گفتوگۆ لەگەڵ زانیار پڕمنەوەرە (ڤێگەن و لێکۆڵەری بواری ئێکۆلۆژی)

 ئامادەکردن: شۆڕش

ڤێگەنیزم(Veganism) یان بە هاوتای کوردی:«ڕووەکخۆری» دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژە بە ڕوانگەی کەسانێک کە لە کەلکوەرگرتنی ئاژەڵان، گیانلەبەرانی جۆراوجۆر و بەرهەم و دەرهاویشتەکانیان بە ئامانجی بژێو و پێداویستیی مرۆیی لە رەهەندگەلی جیاجیای وەک خواردەمەنی/پیشەسازی/و هتد دا خۆ دەپارێزن. سەرەڕای ئەوەیکە لە کوردستاندا پێدەچێت ئەم بیرۆکەیە خاوەنی ‌برەو و پێگەیەکی ئەوتۆ نەبێت، لە هەمانکاتدا لە سەرتاسەری جیهان لە ئاستێکی بەرفراواندا ناسراوە و پەیڕەوی لێدەکرێت. بەڵام ئاخۆ ناوەڕۆکی ئەم ڕوانگەیە چییە و ئەگەر لە تای تەرازووی دابنێین، هەنووکە تا چ ڕادەیەک بۆ ئێمەی کورد زەروورەتی هەیە... . لەسەر ئەم بابەتە"ڕێگای کوردستان" گفتوگۆیەکی لەگەڵ زانیار پڕمنەوەرە شارەزای ئەم بوارەدا ڕیکخستووە:

ڕووەکخۆری چییە و لە چ چوارچێوەیەکدا پێناسە دەکرێت؟ ڕجیمێکی خواردن یاخود قوتابخانەیەکی فکریی سەربەخۆ؟
ئەگەرچی ڕووەکخۆری زۆرتر وەک شێوازێکی خۆراکی بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان دەناسرێت، بەڵام پێویستە لە ئاستێکی قوڵتر لێی بڕوانین. کاتێک بە تێڕوانینی ئەخلاقی و لێکۆڵینەوەی زانستی لێی نزیک دەبینەوە، دەبێتە گۆڕانکارییەکی مەعریفیو میکانیزمێک بۆ دووبارەبیرکردنەوە لە پەیوەندییەکانی زاڵبوون(سلطە) وەک قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان(پەیوەندیی نێوان ڕەگەزەکان و پێشێلکردنی مافی ژنان) و هەروەها قەیرانە سروشتییەکان. ڕووەکخۆری ڕوانگەی ئێمە بەرامبەر بە شێوازە جیاواز و تەنانەت شاراوەکانی ستەم دەگۆڕێت، هەستیاریی تاک زیاتر دەکات و پرسیاری نوێ لەبارەی نایەکسانی دەهێنێتە ئاراوە. کاریگەری‌دانانی ڕووەکخۆری تەنها بە دروشم نییە، بەڵکوو لەڕێگەی گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی ئەخلاقیدا پێش دەکەوێت و دەبێتە هۆی ڕێکخستنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر.بەکورتی ڕووەکخۆری تەنیا شێوازێکی خۆراکی نییە، بەڵکوو شۆڕشێکی گەورە و بەهێزی دەروونی و فکرییە.

مێژووی سەرهەڵدانی ئەم «شۆڕشە دەروونی و فکرییە» بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە؟ 
لەوڵامی ئەم پرسیارەدا پێویستە بڵێم باشتر بوو پرسیارەکە بە شێوەیەکی تر بوروژێندرێت. بەجێگەی ئەوە بپرسین "ڕووەکخۆری لە چ سەردەمێکەوە سەری‌هەڵداوە"، باشتر وایە بپرسین "هەمووشتخۆری یان خواردنی گۆشت لەلایەن مرۆڤەوە لە چ سەردەمێکدا سەری‌هەڵداوە". چونکە بەپێی داتا باوەڕپێکراوەکانی بواری مرۆڤناسیی گەشەسەندن(تکامل) و زیندە-شوێنەوارناسیی(زیست باستان شناسی) خۆراک، مۆدێلی سەرەتایی خۆراکی مرۆڤ بە پلەی یەکەم لەسەر میوەخۆری و پاشان ڕووەکخۆری وەستاوە و بەکارهێنان و خواردنی گۆشت دیاردەیەکی درەنگوەخت‌تر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەژمار دەکرێت. ئەگەر بمهەوێت بە شێوەیەکی ڕوون و بەڵگەمەند باس بکەم، چەمکی مۆدێڕنی ڕووەکخۆری لە سەدەی نۆزدەهەمدا جێگیر بوو، بەڵام ڕەگ و ڕیشەکەی زۆر کۆنترە.بەڵگە مێژووییەکان نیشان دەدەن کە جۆرەکانی خۆپارێزیی "ئاگایانە" لە خواردنی گۆشت، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر و بۆ نەریتە فەلسەفییەکانی یۆنانی کۆن، هیندستان و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (مدیترانە). لەم نەریتانەدا، لە قوتابخانەی پیتاگۆرسییەکانەوە تا ئایینەکانی هیندوو و جەین (Jain)، ڕووەکخۆری تەنها یاسایەکی خۆراکی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە کۆمەڵێک بیروباوەڕی ئەخلاقی و مەعریفی (زانین‌ناسی) سەبارەت بە پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی زیندەوەریدا.هەربۆیە ڕووەکخۆریی مێژوویی زیاتر لەوەی تەنیا خوویەکی خۆراکی بێت، گوزارشت بوو لە هەڵوێستێکی فکری و ئەخلاقی بەرامبەر بە جیهانی زیندەوەران.

ڤێگەنیزم لە کوردستان لە چ ئاستێکدا خاوەن پێگەیە؟ دەکرێت وەک ڕەوتێک لێی بڕوانین، یاخود هێشتا بازنەی تاکی‌دا نەبەزاندووە؟
لە کوردستاندا دۆخەکە جیاوازە. بە پێچەوانەی هەندێک لە وڵاتان کە ڕووەکخۆری وەک بزووتنەوەیەکی ئەخلاقی تێیدا پێکهاتووە، لە کوردستان هێشتا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی لەم جۆرە جێگیر نەبووە. بێگومان لە چەندین قۆناغ و کلتووری لاوەکیدا، شێوازی خۆراکی پشت‌ئەستوور بە سەرچاوە ڕووەکییەکان زیاتر بووە لە سەرچاوە ئاژەڵییەکان، بەڵام ئەم زاڵبوونە زۆرتر هۆکاری کەشوهەوا، ئابووری و ژینگەیی لە پشت بووە، نەک جیهانبینییەکی ئەخلاقی کە بنەمای لەسەر خۆپاراستن لە کوشتنی ئاژەڵ بێت. بۆیە ئەمڕۆ ڕووەکخۆری لە کوردستاندا زۆرتر لە ئاستی هەڵبژاردنی تاکەکەسی، ئەکادیمی یان کلتووریی سنوورداردا دەبینرێت و هێشتا نەبووەتە بزاڤێکی کۆمەڵایەتیی جێگیر.

تاکوو ئێستا ئەدەبیاتی تێئۆریکی ڤێگەنیستی بە زمانی کوردی نووسراوە؟ ئاخۆ بۆشاییەک لەم بوارەدا هەست پێدەکرێت؟
لە ئێستادا تا ئەو شوێنەی کە من بەدواداچوونم کردووە و ئاگادارم، هیچ سەرچاوەیەکی توێژینەوەیی بەڵگەدار و ئەکادیمی لەسەر ڕووەکخۆری لە بواری زمانی کوردیدا بڵاو نەکراوەتەوە. ئەوەی کە هەیە زیاتر بریتییە لە ماڵپەڕە کلتوورییەکان یان نووسینت کورتی گشتی کە لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە لە ئاستی کاری زانستیدا نین. پێدەچێت بواری توێژینەوەیی کوردی لە بوارەکانی وەک خۆراک، ژینگە و ئەخلاقی خۆراکدا هێشتا نەگەیشتبێتە ئەو قۆناغەی بتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەدەبیاتی جیهانی پەیوەست بە ڤێگەنیزم ، ڕجیمی کەم-کاربۆن، یان فەلسەفەی ئەخلاقی خۆراک بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەقگەلێک وەک «سوودەکانی گیاخۆری»ی سادق هیدایەت نث هەرچەندە شێوازی نووسینەکەی زیاتر هەستبزوێنە و لە ڕووی شیکارییەوە قووڵ نییە، هەروەها وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەرانی وەک پیتەر سینگەر، تۆم ڕیگان و باب تۆرێس کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەو خوێنەرانە داناوە کە لەم بوارەدا چالاکن و بە کردەوە بۆشایی بەشێک لە سەرچاوە تیۆرییەکانی پڕ کردووەتەوە. بە گشتی دەکرێت بوترێت کە بزاڤی توێژینەوەیی کوردی لەم بوارەدا هێشتا شێوەیەکی دامەزراوەیی وەرنەگرتووە، بەڵام حەز و ئارەزووی تاکەکەسی و کەلتووری بۆ سەرچاوە وەرگێڕدراوەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە وردە وردە باسە ئەخلاقی و ژینگەییەکانی پەیوەست بە خۆراک بچێتە ناو گۆڕەپانی هزری ناوچەکەوە، بەڵام زۆر بە ئارامی.

لە سەرەتادا باست لەوە کرد کە ڕووەکخۆری دەتوانێت ببێت بە «میکانیزمێک بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندییەکانی زاڵبوون (سلطە)»و ستەمی ڕەگەزی لەسەر "ژنان"ت وەکوو نموونە هێنایەوە. تکایە ئەم بابەتە زیاتر ڕوون بکەوە.
لە ڕاستیدا چ قسە لەسەر ڤێگەنیزم بکەین، چ لەسەر مافەکانی ژنان، منداڵانی کرێکار یان کرێکارانی ژێردەست، ڕووبەڕووی کێشەی 'جەستە' دەبینەوە؛ جەستەیەک کە لە ئەخلاقی مۆدێرندا دەکەوێتە بەر کڕین و فرۆشتن، بەهرەبردنێکی ئابووری، وە تەنانەت توندوتیژیی ڕەمزی(نمادین) و سێکسی. پەیوەندیی نێوان ڕووەکخۆری و مافەکانی ژنان لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، بۆ لۆژیکی هاوبەشی زاڵبوون(سلطه) بەسەر جەستەدا دەگەڕێتەوە؛ ئەو لۆژیکەی جەستە لە پێگەی "سوژەی ئەخلاقی" دادەماڵێت و بۆ ئاستی ئۆبژەیەکی شیاوی داگیرکردن و بەهرەبردنی کەم دەکاتەوە. هەمان ئەو عەقڵانییەتە وا جەستەی ئاژەڵ لە سیستەمەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا کۆنترۆڵ دەکات، لە پێکهاتە پیاوسالارەکانیشدا جەستەی ژنان و کەمینە جێندەرییەکانی دیکە لە پێگەیەکی نزمتردا جێگیر دەکات. لەم چوارچێوەیەدا کێشەکە جیاوازیی قوربانییەکان نییە، بەڵکو بەردەوامی داڕشتنێکی یەکگرتووی دەسەڵاتە، کە توندوتیژی ئاسایی دەکاتەوە.
ئازادی هەڵبژاردەیی(گزینشی) نییە! لەم ڕوانگەیەوە، ئازادی ناتوانێت هەڵبژاردەییبێت. ئەگەر ڕزگاری بۆ بوارێک سنووردار بکرێت و جەستەکانی دیکە هەر بە شیاوی سڕینەوە و بەکارهێنان بمێننەوە، ئەوەی دروست دەبێت ئازادی نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی زنجیرەبەندی(سلسلەمراتب)یە، بە سیمایەکی نوێوە.لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: داکۆکیکارانی مافی ژنان چۆن دەتوانن باس لە ئازادی بکەن، لە کاتێکدا پارچەیەک لە جەستەی زیندەوەرێکی کوژراو لە ناو دەمیانە؟ ئاخۆ بە گۆڕینی قوربانی، لۆژیکی زاڵبوون و پێناسەی ستەمیش دەگۆڕێت؟! ڤێگەنیزم کاتێک لە ئاستی مۆدێلێکی خۆراکی تێدەپەڕێت، دەبێتە ڕەخنەیەکی فەلسەفی لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و ڕەوایی، وە جەخت لەسەر ئەو ئەسڵە دەکاتەوە کە توانایی و هێز، مۆڵەتی چەوساندنەوە بە مرۆڤ نادات. ئەم وەرچەرخانە سەرەتا لە ئاستی دادوەریی ئەخلاقیدا ڕوو دەدات و پاشان بۆ پەیوەندییە مرۆییەکان دەگوازرێتەوە. هەر بۆیە، ئەگەر ڤێگەنیزم  تەنیا بە ڕێجیمێکی خواردن نەبەستینەوە، دەتوانێت وەک "قوتابخانەیەکی ئەخلاقی و سیاسی" کار بکات؛ قوتابخانەیەک کە ئازادی وەک ئەمرێکی گشتگیر و ناهەڵبژاردەیی پێناسە دەکات و بەرەنگاری هەر شێوازێک لە زاڵبوون دەبێتەوە.

بەم پێیە ڤێگەنیزم بە گشتی سەرووتر لە بابەتە سەرەتاییەکانی وەکوو ڕژێمێکی خۆراکی، یاخود پاراستنی مافی زیندەوەرانی ناو ژینگە دەڕوانێت، بەڵکوو لە هەوڵی داڕمانی هەر چەشنە هیرارشی و ئۆتۆریتەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی (لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕەگەزی، چینایەتی، ژینگەیی و هتد) دایە. بەڕای ئێوە ئەم دژێتی و بەرەنگاربوونە، بە جۆرێک نزیکی و هاوتەریب‌بوون لەگەڵ ڕێبازی چەپ نییە؟
ئەگەر بمهەوێت بێ‌پەردە و ڕاشکاوانە وڵام بدەمەوە دەبێت بڵێم بێگومان نزیکترین بزووتنەوەی هزری لە ڤێگەنیزمەوە چەپەکانن. نە بەو مانایەی کە ئەوان ڤێگەنن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە زۆربەی ئایدیا چەپەکان، لە ماڕکسیزمەوە تا ئەنارکیزمی کۆمەڵایەتی تەنیا نەریتی سیاسین کە ڕەوایی خۆیان لەسەر ڕەخنەی پێکهاتەیی لە "ستەم" بونیات ناوە. چەپ لە بنەما تیۆرییەکەیدا لەگەڵ هەر سیستمێک لە جەنگدایە کە "زاڵبوون" وەک ئەمرێکی سروشتی، پێویست یان بەڵگە نەویست(بدیهی) نیشان بدات، وەهەر لەم ڕەهەندەشەوە لە ڤێگەنیزم نزیک دەبێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم نزیکبوونەوەیە بە قووڵی ناتەواوە و ئاوێتەی دژبەیەکی(تناقض)یە. نموونەیەکی ڕوونی ئەم دژبەیەکییە لە ئەندێشەی مۆڕای بووکچین‌دا دەبیندرێت. ئەو لە کتێبی «ئیکۆلۆژیای ئازادی»دا زنجیرەبەندی(سلسلەمراتب) بە دەماری سەرەکی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێت و ڕەخنە لە زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشت، پیاو بەسەر ژن و سیستەمی، باوکسالاری و سیستەمەکانی دیکە دەگرێت، بەڵام جێگیرترین و ڕەگداکوتاوترین زنجیرەبەندی، واتە زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر ئاژەڵدا، بە کردەوە لە شیکارییەکانیدا دەسڕێتەوە. من ئەم سڕینەوەیە بە ڕێکەوت نازانم. پڕۆژەی «هەڵوەشاندنەوەی زنجیرەبەندی» ئەگەر نەتوانێت کۆمەڵکوژیی سیستەماتیکی ملیاران ئاژەڵ وەک پرسێکی ئەخلاقی و سیاسی ببینێت، ئەوا لە ئیدیعاکەیدا تووشی درزێکی بنەڕەتی بووە.ڤێگەنیزم ڕێک ئەم درزە ئاشکرا دەکات و دەپرسێت: ئەگەر ناشێت "هێز" بنەمای "ماف" بێت، بۆچی توانایی مرۆڤ وەک مۆڵەتی کوشتنی ئاژەڵ سەیر دەکرێت؟ ئەگەر چەوساندنەوە بە هەموو شێوەکانی ڕەتکراوەیە، بۆچی ئەو پیشەسازییەی لەسەر داگیرکردنی جەستەی ئاژەڵ، وێرانکردنی زەوی و ‌قەڵاچن‌کردنی سەرمایە وەستاوە، لە ڕەخنە ڕادیکاڵەکانی چەپ پارێزراوە؟ پیشەسازیی گۆشت یەکێکە لە باڵە سەرەکییەکانی سەرمایەداریی جیهانی و خواردنی گۆشت، ئاگادارانە بێت یان نائاگادارانە، بەرهەمهێنانەوە(بازتولید)ی هەمان ئەو سیستمەیە کە چەپ بانگەشەی ڕەتکردنەوەی دەکات؛ سیستمێک کە برسییەتی، مردنی مناڵان و وێرانکاریی ژینگەیی لە ناوچە هەژارنشینەکاندا و باشووری جیهاندا توندتر دەکات. هەر بۆیە، ڤێگەنیزم بۆ چەپ هەڵبژاردنێکی لاوەکی یان جۆرێک لە نمایشێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو «ئەزموونی ڕاستگۆیی تیۆری»یە. چەپێک کە زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر ئاژەڵدا نەبینێت، بێ ئەوەی بیهەوێت لۆژیکی هەمان ئەو سیستمە بەرهەم دەهێنێتەوە کە دژی وەستاوە. ئەمە دژبەیەکییەکی ناوخۆیییە، نەک جیاوازیی سەلیقە، ڕەوتە چەپەکان لەسەر بنەمای کام مۆڵەتی ئەخلاقی، مافی سەندنی ژیان لە زیندەوەرانی تریان بۆ خۆیان ڕەوا بینیوە؟ ئاژەڵەکان بوونەوەری زیندوون و خاوەنی مافی ژیانن؛ تەنیا "لاوازتر بوون" یان "مرۆڤ نەبوون" ناتوانێت ببێتە بنەمایەکی ڕەوا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژیان. قوتابخانەی چەپ بانگەشەی ڕەخنەکردنی هەموو شێوازەکانی ستەم دەکات، بەڵام ئەگەر ڕاسیزم و شۆڤینیزم ستەم بن، بۆچی «جۆرپەرستی(Speciesism)»وەک ستەم ئەژمار ناکرێت؟ لە کاتێکدا لۆژیکی پشت هەر سێیان یەکێکە! بێدەنگی لە ئاست کۆمەڵکوژیی ئاژەڵان، ڕەخنە لە ستەم بۆ دیاردەیەکی "هەڵبژاردەیی" (گزینشی) کەمدەکاتەوە و پڕۆژە ڕزگاریخوازییەکەی چەپ ڕووبەڕووی دژبەیەکی(پارادۆکس)یەکی ئەخلاقیی بنەڕەتی دەکاتەوە. چەمکەکانی وەک ڤێگەنیزم و ئەخلاقی خۆراک، بابەتێکی لاوەکی یان "لوکس" نین؛ بەڵکوو پێوەرێکن بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادیکاڵیزمی ئەخلاقی و توانای بزووتنەوەیەک بۆ تێپەڕبوون(گذار) لە سنوورە "مرۆڤ-تەوەر"ەکانی دەسەڵات.

چالاکوانانی ڤێگەن لە وڵاتانی ڕۆژاوایی هەندێک جار دەکەونە کردەوەی توندئاژۆی وەک هێرش‌کردنە سەر کۆمپانیاکانی شیرەمەنی، خواردەمەنیی گۆشتی، بەرهەمە چەرمەکان و هتد. ئێوە ئەم کردەوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
لە ڕوانگەی توێژینەوەی ئەخلاقی سیاسییەوە، ئەو کارانەی ڤێگەنەکان لە ڕۆژئاوا دەیکەن بۆ داكۆكی لە مافی ئاژەڵان (کە زۆر جاریش پەراوێزخراون) دەکرێت لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی 'کرداری بەکۆمەڵ' و 'ئەخلاقی سیاسی'دا شی بکرێنەوە.ئەو گرووپانەی کە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەکەن، پێیان وایە سیستەمە ئابووری و یاساییەکانی ئێستا ناتوانن ڕێگە لە چەوساندنەوەی سیستەماتیکی ئاژەڵان بگرن (لە پیشەسازی، تاقیگە یان سیرک). بەلای ئەوانەوە، ئەم کارانە تەنیا ناڕەزایەتی نین، بەڵکوو هەوڵێکن بۆ ئاشکراکردنی ئەو توندوتیژییە گەورەیەی کە لە سیستەمە پیشەسازییەکاندا حەشار دراوە؛ ئەمە لە نەریتی ئەخلاقی ڕزگاریخوازیدا (کە داوای مافی ژیان دەکات) خۆی پێناسە دەکات.بەڵام کاریگەری ئەم شێوازە جێگەی باسە. داتاکانی زانستە سیاسییەکان ئەوە دەردەخەن کە کاری توندوتیژ سەرنجی گشتی ڕادەکێشێت، بەڵام لە ئاستی سیاسەتداناندا بە گشتی دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت: وەک چڕکردنەوەی چاودێریی ئەمنی، کەمبوونەوەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی کەلێن لە نێوان بزاڤە میانەڕەوەکان و توندڕەوەکاندا. ئەمەش توانای گفتوگۆ و چاکسازیی پێکهاتەیی سنوردار دەکات.
لە کوردستان چی؟
سەبارەت بە کوردستان دەبێت جیاوازییە کلتوورییەکان و ئاستی هۆشیاریی گشتی لەبەرچاو بگیرێت. بە بڕوای من، ڤێگەنەکانی کوردستان نە توانای کاری لەم جۆرەیان هەیە و نە ئەگەر توانایان هەبووایە، ئەنجامێکی ئەرێنی لێ دەکەوتەوە؛ چونکە ئەگەری کاردانەوەی ڕێگریکەر و تێگەیشتنی نادروست زۆر بەرزە. بەڵام ئەگەر هەر ئەم پرسیارەکە سەبارەت قەیرانە ژینگەییەکان بووایە، ڕەنگە وەڵامەکەم کەمێک جیاواز بووایە، بەڵام لە بواری ڤێگەنیزمدا، ئاکاری لەو جۆرە لەم ناوچەیەدا نە کاریگەرە و نە شیاوی پێشنیارکردنە.

پەیوەندی نێوان ڕوەکخۆری و ئێکۆلۆژی لە چ ڕەهەندێک دایە؟
لە ڕوانگەی منەوە، پەیوەندیی نێوان ڤێگەنیزم و ئێکۆلۆژیا تەنیا یەککەوتنێکی بەهەڵکەوت نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی بنەڕەتییە. پیشەسازیی گۆشت یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووریی جیهانی کە لە بەشێکی زۆر ناهاوسەنگ لە ئاو، وزە و زەوی کەلکاوەژۆ وەردەگرێت. بەرهەمهێنانی پڕۆتینی ئاژەڵی، لە ڕووی پێکهاتەییەوە چەندین هێندەی پڕۆتینی ڕووەکی سەرچاوە سروشتییەکان بەفیڕۆ دەدات. هەر ئەم ناهاوسەنگییەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی داخورانی خاک، وێرانکردنی ژینگە(زیستگاه)کان، دابەزینی کوالێتیی ئاو و چڕبوونی قەیرانی کەشوهەوا. لە ڕووی زانستییەوەهەڵهینجان(استخراج)ی گازی میتان و ئۆکسیدی نایترۆجین لە ئاژەڵداریی پیشەسازیدا، یەکێکە لە بزوێنەرە ناسراوەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی. بەڵگە توێژینەوەییەکان نیشان دەدەن کە مۆدێلە خۆراکییەکانی کەم-بەرهەمی ئاژەڵی، دەتوانن گوشار لەسەر سیستەمە سروشتییەکان کەم بکەنەوە و ڕۆڵیان هەبێت لە گواستنەوە بەرەو ئابوورییەکی کەم-کاربۆن. لەگەڵ ئەوەشدا ئیکۆلۆژیا ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ڕووەکخۆری تەنیا ئەو کاتە مانا و کاریگەریی تەواوی دەبێت کە هاوکات بێت لەگەڵ چاکسازیی کشتوکاڵی، بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو و پێداچوونەوە بە لۆژیکی ئابووریدا. کەواتە ڕووەکخۆری "پێویستییەکی ئیکۆلۆژیکی"یە، بەڵام هەرگیز بە تەنیا وەک وڵامێکی کۆتایی و سەربەخۆ بۆ قەیرانە ژینگەییەکان ئەژمار ناکرێت.

بەپێی ئەو کارتێکەری و پەیوەنددارێتییەی لە نێوان ڤێگەنیزم و قەیرانە ژینگەییەکاندا هەیە، ئاخۆ چاوەڕوانی دەکرێت ڕووەکخۆری لە ئاستی کۆمەڵگادا گشتگیر بکرێت؟
ئەگەر ڕاستبینانە وڵام بدەمەوە نەخێر. چاوەڕوانی ئەوەی هەموو تاکەکان ببن بە ڤێگەن، لە جیهان و لە دۆخی ئێستای کوردستاندا لەگەڵ واقیعە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەکاندا ناگونجێت. ئارەزووی شەخسیی من ڕوونە و پێم باشە سیستەمێکی خۆراکیی تەواو ڕووەکی جێگەی خواردنی ئێستای مرۆڤ بگرێتەوە، بەڵام ئەخلاقی سیاسی ئەو کاتە جێگەی متمانەیە کە بتوانێت جیاوازی لە نێوان "ئیدەئاڵ" و "توانای مێژوویی"دا ساز بکات. هەر بۆیە، من بابەتەکە لە دوو ئاستی جیاواز، بەڵام تەواوکەری یەکتردا دەبینم:
ئاستی یەکەم: ڤێگەنیزم وەک هەڵبژاردنێکی ئاگادارانەیە، کەسێک کە بەردەوام دەستی بە ئەدەبیاتی زانستیی تەندروستی، ئەخلاقی ئاژەڵان و سەرچاوە ئیکۆلۆژیکەکان ڕادەگات، بەرەبەرە تێدەگات کە سیستەمێکی خۆراکیی تەواوڕووەکی، لە ڕووی بایۆلۆژی، ئەخلاقی و کەشوهەواوە خاوەن یەکگرتووییەکی ناوخۆیییە. لەم ئاستەدا، ڤێگەنیزم نە دەکرێت بەسەر کەسدا بسەپێنرێت و نە دەکرێت وەک نوسخەیەکی گشتی بۆ هەموو تاکەکان بنووسرێت؛ بەڵکوو ئەنجامی پڕۆسەی تێگەیشتن، تێڕامان و بەرپرسیارێتیی تاکەکەسییە.
ئاستی دووهەم: کە لە ڕووی ستراتێژییەوە لای من گرنگترە «کۆنترۆڵی خۆراکی»یە. ڕێبازێک کە مەرج نییە ڤێگەن بێت، بەڵام گرێدراوی مانەوە و بەردەوامیی نیشتمانە. لەم چوارچێوەیەدا ڕاگرتنی ڕاوکردن و خواردنی ئاژەڵە کێوییەکان پێویستییەکی ئیکۆلۆژیکی و ئەمنییە، نەک تەنیا هەڵوێستێکی ئەخلاقی. ڕاوکردنی جۆرەکانی وەک بەراز، ڕێوی یان کەو لە کوردستان، لەناوبردنی پارچە زیندووەکانی سیستمێکی ناسک و لەرزۆکە، کە ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی هەرەسی هاوسەنگییە بایۆلۆژییەکان، وەک زیادبوونی ئافات و لاوازبوونی توانای ژیان لە ناوچەکاندا. پاراستنی خۆمان و دەوروبەرمان لەم مۆدێلە، کردارێکی بەرپرسیارانەیە بەرامبەر بە خاک و داهاتووی وڵات. هەمان لۆژیک بۆ وێرانکردنی دارستانەکانیش هەیە، بڕینەوەی دارستان بەتایبەت داربەڕوو و گۆڕینی دارستان بۆ باخ، لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و لەناوچوونی پۆشاکی ڕووەکی. خۆپارێزی لە کڕینی بەرهەمی ئەو زەوییانە کە داگیرکراون، هەروەها خۆپارێزی لە خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵە کێوییانە کە ڕاو کراون وەک بەراز، ڕێوی، کەو و هتد، ئەگەرچی بە ئەکتیکی سادە و ساکار دەردەکەوێت، بەڵام لە کردەوەدا جۆرێکە لە"بەرگریی خۆراکی"لە بەرامبەر وێرانکردنی نیشتمان.بە گشتی ڤێگەنیزم ئەکتێکی ئەخلاقییە، بەڵام ناکرێت ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێت کە تاکەکان ئەو شێوازە هەڵبژێرن.
لەملاوە کۆنترۆڵی خۆراکی لەسەر بنەمای ڕاگرتنی ڕاوکردن و وێرانکاری، ڕێگایەکی ڕاستبینانەتر و گونجاوترە لەگەڵ پێکهاتەی کلتووریی کوردستان. چاوەڕوانکراوە کە ئەم تێبینییەی من لەگەڵ ڕەخنەی تووندی ڕووەکخۆرەکان ڕووبەڕوو بێتەوە، بەڵام پێویستە بڵێم کە ئامانج جێگرتنەوەی ڤێگەنیزم نییە؛ بەڵکوو کەمکردنەوەی زۆرترین زیانە بە ژیانی خاک و نیشتمانێک کە بەردەوامیی ژیانی مرۆڤیش تێیدا بەستراوەتەوە بە هەمان ئەو ئاژەڵ و دارستانانە.

سپاس بۆ بەشداریتان لەم گفتوگۆیە.
سپاس بۆ ئێوەش کە ئەم دەرفەتەتان بە من بەخشی و سەرنجتان خستە سەر ئەم پرسە گرینگ و هەستیارانە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا