
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پاراستنی سەروەری و خاکی هەرێم ئەرکی دەستووریی حکومەتی فیدراڵییە و دەبێت هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق بەرگری لە هەرێم بکات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە سەرکردایەتیی سیاسی و هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نین لە ململانێ و شەڕەکان و نایانەوێت تێوەبگلێن.
وەزیری پێشمەرگە داوای لە بەغداد کرد ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو گرووپە ناسراوانە بگرێتەبەر کە بە ئەنقەست سەقامگیریی هەرێم تێکدەدەن و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە شەهیدبوونی پێشمەرگەکان خەمی هەموو خەڵکی کوردستانە و جەختی لە سووربوونی هێزەکانی پێشمەرگە و جەماوەر کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ.