بەشی چوارەم

قەڵادزێ وەك هەست بە بەرپرسیاریەتی و شوێنی خۆی بكات، دەسەڵاتی جوگرافیی خۆی بەكار دێنێ و دەبێتە شوێنێك لە هیچ گوندێكی دەوروبەرەكەی و شارێكی نزیكیشی نەچێت.

ئەو بەشەی وتارەكە تەرخان دەكەم بۆ قەڵادزێ وەك شار، دەشێ لە ڕووی واقیعی و زانستییەوە چەند ڕستەیەك بنووسم كە بەدڵی دۆستانم نەبێ، بەتایبەتی ئەو دۆستە نزیك و برا ڕووحییانەی كە بەردەوام خوێنەری وتارەكان بوون.

ڕووحی شار لە قەڵادزێدا

یەكەم: بنەمای بوونی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی كولتووری، زمانە، ئەو زمانەی لە قەڵادزێ دەركەوت نە هی گوندەكانی بوو، نە هی ئەو خێزان و كەسانە بوو كە لە شوێنی دیكەوەڕا هاتبوون.. دەبێ ئەوە زیاتر ڕوون بكەمەوە.

- لە وتاری پێشوودا وردەكاریی پەیوەندیی قەڵازێم بە گوندەكانەوە شی كردەوە، گوندەكان بە دوو جۆر كاریگەرییان لەسەر قەڵادزێ هەبوو، یەكەمیان ژیانی ئابووریی شارەكە بە شێوەیەكی سەرەكی پشتی بە گوندەكان بەستبوو، ئەوە باس كراوە. دووەمیان ئەو گوندییانەی (لادێییانەی) لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە گەشەیان دەكرد، یان پێویستیی ژیانیان ناچاری دەكردن ڕوویان لە قەڵادزێ دەكرد و دەبوونە دانیشتوانی شارەكە.

واتا بەشێكی سەرەكیی شارەكە لەو خێزانانە پێكهاتبوو كە بە هەر شێوەیەك بێت، لە گوندەكانەوە بۆ ناو شارەكە كۆچییان كردبوو.

دیوە دڵڕەقەكەی قەڵادزێ ناسناوی (لادێیی) لەو كەسانە نابوو، ئەوان زمان و كولتوور و فەرهەنگی خۆیان هەبوو.

- بەشێكی دیكەی دانیشتوانی قەڵادزێ لە شارەكانی دیكەوەڕا هاتبوون، زۆرترینیان لە كۆیە و ڕانیە و شوێنە نزیكەكانەوە هاتبوون. پێنجوینی و گەرمیانی و خانەقینی و سلێمانی و دیوی ئیرانیشیان زۆر تێدابوو، بەتایبەتی خەڵكی شارەكانی سەرسنووری (ئەو بستۆكەی دوژمن ناوی نا سنوور.)

قەڵادزێیەكان دەڵێین ناوچەكەمان خاكەكەی ڕەسەنە، بۆ خۆی كەسەكان و كارێكتەرەكان دروست دەكاتەوە، بەو شێوە و سیفەتانەی بۆ شارەكە پێویستن.

- هەر واشە، جوگرافیایی قەڵادزێ ملكەچی هیچ كام لەو گرووپانە نەبوو، بنزاری قەڵادزێ كە خەڵكەكەی زیاتر پێیانخۆشە بڵێی (زمانی قەڵادزێ) هی هیچ كام لەو گرووپانە نییە. بۆ نموونە كۆییەكان كە ژمارەیان لەناو شارەكە زۆر بوون، بە خەڵكی (شاری)ش هەژمار دەكران، كەچی شێوەزارەكەیان نەبووە شێوەزاری گشتی و بەڵكوو بە پێچەوانەوە هەر هەموویان بنزاری كۆیەیان لەبیر چۆوە و شێوەزاری قەڵادزێیان پەسند كرد و بوونە بەشێك لێی، نەك هەر ئەوە، بوونە بەشێك لە خاك و سروشتی شارەكە و نازناوی پشدەری یان قەڵادزێیان بۆ ئەبەد پێوە نووسا.

ئەوە بۆ تەواوی شوێن و خانەوادەكانی دیكەش ڕاستە. ئەوانەی خەڵكی سلێمانییش بوون هەر بە هەمان شێوە، بنزاریان بۆ قەڵادزێ گۆڕا. ئەو ژنە پۆلیسانەی بە هۆی گواستنەوەی مێردەكانیانەوە دەهاتنە شارەكە، دوای چەند مانگێك لە هاتنیان كە زەردەواڵەیەك بە منداڵەكەیانیەوە دەدا، دەیگوت: ”جێی پێوەدانەكەی ئەستوور بووە“ كە پێشتر و لە شاری خۆی گوتبووی ”ئاوساوە.“

دەتوانم یەكەیەكە نموونە لە خەڵكی هەموو ناوچاكان بهێننمەوە. خەڵكانێكیش هەبوو نەدەچوونە ناو كولتووری شارەكە و شارەكەش لە كاتی غرووری و لووتبەرزییدا تۆڵەی لێ دەكردنەوە و سزای دەدان و بە (لادێیی) ناودێری دەكردن.

دووەم: ئەوە هەر خەریكی ژماردنی ئەو سیفەتانەم كە قەڵادزی خۆی لە تەواوی گوند و شارەكان پێ جیا كردەوە و (بەهێز) و سەنگەوە لەناو گڵوخۆڵی ناوچەڕا هەستایە سەر پێ.

- دووەم سیفەت و نیشانەی شاربوون، جۆری ژیان یان نەریتی ژیان، كولتووری ژیانی ڕۆژانە بوو. لەسەر ئەو بابەتە كە سەد وتار بنووسم هێشتا پێموایە هیچم نەنووسیوە.

. بۆچی قەڵادزێ شارە؟ بۆچی جیاوازە لە گوندەكانی دەوروپشتی؟ هەتا بۆچی جیاوازە لە شارەكانی نزیكیشی؟ هەتا بۆچی جیاوازە لە هەولێر و سلێمانییش.

پێویست ناكات پێناسەی لادێ بكەم، ئەوە هیچ ئینسانییەت هەر هەمووی خەڵكی لادێیە، ئەوە هیچ هەموو خانەوادەكانی كوردستان لە لادێوە هاتوونە ناو شارەكان، قەڵادزێیش هەروا.

- خێزانی گوندی خەریكی كشتوكاڵە، لە گەنم و جۆ و چەڵتووك و نۆك و نیسك دەزانێ. ئاژەڵداری دەكات. ئەوانە سیفەتی گشتیی لادێن.

- خەڵكی قەڵادزێ دوكاندار بوون، كاسب بوون، فەرمانبەریش بوون، كرێكار و بەننا و بەرگدروو و سەرتاش و كەبابچی و چایچی و مەیفرۆشیش بوون، كوتاڵفرۆش و ناڵبەند و مزگەر و تەنەكەچی و حەمامچییش، هەلاج و شوفێر و نانەواو و دەڵاڵیش.

- خەڵكی شار رۆژانە (بەیانییان) دەچوونە سەر كار و نیوەڕۆیان دەهاتنەوە ماڵ یان هەر لە بازاڕ نیوەڕۆژیان دەكرد، دواتر جارێكی دیكە دەچوونەوە سەر كارەكانیان و ئێواران پێش تاریكان بازاڕیان دادەخست و دەچوونە پیاسە. شەوانە سەردانی یەكترییان دەكرد و میوانی یەكتر دەبوون، لە هەمووشی جیاوازتر ئێواران بەتایبەتی (ژنان) خۆیان دەگۆڕی و بەكۆمەڵ دەچوونە ماڵی خزم و هاوسێ و ئازیزان و كێك و چا پێشكەش دەكرا، میكیاج و خۆڕازاندنەوە و بەشێك بوون لە كەسایەتیی ژنی شاری.

- خواردن، ڕاستە سەرچاوەی خواردن گوندەكان بوون، بەڵام چۆنیەتیی ئامادەكردنی خواردن و پێشكەشكردنی لە شار و لادێ جیاواز بوو، وردەكاریی ناندێن و دروستكردنی چێشتخانە و خواردنی جیاواز لە داهێنانی شار بوون. ڕاستە سەرچاوەی بەرخ و بەگشتی ئاژەڵ و پەلەوەر لادێیە، كەچی لە لادێكان تا ئەو دواییانەش سەروپێیان ئامادە نەدەكرد و نەشیاندەخوارد و ئامادەكردنی سەروپێ و وەستایی تێداكردنی كاری ژنی شار بوو، كفتە و كوبەش هەر وا.

زۆر لە گوندەكانیش كە رووبار و چۆمییان لێ نزیك بوو سەرچاوەی ماسی بوون، بەڵام بەدەگمەن ماسییان سوور دەكردەوە و دەیانخوارد. (وردەكاریی ئەو بابەتە، چێشتخانە لە گوندەوە و بۆ شار) بابەتێكی زۆر شیرینە و كات و كتێبی تایبەتی دەوێ.

- ژیانی ناو خێزان: جۆری خانووەكان و دابەشكردنی ژوور و جیاكردنەوەی منداڵ لە باوك و دایك ئەتوارێكی شارییانەیە، جلی شەو و ڕۆژ، پێڵاوی كار و پیڵاوی پیاسە، جلی كار و جلی ئیسراحەت سەرچاوەكەی خەڵكی شارە.

- گەرماو، شار گەرماوی گشتی و تایبەتی هەیە، شاری پێنجشەممان حەمام گەرم دەكەن و دەبێ هەموو ئەندامانی خێزان خۆیان بشۆن.

- ئەوەتان لەبیر نەچێ، قەڵادزێ بەشێكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تا ڕاستییەكی پێدەڵێی دەبێ نیو سەعاتێك گوێی بۆ بشێلی. نووسین لەسەر (دین) و دنیا قەڵادزێ جەبارێكی دەوێ دڵی لە ئاسن و هەستی لە بەرد بێ، منیش وام، ئا دڵم لە ئاسنە و هەستم لە بەردە، بێگومان لە كاتی نووسیندا، تەنیا قەڵادزێ دەمكاتەوە بەو منداڵەی دینارێكی بەدەستەوەیە و دوای نیوسەعات لە بیركردنەوە بەرانبەری دوكانی كابرای پسكیت فرۆش هێشتا ناتوانێ بڕیار بدا كام لوقم یان كێك بەو دینارە بكڕم. (ئێستاش بۆ هەڵبژاردنی وشە لە وەسفی ئەو شارەدا ئەو منداڵەم)

هەموو ئەوانە چۆن لە كولتوور و بەشاربوونی قەڵادزێدا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئەوە گرنگترین و جوانترین و هەستیاترین بەشی ئەو بابەتە دەبێ، چونكە وشە دەگاتە سەر برین، هەموو قەڵادزێیەك برینێكی دیكەشی لە دڵیدا هەیە، ئەویش برینی وێرانبوونی شارەكەی كە هەر دروست نەكرایەوە، لەبەر ئەو هەستیارییە زۆرەی لە دڵی خۆشمدا هەیە، بەلامەوە باشترە ئەو بەشەی نەنووسم و خۆتان بە خەیاڵ بۆ خۆتانی بگێڕنەوە.

28/03/2023