نەبیل عەكام *
وەگێڕانی : رێگای كوردستان
بێكاری دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی ئابورییە، یەكێكە لەسێماكانی سەرمایەداری، لەئەنجامی تێكچوونی هاوسەنگی لەبازاری كار دروست دەبێت، لەنێوان خوازیاری كاركردن و نەبوونی هەلی كاری پێویست، بەتایبەتی لەریزی ئەو گەنجانەی توانای كاریان هەیە، تەشەنە دەكات، بۆیە بیكاری بەیەكێك لەو كێشە گەورانە ئەژمار دەكرێ كە كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر كۆمەڵگە دادەنێت.
بێكار، بەو كۆمەڵە كەسانەی ناو كۆمەڵگە دەگوترێت كەنەیاتوانیوە هیچ كارێك لەچوارچێوەی تایبەتمەندی یان شارەزایی خۆیان دەستكەوێت، بەمشێوەیش ناتوانن هیچ بەهایەك یان داهاتێك بەدەستبهێنن، هاوكات بێكاری بەوەش پێناسەكراوە، كە رەوشێكی ژیانی هەر تاكێكە سەرەڕای گەڕانی بەردەوامییان بەدوای كاردا، بەڵام كاریان دەست ناكەوێت.
بۆیە سیستمی بیمەی بێكاری، وەك میكانزێكی سەرمایەداری پەیدا بووە، پاش ئەوەی بێكاری بووە مەترسیەكی گەورە لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئابوری لەناو خودی نیزامی سەرمایەداری یان هەندێك لەپاشكۆكانی، وەك هەولێك بۆ دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی لەنێوان پێداویستی گەشەپێدانی ئابوری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، كەلەنێوخۆی وڵاتەكانیاندا، بەشێوە یاساییەكەی بنەمایەكی یاسا نێودەوڵەتی هەیە، جێبەجێ كرا، ئەمەش لەسەر راسپاردەی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی هات كەداوای لەدەوڵەتان كرد، سیستمێكی كارا بۆ بیمەی دژ بەبێكاری دابڕێژن و لەرێگای یەكێك لە دامەزراوە حكومییەكانەوە پەیڕەوی بكەن، بەشێوەی قەرەبووكردنی بەردەوامی بێكاران، تاكارێكیان دەست دەكەوێت.
لەزۆربەی وڵاتاندا كە پەیڕەوی بیمەی بێكاری دەكەن، ئەم سیستمە بۆتە بەشێك لە پاراستنی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، لەم رێگایەوە حكومەت باربوی كەسانی بێكار دەكات، كە كاریان بەپێی تواناو شارەزاییان دەست نەكەوتوە یان كاریان لەدەست داوە، ئەم باربووكردنە ، قەرەبووكردنەوەیەكە دەبێت حكومەتەكان پێوەی پابەند بن.
پارەداركردنی قەرەبووكردنەوەكە، لەبەشداری دڵنیایی هەر كرێكارێك دێت كە لەكاردایە، هەروەها بەشێكی لەخاوەن كارەكان وەردەگیرێت، چ لەكەرتی حكومەت یان كەرتی تایبەت بن، بەشێویەك وەزارەتی كار ناچارە مانگانەیەك بداتە ئەو كەسانەی كار لەدەست دەدەن یان بێكارن و هیچ كارێك بەپێی تواناو شارەزاییو تایبەتمەندی خۆیان دەست ناكەوێت، كەبایی ئەوە بكات ژیانی خۆی خێزانەكەی پێ دابین بكات، تا ئەو كاتەی دەچێتە سەر كارێك.
هەروەها بێمەی بێكاری ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە توانای زانستی و خوێندن تەواو دەكەن و دەچنە بازاڕی كار و كاریان دەست ناكەوێت، ئەو كەسانەش پێویستە لانی كەمی بیمەی بێكاری وەربگرن، ئەم بیمەو قەرەبووكردنە، پێویستە بەپێی سیستمێكی رێك و پێك و هەمیشەیی دابڕیژرێت و لەسەر سەرجەم ئەو كەسانەی كاریان نییە جێبەجێ بكرێت، ئەمەش وەك شێوەیەك لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئەژمار دەكرێت و هەوڵێكیشە بۆ سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئابوری. بۆیە پێویستە حكومەتەكانی خۆشمان سیستمی بیمەی بێكاری و قەرەبووكردنەوەی لەكاردابڕان و كار لەدەستدان جێبەجێ بكات.
*گۆڤاری ( تێكۆشانی كرێكاران) فەڵەستین