
ڕێوار ئاودانان، وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە وتارێکدا کە لە "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" لە شاری لەندەن پێشکەشی کرد، دیدگای پارتەکەی بۆ داهاتووی وڵاتەکە خستە ڕوو. جەختی لە پێویستیی گۆڕینی سیستەمی ئێستای ئێران بۆ سیستەمێکی دیموکراتیک و دادپەروەر کردەوە و نەخشەڕێگەی پژاکی لە چوار تەوەرەی سەرەکیدا چڕکردەوە: خۆڕێکخستنەوەی دیموکراتیک، بەشداریی نەتەوەکان، مافی ژنان و شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتووی ئێران.
وتەبێژەکەی پژاک ئاماژەی بەوە دا کە کورد و هەموو نەتەوەکانی تری ناو ئێران مافی ڕەوای خۆیانە بەشێوەیەکی کارا لە ناوەندی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدار بن. هاوکات تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکگرتوویی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕایگەیاند کە جیاوازی و ململانێ ناوخۆییەکان نابێت ببنە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی هێزە سیاسییەکانی کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ڕێوار ئاودانان جەختی لە ڕۆڵی ژنان کردەوە و ڕایگەیاند کە بەبێ بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان دیموکراسی تەنها دروشمە و هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕوونادات. دواتر وتارەکەی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهێنا وەک هێمایەک بۆ بەردەوامیی خەبات لەپێناو یەکسانی و دادپەروەریدا.