
بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانیەکان بەهۆی مانگرتنێکی مێژوویەوە کە لە ١٢ ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردوە هیندستان پێینایە قۆناغێکی چەقبەستووی سیاسییەوە؛ مانگرتنێکی سەرتاسەری بە بەشداریی ٣٠٠ ملیۆن هاووڵاتی، سەرتاپای وڵاتی هەژاند. ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە کە پارتە چەپ شیوعیەکان و سەندیکا کرێکاری و پیشەیەکان ڕێبەری دەکەن، وەڵامێکی توندە دژی سیاسەتە ڕاستڕەوەکانی "نارێندرا مۆدی" و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی بنەماکانی مافی کارگەران و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
ئیفلیجبوونی کەرتی وزە، لە پەککەوتنی سەدان کانیی خەڵوز و مەکینەی پاڵاوگەکانەوە تا چۆڵبوونی بانک و تۆڕەکانی گواستنەوە، گوزارشت لە قەبارەی توڕەیی شەقام دەکەن. هاوکێشەکە تەنها لە شارەکاندا قەتیس نەبووە، بەڵکو پەیوەستبوونی ملیۆنان جوتیار و کرێکاری کشتوکاڵی، بەرەیەکی یەکگرتووی دژی هەژموونی سەرمایەداریی دەسەڵات دروست کردووە. ئەم جووڵانەوەیە تەنها مانگرتنێکی پیشەیی نییە، بەڵکو ڕیفراندۆمێکی کردەیی و مەیدانییە بۆ پاراستنی شکۆی چینە چەوساوەکان و دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە هیندستاندا.
