وەردە عەبدولڕازق

پایتەختەکانی ئەوروپا چەندین ناڕەزایەتیی ڕەتکردنەوەی شەڕی غەززەیان بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێک لە ڕێکخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ڕۆشناییان خستە سەر کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل، بۆیە هەندێک لایەنی چەپی ئەوروپی وەكو دەرفەتێك بۆ گێڕانەوەی هێز و توانای خۆیان قۆستیانەوە. ئەمەش پرسیارێك دەوروژێنێت، كە ئایا چەپی ئەوروپی تا چەند سوودی لە شەڕی غەززە وەرگرتووە و چەندە کاریگەریی لەسەر ئایندەی دەبێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەوروپا، کە لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.

 دەرفەتی لاواز:

لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمدا، هەڵوێستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە شەڕی غەززە جیاواز بوون، هەندێکیان کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلیان شەرمەزار کرد، وەک (هیومان ڕایتس وۆچ)، هەندێکیان کاردانەوەی ئیسرائیلیان بەڕەوا زانی و خستیانە چوارچێوەی بەرگری لەخۆكردن، وەکو ڕێکخراوی (لێبوردنی نێودەوڵەتی) و هەندێکیشیان هەڵوێستێکی هاوسەنگیان لە نێوان هەردوو لایەندا هەڵبژارد و پرسی پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیڵیان وەكو پرنسیپ خستەڕوو، وەک دامەزراوەی (ئۆرۆ- دەریای ناوەڕاست) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەڵام دوای بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی (مەعمەدانی)، وڵاتانی ئەوروپا خۆپیشاندانی دژ بە بۆردومانە هۆڤیيانەكەی ئیسرائیلیان بەخۆوە بینی و داوایان لە حكومەتەكانیان کرد هەوڵی چەسپاندنی ئاگربەست بدەن، ئەمەش تا ڕادەیەك كاریگەری لەسەر سەرنجڕاكێشانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەمبەر کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل هەبوو، وەک ڕێكخراوی (ئۆکسفام)، کە سەركۆنەی هێرشکردنە سەر غەززە و شكستهێنانی سیاسەتمەدارانی كرد لە چەسپاندنی ئاگربەستێکی بەردەوام. هەروەها (پزیشکانی بێ سنوور)، کە سەرۆکەکەیان نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش كرد و داوای لێکرد بڕیارێک بۆ ئاگربەست و ڕێگەدان بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەربكات، هەمان شت بۆ (ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی)، (هیومان ڕایتس وۆچ) و ئەوانی تریش، وێڕای ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لەلایەن هەندێک لە سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکخران.

بۆ نموونە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک (ئۆکسفام) و (ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی)، سکاڵای یاساییان لەسەر حکومەتی هۆڵەندا تۆمار کرد، چونکە هۆڵەندا چەند پارچەیەك یەدەگی لە فڕۆکەی (ئێف ٣٥)ی هەناردەی ئیسرائیل دەکرد، ئەمەش وادەكات لە تاوانەکانی جەنگدا تێوەبگلێت.

لەئاكامدا ئەم ڕووداوانە دەرفەتێک بوون بۆ گەڕانەوەی لایەنە چەپەکان وەكو پێشەنگ بۆ گۆڕەپانی سیاسی ئەوروپا، دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا رابوونی ڕاستڕەوەكان لەسەرجەم وڵاتانی کیشوەرەکەدا بە ڕوونی دەرکەوت. تازەكردنەوەی متمانەی پەرلەمان بۆ (پێدرۆ سانچێز)ی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، كە هەڵوێستەكانی روونن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتێکی یەکگرتووی فەلەستینی و سەرزەنشتكردنی بۆردوومانكردنی هەڕەمەكییانەی غەززە، پێگەی چەپەكانی بەهێزتر كرد. هەروەها هەندێک لە پارتە چەپەکان لە هەڵبژاردنەکانی پۆڵەندا پێگەی پێشکەوتوویان بەدەستهێنا. پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە ڕاپرسییەکاندا سەركەوتنی بەسەر پارتی پارێزگاراندا بەدەستهێنا، كە ڕەنگە ئەم هەنگاوە رێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بگاتە (داونینگ ستریت).

 

پێشڕەویی بەردەوام:

بەڵام بەشێوەیەکی واقیعی، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکاندا، چانسی سەرهەڵدانی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەكان لە وڵاتانی ئەوروپا و گەیشتنیان بەدەسەڵات زیاد دەکات  نەک پێچەوانەكەی، دەرکەوتەکانیشی لەمانەدا بەڕوونی دەردەكەون:

(*) هەڵبژاردنە فەرمییەکان: لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی فەرەنسادا، (مارین لۆپان)ی سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی، لە گەیشتن بە (كۆشكی ئێلیزێ)دا نزیك كەوتبووەوە ئەگەر ڕای گشتی و میدیاکان بە شەڕی ئۆکرانیا و کاردانەوەکانی سەرقاڵ نەبوونایە، ئەمەش وایكرد چانسی (ماکرۆن) وەک سەرکردەیەکی هەنووكەیی بەهێزتر بكات و لە بەرانبەردا دەرفەتی بۆ پارتەكانی دیكە نەڕەخساند، تا بەرنامەكانی هەڵبژاردنیان بخەنەڕوو.

بەسەرکەوتنی (جۆرجیا مێلۆنی)، پێشڕەویی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئیتاڵیا بەردەوام بوو، ئەمەش بەدەستنیشانكراوی، لە ئەنجامی نیگەرانییەكاندا هات سەبارەت بە کاردانەوەکانی شەڕی ئۆکرانیا و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا دوای قەیرانی کۆرۆنا لە ئیتالیا. هەمان شت بۆ سویدیش دەگونجێت، کە رەوتی ڕاستڕەو بەسەرۆکایەتی پارتی نیشتمانی دیموکرات سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ڕابردوودا بەدەستيهێنا. هەمان ئەزموون لە (مەجەر)یش بە سەرۆکایەتی (ڤیکتۆر ئۆربان) دووبارە بووەوە.

هەروەها لە سلۆڤاکیا پارتی پۆپۆلیستی (سمیر ئێس دی) لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەپێشەوەی چەپەکاندا بوو، کە (پیتەر پێلجرینی) سەرۆکایەتی دەکردن، (رۆبەرت فیگۆ)ی سەرۆكی پارتی پۆپۆلیستی (سمیر ئێس دی) بەدژایەتیكردنی یەكیەتی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ ناسراوە، بەڵێنیشیدابوو كە سلۆڤاکیا یەک پارچە تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا نەنێرێت، ئۆکرانیاشی وەكو کارەساتێکی گەورە بۆ هەمووان وێنا كردبوو، بەشێوەیەك كە سیاسەتێکی هاوشێوەی (هەنگاریا)ی سەردەمی (ڤیکتۆر ئۆربان) پەیڕەو بكات.

تەنانەت لە سەروبەندی شەڕی غەززە و لە ژێر ڕۆشنایی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی جەماوەریدا، پارتی ئازادیی ڕاستڕەوی توندڕەو و دژە یەکێتی ئەوروپا بەسەرۆکایەتی (جیرت ویلدەرز)، بەسەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو بە 37 کورسی لەكۆی 150 کورسی پەرلەماندا، سوپرایزێكی گەورەی بەدەستهێنا و ئێستا لە دانوستاندایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار و ئەگەر لە پێکهێنانی هاوپەیمانیدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی توندڕەوی ڕاستڕەو، کە حوکمڕانیی وڵات بکات. جێگەی باسە کە (مارک ڕوت)ی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، سەر بەرەوتی ڕاستڕەوی ناوەندە، بۆیە ڕەنگە دەنگدان بە پارتی ئازادی لە هەڵبژاردنەكاندا، ئاماژەیەك بێت بۆ خواستی زۆرینەی جەماوەر بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی توندتر.

هەمان شت بۆ پۆڵەنداش دەگونجێت، کە پۆپۆلیستی راستڕەو بەنوێنەرایەتی پارتی (یاسا و دادپەروەری) زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەدەستهێنا و سەرەڕای بەدەستنەهێنانی زۆرینەی پێویستیش لە پەرلەماندا تا دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام (ئەندریێ دودا)ی سەرۆكی ئەو وڵاتە، (مۆرا ویتسکی)ی سەرۆکوەزیرانی ئێستای راسپارد وەک سەرۆکی پارتی یاسا و دادپەروەری تا حکومەت پێکبهێنێ، چونکە (دودا) سەر بەهەمان پارتە، ئەمە جگە لەوەی كە لەم دواییەدا هەڵوێستی هاوبەشیان لەهەمبەر جەنگی ئۆکرانیادا گرتەبەر هەروەك سەرۆکوەزیران پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی چیتر ئۆکرانیا پڕچەک ناکات، چونکە پۆڵەندا گرنگی بە بەهێزکردنی بەرگرییەکانی خۆی دەدات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئۆكرانیا هەناردەكردنی دانەوێڵەی بۆ پۆڵەندا و هەندێک لە وڵاتانی دیكەی ئەوروپادا سنووردار كرد.

تەنانەت لە خودی ئیسپانیاشدا ئەوەی ڕێگريی لە رەوتی پۆپۆلیستی راستڕەو كرد بگاتە دەسەڵات، بێتوانایی خودی خۆی بوو لە پێکهێنانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە کاتی دیاریكراودا، بەڵام ئەمە نکۆڵی لەوە ناکات کە ئەو رەوتە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەو مانایەی كە زۆرینەی جەماوەر بەلای بیری ڕاستڕەوەکاندا شكانەوە. تەنانەت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا پارتی جەماوەری بەپێش پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی دەسەڵاتدار كەوتەوە و پارتی (ڤۆکس)ی ڕاستڕەوی توندڕەویش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

لە ئەڵمانیاش پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی ساڵی (2025)دا، پارتی دیموکراتی مەسیحی ڕاستڕەو بگەڕێتەوە دەسەڵات، ئەگەر سوود لە هەڵەكانی پارتی سۆسیالیستخوازەكان وەربگرێت و کاندیدێکی نوێی کاریزما بخاتەڕوو، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە تازەیەدا، كە خۆی لە سەركەوتنی هەردوو پارتی راستڕەوی ناوەند لە ئەڵمانیا، (یەکێتی دیموکراتی مەسیحی) و (یەکێتی سۆسیال مەسیحی)دا دەبینێتەوە، كە لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا لە هەڵبژاردنەکانی باشووری ویلایەتی (باڤاریا) و (هێسن)دا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و پارتی ئەلتەرناتیڤی ئەڵمانیای ڕاستڕەوی توندڕەویش پلەی دووەمی بەدەستهێنا، لەكاتێكدا ئەو دوو ویلایەتە بەخاوەن هێزێکی گرنگی ئابووری دادەنرێن و نزیکەی (24%)ی دانیشتووانی ئەڵمانیا پێکدەهێنن.

لەو هەڵبژاردنانەدا پارتەکەی (شوڵز) و (پارتی سەوز)ی هاوپەیمانی رێژەی دەنگەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و پاشەكشەیان كرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دابەزینی ئاستی جەماوەريی هاوپەیمانی دەسەڵاتدارە بۆ کەمتر لە (38%) لە ئێستادا، دوای ئەوەی لە ساڵی (2021)دا گەیشتبووە زیاتر لە (52%)، بەپێی راپرسییە نێوخۆییەكان. هەروەها هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو، كە گروپی (ڕایخ)ی ئەڵمانی سەركردایەتی دەكرد، ڕەنگە هەموو ئەمانە ئاماژە بن بۆ پەرەسەندنی ڕاستڕەوی توندڕەو لەو وڵاتەدا.

سەبارەت بە بەریتانیا، تەنانەت ئەگەر پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەرکەوتووش بێت، ڕەنگە سەرکەوتنەکانی بەپلەی یەکەم بۆ هۆكاری ناوخۆیی بگەڕێتەوە، كە خۆی لە قەیرانی ئابووری و دووبارەبوونەوەی مانگرتنەكان و شکستەکانی ئەم دواییەی پارتی پارێزگاران دەبینێتەوە.

رەنگە سەركەوتنی پارتە ڕاستڕەوەکان لە بەلجیکا بەهۆی هەڵنەبژاردنەوەی (ئەلێکساندەر دی کرۆ)، بۆ خولێکی نوێ فشاریان بۆ بهێنێ بەهۆی هەڵوێستی ناوبراو دژ بە ئیسرائیل، ئەمە وێڕای فشارە ئابوورییەکانی برۆکسل لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیادا، دوای پشتیوانیكردنی بەلجیکا لە کیێڤ، كە تێچووەكەی تا مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو گەیشتبووە زیاتر لە (٣٠٠) ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش ناڕەزایەتییەتی بەرفراوانی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێنا.

پێشبینی ئەوەش دەكرێ، کە هەژموونی ڕاستڕەوەكان بۆسەر ئەوروپا تەنها لە ئاستی پارت و پەرلەمانەکانی ناوخۆدا نەمێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگە سەركەوتنی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەكان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، كە لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٤)دا بەڕێوەدەچێت، بۆ دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپاش پەلبهاوێژێ.

 (*) قەیرانی چەپ: پێدەچێ چەپی تەقلیدی لای ئەستەم بێ هاوسەنگی لەنێوان هەڵوێستی دژ بەحەماس و لایەنگریكردنی ئیسرائیل و کوشتنی هەزاران فەلەستینی، بەتایبەتی ژن و منداڵان رابگرێ، كە هاوكات لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە هەندێک لە وڵاتان و فشاری گروپەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی ئاشتی دژە شەڕ، كۆمەڵێك لە گروپەکانی لایەنگری ئیسرائیليش، جا لە ڕێکخراوە جوولەکەکان بێت یان لەوانی تر، چالاکن و هەموو ئەوانەی رەخنە لە ئیسرائیل دەگرن و داوای ئاگربەست دەكەن، بە (دوژمنایەتیكردنی سامیيەت) تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش چەپەکان لە دووڕیانێکدا دەهێڵێتەوە، لەنێوان داواكردنی ئاگربەست و ترس لەوەی پشتیوانیكردنی حەماس، كە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا وەكو بزووتنەوەیەكی تیرۆریستی پۆلێنكراوە، ببێتە مایەی ئەوە بۆیان كە بە پێشێلكردنی یاسا تۆمەتبار بكرێن.

ئەم کێشەیە بەگەورەترین کێشە دادەنرێت بۆ پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەتایبەتی كاتێك، کە (جیمی کۆربین)ی سەرۆکی پێشووی ئەو پارتە و خودی پارتەکەش بە (دوژمنایەتیكردنی سامییەت) تۆمەتبار کرابوون، ئەمەش بووە هۆی لادانی لە پۆستەکەیدا و ئەندامانی پارتەکە لە دەوروبەری (کیر ستارمەر)ی سەرۆکی ئێستای پارتی کرێکاران کۆببنەوە سەرەڕای پشتیوانیكردنی لە ئیسرائیل. بەڵام ئەم کۆدەنگییە ناوخۆییە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا درزی تێكەوت و هەندێکیان دژایەتی هەڵوێستی (ستارمەر) و هەڵوێستی فەرمی حکوومەتیان كرد و داوای ئاگربەستیان لە غەززە دەکرد، وەک (سدیق خان)ی سەرۆکی شارەوانی لەندەن، (ئەنەس سەروەر)ی سەرۆکی ئەو پارتە لە سکۆتلەندا، (ئەندی برنهام)، (یاسمین قوڕەشی)، هەروەها (ئەندی ماکدۆناڵد)، کە پێشتر بەشداری خۆپیشاندانێکیان دژی جەنگی غەززە كردبوو هەمووشیان سەرکردەی پلە یەکن لە حزبەکەدا، ئەمە جگە لە پرسی دەستلەکارکێشانەوە لە نێو ڕیزەکانی حزبەکەدا، بەئەندامانی ئەنجوومەنە خۆجێیيەكانیشەوە، پێشتریش نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە ئۆکسفۆرد دەستیان لەکارکێشابووەوە.

تەنانەت لە ئەمریکاش پارتی دیموکراتی دەسەڵاتدار ڕووبەڕووی ناکۆکی و قەیرانی جددی دەبێتەوە، چ سەبارەت بە پشتیوانی لە ئۆکرانیا یان ئیسرائیل، هەرچەندە بەو توندییە نییە كە لە ئەوروپا، لە نموونەی بەریتانیا و ئیسپانیا روودەدات، ئەوەی لە ئەمریكا دەگوزەرێ ئەوەیە كە، باڵی چەپی ئەو حزبە دژایەتی هەڵوێستی کۆشکی سپی دەکات سەبارەت بەجەنگی غەززە، بە تایبەتی دیموکراتە موسڵمانەکان، کە هەڕەشەی دەنگ نەدانیان بە سەرۆک بایدن کردووە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی (٢٠٢٤)دا، بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئاگربڕ.

دەكرێ بڵێین چەند هۆكارێك هەن وادەكەن ڕاستڕەوە توندڕەوەكان لە چەپەكان بەهێزتر دەربكەون، ڕەنگە دیارترینیان بریتی بن لە:

  • ئەو فشارە ئابورییانەی کە وڵاتانی کیشوەرەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە تا دەگاتە جەنگی ئۆکرانیا و کاردانەوەکانی، كە تا ئێستاش بەردەوامن و كاریگەریی زۆریان بۆسەر ئابووری ئەوروپا بەدەستنیشانكراوی هەبووە.
  • سەرکەوتنی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە قۆستنەوەی نیگەرانییەكانی خەڵک سەبارەت بە پرسی کۆچ و گەورەتركردنی قەبارەی ئەو نیگەرانییانە، بەوپێیەی فشارە ئابوورییەکان لە وڵاتدا زیاد دەکات و ڕەنگە مەترسی لەسەر تەونی کۆمەڵایەتیش دروست بکات.
  • هەڕەشە و مەترسییە ئەمنییەکان، کە مەیلی ناسیۆنالیستی و توندڕەوی لای ڕای گشتی ئەوروپا بەهێزتر دەکەن و جەنگی ئۆکرانیا زیندووی كردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەری نزیکیی جوگرافی.
  • پەتای ڕاستڕەوی، هەستكردن بەهەڕەشەی هاوبەش وایكرد ڕەوتە سیاسییە حوکمڕانەکانی کیشوەری ئەوروپا لە ماوەیەكی دیاریکراودا هاوشێوە بن، دەرەنجام پەتاكە كاریگەری لەسەر خواستی جەماوەریش دروست بكات.

لە دەرئەنجامدا، دووبارەبوونەوەی نائارامی سیاسی و ئابووری نێودەوڵەتی، ژینگەیەکی بەپیتی بۆ گەشەکردنی ڕاستڕەوە توندڕەوەكان لە ئەوروپا دەستەبەر كرد، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوخۆیی لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپاش، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنەپێشەوەی ژمارەیەك لەو كەسایەتییانەی دژایەتی یەکێتی ئەوروپا دەكەن، ئەمە سەرباری پەرەسەندنی کردەوەكانی توندوتیژی و ناسەقامگیری ناوخۆیی، کە ڕەنگە لە ئەنجامی ئەو ڕەوتە توندڕەوەدا، چ بەرانبەر بە کۆچبەران، یان خودی هاووڵاتیانی ڕەسەن سەرهەڵبدەن.

هەروەها دەکرێ بڵێین پاڵنەرەکانی گەلی ئەوروپا بۆ پشتیوانیکردنی راستڕەوەكان، هاوسۆزی ئەوانی بۆ قوربانیانی شەڕی غەززە و بەرهەڵستیكردنی هەڵوێستی حکومەتەکانیان دەربارەی جەنگەكە پەردەپۆش كرد.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە