
حزبی شیوعی چیلی سەرکۆنەی دەستدرێژیەکەی ئەمریکا دەکات بۆ سەر فەنزەویلا و داواش لە حکومەتی چیلی دەکات ، بەرانبەر بەم دەستدرێژیە بێدەنگ نەبێت،هەروەها داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی خێرایی کۆمەڵەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی (CELAC) دەکات.
حیزبی شیوعی چیلی لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ڕەتیدەکاتەوە و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دووژمنکارییە دەکات کە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دژی ڤەنزوێلا و حکومەتەکەی ئەنجامی داوە.
ئەمە کردەوەیەکی سەربازیی تاوانکارییە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی کیشوەرەکەمان دەبێت و دەرەنجامی ترسناکی بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
هاوسۆزیی خۆمان بۆ گەلی ڤەنزوێلا، بۆ خێزانی کوژراوان و بۆ هەموو قوربانییەکان دەردەبڕین.
چیلی، لە ڕێگەی مێژووی خۆیەوە، دەزانێت دەستوەردانی ئەمریکای باکوور چی دەگەیەنێت؛ ئەو دەستوەردانەی کە هەوڵدەدات دەست بەسەر وڵاتان و سەرچاوە سروشتییەکان و سەرچاوەکانی وزەیاندا بگرێت و سەروەریی گەلان پێشێل بکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێویستە حکومەتی چیلی هەڵوێست وەربگرێت و ڕاگەیەندراوێکی زۆر بەپەلە سەبارەت بەم بارودۆخە مەترسیدارە بڵاو بکاتەوە. هەروەها داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی دەستبەجێی کۆمەڵەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی (CELAC) دەکەین.
کیشوەرەکەمان، کە پێشتر وەک ناوچەی ئاشتی ڕاگەیەندراوە، کەوتووەتە ژێر پێشێلکارییەکی توندوتیژانە لەلایەن دەستدرێژییەکی سەربازیی تاوانکاری و دڕندانە کە بە هیچ شێوەیەک پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە.
هەموو گەلانی هەردوو ئەمریکا کەوتوونەتە ژێر هێرش، هەموو وڵاتانی کیشوەرەکە بەهۆی ئەم دەستوەردانە تاوانکارییەوە هەڕەشە لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکەیان دروست بووە. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی ئەم پەرەسەندنی توندوتیژییە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەگەن، داوای پاراستنی ژیانی سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەکەین. هەوڵی ڕفاندنی سەرۆک هۆگۆ چاڤێز کە پێشتر ڕوویدا، تاوانێکە کە نەک هەر دەبێت سەرکۆنە بکرێت، بەڵکو نابێت بەرپرسانی - چ ئەوانەی فەرمانیان داوە و چ ئەوانەی جێبەجێیان کردووە - لە سزا لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕزگاریان بێت.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نەک هەر دژی ڤەنزوێلا، بەڵکو دژی هەموو گەلانی جیهان جەنگی ڕاگەیاندووە.