
دوای چاودێریەكی توند ئەمەریكا لە زەریای هیندی دەستی بەسەر كەشتیەكی نەوت هەڵگری ئێراندا گرت.
سێ بەرپرسی ئەمریکی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕایانگەیاند، ئەمریكا دەستیبەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێراندا گرتوە لە زەریای هیندی، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەکات.
کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کە بە "سکای وەیڤ" ناسراوە، لە مانگی (ئازار/3)ـی ڕابردودا بەهۆی ڕۆڵی لە گواستنەوەی نەوتی ئێراندا، سزای ئەمریکای بەسەردا سەپێنرابو. داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان دەریانخستوە کە ڕۆژی سێشەممە، دوای بڕینی گەروی مەلاکا، لە ڕۆژئاوای مالیزیا خەریکی گەشت بوە.
پێدەچێت کەشتییەکە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە دورگەی خارکی ئێران لە مانگی (شوبات/2)ـدا بارکردبێت، ئەمەش بەپێی وتەی نێوەندگیران و داتاکانی "لویدز لیست ئینتێڵجنس".
ئەمە لانیکەم سێیەمین جارە کە ویلایەتە یەکگرتوەکان دەستبەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا دەگرێت لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەیدا دژی کەشتییەکانی "کەشتیگەلی نهێنی" سەر بە ئێران.
ئەم ڕێکارانە جیاوازن لەو گەمارۆیەی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا لە کەنداوی عومان و دەریای عەرەب سەپاندویەتی. ویلایەتە یەکگرتوەکان لە مانگی نیساندا دەستی بەسەر دو کەشتی تری بە ناوەکانی "ماجێستیک ئێکس" و "تیفانی" لە زەریای هیندی گرتبو.
