
نووسینی: شێنێ مشیر
ڕۆمانی (سەرەگێژە) لەنووسینی نوسەری فەڕەنسی (ژۆئێل ئیگلۆف)ە، لەلایەن (سەڵاحەدین بایەزیدی)ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، و ساڵی (2022) لە دوو توێی (103) لاپەڕەدا لەلایەن دەزگەی چینی چاپ و بڵاوبۆتەوە.
کاتێک مرۆڤەکان لەناو ژینگەی پیس و ژاوەژاودا دەژین، و ئەو ئاو و هەوایەی هەڵی دەمژن هەر ڕۆژەو بۆنێکی جیاوازی لێبێت ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونیان دەبێت. هەموو ڕۆژێک تەمێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکە داپۆشێت و ئاواتی بینینی تیشکی خۆر ببێتە خۆزگەیەکی ڕۆژانە، ئایا مرۆڤەکانی ئەم ژینگەیە چ ئاواتێکیان هەیە بۆ مانەوە لەژیاندا؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەمە سەرەتای باسکردنی ئەم ڕۆمانە، نووسەر لەم ڕۆمانەی بەردەستمان باس لەژینگەیەکی ناتەندروست دەکات کە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤەکان دروست دەکات، و لەڕێگەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە کە ناوی ناهێنێت و لەناو بازنەیەکدا دەمان خولێنێتەوە کە تووشی سەرگێژبوونمان دەکات.
لەگەڵ خوێندنەوەدا دەچینە ناو ناخی مرۆڤێک کە ڕۆژانە ژیانی لەناو کوشتارگەیەکی ئاژەڵاندا تێدەپەڕێنێت، کە دەڕوانێتە هەر ئاڕاستەیەکی دەورووبەری سەری بڕاو و لاشەی خوێناوی دەبینێت.
ئەو هەوایەی هەڵیدەمژێت بۆنی لاشەی ئاژەڵەکانە، و کاتێک لەکار تەواو دەبێت ئەوەی دەستی کەوتووە ورگ یان ڕیخۆڵە یاخود هەزار لۆغانە، کە لەنەبوونی کەسانی دیکە لەدەورووبەری دزیویەتی و لەناو جلەکانی ژێرەوەیدا شاردوویەتیەوە.
لەکاتی ڕۆشتنەوەی خەمی ئەوەیەتی کە سەگەکانی سەر ڕێگاکەی پەلاماری نەدەن بەهۆی بۆنکردنیان.
لێرەدا ژیانی ئەو کەسانەمان بۆ دەردەکەوێت کە نەبوونی و برسێتی تەنگی پێیان هەڵچنیوە و ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت لەئەنجامی کارەکەیان بەشی تێرکردنی سکیان ناکات و ناچار پەنا دەبەنە بەر دزی و کاری نایاسایی.
ژیانی ئەو کەسانەی کە لەناوچە دوورە دەستەکاندا دەژین و بۆ دەسەڵاتداران گرنگ نییە کەئەوان چییان لێ دێت و بەڵکو هەندێک جار بۆ کارە نایاساییەکانی خۆشیان بەکاریان دێنن. ئەو کەسانەی لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا لەناو زبڵ و خاشاکەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خواردن یان شتێک بدۆزنەوە کە بەکەڵکی بەکارهێنان بێت و هەموو ڕۆژێک بەخت یاوەریان نابێت کە شتێکی بەسوود بدۆزنەوە و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ماڵەوەی بەرنەوە، دەبێت ناخی ئەم مرۆڤانە چۆن بێت کاتێک ئێواران بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان؟
سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی ڕووبەڕووی کارەکتەری ڕۆمانەکە دەبێتەوە بەڵام ئەو دەڵێت: (وێڕای ئەمانەش، ئەو ڕۆژەی کە لێرە دەڕۆم، باش دەزانم خەفەتێک ئەوکم دەگرێ. لێم سوورە فرمێسک لەچاوەکانمدا قەتیس دەمێنێ. هەرچی بێ، ڕەگەکانی من لێرەن).
لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤ تاکە بوونەوەرە سەرەڕای ئەوەی نەهامەتی نامێنێ نەیچێژێ بەئاواتی ئەوەیە کە ڕۆژێک لەو دەردەسەرییە ڕزگاری بێت و بچێتە ناو خۆشبەختییەوە، بەڵام بەداخەوە کاتێک دەرگای خۆشبەختی لێ دەکرێتەوە لەپاش ماوەیەک ئاخ هەڵدەکێشێت بۆ ئەو ڕۆژانەی کە لەناو قۆڕ و خۆڵدا یاریی دەکرد و ئامادە نییە کەمێک گۆڕانکاری لەبیرکردنەوەیدا بکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ژیانی زۆربەی مرۆڤەکان خولانەوەیەوە لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا.