
ڕێگای کوردستان
بەپێی دوایین زانیارییەکان، تەواوی ڕێکارە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە نووسراوی وەزارەتی نەوت و لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرازوو وپێداچوونەوە،لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە وردبینییان بۆ کراوە و پەسەند کراون.
ئەم هەنگاوە مانگانە وەک بنەمایەک بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بەغداوە ئەنجام دەدرێت.
لە ئێستادا تەنها یەک کۆسپ لەبەردەم ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان (٤) ماوە، ئەویش پرسی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتییە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی هەرێم ئاماژە بە هەبوونی تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا دەکەن سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت بڕی پارەی داهاتی نانەوتیی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵ نەکردووە.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمە و سستی لە ناردنی داهاتەکان وایکردووە تەواوی بەرپرسیارێتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بکەوێتە ئەستۆی هەرێم. هەر ڕۆژێک دواکەوتن لە ناردنی داهاتی ناوخۆ، راستەوخۆ دەبێتە هۆی دواکەوتنی زیاتری دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەو دووریش نییە بەهۆی ئەم دواکەوتن ئەمساڵیش مووچەیەک نەفەوتێت.
