​ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ۲۱ی خۆی ئەنجامدا و تێیدا چەند دۆسێیەکی هەستیار و جێی بایەخی ڕای گشتی پارێزگاکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ لەوانە کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و چارەنووسی دامەزراندنی حەوت هەزار کەس و هەموارکردنەوەی دیزاینی بنەڕەتی شارەکە.

​لە دوای کۆبوونەوەکە، محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەماندا پرسی پرۆسەی کڕینەوەی گەنمی ئەمساڵ و ئەو ئاستەنگانەی هاتبوونە پێش لێکۆڵینەوەی پێویستیان بۆ کرا. 
ووتیشی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاریدا لە ڕێگەی لیژنەی کشتوکاڵییەوە هەماهەنگییەکی خێرا لەگەڵ وەزارەتەکانی با
زرگانی و کشتوکاڵی فیدراڵ بکات. ئامانج لەم هەنگاوە دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەو جووتیارانەی بەهۆی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە ناویان نەهاتووە، یان بەهۆی لۆدی زۆری سەر سایلۆکانەوە دواکەوتوون، هاوکات ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیان دەکرێت.

​سەبارەت بە دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار و ۳۰٤ کەس کە ماوەیەکی زۆرە هاوڵاتیان چاوەڕوانی دەکەن، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ڕایگەیاند، پرۆسەی پشکنین و وردبینی فۆرمەکان لە قۆناغی کۆتاییدایەو بڕیاردرا نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی پارێزگاری کەرکوک بکرێت بۆ دیاریکردنی وادەی کۆتایی و ڕاگەیاندنی ناوی وەرگیراوان. 
دڵنیاییشیدا، کە پەلەکردنەکە لە پێناو پاراستنی مافی سەرجەم ئەو کەسانەدایە کە ناوی خۆیان پێشکەشکردووە و دوای چاککردنی کەموکوڕییە تەکنیکییەکانی فۆرمەکان، ناوەکان بڵاودەکرێنەوە.
محەمەد ئیبراهیم ووتی، ​تەوەرێکی تری گرنگی کۆبوونەوەکە، پرسی پەسەندکردنی دیزاینی بنەڕەتیی نوێی شاری کەرکوک بوو. بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەرەپێدانی شارەکە و مافی هاوڵاتیان، لەسەر داوای ئەندامانی ئەنجومەن بڕیاردرا دەنگدان لەسەر دیزاینەکە بۆ ماوەی کەمتر لە مانگێک دوابخرێت، تاوەکو سەرجەم تێبینی و پێشنیازەکان کۆبکرێنەوە و پێشکەشی کۆمپانیای جێبەجێکار بکرێن بۆ هەموارکردنەوەی پێویست.