
سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان شیعری منداڵان، دەبێ لە ڕووی وێنەو وشە، زمان و گوزارشت، سادەو ڕوون بێت، لە ڕووی ماناشەوە، مانایەكی دیارو بەرجەستەی هەبێت و نابێ وشەكانی ئاڵۆز و ناشیعریی و نامۆزیكی بن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، یەكێتی بابەت و ئەو پەیوەندییە واتایەیە، كە دەبێ وەك گوتارێكی فێركاریی و پەروەردەیی لە شیعردا بەرجەستە بكرێت. لێرەوەش ئەوانەی شیعر بۆ منداڵان دەنووسن، دەبێ ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندی و وردەكارییانە بكەن، چونكە ئامانج لە نووسینی شیعر بۆ مندارَن، هەر تەنها چێژ و خۆشی نییە، بگرە ڕووێكی فێركاریی و هزریشی هەیە و دەشێ شیعری منداڵان، هزری منداڵ بەرە و پرسیار و تێڕامان ببات و ئیدی لە ڕێگەی وێنە شیعرییەكانەوە پرسیاری لا دروست بێت. زۆرجار دەبینین ئەو شیعرانەی بۆ منداڵان نووسراون، ڕەچاوی ئەو وردەكارییانەیان نەكردووە كە دەبێ لە شیعرەكەدا لە میانەی وشە و ڕستە و دەربڕینەكان بخرێنە ڕوو. بۆ نموونە: تەرزە، دیاردەیەكی سرووشتییە و وەرزییە و لە وەرزی بەهار ڕوودەدات، بۆیە كاتێ لە شیعرێكدا شاعیر ئاماژە بەو دیاردە سرووشتییە دەكات، دەبێ بەستنەوەیەكی واتایی و زەمەنی و ژینگەیی لە شیعرەكەدا هەبێت، بۆ ئەوەی منداڵ بزانێت تەزرە لە چ وەرزێكی ساڵدا دەبارێت؟ با سەرنج لەو شیعرەی (محمەد بەرزی) بە ناوی تەرزە بدەین كە دەڵێت:_
ئەمڕۆ هەوارە بەرزە
كەوتە بەر تاوە تەرزە
بەربوونە ڕێزە دارێ
گەڵا دەڕژانە خوارێ
بە دەنگی تۆزێ گەورە
شەقەی دەهات پەنجەرە
تەرزەیە تیژ دابەزی
زۆر بە قایم هەڵبەزی
گەر چەترەكەم نەبوایە
ڕەنگە سەرم بشكایە (1)
ڕووداوی نێو ئەو شیعرەی منداڵان، دیاردەی سرووشتی تەرزە بارینە، ئەم دیاردەیەش لە ڕووی گەردوونی و سرووشتییەوە لە وەرزی بەهار ڕوودەدات، كەواتا دیاردەكە لە ڕووی زەمەنی و سرووشتییەوە دیاریكراوە، بەڵام شاعیر وشەی ئەمڕۆی كە هاوەڵناوی كاتە، بە گشتی بۆ دیاردەكە بەكار هێناوە. واتا پەیوەندی واتایی، وەرزی و بابەتی لە نێوان ئەمڕۆ وەك ئاماژەی زەمەنی، لەگەڵ خودی دیاردەكە كە تەرزە بارینە نییە، بەمەش لە ڕووی مانایەوە شیعرەكە دەشێ بۆ هەر چوار وەرزەكە ببێت كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە تەرزە لە هەموو وەرزێك ناباریت، لێرەوەش ئەم شیعرە، دەبوو بۆ ئەوەی یەكێتی بابەت و پەیوەندی واتایی لە وێنە و دەربڕینەكان تەواو بكات، وەرزی بەهاری تێدا بووایە، بۆ ئەوەی منداڵ ئاشنا بكرێت بەوەی كە تەرزە، تەنها لە بەهار دەبارێت چونكە ڕووداوێكی سرووشتی تایبەتە. ئەم وردەكارییانە لە شیعری منداڵاندا، دەبێ بە هەستیاریی و تێ هزرینەوە لێی بڕوانرێت و نابێ بڕوامان وابێت شیعری منداڵان تەنها بۆ چێژ و خۆشی و لە بەركردنە، نەخێر چونكە ئامانج لە ئەدەبی منداڵان بە گشتی، فێركاریی و پەروەردەیی و زانستییە لە پەراوێزی وێنە و زمانی سادەو ڕوون لە دەربڕیندا. زمان لە نووسیندا بە هەر بارێكەوە بێت، دواجار ئاماژەیەكی واتایی دەگەیەنێت، واتاش پەیوەستە بەو مەتریال و ڕەگەزانەی لە نێو ژینگەی ژیان و دەوروبەر لە پێكهاتە سرووشتی و مرۆییەكان كە هەیە، بۆیە دەبێت لە شیعری منداڵاندا ئەو بە یەك بەستنەوە هەبێت. شاعیر لە شیعرێكی دیكەیدا بە ناوی (مشك و پشیلە) دەڵێت:_
مشكێ دایكمی ترسان
لە تاوانا دەیقیژان
باوكم دوو تەڵەی هێنا
لەگەڵا پەنیر بۆی دانا
نیوە شەو تەڵە تەقی
ڕامانكرد هیچمان نەدی
دایكم زۆر بە ترسەوە
پشەی كردە ژوورەوە
لە پڕ مشكە دەرپەڕی
خێرا پشە ڕاپەڕی
تەڵە تەقی زوو بە زوو
كلكی پشەی گرتبوو (2)
دەسپێكی ئەم شیعرەی منداڵان، بە تۆخكردنەوەی ئەو وێنە میللی و پەتریاكییەی نێو كۆمەڵگەی كوردی دەست پێ دەكات، كە گوایا ژنان لە مشك دەترسن ! بۆیە لە میانەی وێنەكان و دەربڕینەكانەوە، شاعیر باڵادەستی و هێزی پیاو بە سەر ژن نیشان دەدات، كە چۆن هێندە ترسنۆك و بێ دەسەڵات و لاوازن لە مشك دەترسن، بێ ئەوەی ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، گەر ژنی كورد لە مشك بترسێت، چۆن دەبێتە پێشمەرگە، گەریلا، شەڕڤان و تەنانەت كار دەكات و بوونی خۆی دەسەلمێنێت؟! وێنەی شیعرەكە، تێڕوانینێك لای منداڵ دروست دەكات، كە دایكیان وەك كەسێكی لاواز و ترسنۆك ببینن و هاوكات باوكیشیان وەك ڕزگاركەرێك، چونكە تەڵەیەكی هێناوەو ڕاوی مشكەكەی پێ دەكات ! هەڵەی زەقیش لەوە دایە، كە خودی ڕووداوەكە لە سەر زاری منداڵ باس دەكات، كە ئەمەش لە ڕووی هزری و پەروەردەیی زۆر نەگونجاوە، چونكە ئەمە مانای وایە هەر لە سەرەتاوە منداڵان ئەوە دەزانن، كە دایكیان لە مشك دەترسێ، بێ ئەوەی خەیاڵی لای ئەوە بێت، گەر منداڵێك دایكی هەبوو، بەڵام باوكی نەبوو، ئەم دایكەشی لە مشك ترسا، ئیدی كێ ڕزگاری دەكات؟! لەلایەكی دیكەوە، بۆ دەبێ ئێمە منداڵان هەر فێری ئەو نەریت میللی و خێڵەكییانە بكەین، كە بەشێكن لە تێڕوانینی پەتریاكییانەی مرۆڤی كورد، كە ژن وەك مرۆڤێكی ترسنۆك و بێ دەسەڵات دەبینێت و گەر خۆی بە پیاوێكەوە هەڵنەواسێت، ئەوا ناتوانێت بژیت؟ بێگومان چێژ بەشێكی سەرەكی و بنەڕەتییە لە شیعری منداڵان، بەڵام ئەدەبی منداڵان، دواجار دەبێ لەو ڕەهەندە پەروەردەییە ببینرێتەوە، كە كەسیەتی منداڵان دروست دەكات و هزر و تێڕوانینیان بەرە و كرانەوە و هوشیاربوونەوە دەبات ، بۆیە دەبێ لە هەڵبژاردنی وشە و ئاماژە شیعرییەكان، شاعیران هوشیاربن نەك ئەو دەستەواژە و وشە نەرێنییانە بەكاربێنن، كە بەلای منداڵەوە نامۆ و نا بەرجەستەیین. گەر سەرنج لەو شیعرەی خوارەوە بدەین، دەبینین ئەم شیعرە لە بری ئەوەی بواری پەروەردەی منداڵان ڕەچاو بكات، بە پێچەوانەوە فێری دەستەواژەی دیكەی نامۆ بە هزر و دنیای ئەوانیان دەكات، لە شیعرەكەدا هاتووە:
من كردوومە بە پیشە
كتێب دۆستم هەمیشە
لەلام جوانترین ئیشە
بابەت لە بۆ منداڵان
پێویستە لە گشت ماڵان
تا كات نەڕوا بە تاڵان (3)
گەر بپرسین، كار چۆن بە تاڵان دەبردرێت، ئایا بنووسی ئەو شیعرە دەتوانێت وەڵامی بڕواپێهنەر و لۆژیكییانەی منداڵان بداتەوە و ئەو هەستەیان لا دروست بكات، كە تێ بگەن و بزانن كات چۆن تاڵان دەكرێت؟ ئایا كات ماتریالێكە، وەك هەر كەرستەیەكی دیكەی بەرجەستە تا تاڵان بكرێت؟ پاشان بۆچی وشەیەكی زەق و ناشیرین و دوور لە دنیای منداڵان، فێری منداڵان بكەین، كە داهێنانی گەورەكانە و بەشێكە لە كولتووری تێكدەرانەی ئەوان كە دەرەنجامی ڕووداوەكانە؟ ڕاستە لە شیعری منداڵاندا، مۆسیقای دەرەوەو ناوەوەی دەق، بەهایەكی هونەری دیاری هەیە، بۆ ئەوەی چێژ لای منداڵان دروست بكات و كە دەیخوێننەوە هەست و سۆزیان ببزوێنێت، بەڵام فۆڕم و مۆسیقای شیعری منداڵان، نابێ ڕەهەندی واتایانەی دەق بشێوێنێت و تێكی بدات، چونكە دواجار دەق بەدەر نییە لە مانا، جا لە ئەدەبی منداڵان بێت، یان گەورەكان. لێرەوەش لە ڕووی واتاییەوە، ناوەڕۆكی ئەم شیعرە لە وشە و پێكهاتەی شیعری دوور لە ژینگەی پەروەردەیی منداڵ لە ڕووی كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە پێكهاتوون، شاعیر سەرەتا بە پیشەیەكەوە دەست پێ دەكات، گەرچی (دۆستبوون) پیشە نییە، بەڵام گەر ئەم سەرەتایە وەك دەسپێكی ئەرێنییانە لە شیعرەكەدا وەرگرین، ئەوا دواجار شاعیر نەیتوانیوە لە سەر هەمان ئەو گوتارە ئەرێنییە درێژە بە شیعرەكە بدات، چونكە نە كات بە تاڵان دەبرێت، نە بابەتی منداڵانیش كەرستەیە، تا لە هەموو ماڵێك هەبێت. لە شیعری (خۆپارێزیدا) (4) شاعیر ڕێنوێنی منداڵان دەكات كە خۆیان لە نەخۆشی بپارێزن تا تەندروست بن و شاعیر دەڵێت:_
ئێمە چەند پاك و ژیرین
هۆشمەند و ڕۆشنبیرین
بەڵێ ئێمەی منداڵان
ناچینە جادە و كۆڵان
خۆپارێزین بە چاكی
بەڵكو بە تەندروستی
دوور لە دەرد و لە سستی
بژین بە بێ نەخۆشی
لەشساغ بین هەر بەخۆشی
ئەم شیعرە لە ڕووی ڕیتم و مۆزیكەوە، شیعرێكی جوان و گونجاوە لەگەڵ چێژ و سەلیقەی منداڵاًن، شیعرەكە لە ڕۆژگاری كۆرۆنا نووسراوە، كە كەرەنتینەی گشتی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، منداڵان هەر دەبێ بچنە جادەو كۆڵان! مەگەر نەخۆشكەوتن و كۆرۆنا بگرن، نابێ هەر بە ئوتومبێل و بە جادەدا بچن؟ ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، هیچ ئاماژەیەك لە شیعرەكە نییە، كە بۆچی منداڵان نەچنە جادە و كۆڵان، كە مەحاڵە منداڵێك هەبێت نەچێتە شەقام، گەر لەگەڵ باوكیشی بۆ بازاڕكردنیش بێت. خۆ پارێزییەكە دیارە، بەڵام هۆكاری ئەم خۆپارێزیی و لە ماڵەوە مانەوە لە شیعرەكەدا ڕوون نییە، بۆیە دەبوو ئاماژە بۆ پەتای كۆرۆنا، بكرابایە، بۆ ئەوەی یەكێتی بابەت و وردەكاریی نێو شیعرەكە لە ڕووی واتاییەوە تەواو بكەونەوە، چونكە كەرەنتینە بۆ هەموو نەخۆشییەك ناكرێت و زۆر جار منداڵان بە نەخۆشیشەوە هەر ئارەزووی یاری و كۆڵان دەكەن. ئەم وردەكارییانە، گرنگن بۆ كرانەوەی هزریی منداڵ كە لە سەرەتای پەروەردەكردن و پێگەیاندن و بونیادنانی كەسیەتی دان، بۆ ئەوەی لە ڕووی زمانەوە زمانیان بپژێت و هاوكات هزریشیان بە وەڵامی پرسیارەكان بكرێتەوە. لە شیعری یەكەم ساڵی خوێندنە (5) شاعیر ڕەچاوی جیاوازی كات و زەمەنی نەكردووە و دەڵێت:
یەكەم ساڵی خوێندنە
خۆشترین ڕۆژی منە
هەڵبەتە ساڵی خوێندن دووانەییە، واتا ساڵێكی دیاریكراو نییە، بۆ نموونە ساڵی خوێندنی ئەمساڵ (2025/2026) لە كاتێكدا نەبۆتە ساڵی نوێ، لەگەڵ ئەمەشدا، شاعیر لە دەسپێكی شیعرەكەیدا گەرچی باسی ساڵ دەكات، بەڵام دواتر دێتە سەر ڕۆژ. ڕۆژ بەشێكە لە هەفتە، هەفتەش لە مانگ و ئەمانە بە تێكڕایی ساڵ پێكدەهێنن، بۆیە یەكەم ساڵ، لەگەڵ خۆشترین ڕۆژ لە ڕووی بابەتی و مانایەوە بۆ هزری منداڵ ئاڵۆزە و ڕەنگە بپرسێت، بۆچی لە ساڵ بۆتە ڕۆژ؟ لێرەوەش گەرلە سەرەتای شیعرەكە، ساڵەكە بكەینە ڕۆژ وەك ئەوەی (یەكەم ڕۆژی خوێندنە، خۆشترین ڕۆژی منە) گەلێك بابەتی ترو جوانتر دەبێت، بە تایبەتیش كە یەكەم ڕۆژی خوێندن دیاریكراوە لە ساڵدا، وەك ئەوەی ئەمساڵ لە 21ی ئەیلول بوو. لە شیعری منداڵاندا، هەر تەنها مۆزیك و ڕیتم و چێژی شیعری گرنگ نین، ڕووە هزری و پەروەردەیەكەشی گرنگە، چونكە ئامانج لە ئەدەبی منداڵان پەروەردە كردنیان و پێگەیاندنی هزرییانە. دواجار دەڵێم، ڕەنگە پرسیاری ئەوە بكرێت، كە ئەم شیعرانە بۆ منداڵانە و ئەم وردەكارییانەی بۆ چییە؟ بەڵام بە پێچەوانەوە خۆم یەكێكم لە وانەی بەردەوام ئەدەبی منداڵان دەخوێنمەوە، هاوشانی ئەدەبی گەورەكان.
پەراوێزەكان:_
1_ گفتوگۆ لەگەڵ محمەد بەرزی، سازدانی ڕەزا شوان، ماڵپەڕی دەنگەكان، 26 دیسەمبەری /2019 .
2_ مشك و پشیلە، محمەد بەرزی، ماڵپەڕی دەنگەكان، 2/12/2018.
3_ عەبدولرەحمان تاوەگۆزی، كوردی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی ، وەرزی یەكەم ساڵی چاپ _ 2025 .
4_ خۆپارێزیی، شیعری منداڵان، ڕۆستەم خامۆش، ماڵپەڕی دەنگەكان،22/ئازاری/ 2020 .
5_ یەكەم ساڵی خوێندنە، عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی، ماڵپەڕی چرا، 12/9/2019.
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە ( 1400) لە 11/12م2025 بڵاوكراوەتەوە.