ڕێواس خان لە ئامێزی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و کۆمۆنیستی دڵسۆزدا پەروەردە کراوە. مەلا ئەحمەد بانیخێلانی (١٩٢٥-٢٠١٣)، باوکی سەرباز و ڕێواس، بە درێژایی ژیان و کاروانی خەباتی، تێکۆشەرێکی شیوعی و فەرماندە و پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس بوو. دایکی ڕێواس، لە ژیانی سەختی پێشمەرگایەتیدا هاوڕێی مەلا ئەحمەدی هاوسەری بوو، هەر لەم ڕێگایەدا (دایکی سەرباز) لە ١٢-١٠-١٩٨١ شەهید بوو (یادی بەخێر). سەربازی برای بچووکی ڕێواسیش پێشمەرگەیەکی قارەمانی حیزبی شیوعی بوو، ئەمیش لە ڕێکەوتی ٣١-٣-١٩٨٢ لە داستانی (بەکر بایەف) لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی هاوڕێی شەهید بوو.

ڕێواس خان لە حەفتاکاندا:

پەنجا ساڵی تەواو پێش ئێستا، واتە لە ساڵی ١٩٧٥، هاوڕێ ڕێواس بە ناوی (ڕێواس جاف) خۆی دەناساند و هۆنراوەی دەنووسی. ئەو کات بەشداری لە چالاکیی هونەری دەکرد لە شاری هەولێر؛ کچە گەنجێکی تازەپێگەیشتووی چوست و چالاک و بەجووڵە بوو، لە ڤیستیڤاڵی ڕۆشنبیری شیعری دەخوێندەوە و یەکێک بوو لە کچە چالاکەکانی "تیپی نوێی هونەریی کوردی" لە شاری هەولێر.

ڕێواس خان دەرچووی قوتابخانەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەرە، دەرچووی قوتابخانەی خەبات و کۆڵنەدانە. دەرچووی زانکۆی مۆسکۆیە و لە وڵاتی سوێدیش بڕوانامەی باڵای لە بواری ئەدەبی منداڵان بەدەست هێناوە. لەلایەکی دیکەوە ڕێواس بانیخێلانی ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسە.

جگە لە ئەزموونی لە بواری پەروەردە لە سوێد، دوو ساڵ بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی (شەهید فاخیر مێرگەسۆری) بووە و ئەم دوو ساڵەی تریش وەک سەرپەرشتیاری ئەکادیمیی قوتابخانە ناحکومییەکانی شەهید فاخیر مێرگەسۆری کاری کردووە.

جێگای شانازییە بۆ هەموو لایەکمان کە ئەمڕۆ ئەم ژنە ڕۆشنبیر و تێکۆشەرە، لەلایەن حیزبی شیوعیی کوردستانەوە بە سەرنووسەری (ڕێگای کوردستان) دیاری دەکرێت. بەمەش قۆناغێکی دی لە کاروانی خەباتی نەپساوەی ڕێواس خان دەست پێ دەکات و وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.

مەغدید حاجی/ هەولێر/ ٢٦-١١-٢٠٢٥


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا