
(بەشی چوارەم)
داڕشتنی دیدێکی سیاسیی نوێ لە کوردستانی ئەمڕۆدا، پرۆسەیەکی دابڕاو نییە لەو وەرچەرخانە جیۆپۆلەتیکی و قەیرانە پێکهاتەییانەی کە بەرۆکی سیستەمی جیهانی و ناوچەییان گرتووە. تێگەیشتن لەم واقیعە لۆکاڵییە، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی دیالێکتیکی هەیە کە وێنە گشتییەکە و وردەکاری ناوخۆ پێکەوە ببەستێتەوە؛ هەمان ئەو شرۆڤانەی لە بەشەکانی پێشووی ئەم زنجیرە وتارەدا وەک زەمینەیەک خرانە ڕوو.
مۆدێلی سیاسی-ئابووریی زاڵ و عەقڵییەتی نیۆلیبرالیزم لە هەرێمی کوردستان، تەنیا سیستەمێک نییە کە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، وزە و پێداویستییە سەرەتاییەکان بخاتە ژێر چنگی "بەکاڵاکردن و تایبەتیکردن" و باج و سەرانەیەکی کوشندە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت؛ بەڵکوو پرۆسەیەکی ترسناکتری قۆرخکارییە کە خودی دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەتی کردووەتە پاشکۆ و بریکاری بزوێنەری کۆمپانیا مۆنۆپۆلییەکان، تا لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە مانەوەی سەرمایەدارییەکی ئۆلیگارشی و مشەخۆر بکات.
لە ئاستێکی قووڵتری فیکریدا، ئێمە لەبەردەم فۆرمێکی نوێی دەسەڵاتداین کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بایلۆجی و دەروونیی مرۆڤەکانە. سیستەم مرۆڤی لە "بکەرێکی خولقێنەر"ـەوە کورت کردووەتەوە بۆ بوونەوەرێکی بەکاربەری ملکەچ، کە تەنانەت خەون و ئارەزووەکانیشی لەلایەن بازاڕەوە ئاراستە دەکرێن. لە هەلومەرجێکی وەهادا کە باسی هێزی گۆڕانکاری، ڕۆڵی پێشڕەوایەتیی حیزب و پێویستیی خستنەڕووی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیڤ دەکەین، دەبینین جۆرێک لە نائومێدیی گشتی باڵی بەسەر فەزای سیاسیدا کێشاوە. دەسەڵات لە ڕێگەی ئامرازەکانییەوە وای کردووە کە هەڵکشانی کەلێنی چینایەتی، کەڵەکەبوونی سەرمایە لای کەمینەیەک و فراوانبوونی سوپای پەراوێزخراوان، وەک "قەدەرێکی واقیعی و حاشاهەڵنەگر" وێنا بکرێت! لە بەرامبەردا، هەر پڕۆژە و هەوڵێک کە ئامانجی داڕشتنەوەی کوردستانێکی جیاواز، یەکسان و دادپەروەر بێت، لەلایەن گوتاری زاڵەوە وەک "یوتۆپیا و پڕۆژەیەکی ناواقیعی" لە قەڵەم دەدرێت تا ئیرادەی گۆڕانکاری لەبار ببرێت.
قەیرانی گەورەتر لەم سەردەمەدا ئەوەیە، بەشێکی زۆر لەو هێزانەی خۆیان وەک "ئۆپۆزیسیۆن" و بەرەی بەرگریکار نمایش دەکەن، گیرۆدەی هەمان عەقڵییەت و پارادایمی دەسەڵاتن. ئەوان بێئاگان لەوەی کە دەسەڵات، لە ڕووی فیکری و مێتۆدییەوە، لەسەر وێنەی خۆی دایڕشتوونەتەوە. کاتێک باسی دیدێکی سیاسیی دەرەوەی ئەم بازنەیە دەکەین، ڕووبەڕووی ئەو بکەرە سیاسییانە دەبینەوە کە هەژموونی سیستەم قووتی داون و لە هەر ئیرادەیەکی ڕادیکاڵانە خاڵی کردوونەتەوە؛ بوونەتە ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە و شەرعیەتدان بە مانەوەیان لە ناو باوەشی هەمان ئەو سیستەمەی کە دواجار خۆیشیان پەراوێز دەخات.
بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە و بونیادنانی پارادایم و ئەلتەرناتیفێکی جێگرەوە، پێویستمان بە پراکتیکێکی سیاسی و فیکریی جێگرەوەیە. ئەو زنجیرە دیدارانەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕێوە چوون و لە ناوچەکانی دیکەش بەردەوام دەبن، هەوڵێکن بۆ شکاندنی ئەم دۆخە پەرتەوازەیە و کۆکردنەوەی ئیرادە گشتییەکان بۆ کاری هەرەوەزی. ئەمە سەرەتایەکە بۆ گەڵاڵەکردنی دیدێکی نوێ کە تەنیا لە ڕووکەشدا پڕۆژە نەبێت، بەڵکوو ببێتە بنەمایەک بۆ کردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوبەش.
ئەم دیدە نوێیە تەنیا کاتێک دەتوانێت دۆخی پەرتەوازەیی تێپەڕێنێت و ببێتە هێزێکی ماددی و گۆڕانکاریخواز، کە بگەڕێتەوە بۆ ناوەندی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان. واتە خاڵی هێزی ئەم پڕۆژە جێگرەوەیە لەوەدایە کە بتوانێت زۆرترین ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە؛ بەتایبەتی خۆگرێدانەوە بەو پەراوێزخراو و توێژە بێبەشانەی کە سیستەمی سەرمایەداری و ئۆلیگارشیی ناوخۆیی، فڕێی داونەتە دەرەوەی بازنەی ژیان و کەرامەتەوە لە شار و گوندەکاندا.
