
ئامادەکردنی: ڕێگای کوردستان
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ۱٨ مانگ، بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا، پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم گەیشتووەتە بنبەست.
لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا پارتی و یەکێتی لەدوای هەڵبژاردن ڕێز لەدەنگی دەنگدەران بگرن و بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، کەچی میدیاکانیان کردووەتە مەیدانی سەپاندنی مەرج بەسەر یەکتردا. ڕێکنەکەوتنی ئەم دوو لایەنەش زیاتر پەیوەندی بە بەرژەوەندی حزبی و هەژموونی دەسەڵات و دەستکەوتە تایبەتییەکانیانەوە هەیە، نەک بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتیان.
سەبارەت بەم چەقەبەستووییە و دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە سیاسیە چەقبەستووە، حزبی شیوعی کوردستان پێشنیارێک وەک چارەسەر دەخاتە بەردەستی پارتی و یەکێتی.
هاوڕێ ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی کوردستان لە میانەی دیدارێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئاراستەی کارەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بێت و لایەنەکان هاوکاربن، کەسێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەتوانێت لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا سەرکەوتوو بێت.
ئەبو کاروان ووتیشی، ئەگەر لە سەرۆکایەتی حکومەتیشەوە دەست پێ نەکەن، پێویستە چەند وەزارەتێک بدرێتە خەڵکی بێلایەن، شارەزا، یان لایەنە سیاسییەکانی تر، بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ سیستەمی(٥٠ بە ٥٠) کۆتایی پێبێت، کە زیانی بە پێگەی هەرێم گەیاندووە.
ئەبو کاروان ئاماژەی بە ئەزموونی بەغدا کردو ووتی، لایەنە شیعییەکان پشتگیری لە کەسێک دەکەن کە نە لە پەرلەمان بووە نە کورسی پەرلەمانی هەیە، بەڵام هەموویان لەسەر هاوکاریکردنی ڕێککەوتوون.
