوێندرێت‌، نە لە پەخشی ڕادیۆ بڵاوبكرێتەوە و نە لە میدیایڕاگەیاندن‌ و چاپەمەنیدا بەكاربهێنرێت‌ لە توركیادا. دە ساڵ پێش ئێستا سووریا ڕێگەی بەكارهێنانی ئەم زمانە ناوچەییەی دا بۆ قسەپێكردن‌ و گۆرانی پێوتن.

تاڕادەیەك لەیەكەوە نزیكیی هەردوو دیالێكتی کرمانجیی سەروو و خواروو دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ ئەوانەی بە یەكەمیان قسە دەكەن سوود لە پەخشی ڕادیۆ و بەزۆریش لەو چاپەمەنییانە وەربگرن كەوا بە دیالێكتی کرمانجیی خواروو دەردەچن و كەمتر چەپۆك و سەركوتكردنیان لەسەرە. بەواتایەكیتر بڵێین،کرمانجیی باكوور بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ زۆر بەتوندی كەوتووەتە بەر كاریگەریی کرمانجیی باشوور. مایەی سەیر و سەمەرەیە كەوا سەرسەختیی دەسەڵاتدارانی تورك لە قەدەغەكردنی هەر شێوازێكی دەربڕینی گشتی بە دیالێكتە كوردییەكان لە وڵاتی ئەنەدۆڵدا لەڕاستیدا زۆر بەچاكی پاڵ بە تێكەڵبوونی كولتوور و فەرهەنگی خەڵكی كوردەوە دەنێت بۆ ئاسانكردنی ڕێگای نزیكبوونەوەی گرووپەكانی هەردوو دیالێكتە باوەكەی کرمانجیی باشوور و باكوور. ئەمەش ڕەنگە ببێتە سەرەتایەك بۆ هەنگاوێكی زۆر گرنگی پەرەسەندنێكی سرووشتیی هەندێک‌ شێوەی زمانێكی هاوبەشی كوردی lingua franca لەسەر بنەمای کرمانجیی باشوور، هەڵبەت بەگریمانەی ئەوەی كە چارەسەرێكی بەپەلە نەڕەخساوە.

کرمانجیی خواروو ناوجەرگەی ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە كە نیشتمانی نەریتیی كوردانە. ئەمە تا باشووری ڕۆژهەڵات درێژدەبێتەوە لەهێڵی دابەشكردنی کرمانجیی باکوورەوە بۆ هێڵێكی تر كە تاڕادەیەك تەریبە لەگەڵ لای باكووری گوێ‌ چەمی سیرواندا، لە هەمەدانی ئێرانەوە بۆ خانەقین لە عێراق. هەروەها لەلایەن نزیكەی یەك ملیۆن كەسیشەوە قسەی پێدەكرێت لە ناوچەی كوردنشینە دوورەدەستەكانی خۆراسان و توركمانستانی ئاسیای ناوەڕاست.

کرمانجیی باشوور بێجگە لەوەی كە لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوجەرگەی كوردستاندایە، نەریتێكی دێرینی گەورەی كۆمەڵێك نووسین ‌و ئەدەبی سەرزارەكیی هەیە و گەلێ‌ لە دیالێكتەكانی سەر بە کرمانجیی باشوور كولتوور و ئەدەبێكی زیندوویان تێدا ڕەنگدەداتەوە. زۆر ڕووداوی گرنگیش هەیە لە مێژووی كورددا كەوا قسەكەرانی ڕەسەنی ئەم دیالێكتە ڕۆڵی سەرەكییان تێدا گێڕاوە.

ئەوانی كە بەدیالێكتی موكریی قسە دەكەن دەكەونە لای باکووری ئەم بەشەی زمانەكەوە، لەناویاندا دەوروپشتی مهاباد، شنۆ، سەقز، بۆكان، مەراغە و سەردەشت و باکووری ڕۆژئاوای ئێران و ئەم دیالێكتە زمانی فەرمیی كۆماری مهابادی كوردی بوو كە لە كاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەم ناوچەیەدا دامەزرا. لە مهابادی پایتەختدا گەلێك بڵاوكراوە لە شێوەی كتێب‌ و ڕۆژنامەدا بە دیالێكتی موكری دەركران هاوكات لەگەڵ پەخشێكی ڕادیۆیی تەواو و بەردەوامدا. گەلێ‌ لەو بابەتە چاپكراوانەی لەو دەمەدا هاتنە بەرهەم بایەخێكی یەكجار گەورەیان هەیە بۆ كولتووری هاوچەرخی كورد، هەرچەندە ئەو كۆمارە لەنزیكەوە هاوپەیمانی ئەو هێزە شۆڤێنیانە بوو كە ئەم گۆشەیەیان لە خاكی ئێران داگیركردبوو لەو كاتەدا و كەمتازۆرێك ملكەچی ئارەزووە سیاسییەكانی سۆڤیێت بوو، بەڵام لەڕووی كولتوور و ڕۆشنبیرییەوە كۆماری مهاباد خودموختار و سەربەست بوو لە ڕاییكردنی كاری لەو جۆرەدا وەك زمان بێ تەگەرەخستنەڕێی لەلایەن قەوارە و دەزگاكانی تری حوكمڕانیدا. بەدەر لە جیهانی سیاسەت، بەڕاستی سەربەخۆ و كوردانەبوو لە مۆرك ‌و خاسییەتیدا و كورد هەرگیز ئازادییەكی فەرهەنگی و ڕۆشنبیریی ئاوهای بەخۆوە نەدیبوو.

میراتێكی گرنگی دیكەی دیالێكتی موكری قەبارەیەكی گەورەی بەرهەمی ئەدەبی و كاری زانستییە كە بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بوو لەپاش ڕووخانی كۆماری مهاباد. تا ئێستاش هەڵبژاردەی شاعیرانی موكری، فۆلكلۆر و گۆرانی و مۆسیقای ناوچەكە و قامووسی زمان بەم دیالێكتە دێنە بەرهەم لە ئێراندا. شیاوی باسە كەوا لەڕووی چاكی و مەبەست پێكان و زانستییەوە، زۆری ئەم ئەدەبە كاری ڕۆڵە ڕەسەنەكانی موكری خۆیەتی و پەخشی ڕادیۆش بەم دیالێكتە هەر بەردەوامە و لە ساڵی 1979 بەدواوە گەلێ‌ بەرهەم لەناوخۆدا و لە مهاباد بەچاپ گەیشتووە بەدیالێكتی موكری و بە ڕەزامەندیی حكوومەتی ئێران.

كارە هاوچەرخەكانی كەسێكی هەڵكەوتووی وەك محەمەد موكری دیالێكتی موكریی دەوڵەمەند كرد بە چەند قامووسێكی ڕووەكناسی و جیهانی باڵندە، شانبەشانی بەرهەمی زمانەوانیی كار و چالاكیی دوورودرێژی موكری خزمەتی پێناساندنی بەرهەمی شاعیرو نووسەرە كوردەكانی كرد (بەتایبەتی موكری زمانەكان) بەخەڵكی فارسی زمان‌ و چین ‌و توێژی ڕۆشنبیری ئێرانی و هەڵبژاردەی خەڵكی ڕۆشنبیر.

دیالێكتی ئەردەڵانی سنەیی زمانی ناوچەیی ئوستان یان پارێزگای (كوردستانە) و تاقە كوردستانی ناوچەیی گەورەیە كەوا ڕێگەی پێدراوە ئەو ناوە قەدەغەیە هەڵبگرێت‌. بێجگە لەدانیشتوانی شاری سنە، خەڵكی شارۆچكەكانی بیجاڕ (پێشتر ناوی گەڕووس بووە) و بانە و دێهاتی دەوروبەریان بەم دیالێكتە قسە دەكەن. ئەردەڵانی زۆر نزیكە لە موكرییەوە و بەئاسانی لە یەكتر دەگەن و ڕادیۆی سنە درێژترین ماوە و فراوانترین پەخشی هەیە بە زمانی كوردی لە بەشی ئێرانی كوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەم دیالێكتە لە چەق و ناوەڕاستی كوردستاندایە، بەڵام بایەخی ئەدەبیی مێژوویی كەمترە لە دیالێكتی موكری. هەڵبەت ژمارەیەكی باشی چاپەمەنیی بابەتەكانی ئەدەب ‌و فۆلكلۆر بەم دیالێكتە دەردەچن. لە سەردەمی ئێستادا ئەلفبێی فارسی بەكاردێت‌ و هەروەها دەربڕینی فۆنەتیكی ئەو ئەلفبێیەش زۆر لەوە دەچێت كە لە كوردستانی عێراقدا بەكاردێت.

كوردستانی عێراق بەشێكی سەرەكیی گرووپی دیالێكتی کرمانجیی باشووری لەخۆگرتووە و بریتییە لە سۆرانی (هەولێر، سلێمانی یان شارەزووری، گەرمیانی، وارماوە، پشدەر و خۆشناو٣. سۆرانی بەشێوەیەكی بنەڕەتی زمانی شاری هەولێرە لە باکووری عێراق، لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا كە كەوتووەتە نێوان دۆڵی زێی گەورە و زێی بچووكەوە. ئەمە ناوچەیەكە، هەندێ‌ جار وادەستنیشان دەكرێت‌ كە لە ناوجەرگەی كوردستاندا بێت لەبەر مێژووی دوورودرێژی ئەو دیالێكتە كە تایبەتمەندییەكی جیاوازی هەیە لەڕووی ڕێزمان‌ و فەرهەنگەوە. زۆر لە كوردە عێراقییەكان لەوە دەدوێن كەوا ئەمە پاكژترین و خاوێنترینی هەموو دیالێكتە كوردییەكانە. ئەڵبەتە موكری زمانێك و ڕەنگە گۆرانی یان زازایی زمانێك پێچەوانەكەی دەبینن.

نزیكیی هەردوو دیالێكتی سۆرانی و سلێمانی وای لە گەلێ‌ كەس كردووە كە هەردوكیان بەیەك دیالێکت دابنێن. بەهەرحاڵ، ئەمە داواکارییەكی زەحمەتە و گونجاوترین حاڵەتی ڕاستكەرەوە ئەوەیە كەوا دیالێكتی گەرمیانی بخەیتەسەر. دانیشتووانی كوردی شاری کەرکووک و هەروەها دانیشتووانی شارۆچكەكانی كەلار و كفری و تووزخورماتوو و دەوروپشتیان هەموو بەگەرمیانی قسە دەكەن. ئەم دیالێكتەش زۆر لە سۆرانی دەچێت‌ و لە ڕەوشی کرداریشدا دەكرێ‌ وەك یەك دیالێكت مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

شاری کەرکووک بڕبڕەی پشتی پیشەسازیی نەوتی عێراقە و سلێمانیش پایتەختی هەرێمی ئۆتۆنۆمیی كوردە لە عێراقدا٤و مەڵبەندی خوێندنی كوردییە لە زانكۆی سلێمانیدا و قەبارەیەكی زۆر گەورەی بەرهەمی چاپكراو بەم دیالێكتە لە بیست سی ساڵی ڕابوردوودا دەرچوون، بێجگە لە پەخشی فراوانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنیش. دیالێكتی سلێمانی بەچاكی گەشەی كردووە و بەردەوام لەپێشڤەچوون ‌و گۆڕاندایە ئەگەر بەراوردی بكەیت لەگەڵ سرووشتی ڕاوەستاوی زۆربەی زۆری دیالێكتەكانی تری زمانی كوردیدا لەبەرئەوەی ئەم دیالێكتە زمانی فەرمانڕەوایی شار و میرنشینی ستراتیجیی شارەزوور بووە (كە دواتر شاری سلێمانی جێگەی گرتووەتەوە)٥، لە سنووری نێوان هەردوو ئیمپراتۆرێتی فارس‌ و عوسمانیدا. بەتەواوی وەك دیالێکتی گۆرانی كە زۆر دەوڵەمەندە لە تێرم‌ و دەستەواژەی بەڕێوەبردن‌ و دەسەڵاتدا و ئەو ئەلفوبێیەی بۆ نووسینی ئەم دیالێكتە بەكاردێت فۆنەتیكی گونجاوە لەگەڵ عەرەبی -فارسیدا.

دیالێكتی هەورامانی لە ناوچەیەكی ناوەڕاستی نێوان سنە و سلێمانیدایە، كە ناوچەی پاوە و مەریوانە. ئەم دیالێكتە جیاوازە لە کرمانجی و كەمتر جیاوازیی هەیە لەگەڵ گۆرانیدا و لە گەلێ‌ ڕووەوە دەچنەوە سەر یەك بەڕادەیەك  وا لە لێكۆڵەرەوان بكات بەوە پێناسەی بكەن كە زمانێكی ناوچەیی ناوەندە. ئەگەر بەراوردی بكەین ژمارەیەكی كەمی خەڵك بەم دیالێكتە قسە دەكەن‌ و هیچ چاپەمەنی و بەرنامەیەكی ڕادیۆیی بەم زمانە نەهاتووەتە ئاراوە.

لە بەشەكانی باشووری كوردستاندا، لە شارۆچكەی ئەسەدئابادی نزیك هەمەدانەوە بۆ شاری كرماشان بۆ ئیلام‌ و قەسری شیرین و بەرەو لای باكووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا زمانی گۆرانی بەربڵاو و باڵادەستە. هەروەها لە چەند شوێنێكی تریشدا گۆرانی قسەی پێدەكرێ‌، لە زاخۆوە بۆ مووسڵ (وەك دیالێكتی شەبەك) كە لە هێڵی نێوان زمانی كوردی و عەرەبیدایە، لە سنووری باکووری عێراقەوە بەرەو شێخان و خانەقین (دیالێكتی باجەڵانی) لەسەر ڕووباری دیالە (سیروان - و).

لە بەغداشەوە بەرەو باكووری ڕۆژهەڵات بەسەر شارەكانی باقووبە و شارەبان ‌و جلەولادا بە شێوەزاری فەیلی قسە دەكەن، كە شێوەیەكی گرنگ ‌و بەرچاوی دیالێكتی گۆرانییە. زمانی گۆرانی پێنج یەكێكی كورد زیاتر قسەی پێناكات، بەڵام جێگە و شوێنێكی دیاری بۆ خۆی پاراستووە لەناو زمانە كوردییەكاندا. ئەمەش بەشێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاكتەر: یەكەمیان پایەو شوێنی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گشتیی ئەوانەی قسەی پێدەكەن، كەڕەنگە زادەی فاكتەری دووەم بێت، كە ئەویش شوێن و ڕێی ستراتیجییان بێت بە دەوروپشتی ڕێگای ئاوریشمدا، ئەو ڕێگا بازرگانییە دێرینەی جیهانی كۆنی ئێران و هندستان ‌و چینی دەبەست بە ئەوروپا و ئەفریقاوە.

لەڕووی زمانەوانییەوە هەرچەندە گۆرانی لقێكی باكووری ڕۆژئاوایی زمانە ئێرانییەكانە، بەڵام بەزۆریی بەر ئەولایە دەكەوێت‌ كەوا پردێك دەڕەخسێنێت‌ بۆ لقی باشووری ڕۆژئاوایی كە فارسی بەناوبانگترین زمانێتی. ئەمەش تایبەتمەندییەكی ڕاستەقینە دەگرێتەخۆ ئەگەر (لەكی)مان بە دیالێكتێكی گۆرانی دانا. نزیكەی سەد هەزار كەس لە ناوچەیەكی دوورەدەستی بەلووجستان بەشێوەی گۆرانی قسە دەكەن. ئەم زمانە بەشێوەیەكی نائاسایی دەوڵەمەندە بەهۆنراوە و بەیتی لیریك و چیرۆكە شیعری چەشنی بەیتی دڵداریی فەرهادی سەنگتاش. زۆربەی گۆرانی زمانەكان شیعە مەزهەبن ودیالێكتە بەرچاوەكانی تری گۆرانی و لەكی ئەمانەن: پێرەوەندی Pairwandi، كولیایی Kulyai، سنجابی Sanjabi، نانكیلیNankiliو زەنگەنە Zangana. هەروەها دەبێ‌ دیالێكتی مێژوویی كەڵهوڕییشی بخەینەسەر، ئەوەی كە ئێستا عەشیرەتی كەڵهوڕی بەهێز و ژمارە زۆر قسەی پێدەكەن لە ناوچەیەكدا كەوا دەشتی بەپیتی مایدەشتی گرتووەتەوە تا شارۆچكەكانی گەیلان ‌و مەندەلی و لەوێوە بەرەوخوار بۆ بەدرە دەگرێتەوە.

كرماشانیش دیالێكتێكی تری گۆرانییە كە پایە و شوێنێكی تایبەتی خۆی هەیە لە ناو هەموو زمانە ناوچەییە كوردییەكاندا و زمانی خەڵكی شاری كرماشانە كە گەورەترین و فرەنەتەوەترینی تەواوی شارە كوردییەكانە، كەوا ژمارەی دانیشتووانی زیاد لە نیو ملیۆنە. كرماشان ماوەی چەندین سەدە مەڵبەندی حكوومەتێكی ناوچەیی بووە و ئەریستۆكراتییەتێكی كوردیی پیگەیاندووە كەوا پایەیەكی بەرزی سامان ‌و خوێندەواری و كاروباری دنیاییان دەردەست كردووە. ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی كرماشانیش بەشێكی باشی بەرنامەكانی بەكرماشانییەو زانستگە یان زانکۆی كرماشان و كۆڵێجی پێگەیاندنی مامۆستایان لەو شارەدا ئاستێكی دەوڵەمەندی ئەدەب ‌و فۆلكلۆر و زمانەوانیی كوردیی دەردەخات. ئەو دیالێكتانەی بەكاردێن بۆ چاپەمەنی و بڵاوكردنەوە لە كرماشاندا دیالێكتی كوردیی غەیرە گۆرانیشی تێدایە، بەتایبەتی ئەردەڵانی. میدیای ڕاگەیاندن گۆرانی و مۆسیقا و فۆلكلۆری كوردی بەدیالێكتی گۆرانی پەخش ‌و بڵاودەكاتەوە و بایەخ ‌و پشتگیرییەكی گەورەی هەیە لە دیالێكتی كرماشانیدا و نەك تەنها لە ناو خەڵكی كوردستانی ئێراندا، بەڵكوو خەڵكی فارسی زمانی كرماشان ‌و شوێنانی تری ئێرانیش بایەخی ئەو زمانە دەزانن كە زۆر شانازی بەخۆە دەكات و بەرزبوونەوە و پێشكەوتنی هەر زمانێكی كوردیی ناوچەیی تری پێ‌ قبووڵ نابێت كە بگاتە پلە و پایەی زمانێكی هاوبەشی كوردی (لینگوا فرانکا).

ئەو ناوچەیەی كە بە (لەكی) دەئاخڤن دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوچەكانی گۆرانی زمانەوە. گەلێ‌ كەس دیالێكتی لەكی بە زمانێكی جیاواز دادەنێن، بەڵام مشتومڕێكی زۆری لەسەرە و بەلای ئەوەدا دایدەشكێنێت كە لەكی لقێكە لە گۆرانی،ئەگەرچی لە دووریشەوە بێت. ڕاستییەكەی لێكچوونی نێوان گۆرانی و زمانی ناوچەی لەكستان زۆر دیار و ئاشكرایە و گۆرانیزمانێك بەئاسانی دەتوانێت‌ دەمەتەقێ‌ لەگەڵ لەكیزمانێكدا بكات. ئەگەر ڕۆژێك واهاتە پێشەوە گۆرانی خۆی بە زلتر زانی لە لەكی، ئەوە شاعیری گەورەی لەك، باباتاهیری هەمەدانی و ئەوە بەرهەمە بەرز و نایابەكانی بەلەكی و فارسی شانازییەكی گەورەیە و فەزڵە بەسەر ناو و شۆرەتی گۆرانییەوە. هەروەها بنەماڵەی شكۆداری زەند كە لە سەدەی هەژدەهەمدا حوكمی وڵاتی فارسی كردووە بنەماڵەیەكی لەك زمان بووە.بەڵام دەبێت‌ ئەوەش بزانین كەوا بێجگە لە بەرهەمەكانی باباتاهیر، بەرهەمی زۆر كەم بەم دیالێكتە نووسراوە یان چاپكراوە.دیسانیش بێجگە لەو گۆرانییانەی لە شیعرەكانی ئەم شاعیرەوە بەكارهاتووە و لەلایەن ڕادیۆی ئێرانەوە پەخشدەكرێت‌ هیچ میدیایەكی ڕاگەیاندنی تر لە ئێستادا دیالێكتی لەكی بەكارناهێنێت‌.

پشتگیری كردنی دیالێكتێك لەمەڕ پێكهاتنی زمانێكی نوێ‌ بە پێی بنەمای یەكگرتن ‌و ئاوێتەبوونی چەند دیالێكتێك ئەمەیان ڕێگای كوردە بۆ ژیان، نەك هەر بۆ زمان، كە بووە بە هۆكارێكی گرنگ و پڕبایەخ بۆ بەیەكەوەبەستنی نیشتمانی كورد و لەخۆگرتنی زمانێكی ئەدەبیی هاوبەش، كەوا پەسەندترە زمانێكی بەیەكەوەگرێدەر یان كۆن بێت ‌و ڕۆلێكی بەرچاو ببینێت‌ بۆ بەكێشكردنی دڵ ‌و دەروونی كورد لە هەموو شوێنێك. ئەمە دەگونجێت‌ ببێتە زمانێك كە هەموو كورد فێری ببێت‌ و هەموو منداڵی كورد فێری قسەكردن بن پێی لەبەرخاتری پاشەڕۆژی كولتوورییان. دروستكردن ‌و بەهێزكردنی ئاوها زمانێكی كوردیی هاوبەش ڕاستییەكی بایەخدار دەسەلمێنێت‌.

لە ڕێڕەوی درووستكردن‌ و جێگیربوون‌ و گەشەسەندنی زمانێكی كوردی هاوبەشدا گەلێ‌ كۆسپ ‌و تەگەرە و ئەگەر هەن و ئەزموونی سەركەوتن ‌و شکستی گەلانی تر لەم بوارەدا خزمەت بە كورد دەگەیەنێت. لە ناو گەلانی دوروبەردا عەرەب سەركەوتووترینیانە لە گەڵاڵەكردن‌ و پەرەپێدانی زمانێكی هاوبەشدا. زمانی عەرەبیی فەسیح یان نوێكردنەوەی زمانی عەرەبیی كلاسیكی، یەكبوون ‌و مانای شیاوی نیشتمانپەروەریی داوە بە تەواوی خەڵكی عەرەبی زمان، لە مەراكیشەوە بۆ عومان. ئەگەر بەراوردی بكەیت تورك‌ و فارس لەوان كەمتر سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام گەلێ‌ لە كورد لەپێشترن.

ڕاستییەكەی هیچ شتێك لە "بەرهەمی كوردیی كلاسیكیی" تۆماركراو باشتر نییە بۆ خزمەتی كورد بەهەمان ئەو دەستوورەی كەوا ئەدەبی كلاسیكیی عەرەبیی قورئان وەك كەرەستەی دەربڕین، خزمەتی ڕیفۆرمیستە هاوچەرخەكانی عەرەبی كردووە لە بواری كولتوور و كۆمەڵایەتیدا، بەهەمان شێوەی سیاسەتمەدارانیش هەندێجار وا لەقەڵەم دەدرێت‌ كە "زمانە" كوردییەكان لەو زمانەوە هاتوون كە میدییە دێرینەكان قسەیان پێكردووە. ئەگەر وابێت دەبێت كوردی تەنها لقێكی دیالێكتە لاوەكییەكانی زمانی میدیی یان ماد بێت. تەنانەت ئەگەر زمانی میدیی بە بنەما و ڕەچەڵەكی زمانی كوردی دابنرێت ئەوە زانیاریی ئێستا لەسەر ئەو زمانە كوردییە دادەنرێت. بەڵام زانیاریی ئێستا لەسەر ئەو زمانە زۆر كەمە بۆ سەلماندنی بیروبۆچوونی بووژاندنەوەی، هەرچەندە ئەوەش كارێكی بەجێیە. چونكە ئێستا تەنها شتی بچڕبچڕی بچووك و لاوازی میدیی هەن لە زمانی كوردیدا و چارەسەریش لەوەدایە كەوا دیالێكتێكی مۆدێرن هەڵبژێردرێت‌ یان زمانێكی نوێ‌ پێكبهێنرێت و بەزۆری پشت بەو دیالێكتانە ببەستێت كە ئێستا لەئارادان.

دیالێكتی کرمانجیی باشوور، سلێمانی بۆ نموونە، زۆر بەچاكی پشتگیری دەكرێ‌ لەلایەن زۆربەی كوردی عێراقەوە بۆ هەڵبژاردنی وەك زمانێكی ئەدەبیی هاوبەش، بۆ كوردەكانی ئێرانیش دیالێكتەكانی موكری و ئەردەڵانیی سەر بە کرمانجیی باشوور. زمانی گۆرانی لەڕووی مێژووییەوە گرنگەو ڕەنگە هەڵبژاردنی دیالێكتی سلێمانییان پێپەسەند نەبێت، ئەگەرچی دیالێكتەكانی سلێمانی و سۆرانی لای خۆیانەوە زۆر گونجاوو دەوڵەمەندن. لەڕووی سیاسییەوە موكری زمانەكان وادەڕواننە میراتی كۆمارە كوردییەكەیان كەجێی سەرنج و ڕێزبێت وەك چۆن سلێمانی پایتەختی هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەكەی كوردی عێراقە،(بۆ ئاگاداریی خوێنەر ئیزەدی ئەم وتارەی ساڵی ١٩٨٨ بە ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە و ڕەنگە پێش ئەوەش نووسیبێتی - وەرگێڕ). لەلایەكی ترەوە گۆرانی زمانەكانیش، ڕۆشنبیر و زانا و ئەریستۆكراتەكانی كرماشان، ڕەنگە وای بۆبچن كە ئەوە كارێكی نامۆ و نابەجێ‌ بێت دیالێكتەكانی شارە دوورەكانی مهاباد و سلێمانی بەكاربێن وەك هۆكارێك بۆ بڵاوكردنەوەی ئایدیای یەكبوونی فەرهەنگی كوردی، لەكاتێكدا ئەزموونی جیاوازی گەشەكردووی فەرهەنگی و ئیداریی خۆیان كە بەگۆرانی گوزارشی لێوەدەكەن، بواری پێبدرێت‌ دابەزێتە ڕیز و خانەی دووەمەوە. لە كوردەكانی ئەنەدۆڵ ‌و سووریاشەوە گوێبیستی ئەفزەڵییەت دەبین، بەڵام بەزۆری بۆ کرمانجیی باكوور و زازایی.

كارێكی نابەجێ‌ نییەئەگەر وای لەقەڵەم بدەین هەر زمانێكی ناوچەیی كوردی وادابنرێت‌ كە ڕۆڵی زمانێكی هاوبەش ببینێت‌، چونكە بەشێوەیەكی لۆجیكی یەكێك دەبێت‌ لە دیالێكتە بایەخدارەكانی شارە كوردییە سەرەكییەكان كەوا گەیشتوونەتە پلەی پێگەیشتنێكی ئەوتۆ كە شێوازی ژیانی ئەم سەدەیە گەرەكێتی. ئەو دیالێكتانە دەبێ‌ پێش هەموو شتێك، قەبارەیەكی گەورەی ئەدەبی نووسراویان تێدابێت بۆ پشتگیری كردن لەو كاندیدكردنەیان‌ و كەمیان میدیاكانی ڕاگەیاندن ‌و مێتۆدی خوێندنی زانكۆكان باوەشی بۆ كردوونەتەوە. ڕاستییەكەی كێشەکە لەوەدایە كەوا كامیان ئەو ئیمتیازەیان بدرێتێ و دیسانەوە ئەوە دەڵێن زەحمەتە بیر لەوە بكرێتەوە كە كوردێكی شانازی بەخۆوە كردووی خەڵكی دەرسیم، دیاربەكر، سلێمانی، مهاباد یان كرماشان حەز بكات زمانی دڵبەند و خۆشەویستی خۆی دابەزێتە پلەی دووەم لەگرنگیدا و (پاشانیش پشتگوێخستنی)، بەدانانی دیالێكتێكی كوردیی تر بۆ بەكارهێنانی سەرەكیی زمانێكی پێكهێنراو بەپێی بنەمای ئەم دیالێكتە سەرەكییانە و یەكخستنی خاڵە بەهێزەكانیان ڕەنگە چارەسەێكی لەبار‌ و گونجاو بێت.

ئەوی كە زیانبەخشە بە یەكێتیی بنەڕەتیی هەموو زمانە كوردییە ناوچەییەكان، ئارەزووی هەندێ‌ لە زمانەوانەكانە بۆ پۆلێن نەكردنی گۆرانی و لەكی یان تەنانەت زازاییش وەك زمانی كوردی، بەڵكوو زیاتر پێناسەكردنیان وەك زمانی ناوبەینی کرمانجی و لوڕی، كە ئەمیان زمانێكی باشووری ڕۆژئاوای ئێرانییە. گۆرانی و لەكی وەك زازا و کرمانجی دوو لقی باكووری ڕۆژئاوای خێزانی زمانە ئێرانییەكانن. لوڕییش وەك فارسی لقێكی باشووری ڕۆژئاوای ئەو خێزانەیە. لە ڕێگەی هەورامییەوە گۆرانی بەئاسانی بەکرمانجییەوە گرێدەدرێت، هەروەها لێكچوونی نزیكی نێوان گۆرانی و زازایی دەبێتە هۆی بەهەڵە تێگەیشتن لە گرووپەكانیان‌ و لەقەڵەمدانی ئەمی دواییان بە دیالێكتێكی سەرەكی ئەوی یەكەم دەداتەدواوە. بەواتایەكی تر ئەمە بە خاڵی كاریگەردادەنرێت،‌ ئەویش ئاماژەكردنە بەڕەگێكی هاوبەشی تەواوی زمانە كوردییەكان كەوا كەمێك درووستبوونی زمانێكی هاوبەش ئاسان بكات‌ و پشت بەم پاشخانە هاوبەشە ببەستێت. بەڵام دەبێت مەسەلەكە ڕوون بێت ‌و تێكەڵوپێكەڵیی تێدا نەبێت. بیروبۆچوونی بەستانداردكردنی زمانی كوردی بە ئاوێتەكردنی ئەو زمان‌ و دیالێكتانەی كە هەن. بەهەرحاڵ،ڕەنگە بەئاسانی لە نزیكی و تێكەڵبوونی زمانە ناوچەییە كوردییەكانەوە پەیدابێت كەوا پێشتر باسیان لێوەكرا. ڕاستییەكەشی ئەم بیروڕایە تاڕادەیەك مەحاڵە لەمەڕ هەموو ئەو زمانانەی كەوا گەلێ‌ بەرهەمی نوووسراو و بەهای مێژوویی و فەرهەنگیی خۆیانیان هەیە.

كورد لەمێژە كەمتر پێی لێدەنێن ‌و كەمتر لەوە دەدوێن كەوا بەرهەمە ئەدەببیە كوردییەكان لەڕاستیدا كەمن، ئەگەر بەراورد بكرێن لەگەڵ شاكارەكانی ئەدەبی فارسی و عەرەبیدا، بەڵام لەسەرێكی ترەوە ڕەنگە بۆ مەبەستەكەی ئێمە ئەمەیان كارێكی باش بێت، چونكە هیچكام لە زمانە كوردییەكان قەبارەی بەرهەمێكی ئەدەبیی گەورەیان بەدەستەوە نەداوە ئەگەر بەراوردیان بكەیت لەگەڵ میراتی ئەدەبیی ئەو دوو زمانەدا كە پێشتر باسمانكردن. لەبەرئەوە تێرم و زاراوەكانیان بەئاسانتر ئەو گۆڕانكارییەیان تێدا دروست دەبێت‌ كە پێویستە بۆ پرۆسەی تێكەڵبوون.

بەرهەمهێنانی ئەدەبێكی گەورە و بەهادار بەزۆری ئەوە دەگەیەنێت‌ كەوا زمانە پێشینەكان لەئاستێكی زۆر وەستاودا بوون‌ و كۆسپ‌ و تەگەرەی زۆری سەر ڕێی گەشەكردنی سروشتیی زمانەوانییان مەسەلەی لەناوچوونیانی هێناوەتە پێشەوە. ئەمەش بەڕۆڵی خۆی بووە بەهۆی "سواوییەك" وەك ئەنجامێكی دینامیكی بەكارهێنانی ڕۆژانە، بەڵام زمانی كوردی نە ڕاوەستاوە و نە پابەندە بە دەقێكی ڕەق ‌و تەقی ئەدەبی نووسراوەوە.

لەبەرئەوەی زۆربەی كورد بە یەكێك لە دیالێكتە زۆرەكانی کرمانجیی قسە دەكەن كەوابوو رێزمانی بنەڕەتی و گەلێ‌ لە فرمانەكانی زمانێكی پێكهێنراو دەكرێت ‌و دەبێت‌ لە کرمانجییەوە بێت، كە لەگشت بارێكدا ڕێزمانێكی نامۆ نییە بە گۆرانی یان زازایی، چونكە زۆر گونجاوە و دەتوانێت‌ قەوارەی سەرەكیی خۆی لە گۆرانی و زازایی و هەروەها لەكییش دروست بكات.

گەورەترین ژمارەی كورد وا لەقەڵەمدەدرێت‌ كە بە دیالێكتەكانی کرمانجیی باكوور قسە بكەن. بەم پێیە لێكگرێدانی دیالێكتەكانی کرمانجیی سەروو و خواروو دەكرێت‌ ببێتە زمانی زۆرینەی موسڵمانی سوننە، هیچ نەبێت‌ بەناویش بێت. زازایی و گۆرانی زمانەكان بەزۆری شیعە مەزهەبن ‌و تیرە و تایەفەی جۆراجۆرن و ڕاسپاردە وڕێنماییە ئاینییەكان بەدیالێكتی جۆراوجۆری كوردی نووسراونەتەوە و بەهایەكی ئاینیی پیرۆزیان لەخۆگرتووە. ئەم مەسەلە ئاینییە ڕەنگە كێشەیەكی ڕاستەقینە بێت لە ڕێیپەرەسەندن و گەڵاڵەكردنی زمانێكی ستاندارد لە ناو كورداندا.

 

 

سەرچاوە:  گۆڤاری کوردیش تایمز، بەرگی ٢، ژمارە ٢، هاوینی ١٩٨٨

              زمانێکی هاوبەشی کوردی   

Kurdish Times

Vol. 2, No. 2, Summer 1988

Pages: 13 - 24

A Kurdish Lingua Franca

*  میھرداد ئیزەدی (لەدایکبووی ١٩٦٣) مێژووزان و نووسەر و کوردناسی به‌ناوبانگومامۆستای زانکۆی ھارڤارده. باوکی کورد ودایکیبەلجیکیبوونەوبەھۆیدیپلۆماتبوونیئەوانمیھردادزۆربەیلاوێتیخۆیلە عێراق، ئێران، ئەفغانستان و کۆریا تێپەڕکردووە. لە زانکۆی کانزاس، جوگرافیا و زانستی سیاسی و مێژووی خوێندووە. پاشان لە زانکۆی سیراکیوز دووپلەیماستەریلەRemote Sensing و کارتۆگرافی ولە پەیوەندییە نێونەتەوەییکاندا گرتووە. لەساڵی ١٩٩٢دا دوکتۆراکەیلەزانکۆیکۆڵومبیاوەرگرتووە.

لە کتێبە گرنگەکانی:

  1. The Kurds: A Concise Handbook، (کورد: چەردە باسێک(بەئینگلیزی)،٢٦٨لاپەڕە،١٩٩٢، 
  2. وەرگێڕانی شەرەفنامەی بەتلیسی بۆ ئینگلیزی (The Sharafnâma, or, The History of the Kurdish Nation, 1597)، ٣٠٢ لاپەڕە، ٢٠٠٥

( ماڵپەڕی کوردستانیکا)

 

پەراوێزی وەرگێڕ:

  • بڵاوكردنەوەی ئەم باسە لەكاتێكدا بووە كە یەكێتیی سۆڤیێت هەڵنەوەشابووەوە.
  • پێموایە كوردی جوو یان جوولەكە نییە، چونكە لە حاڵەتی جوودا نەتەوە و ئایین لێکگرێدراوە و ئەمیان چەشنی ئایینەكانی تر نییە كە هی نەتەوە و گەلی جیاجیابێت. ڕەنگە لێرەدا مەبەستی جووەكانی ناوچەی بادینان بێت كە تا ساڵانی 1950کان زۆربەیان نیشتەجێی ئاكرێ‌ و دەوروبەری بوون ‌و بێجگە لە زمانی عیبری بە دیالێكتی بادینانی كوردییش قسەیان دەكرد. وەك باس دەكرێ‌ ئێستاش ئەوان لە ئیسرائیل تاڕادەیەك کولتوور و نەریتی كوردەوارییان پاراستووە، بەڵام كورد نین.
  • ئەم پۆلێنكردنەی سۆرانی و سلێمانی و گەرمیانی و ..تاد جێی هەڵوەستە و سەرنجدانە و ئەگەرچی كەمە جیاوازییەكان لەنێواندایە، بەڵام پێموانییە دیالێكتی جیاجیابن. بە هەمان شێوە مەسەلەی "زمانە کوردییەکانیش" و لە ڕووی زمانەوانییەوە بێنەوبەرەی زۆر هەڵدەگرێت و هەستی نەتەوەیی ئێستا بەتەواوی ڕەتیدەکاتەوە،
  • نووسەر لێرەدا بەهەڵەدا چووە و سلێمانی پایتەختی هەرێمی ئۆتۆنۆمی كوردستان نەبووە، بەڵكوو هەولێر بووە. ڕەنگە مەبەستی پایتەختی ڕۆشنبیری بووبێت، كە زۆرینەی كورد پێ‌ لەوەدەنێت.
  • لەدوای قەڵاچوالان، سلێمانی پایتەختی میرنشینی بابان بووە و دیالێكتەكەشی زمانی فەرمانڕەوایانی ئەو میرنشینە و قەڵەمڕەوەکەی بووە. بەڵام ئەیالەتی شارەزوور كۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەكان ‌و بێجگە لە شارەزووری ئێستا تادەوروبەری هەمەدانیشی گرتووەتەوە و گەلێ‌ جار "إقلیم الجبال"یشی پێوتراوە. بێگومان ئەو سەردەمەش سلێمانی وەك شار لەئارادا نەبووە.لە سەردەمێکی حوکمی عوسمانییشدا ئەم ناوچانە بە ویلایەتی شارەزوور ناسراون و مەڵبەندەکەشی کەرکووک بووە. وەک دەگوترێت دواتر خراوەتە سەر ویلایەتی مووسڵ، چونکە لە هەمان کاتدا ویلایەتی دێرەزووریش (دیر الزور) نزیکی بووە و ئەم دوو ناوی لێکتر نزیکە سەری لە کارمەندانی فەرمانگەی پۆستە شێواندووە و گەلێ جار نامە و فەرمانەکانی سوڵتانیان لە ئەستەمبووڵەوە بە هەڵە پێگەیشتووە و لەو سۆنگەیەوە ویلایەتی شارەزووریان هەڵوەشاندووەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە