رێگای كوردستان

هەرچەندە شەوی ڕابردوو ئاگربەستێکی ١٥ ڕۆژە لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیەندرا، بەڵام ئاماژە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە ململانێکان بەردەوام دەبن. 

چاودێران پێیان وایە ئەم ماوەیە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا تا گروپە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بکەنە ئامانج.

هێرشە چڕەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر لوبنان و هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لەگەڵ هۆشداریی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ جێهێشتنی هاووڵاتیانی لە عێراق، نیشانەی ئاشکران بۆ ئەوەی کە جەنگەکە ڕەهەندی نوێ وەردەگرێت. 

ئەم جووڵانە گومان دەخەنە سەر کاریگەریی ئەو ئاگربەستەی کە بڕیار بوو ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.

چاودێرانی دۆخەکە پێیان وایە، ئەگەر ئەم هێرشانە بۆ سەر هاوپەیمانەکانی تاران بەردەوام بن، پێشبینی دەکرێت ئێران چیتر بێدەنگ نەبێت و جارێکی تر گۆڕەپانەکە بەرەو تەقینەوەی گەورە ببات. 

ئێستا ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، ئایا ئەم ١٥ ڕۆژە دەبێتە پشوویەک بۆ ئاشتی، یان تەنها ئامادەکارییەکە بۆ جەنگێکی وێرانکەرتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟