دوای ماوەیەکی زۆر، لایەنەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ڕێککەوتن. ئەوەی ڕوونە، خاڵی بنەڕەتیی ڕێککەوتنەکە دابەشکردنی "کێکی دەسەڵاتە" لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرەمی دەسەڵاتدا؛ ئەوەشی پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی خەڵک و چارەسەری قەیرانەکانەوە هەیە، هیچ ڕوونییەک نییە و تەنانەت نەبووەتە بابەتی دانوستانی لایەنەکان.
هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ هەفتەنامەی "ڕێگای کوردستان" و "کەناڵی ئازادی" ڕایگەیاند: "پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، جارێکی دیکە لە چوارچێوەی سیستەمی شکستخواردووی (پشکپشکێنە) و ڕێککەوتنی لایەنەکاندا تێدەپەڕێت، کە ئەزموونێکی تاقیکراوە و بێ ئاسۆیە."
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، ئەو پێشوازییە گەرم و پشتگیرییە پێشوەختەیەیە کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کاندیدی ڕاسپێردراو دەکرێت، لە کاتێکدا نە بەرنامەی کابینەکەی بۆ لایەنەکان ڕوون کردووەتەوە، نە هیچ کارنامەیەکیشی هەیە کە پەیوەندیی بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق، پرسی مووچە، ماددەی ١٤٠ ونەوت و  پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە هەبێت.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ڕاشیگەیاند: "پێمانوایە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە مەترسیی ئەوەی لێ دەکرێت کە هاوشێوەی ڕابردوو، ئەم پشتگیرییانە دواتر بگۆڕدرێن بۆ ململانێ و تۆمەتبارکردن بە دژایەتیکردنی هەرێم."
هاوڕێ ئەبو کاروان گوتیشی: "ئێمە لەسەر بنەمای بەرنامە پاڵپشتیی هەر کەسێک دەکەین کە بەرپرسیارێتییەک وەربگرێت، نەک لەسەر بنەمای بەکەسایەتیکردنی کێشەکان یان بەرژەوەندی و ڕێککەوتنی تەسک؛ بنەمای پاڵپشتیی ئێمە بەرژەوەندییەکانی چین و توێژە پەراوێزخراوەکانە."
جەختیشی کردەوە کە پێویستە لایەنی کوردستانی بە گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتووەوە بچێتە نێو دانوستانەکان و داواکارییە دەستوورییەکان نەکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی حزبی. مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن لەم کابینەیە، دەبێت واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی سیاسیی کۆنکرێتی و نووسراو بێت "پێش دەنگدان" و پێدانی متمانە لە پەرلەمان.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: "ناکرێت جارێکی دیکە هەرێم متمانەی سیاسی بداتە ئەزموونێک کە گەرەنتیی جێبەجێکردنی مافەکانی تێدا نەبێت. متمانەی ئێمە دەبێت تەنها لەسەر بنەمای بەرنامەی حکومەت و پابەندیی یاسایی بێت، نەک تەنها لەسەر بنەمای سەردانی پڕۆتۆکۆڵی و بەڵێنی زارەکی. لە داهاتوودا ئەو لایەنە کوردستانییانەی بەبێ بوونی پڕۆژەیەکی ڕوونی نیشتمانی پاڵپشتیی هەر کاندیدێک بکەن، بەرپرسیار دەبن بەرامبەر کێشە و قەیرانەکان و دەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە."