
هێز لە یەکێتیدایە؛ ئەمە یاسایەکی نەگۆڕی مێژووە. هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک یەکگرتوو نەبێت، بێگومان بەرەو لاوازی و شکست هەنگاو دەنێت. ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا باشترین نموونەی زیندووی ئەم ڕاستییەن. لە کاتێکدا ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی کارەسات و قەیرانی یەک لە دوای یەک بووەوە، کە بە هاوکاریی تیرۆرستان و پشتیوانیی هێزە دەرەکی و ناوخۆییەکانەوە بۆی دروست کرابوون، بەڵام نهێنیی سەرکەوتنی لە یەکگرتووییدا دۆزییەوە.
یەکڕیزیی گەلانی ڕۆژئاوا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەگەڵ پشتیوانیی کوردانی پارچەکانی تر، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، و هاوسۆزیی دۆستان و ئازادیخوازانی جیهان، بووە هێزێکی لەبننەهاتوو. ئەم هیمەت و پشتگیرییە وەک لافاوێکی میللیی بەهێز، تیرۆرستان و ناحەزانی کوردی ڕاماڵی و زلهێزەکانی ناچار کرد دان بە ئیرادەی گەلدا بنێن.
ئەو خۆڕاگری و ئازایەتییە بێوێنەیەی بەرامبەر دوژمنێکی دڕندە و بەهێز نیشان درا، جیهانی هەژاند. بەرخۆدانی ڕۆژئاوا تەنها بەرگری نەبوو، بەڵکو ئاوات و متمانەی بە داهاتوویەکی گەشتر بەخشی. سەرکەوتن بەسەر هێزێکی تیرۆرستی وەک داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی "گرێ سپی"، بووە وێنەیەکی درەوشاوەی ئیرادەی مرۆڤایەتی و دەسەڵاتی خۆسەری.
ئەمە وانەیەکە بۆ هەمووان: کاتێک گەل یەکگرتوو بێت، دەتوانێت گەورەترین کۆسپەکان تێبپەڕێنێت و مێژوو بۆ خۆی بنووسێتەوە.
بژی کورد، بژی کوردستان. سەرشۆڕی و ڕسوایی بۆ دوژمنانی گەل.
شوکریە دیوانە