
ڕەشید غوێڵب
وەرگێڕانی: ڕێگای کوردستان
حزبی چەپی سوید بە گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکانی دوایی دادەنرێت. بەپێی ئەنجامە کۆتایییەکان، حزبەکە توانی 8.4٪ی دەنگەکان بباتەوە؛ واتە بە بەرزبوونەوەی 1.7٪، توانی 30 کورسی لە پەرلەمانی نوێدا بەدەستبهێنێت، کە 6 کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاترە. سەرباری ئاستەنگییەکانی پێکهێنانی حکومەت و هەوڵەکان بۆ پەراوێزخستنی چەپ لە مافی ڕەوای بەشداریکردنی لە دەسەڵاتدا، لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو هۆکارانەی حزبەکەیان بەرەو ئەم سەرکەوتنە برد.
خوێندنەوەیەکی دروست بۆ واقیع
بەرەی ڕاستڕەوی پارێزگار و توندڕەو هەوڵیان دا دووبارە تاوانکاری و کۆچبەری بکەنەوە بە بابەتی سەرەکیی هەڵبژاردنەکان، لە کاتێکدا مەترسی و نیگەرانییەکانی دەنگدەران سەبارەت بە داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گرانیی بژێوی ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو. لاوازبوونی سیستەمی خۆشگوزەرانی لە سوید، ئاوی کردە ئاشی ئەم ئاڕاستەیەوە. جگە لەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن سێ پڕۆسەی هاوكات بوو: لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتیدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی 21 هەرێمەکەی سویدیش بەڕێوەچوو (کە بەرپرسن لە کەرتی تەندروستی، گواستنەوەی گشتی و گەشەپێدانی هەرێمی)، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی 290 شارەوانییەکەدا (کە تایبەتن بە قوتابخانەکان، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چاودێریی کۆمەڵایەتی و ناوەندەکانی حەوانەوە).
سەپاندنی سیاسەتی دژە کۆچبەران بووە هۆی کەمیی بەرچاو لە ژمارەی پەرستاران و کارمەندانی چاودێریی بەساڵاچووان، هاوکات بەرزبوونەوەی بەردەوامی تێچووی خۆراک، نیشتەجێبوون لێکەوتەوە. بەم شێوەیە سوید بووە سێیەم وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرزیی ڕێژەی بێکاریدا، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا (23.3٪).
لە بەرامبەردا، حزبی چەپ ڕێبازێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵانەتری گرتە بەر؛ دەستی خستە سەر دەیان ساڵ لە نایەکسانی کۆمەڵایەتی و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. حزبەکە داوای دابینکردنی چاودێریی گشتگیری ددانی کرد — کە لەم داوایەدا هەنگاوێک لە حزبی سۆسیال دیموکرات پێشتر بوو — جگە لە داواکاری بۆ سەپاندنی "باج بەسەر ملیاردێرەکاندا" بۆ کۆکردنەوەی نزیکەی 4.5 ملیار یۆرۆ، بەهێزکردنی چاودێریی نرخەکان، دابینکردنی خۆراکی هەرزانتر، و بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی گشتی. هەروەها داوای زیادکردنی میلاکی کەرتی تەندروستی، باشترکردنی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی، و کۆتاییهێنان بە بازرگانیکردن بە سیستەمی چاودێریی کۆمەڵایەتی و تایبەتکردنی پەروەردەی کرد.
حزبەکە داوای وەبەرهێنانێکی گەورەی گشتیی کرد بۆ پێشخستنی ژێرخان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا؛ لەڕێگەی فراوانکردنی تۆڕی هێڵی ئاسنین و گواستنەوەی گشتی، نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی دۆستی ژینگە، پاڵپشتیکردنی وەرچەرخانی پێشەسازی، لەگەڵ بەهێزکردنی خاوەندارێتیی گشتی، چاودێریی دیموکراتییانە، و دووبارە دابەشکردنەوەی سەرمایە و دەسەڵات.
لە کاتێکدا حزبی سەوز و حزبی سۆسیال دیموکراتیش بەڵێنی تەرخانکردنی بودجەی زیاتریان بۆ قوتابخانە، تەندروستی، کەشوهەوا و شارەوانییەکان دابوو، بەڵام کەمتر ئامادەبوون ڕووبەڕووی سیستەمی تایبەتکردن و بازاڕ ببنەوە؛ بەو سیستەمەی کە کواڵێتیی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لە سوید دابەزاندبوو (هەتا لە سایەی حکومەتەکانی پێشووی سۆسیال دیموکراتیشدا).
چەپەکان ساڵانی دوای هەڵبژاردنی 2022یان بۆ ئامادەکاریی پێکهێنانی حکومەت تەرخان کرد. سەرەڕای گفتوگۆ توندەکانی ناو حزب، داواکردنی مافی ڕەوای بەشداریی ڕاستەوخۆ لە حکومەتی بەدیلدا، کۆڵەکەی سەرەکیی ستراتیژییەکەیان بوو بۆ گۆڕانکاری. ئەزموونی پێشتریان لە پاڵپشتیکردنی حکومەت لە دەرەوەی کابینەکەدا ئەزموونێکی نەخوازراو بوو، چونکە ڕێگەی خۆشکرد سۆسیال دیموکراتەکان بەرەو سیاسەتی ڕاستڕەوانە بپەڕنەوە. بەشداریی چەپ لە حکومەتی نوێدا دەکرێت کاریگەرییان بەسەر سیاسەتەکانی خۆشگوزەرانی، باج، نیشتەجێبوون و کەشوهەواوە زیاتر بکات.
دوژمنکاری بەرامبەر حزب بێسوود بوو
لە سەروەختی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، حزبەکە ڕووبەڕووی پەلاماردان و هەڵمەتێکی ئاشکرای ناوزڕاندن لەلایەن میدیا ڕاستڕەوەکانەوە بووەوە، کە هۆشدارییان دەدا لەوەی "چەپ توانای وێرانکردنی ئابووریی سویدی هەیە". حزبی چەپ بە شێوەیەکی بەردەوام کەوتە بەرمەبەستی هێرشەکان، لەوانەش تۆمەتبارکردنی کاندیدەکانیان بە "دژایەتیی جوولەکە" و "پیاهەڵدان بۆ تیرۆر".
بەڵام هەڵمەتی ڕاستڕەوەکان سەری نەگرت؛ حزبەکە توانی ئەنجامی بەرچاو لە شارە گەورەکان، ئەو گەڕەکانەی زۆرینەی دانیشتووانیان کۆچبەرن، و لەنێو دەنگدەرانی نوێ، گەنجان و ژناندا بەدەستبێنێت. ئەم توێژانەی کۆمەڵگە، کە بەدەست گرانیی بژێوی و داڕمانی خزمەتگوزارییەکانەوە دەیانناڵاند، زیانمەندی ڕاستەوخۆی ڕێبازە ڕاستڕەوانەکەی سۆسیال دیموکراتەکانیش بوون لە پرسی کۆچبەراندا.
ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی هەڵمەتێکی جەماوەریی بێپێشینەی چەپ بوون؛ لەوانەش لە دەرگادانی نیو ملیۆن ماڵ و پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ نیو ملیۆن دەنگدەری دیکە. ئەم گۆڕانکارییە لەو ناوچانەدا دیارتر بوو کە چەپ تێیاندا ڕێکخراوتر بوو، وەک سێ شارە گەورەکەی سوید: ستۆکهۆڵم، یۆتنبۆری و ماڵمۆ.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا ئەرکی حزبی چەپە بسەلمێنێت کە دەتوانێت لە ناوەندی دەسەڵات نزیک بێتەوە بێ ئەوەی بشوێندرێت یان ببێتە پاشکۆ، هاوکات وەڵامێکی بڕواپێکەر بۆ ناڕەحەتییەکانی بێئاسایشی بداتەوە. حزبی "دیموکراتەکانی سوید"ی ڕاستڕەوی توندڕەو، دەیان ساڵی پێچوو تا لە پەراوێزی سیاسییەوە بگاتە ناوەندی دەسەڵات و سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی بچەسپێنێت. بۆیە ئەرکی چەپ تەنها دوورخستنەوەی فاشیستە نوێیەکان نییە لە دەسەڵات، بەڵکو گۆڕینی ئەو زەمینە مادی و سیاسییەشە کە ڕێگەی پێدان بگەنە سەر تەختی فەرمانڕەوایی.



































































